ئەنفال وەک یادەوەری هاوبەش

PM:09:23:15/04/2019 ‌

پەیڕەو ئەنوەر 

(١) 
پڕۆسەی دروستکردن و بەرهەمهێنانی یادەوەری هاوبەش یەکێکە لە کردە و ئەرکە هەرە سۆشیۆ-سیاسییەکانی نێو دەوڵەتی مۆدێرن و دامەزراوەکانی. یادەوەری هاوبەش واتە چۆن لەڕێگەی رووداوێک، تڕاژیدیایەک، مەرگێکی بەکۆمەڵ، یاخیبوون، تاوانێکی نێودەوڵەتی یان هەر فۆڕمێکی تر لە وێنەی کۆمەڵایەتی تێکەڵ بە کۆیاد و سیستمی یادەوەری گشتی و یادەوەری هاوبەشی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگەوە بکرێت. لێرەوە رووداو دەبەسترێتەوە بە ئەندێشەی هەموو گرووپەکانی نێو کۆمەڵگە، تاکەکان، پێکهاتەکان، هێزە سیاسییەکان، چینەکان یان تێکەڵ بە جەستەی کۆمەڵایەتی کۆی سیستمە گشتییەکە یان رووبەرە گشتییەکە دەکرێت! رووبەری گشتی لێرە بەمانای ئەوەی بکەرەکانی ناو رووبەرەکە لەهەموو دۆخ و چرکەساتێکدا لەگەڵ ئەم رووداوە دەژین، لەگەڵ ئەم تڕاژیدیایە دێن و دەچن و بەردەوام لە خەیاڵ و بیر و دونیابینییان ئامادەیە، لەژیانی رۆژانە باسی لێوەدەکرێت؛ گفتوگۆ لەسەر رەگ و ریشەکانی خودی رووداوەکە دەکرێت و دەبێت بە خەمێکی گەورە و هەموومان دەبین بە بەشێک لە هەڵگری ئەم خەمە گەورە و پڕ ئازارە.  

لەراستیدا دونیای ئێمە دونیایەکی بێ یادەوەری گشتیی و هاوبەش و بێ رابردووە. رابردوو واتە لەبری ئەوەی تراجیدیاکانی رابردووی ئێمە بکرێن بە کۆ یاد و بەسەر هەموواندا بەشبکرێنەوە کراون بە بۆنە، رێورەسم، ماتەمین و ...هتد ئەنفال یەکێکە لە تاوانە هەرە گەورە و نێودەوڵەتییەکانی دنیا، دیارە وەک ناو و ناسنامە ئەنفال هەڵگڕی دیدێکی ئاینی و سیۆکراتییە، ناسنامەیەکە لە تێکستێکی ئاسمانییەوە دەرهێنراوە و دواتر لە پڕۆسەیەکی جینۆسایدی نەتەوەییەوە بەکارهێنراوە. پێوەندی نێوان ئێمە وەک کورد و ئەنفال وەک تاوانێکی نێودەوڵەتی پێوەندییەکە لە دەرەوەی یادەوەری هاوبەش و کۆیاد و زاکیرەسازی و روانینی ئەنفالە وەک پڕۆسەیەکی درێژخایەن و بێ کۆتایی! ئەنفال تائێسته‌ش لای ئێمە ئاکتێکە نوێنەرایەتی تەواوی تاوان، کوشتنی بە کۆمەڵی مرۆڤ، سڕینەوەی ناسنامەی گرووپێکی ئیتنیکی، تێکدانی ژێرخان و سیستمی کۆمەڵایەتی یەکەیەکی دیاریکراو ناکات، دیارە ئەم دۆخە زیاتر گوزارشتە لەوەی کە ئێمە لەرووی یادەوەرییەوە، لەڕووی کۆیادەوە لە ئەنفال ناڕوانین بەڵکو دیدی ئێمە بۆ ئەنفال دیدێکی یەکجار تەسک و قەبارە کەمە. ئەوەی لەکات و گەرمەی رووداوەکەدا بینراوە، چرکەساتی رووداوەکەیە، ئەوەی لەدوای رووداوەکە وەک رزگاربوویەک رووداوەکان دەگێڕێتەوە پەیکەری سەرەکی و بنەڕەتی رووداوەکە پێکدەهێنێت لەرووی یادوەریی و زاکیرەسازییەوە.
وێناکردنی ئەنفال وەک رابردوو و وەک مانەوە و ئامادەبوونی لە خەیاڵدانی کۆ و گشتیدا، زمانێکی تایبەتی کۆمەڵایەتی و یادەوەرییە تا لەگەڵ مەرگی بەکۆمەڵدا، ئەو جینۆسایدە داهاتوو لەبیری نەکات یان بەلایەنی کەمەوە کۆمەڵگەی کوردی، دراوسێکانمان، دونیا لە داهاتوودا ئەنفال بناسن، لەگەڵی بژین و فۆڕمێک لە ناسنامەی لێ بەرهەمبهێنرێت و ئەنفاڵ تەنیا وەک رۆژێکی ئاسایی و بە ڕێوڕه‌سم و بۆنەیەکی میدیایی تێنەپەڕێت. لەڕاستیدا یەکێک لە گرفتەکانی بەردەوام بەرهەمهێنانی یادەوەری هاوبەش بە ئاساییکردنەوەی رووداوەکانە، بەئاساییکردنەوەی مەرگ و کوشتنی بەکۆمەڵ و قڕکردنە. پڕۆسەی بەئاساییکردنەوە بریتییە لە دابڕینی هەست و سۆز و جوڵاندنەکە ناوەکییەکەی مرۆڤ لە خودی رووداوەکە، رووتکردنەوەی رووداوەکەیە بۆ ئاکتێکی ئاسایی و کاتی!.



