ده‌سه‌ڵات و ماناكانی

په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
 
یه‌كه‌م
ده‌سه‌ڵات وه‌ك ده‌زگه‌یه‌كی دیسپلینكه‌ر 
چه‌مكی ده‌سه‌ڵات زیاتر له‌ مانا و ره‌هه‌ند و وێنه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له‌ خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت. بۆ تێگه‌یشتن و وردبوونه‌وه‌ له‌ چه‌مكی ده‌سه‌ڵات به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ ده‌بێت سه‌رێك به‌ كۆمه‌ڵێك تیۆری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كایه‌ی كۆمه‌ڵناسی سیاسی بده‌ین. 

دیاره‌ به‌شێك له‌ تیۆریانی ناو كایه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌سه‌ڵات و مانا و مۆدێله‌كانی ده‌سه‌ڵاتیان تیۆریزه‌ كردووه‌. به‌ڵام كۆمه‌ڵناسی سیاسی زیاتر له‌ هه‌موو بواره‌كانی تر كلیك له‌سه‌ر چه‌مكی ده‌سه‌ڵات ده‌كات و قسه‌ و ئارگیۆمێنتی تایبه‌تی بۆ ده‌سه‌ڵات و په‌یكه‌ر و جووڵه‌كانی هه‌یه‌. 

كۆمه‌ڵناسی وه‌ك زانست و كایه‌ "ده‌سه‌ڵات" وه‌ك هێزێكی باڵا و سه‌روه‌ر و رێكخه‌ر داده‌نێت له‌ نێوان ئه‌ندامان و كه‌رته‌ جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا. تاك له‌ناو خێزان، تاك له‌ناو خێڵ و عه‌شیره‌ت و تیره‌ و هۆز وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی، تاك له‌ناو سه‌ندیكا و كۆمه‌ڵه‌ و كه‌رته‌ پیشه‌ییه‌كه‌ی، تاك له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ و دامه‌زراوه‌ و كۆ ده‌زگه‌كان.. هتد، له‌ هه‌موو ئه‌و شوێن و پانتایی و كه‌رتانه‌دا تاك له‌ڕێی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ رێك ده‌خرێت و دیسپلین ده‌كرێت و به‌رهه‌م ده‌هێنرێته‌وه‌ و داده‌ڕێژرێته‌وه‌.

لێره‌وه‌ هه‌ر كه‌رت و خانه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌سه‌ڵاتێكی لۆكاڵ به‌ڕێوه‌ی ده‌بات. ده‌سه‌ڵاتی باوك له‌ناو رووبه‌ره‌ جیاوازه‌كانی خێزان، ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆك خێڵ له‌ناو خێڵ و مۆدێله‌ جیاوازه‌كانی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی خێڵ، ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌به‌ر به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ و فه‌رمانبه‌ره‌كانیدا، ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆك به‌سه‌ر یه‌كه‌ سیاسی و گرووپه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی، ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی سه‌ندیكا و كۆمه‌ڵه‌ و پارتی سیاسی به‌سه‌ر ئه‌ندامانیدا.. هتد. 
له‌ هه‌موو ئه‌و فۆڕم و خانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌دا، ده‌سه‌ڵات و كاراكته‌رێك ئاماده‌یی هه‌یه‌ بۆ دیسپلینكردن و رێكخستنی ئه‌وانیتر. ده‌سه‌ڵات لێره‌ به‌ته‌واوی وه‌ك ده‌زگه‌یه‌كی دیسپلینكه‌ر و زاڵ به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا ده‌رده‌كه‌وێت و رۆڵ ده‌بینێت.

(جۆرج باڵاندی) یه‌كێكه‌ له‌و تیۆریسانانه‌ی "ده‌سه‌ڵات" وه‌ك پێداویستییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ دیسپلینكردنی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان تاك و كۆمه‌ڵگه‌ وێنا ده‌كات. لێره‌وه‌ ده‌سه‌ڵات وه‌ك ده‌زگه‌، وه‌ك سیستمی پێوه‌ندییه‌كان و به‌ڕێوه‌بردنی به‌ها و رێساكان، خۆی تازه‌ ده‌كاته‌وه‌. 

دووه‌م
ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت
ده‌وڵه‌ت وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی مۆدێرن به‌ كۆمه‌ڵێك شێوه‌ی جیاواز و فۆڕمی ناچوونییه‌ك خۆی ده‌سه‌پێنێت و به‌هاكان دابه‌ش ده‌كاته‌وه‌. راستییه‌كه‌ی ئه‌ركی ژماره‌ یه‌كی ده‌وڵه‌ت و جیاكه‌ره‌وه‌ی سه‌ره‌كی ده‌وڵه‌ت ئه‌و هه‌نده‌سه‌ گه‌وره‌ و زه‌به‌لاحه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌ هه‌یه‌تی و پێی به‌خشراوه‌.  ده‌سه‌ڵات له‌ بنه‌ڕه‌تدا پێكهاته‌ و تێكه‌ڵه‌یه‌كه‌ له‌ (هێز و مه‌عریفه‌) هێز به‌مانای ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی مۆدێرن ده‌توانێت له‌رێی توانا و هێزه‌ ناوه‌كییه‌كه‌یه‌وه‌ خۆی به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌كته‌ر و بكه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و خۆی له‌ هه‌موو شوێنێكدا بسه‌پێنێت. ده‌وڵه‌ت لێره‌ به‌وه‌ ده‌ناسرێته‌وه‌ كه‌ خاوه‌ن هێزێكی یه‌كجار گه‌وره‌یه‌ و ئامێرێكی گه‌وره‌ی هێز و باڵایی و زاڵبوونی به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا هه‌یه‌ و ده‌توانێت هه‌مووان رێك بخات و به‌ڕێوه‌ ببات. 

