په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
یه‌كه‌م
دوانه‌ی توركیا و ناتۆ وه‌ك رێكخراو و چوارچێوه‌یه‌كی سه‌ربازی، دوانه‌یه‌كی پڕ كێشه و ئاڵۆزه. ناتۆ (رێكخراوی هاوپه‌یمانی باكوری ئه‌تڵه‌سی) دامه‌زراوه‌یه‌كه ده‌یه‌وێ ئاسایش و باڵایی و هه‌ژموون به‌رهه‌م بێنێت. چركه‌ساتی له‌دایكبوونی ئه‌م ده‌زگه‌یه پێوه‌سته به ململانێی ئایدۆلۆجی نێوان دوو بلۆك، دوو هێز و دووجه‌مسه‌ری گه‌وره‌ی دنیا و جه‌نگی سارده‌وه.
ئامانجی سه‌ره‌كی له دامه‌زراندنی ناتۆ، نینۆككردن و سنوورداركردنی جووڵه و باڵایی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت بووه. له دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانه‌وه یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌بن به ڕكابه‌ر و نه‌یار. ئه‌وروپا ده‌بێت به خواست و یه‌كه‌یه‌كی جیۆپۆڵه‌تیكی گرنگ، هه‌ستیار و ستراتیجی بۆ ئه‌م دوو هێزه. هه‌م سۆڤیه‌ت و هه‌میش ئه‌مه‌ریكا ده‌خوازن به‌سه‌ر ئه‌وروپادا زاڵ بن، كۆنتڕۆڵی بكه‌ن و بیكه‌ن به به‌شێك له سیستمه ئایدۆلۆجی و فكریی و جیۆسیاسییه‌كه‌ی خۆیان.
دیاره ئه‌مه‌ریكا زوو هاوپه‌یمانێتییه‌ك، بلۆكێك، رێكخراوێكی سه‌ربازی به‌ناوی "ناتۆ"وه بنیات ده‌نێت تا رێ به هه‌ژموون و باڵایی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت نه‌دات. ناتۆ وه‌ك رێكخراو و خاوه‌ن سه‌رباز رۆڵی باش ده‌بینێت له به‌رگریكردن له ناسنامه‌ی كاپیتاڵیزم و پاراستنی به‌هاكانی ئه‌مه‌ریكا و هاوبه‌شه‌كانی. هه‌ر له جه‌نگی كۆریاوه تا ده‌گاته جه‌نگ و ململانێكانی تر.
دیاره جه‌نگی نێوان كۆریای باكور و كۆریای باشوور و دابه‌شبوونی ئه‌م وڵاته و رۆڵی ناتۆ له‌و جه‌نگه‌دا، ده‌رفه‌ت به توركیا ده‌دات به‌شدار بێت و ببێت به ئه‌ندامێك له خێزانی ناتۆ. ئه‌مه‌ریكا كارئاسانی ده‌كات تا توركیا بچێته ناو رێكخستن و به‌ها سه‌ربازی و ستراتیجییه‌كانی ناتۆوه. چونكه توركیا له كۆمه‌ڵێك لایه‌ن و ره‌هه‌ند و ده‌رگه‌وه بۆ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا گرنگ و جێی تێڕامان بووه. به‌تایبه‌ت دۆخی جیۆپۆڵه‌تیكی توركیا و به‌كارهێنانی وه‌ك دیوارێك بۆ وه‌ستاندنی شه‌پۆلی شیوعییه‌ت و كۆمۆنیزم و وه‌ستاندنی په‌ڕینه‌وه‌ی كۆمۆنیزم بۆ باشووری ئه‌وروپا.
توركیا به‌هۆی به‌شداری و ناردنی سه‌رباز بۆ كۆریای باشوور، ده‌بێت به ئه‌ندامی ناتۆ. چیڕۆكی ئه‌ندامبوونی توركیا له ناتۆ پڕه له هه‌ڵبه‌ز و دابه‌ز، به‌ڵام توركیا به‌هێزتر و سه‌روه‌رتر ده‌كات به‌سه‌ر ئه‌وانیتردا له ناوچه‌كه‌دا.
دووه‌م/ توركیا و ناتۆ، دابڕان و دووركه‌وتنه‌وه
به‌شێك له سیستمه سه‌ربازیی و به‌رگرییه‌كه‌ی ناتۆ، له توركیا و له بنكه‌ی ئینجه‌رلیك له ئه‌ده‌نه جێگیر كراوه. دیاره مه‌به‌ست له‌و سیستمه به‌رگریی و جووڵه سه‌ربازییه‌ی ناتۆ له توركیا، سنوورداركردنی جووڵه و هه‌ژموونی نه‌یاره‌كانێتی له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه ئێران و هێزه‌كانی تر. له سه‌رده‌می جه‌نگی سارد ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا و خۆرئاوا له رێی توركیاوه جووڵه‌كانی یه‌كێتی سۆڤیه‌تیان كۆنتڕۆڵ ده‌كرد، هه‌م له هه‌رێمی قه‌وقاز، هه‌میش له كۆماره‌كانی ئاسیای ناوه‌ڕاست و خۆرهه‌ڵاتی ئه‌وروپا.
