یه‌كه‌م
مۆر و ده‌سه‌ڵات (مۆر وه‌ك سیمبۆل و نوێنه‌ری ده‌سه‌ڵات)
یه‌كێك له جووڵه و وێنه‌كانی مۆدێرنه بیرۆكراسیی، زمانی بیرۆكراسی، نه‌ریت و كۆده‌كانی ناو بیرۆكراسییه، بیرۆكراسیی وه‌ك ده‌زگه و ئامێر له‌ناو ده‌وڵه‌تدا به زمانی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات قسه ده‌كات. دیاره یه‌كێك له‌و زمانانه‌ی بیرۆكراسیی به‌رده‌وام و له هه‌موو شوێنێك قسه‌ی پێ ده‌كات، ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی پێ ده‌سه‌پێنێت و تازه ده‌كاته‌وه، "مۆر"ی ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ته.
مۆر لێره نوێنه‌رایه‌تی ده‌سه‌ڵات و ده‌زگه‌كان ده‌كات، مۆر لێره نوێنه‌ر و بیرخه‌ره‌وه‌یه. بیرخه‌ره‌وه به‌و مانایه‌ی ده‌یه‌وێ به‌هه‌مووان بڵێت ده‌سه‌ڵات له هه‌موو شوێنێك ئاماده‌یه و له هه‌موو چركه‌سات و جیۆگرافیا و ناوه‌ندێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ هاووڵاتی له پێوه‌ندیدایه، زاڵه به‌سه‌ر هاووڵاتییانی، گشت/خه‌ڵك هه‌میشه له‌رێی مۆره‌وه به‌دوای ده‌سه‌ڵات و گوێڕایه‌ڵبوون و ملكهچبوونهوهن.
"مۆر" گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ قسه‌كردن له‌باره‌ی كۆمه‌ڵناسی سیاسی و پارچه پارچه‌بوونی ده‌سه‌ڵات و گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی نێوان هاووڵاتی و ده‌سه‌ڵات. پێ ده‌چێت گه‌ڕانه‌وه بۆ (گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی) و تۆماس هۆبس و دۆخی سروشتی یه‌كێك له وێنه كلاسیكییه‌كانی دنیای به‌ر له له‌دایكبوونی مۆر و ده‌سه‌ڵات و قۆناغی به گورگبوونی كۆمه‌ڵگه و تاك بێت. له‌دایكبوونی مۆر له‌دایكبوونی ده‌سه‌ڵات و مانیفێستۆی گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تییه.
ئاماده‌بوونی مۆر له هه‌موو گۆشه‌كاندا، هه‌ر له موختار و ئیختیاری گوند و گه‌ڕه‌كه‌كانه‌وه تا ده‌گاته دامه‌زراوه باڵاكانی ده‌وڵه‌ت، په‌رله‌مان، دادگا، پۆلیس، تاپۆ و گرتووخانه.. هتد، هه‌مووی نوێنه‌رایه‌تیكردن و مانیفێستۆكردنی ده‌سه‌ڵات و هێز و سه‌روه‌ركردنی چه‌مكی گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تییه.
پێ ده‌چێت چه‌مكی ده‌سه‌ڵات وه‌ك بازنه‌یه‌ك بۆ به‌رهه‌مهێنانی دیسپلین و مه‌عریفه لای "فۆكۆ" له‌گه‌ڵ مۆر و ماناكانی مۆر له پێوه‌ندیدا بێت، گرتووخانه و نه‌خۆشخانه وه‌ك پانتایی نوێنه‌رایه‌تی ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن، مۆر كرده‌ی ئه‌م نوێنه‌رایه‌تیه ده‌گوازێته‌وه، به فه‌رمی ده‌كات، باڵابوون و هه‌ژموونی ده‌سه‌ڵات به‌هه‌مووان راده‌گه‌یه‌نێت.
له دنیای ئه‌مڕۆدا هاووڵاتی به مۆر وه‌ك سیمبۆل و نوێنه‌ری ده‌سه‌ڵات هه‌موو كرده‌كانی سنووردار كراوه، هه‌نگاوه‌كانی بچووك كراونه‌ته‌وه. دۆكیۆمێنته‌كانی ده‌وڵه‌ت تا ئه‌و شوێنه مانای ره‌واییبوون ده‌ده‌ن كه له‌گه‌ڵ مۆرێك له مۆره‌كانی ده‌وڵه‌ت له پێوه‌ندیدابن و مۆری ده‌وڵه‌تی بهسهرهوهبن.
ڕاستییه‌كه‌ی مۆدێرنه و بیرۆكراسیی/مۆر دووانه‌یه‌كی یه‌كجار به‌یه‌كداچوو و پڕ له هێما و مانای سۆسیۆلۆجین و زۆر به قووڵی و به وردی بوون به سه‌رچاوه‌ی دیسپلینكردنی تاك و داگیركردنی حه‌ز و ویست و ئاكتهكانی مرۆڤی مۆدێرنه! مۆر كه‌ناڵێكی سیاسی-سۆسیۆلۆجییه ده‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵات و هێزی ده‌وڵه‌ت به‌هه‌مووان رابگه‌یه‌نێت.
دووه‌م
ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات
تۆماس هۆبس ده‌وڵه‌ت وه‌ك "لیڤایه‌سان" ئه‌و وه‌حشه گه‌وره‌یه‌ی له ته‌وراتدا ناوی هاتووه و به خاوه‌ن جه‌سته و هێزێكی گه‌وره‌یه ناو ده‌بات و وێنای ده‌كات. لیڤایه‌سان وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی گه‌وره و وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی وزه بۆ دنیای كوردی گرنگه. ڕوونتر بڵێین بۆ دنیای ده‌ره‌وه‌ی كورد گرنگه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ره‌وه به گه‌وره‌یی بمانبینێت. /له ئه‌كته‌رێكی نا-ده‌وڵه‌تییه‌وه ببین به ئه‌كته‌رێكی ده‌وڵه‌تی/.