ئه‌م دید و تێڕوانینه‌ ده‌مانباته‌وه‌ بۆ شێوازی له‌دایكبوونی كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسی و ده‌وڵه‌ت و دابه‌شكردنی هێز له‌ نێوان ده‌وڵه‌ت وه‌ك دامه‌زراوه‌ و هاووڵاتی وه‌ك ئه‌ندامی كۆمه‌ڵگه‌! ده‌كرێت كلیك له‌سه‌ر قوتابخانه‌ی "گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی" و روانینی فه‌یله‌سووفه‌كانی ناو ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ بكه‌ین بۆ پرسین و تێگه‌یشتنی زیاتر له‌ پێوه‌ندی نێوان ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات. 

دیاره‌ (تۆماس هۆبز، جۆن لۆك و جان جاك رۆسۆ) هه‌ریه‌كه‌یان به‌ جۆرێك له‌ پرۆسه‌ی له‌دایكبوونی ده‌وڵه‌ت و پێوه‌ندی نێوان ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات ده‌ڕوانن. تۆماس هۆبز دۆخی به‌ر له‌ ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات وه‌ك دۆخی سروشتی و دۆخی پاشاگه‌ردانی و دۆخێك ده‌بینێت كه‌ به‌هۆی سه‌نته‌رنه‌بوونی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ مرۆڤ ده‌بێت به‌ گورگی مرۆڤ و هیچ متمانه‌ و دڵنیایی و گره‌نتی مانه‌وه‌ و به‌رگریكردن و به‌رده‌وامبوون ئاماده‌یی نابێت. 

هۆبز نه‌بوونی ده‌سه‌ڵات یه‌كسان ده‌كات به‌ نه‌بوونی مانه‌وه‌. لێره‌وه‌ له‌دایكبوونی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات له‌دایكبوونی به‌رده‌وامبوون و ده‌ربازبوونه‌ له‌ له‌ناوچوون و توانه‌وه‌ و پارچه‌ پارچه‌بوون. 

سێیه‌م 
ده‌سه‌ڵات و سێكس 
ئه‌وه‌ی ئێمه‌ هه‌ستی پێ ده‌كه‌ین و له‌ناویدا ده‌ژین، كۆده‌سه‌ڵاتێكن كه‌ فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ مێژووی خۆیدا، له‌ ته‌مه‌ن و رابردووی خۆیدا به‌رهه‌می هێناوه‌. ده‌سه‌ڵات لێره‌ش هه‌م هێزه‌ و هه‌میش مه‌عریفه‌! 

(فۆكۆ) زیاتر ده‌سه‌ڵات وه‌ك كارخانه‌یه‌ك بۆ به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه‌ وێنا ده‌كات. راستییه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵات وه‌ك ده‌زگه‌، نۆرم و رێسا و هێز، هه‌موو كه‌رته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌لكێنێت، هه‌ر له‌ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و داڕشتنی یاساوه‌ تا ده‌گاته‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن، دادوه‌ری، راگه‌یاندن و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی.

ئه‌م ئاراسته‌ میكانیكییه‌ی ده‌سه‌ڵات و جۆره‌كانی كۆدامه‌زراوه‌یه‌كی ره‌ق و خاوه‌ن زمانی كۆمه‌ڵایه‌تی و وێنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی تایبه‌تن. ئه‌وه‌ی توانای بازدان و خۆزاڵكردن و هه‌ژموون و تێكشكاندنی رێساكانی ناو ئه‌و ده‌سه‌ڵات و زمانی بیرۆكراتیه‌تی ئه‌م ده‌زگایانه‌ی هه‌یه‌ له‌ دنیای ئێمه‌دا "ده‌سه‌ڵاتی سێكسه‌"، ده‌سه‌ڵاتی چێژ و به‌خشینه‌وه‌ی مۆدێله‌ جیاوازه‌كانی چێژی جه‌سته‌یه‌ به‌ ئه‌كته‌ره‌كانی ناو ده‌زگه‌ و ده‌سه‌ڵاته‌كان.
راستییه‌كه‌ی "سێكس" وه‌ك سه‌رچاوه‌ی چێژ له‌ دنیابینی ئێمه‌، مێنتاڵ و وێنه‌ی رۆژانه‌ی ئێمه‌، له‌ناو ئامێری بیرۆكراتیی و جووڵه‌ سیاسییه‌كانی ئێمه‌دا وه‌ك ده‌زگه‌ و كه‌رتێكی تایبه‌ت و ئۆتۆنۆم ده‌رده‌كه‌وێت و قسه‌ ده‌كات. نوێنه‌رایه‌تی ده‌سه‌ڵاتێكی ته‌واو سه‌ربه‌خۆ و زاڵ به‌سه‌ر كۆ سیستمی ئێمه‌دا ده‌كات. 

دووانه‌ی ده‌سه‌ڵات و سێكس دووانه‌یه‌كی ته‌واو به‌یه‌كداچوو و ئاڵۆزن له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی سێكس هه‌م زاڵتر و هه‌میش فشار و جووڵه‌كانی به‌هێزتر و كاریگه‌رتره‌.

PM:04:20:01/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 117 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