ئه‌مساڵ رێكخراوی ناتۆ له یادی 70 ساڵه‌ی دامه‌زراندنیدا، لووتكه‌یه‌كی دوو رۆژه‌ی له له‌نده‌ن به‌ست و تیشكی خسته‌سه‌ر كۆتاهێنان به ناكۆكی و ململانێی به‌شێك له ئه‌ندامه‌كانی.
ناتۆ له‌و لووتكه‌یه‌دا تیشكی خسته سه‌ر چه‌ند ته‌وه‌ر و خاڵێك به‌تایبه‌ت زیادكردنی بودجه‌ی به‌رگری و ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كان. دواتر پرسی گه‌شه‌ی دیموكراسی و رێزگرتن له به‌ها و ئازادییه‌كان. له هه‌مووی گرنگتر یه‌كێك له خاڵه‌كان پێداگری له‌سه‌ر رۆڵی رووسیا و سنوورداركردنی جووڵه‌كانی رووسیایه به‌سه‌ر ئه‌وروپا، به‌تایبه‌ت ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی رووسیا بۆ سه‌ر ئاسایشی یه‌كێتی ئه‌وروپا دروستی ده‌كات و دواتر پرسی تیرۆر و كۆچ و كۆچبه‌ران.
ئه‌م دۆخه توركیا دڵته‌نگ ده‌كات و نائومێدی ده‌كات له ناتۆ. به‌و هۆیه‌ی توركیا به‌ته‌واوی له رووسیا نزیك بووه‌ته‌وه و پێ ده‌چێت بۆشایی نێوان توركیا و ناتۆ زیاتر و گه‌وره‌تر بێت. دیاره به‌شێك له‌و ستراتیج و چه‌مكه سیاسی و یاساییانه‌ی ناتۆ، ئه‌مڕۆ بووه‌ته جێی مشت‌ومڕ بۆ توركیا. ڕاستییه‌كه‌ی توركیا ئێسته خۆی به‌هێزێكی نامۆ و غه‌ریب ده‌بینێت له‌ناو ئه‌م یه‌كێتییه‌دا.
سێیه‌م/ ناتۆ و ئیفلیجبوونی مێشك
ئیمانیۆل ماكرۆن سه‌رۆك كۆماری فڕه‌نسا له لووتكه دوو رۆژییه‌كه‌ی ناتۆدا به‌بۆنه‌ی یادی ٧٠ ساڵه‌ی دامه‌زراندنی رێكخراوه‌كه، ره‌خنه‌ی له‌و رێكخراوه سه‌ربازییه گرت و پێشتریش رای گه‌یاندبوو كه ناتۆ مێشكی ئیفلیج بووه و له‌كار كه‌وتووه.
فڕه‌نسا له دوای رووداوه‌كانی هێرشكردنه سه‌ر رۆژنامه‌ی (شارلی ئیبدۆ) له‌گه‌ڵ توركیا له كێشه و گرفتدایه. كێشه له‌سه‌ر پرسی تیرۆر، كۆچبه‌ر، كێشه له‌سه‌ر رۆژئاوای كوردستان و پێوه‌ندیی نێوان كۆماری فڕه‌نسا و رۆژئاوای كوردستان. توركیا ده‌یه‌وێ ئه‌ندامانی ناتۆ وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی هاوبه‌ش به‌كار بێنێت بۆ ئامانج و مه‌به‌سته سیاسییه‌كانی خۆی به‌تایبه‌ت له سووریا و ناوچه‌كه. ناتۆ ماندوو و شه‌كه‌ت بكات به پرسی سووریا و نه‌یاره‌كانی له‌و وڵاته‌دا.
پێ ده‌چێت هه‌وڵه‌كه بۆ ئه‌وه بێت توركیا بیه‌وێ به‌ته‌واوی له‌ڕێی پرسی سووریاوه ناتۆ و ئه‌ندامه‌كانی له ئه‌ركه سه‌ره‌كی و ناسنامه راسته‌قینه‌كه‌ی دوور بخاته‌وه. فڕه‌نسا پێی وایه رووسیا له‌ڕێی توركیا و یاریی و پلانه‌كانی، ده‌یه‌وێ ناتۆ وه‌ك چوارچێوه له‌كار بخات و مێشكی ئیفلیج بكات، چونكه ئه‌م رێكخراوه زیاتر ده‌یه‌وێ تیشك بخاته سه‌ر ئه‌و ئالنگارییه ده‌ره‌كییانه‌ی رووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه وه‌ك هه‌ستانه‌وه و گه‌ڕانه‌وه‌ی رووسیا بۆ گۆڕه‌پانی نێوده‌وڵه‌تی و داڕشتنه‌وه‌ی ململانێكان، پرسی تیرۆر و پێگه‌ی چین له سیاسه‌تی ئابووری دنیا و چه‌ندان پرسی تر و رووداوی تر.
لێره‌وه توركیا و ناتۆ رووبه‌ڕووی ته‌نگژه‌ی زۆر و قووڵ ده‌بنه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌كتر، ناتوانن یه‌كتر ته‌واو بكه‌ن، به‌ڵكو به‌ته‌واوی له یه‌كتر دوور ده‌كه‌ونه‌وه.