با بگه‌ڕێینه‌وه بۆ دنیای میشێل فۆكۆ و پرسی ده‌سه‌ڵات، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی یانی ده‌وڵه‌ت/ده‌وڵه‌تگه‌رایی. فۆكۆ ده‌سه‌ڵات ورد ده‌كاته‌وه و چه‌ند كاتیگۆرییه‌كی لێ به‌رهه‌م دێنێته‌وه. له دنیای هاوچه‌رخدا ده‌سه‌ڵاتێك كه له دیدی فۆكۆوه له دایك ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتێكی دیسپلینكهره، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا به‌رهه‌مهێنه‌ره و ده‌یه‌وێ تاك دیسپلین و چاودێری بكات. لێره‌دا به‌شێك له پرۆسه‌كه بریتییه له په‌روه‌رده و ڕامكردنی تاك له‌ناو ده‌وڵه‌ت و داڕشتنه‌وه‌ی مرۆڤی ئێمه.
ده‌وڵه‌ت لێره له‌ڕێی مۆدێرنیته‌وه مه‌عریفه‌یش به‌رهه‌م دێنێت. ده‌كرێت بڵێین ئه‌م دیده بۆ دۆخی ناوه‌وه‌ی كورد ده‌رفه‌تێكی باشه، له‌ڕێی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی دیسپلینكهرهوه مه‌عریفه‌یه‌كی گه‌وره له‌ناویشیدا پرۆسه‌ی حوكمڕانی باش به‌رهه‌م بێنینه‌وه.
نۆربێرت ئلیاس به جۆرێكی تر ده‌وڵه‌ت ده‌بینێت و وێنای ده‌كات، ده‌وڵه‌ت و پایه‌كانی لای ئلیاس ئه‌وكاته ئاماده‌یی هه‌یه ئه‌گه‌ر سه‌رچاوه‌كانی مۆنۆپۆلكردن و گلدانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات لای خۆی بهێڵێته‌وه. دیاره ئه‌م دیده‌ی ئلیاس پێی وایه كه ده‌وڵه‌ت ده‌بێت خاوه‌ن مۆنۆپۆلی سه‌رباز و سوپا و پۆلیس و باج و داهات بێت. لێره‌وه هێزی قۆرخكاری ده‌وڵه‌ت تاك و گرووپه‌كانی ناوی رام ده‌كات و هێزی زه‌بروزه‌نگیان لێ ده‌سێنێته‌وه و ده‌یانخاته ناو پرۆسه و چوارچێوه‌ی مه‌ده‌نیبوونه‌وه!
سێیه‌م
ده‌سه‌ڵات و پرسی نوێنه‌رایه‌تی
یه‌كێك له پرسیاره مشتومڕهێنهكانی ناو فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی مۆدێرن ئه‌وه‌یه، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نوێنه‌رایه‌تی كێ ده‌كات؟ نوێنه‌ربوون وه‌ك ده‌زگه چ ناسنامه‌یه‌ك له‌خۆ ده‌گرێت و ده‌یه‌وێ به‌ناوی چ كه‌س و گرووپێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌رتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و به چ زمانێكی سیاسی قسه بكات و مانا ببه‌خشێت؟.
ئه‌م پرسه سه‌ره‌تاكانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دنیای (مه‌گنا كارتا) و دروستبوونی ده‌زگه‌ی قانووندانان وه‌ك پانتاییه‌ك بۆ نوێنه‌رایه‌تیكردن، به‌ڵام پێ ده‌چێت ئه‌م دۆخ و پرۆسه‌یه به‌ته‌واوی نوێنه‌رایه‌تی خواره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نه‌كردبێت و خه‌یاڵ و خه‌ون و ئاره‌زووه‌كانی به‌شێكی گه‌وره‌ی ئه‌وانی نه‌گه‌یاندبێت.
له ڕووی سۆسیۆلۆجییه‌وه ده‌سه‌ڵات ده‌بێت هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك خه‌یاڵ و ستراتیج و وێنه‌ی گشتگیر و هه‌مه‌لایه‌ن بێت تا به‌ته‌واوی بتوانێ بچێته ناو پرۆسه‌ی نوێنهرایهتیكردنهوه و به‌ته‌واوی ببێت به هێزێك ناسنامه و بونیادی نوێنه‌ربوون بۆ خۆی گل بداته‌وه و ره‌گی نوێنه‌ربوون له هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵبگرێت.
دیاره له سه‌ده‌ی بیسته‌م و به‌تایبه‌تیش له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، یه‌كێك له ته‌نگژه‌كانی ناو بونیادی سیستمی حوكمڕانی ساخته‌كردنی پرۆسه‌ی نوێنه‌رایه‌تی و تێكدان و شێواندنی هه‌نده‌سه‌ی سیاسی نوێنه‌رایه‌تیكردنه. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ له به‌شێكی زۆری ناوچه جیاوازه‌كانی دنیادا گشت/هاووڵاتی بێ نوێنه‌ره و نوێنه‌ر وه‌ك ده‌زگه و كاراكته‌ر بێ ناسنامه و بێ زمانی كۆمه‌ڵایه‌تییه و نازانێ نوێنه‌رایه‌تی چ كه‌رتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی بكات و نازانێ له‌ڕێی چ ناسنامهیهكهوه خۆی بناسێنێت.