(٢)
ئەنفال چییە و چ مانایەکی سیاسی و سۆسیۆلۆژی بۆ ئێمە هەیە! با سەرەتا بگەڕێینەوە بۆ چەمکی [هۆلۆکۆست] و کۆکردنەوە و ڕاپێچکردنی کۆمەڵێک مرۆڤ و سڕینەوەیان بەهۆی شوناسەوە، شوناسی جولەکەبوون، شوناسی نەژادبوون. پێوەندییەک هەیە لەنێوان شوناس و فاشیزم، شوناس و نازیزم، شوناس و سڕینەوەی ئەوی تر. فاشیزم واتە هێزێک هەوڵدەدات شوناسی خۆی بخاتە سەرووی ئەوانی تر و کۆپییەکی تەواو وەک خۆی بەرهەم بهێنێت و ئەوانەشی لەخۆی ناچن بیانسڕێتەوە و دەرفەتی دەرکەوتنیان پێ نەدات. (هیتلەر) بۆ ئەوەی شوناسی ئەڵمان بکات بە شوناسێکی باڵا و بیخاتە سەرووی هەموو شوناسەکانی تر ئۆشڤێتس (کەمپی گەورە) بۆ جولەکەکان دروست دەکات و دەیانسڕێتەوە، جولەکەکان دەکاتە کەرەستەی تاقیکردنەوە لە کارخانە گەورەکان و دەیەوێت وێنەیەکی گەورەی ئاریبوونی لێ بەرهەمبێنێتەوە.
(بەعس) هەوڵی دووبارەکردنەوەی ئەو مۆدێڵەی لە فاشیزم و نازیزمدا. بەعس وەک کۆپپیەکی فاشیزمانەی عەرەبی بۆ سڕینەوەی ئەوی تر(کوردبوون). بەعس وەک جۆرێک لەبیرکردنەوە و ئایدۆلۆجیا و وەک چوارچێوەیەک بۆ تێکشکاندنی وێنەکانی دەرەوەی خۆی و ئەو شوناسەی کە لەخۆی ناچێت. ئەنفال کردەیەکە لە دونیای ئێمەدا بۆ کوشتنی مرۆڤێک کە لەدەرەوەی پاڕادایمی بەعس و بەعسیبوونە. بەعس وەک کارخانەیەک دەیویست گشتێکی وەک یەک و لەیەکچوو و بێ جیاوازی بەرهەمبهێنێتەوە! هەموو شوناسەکان بخاتە نێو تاقیگە گەورەکانی خۆی و مادەیەکی لێ دروستبکات پێی بوترێت "بەعسیزم".
ئەنفاڵ ڕاستە مردنی دەستەجەمعیانە و بەکۆمەڵی نێو کۆمەڵگە و جوگرافیای ئێمەیە. ئەوەش ڕاستە ئەنفال تراژیدیایەکی سۆسیۆلۆژی و سیاسی و بچووککردنەوەی دیاردەیەکە کە پێی دەوترێت [کوردبوون] بەڵام لەگەڵ ئەوەدا سەرەتایەکی تازە و جیاوازبوو بۆ بەرگری و نەکەوتن! ئەنفال کوردی نەسڕییەوە، بەرهەمی هێناوە، نەیتوانی کۆمەڵگەیەکی عیراقی وەک یەک و هاوشێوە دابڕێژێتەوە یان بیگۆڕێت بۆ کۆمەڵگەیەکی بێ جیاوازی، بەڵکو جیاوازییەکانی گەورەتر کرد. ئەنفال و بەعسیزم لەسەرێکی ترەوە دەمانباتەوە بۆ [فڕانز فانۆن] دەمانباتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە لە کتێبی (بەشخوراوانی سەر زەوی) دا ئاماژە بۆ دۆخێک دەکات کە چۆن هێزی داگیرکەر و هێزی خۆسەپێنەر لەڕێگەی کاردانەوە و توندوتیژی ئەو شوناسەی کە هەوڵی سرینەوەی بۆ دەدرێت فرێدەدرێتە دەرەوەی سیستم! ئەو دۆخەی کە فانۆن باسی دەکات ئەو دۆخەیە کە لە چرکەساتەکانی ڕاپەڕیندا بینیمان! بەعسیزم ئەنفالی بەرهەمهێنا و دنیای دوای ئەنفالیش بەعسیزمی ڕاماڵی.