سه‌ره‌تا:
زۆرینه‌ی ئه‌كته‌ره‌كانی ئه‌مڕۆ ده‌وڵه‌تی و نا-ده‌وڵه‌تی بیر له به‌كارهێنانی هێزی نه‌رم، شێوه جیاوازه‌كان و سه‌رچاوه‌كانی ده‌كه‌نه‌وه، چونكه پێ ده‌چێت ئه‌م سه‌رده‌مه سه‌رده‌می هێزی نه‌رم و خۆسه‌پاندن بێت له ڕێی هێزی نه‌رمه‌وه.
هیندستان وڵاتێكی دێرین و خاوه‌ن شارستانییه‌تێكی له مێژینه‌ی ناوچه‌كه‌یه. ئێسته له فۆڕمی كۆماری هیندستان نوێنه‌رایه‌تی قه‌واره سیاسی و دیپلۆماسییه‌كه‌ی ده‌كات. به‌شێك پێیان وایه هیندستان له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ده‌بێت به زلهێزێكی تازه و كاریگه‌ر. ئه‌م ئارگیۆمێنته له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه هیندستان بنیاته سیاسی، ئابووری و سه‌ربازییه‌كه‌ی به‌ره‌و به‌هێزبوون ده‌چێت، پێگه‌ی جیۆپۆڵه‌تیك و جیۆسیاسیی یارمه‌تیده‌ره بۆ زاڵبوون و زوو گه‌شه‌كردن و بوون به هێزێكی باڵا.
له‌لایه‌كی تره‌وه، چوارچێوه‌كانی هێزی نه‌رمی له ڕێی (پیشه‌سازی ده‌رمان و نوژداری، پیشه‌سازی فیلم و بۆڵیوود و خوێندن و په‌روه‌رده‌وه) بردووه‌ته ئاستێكی به‌رز و رۆژ دوای رۆژیش گه‌شه و خێرایی زیاتری پێ ده‌دات. ئه‌م جووڵه و ده‌ركه‌وتنه تازه‌یه‌ی هیندستان له ڕێی هێزی نه‌رمه‌وه له سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی، سیستمی سیاسی نێوده‌وڵه‌تی و له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ره‌كانی تردا، ناسنامه‌یه‌كی تازه و جیاوازی بۆ هیندستان و ركابه‌ره‌كانی دروست كردووه.
هیندستان كێیه؟
هیندستان به‌وه ناسراوه ژماره‌ی دانیشتووانی زۆره، رووبه‌ر و پانتاییه جیۆگرافییه‌كه‌ی فراوان و گه‌وره‌یه و پڕه له ئاین، مه‌زه‌و و نه‌ته‌وه‌ی جیاواز. ئاینه‌كانی وه‌ك (هیندۆسی، سیخی، بوزی، جاینی، ئیسلام، مه‌سیحی، جوو و زه‌رده‌شتی ... هتد) گرنگترین ئاین و پێكهاته و په‌یكه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی هیندستانن. ئه‌م فۆڕمه له پلوراڵیزم و فره‌یی هه‌نده‌سه‌یه‌كی جیاوازی كۆمه‌ڵایه‌تی، بنیاتێكی كولتووری و دۆخێكی فه‌رهه‌نگی جیاوازی دروست كردووه له‌و وڵاته‌دا. رۆژگارێك كۆمپانیای هیندی رۆژهه‌ڵاتی به‌ریتانیا ئه‌و وڵاته‌ی به‌ڕێوه ده‌برد. دواتر به‌ریتانیا خۆی وه‌ك هێزێكی كۆلۆنی ده‌سه‌پێنێت و داگیری ده‌كات.
لێره‌وه به‌ریتانیا هه‌وڵ ده‌دات جه‌سته‌ی دنیای ئینگلیزی به‌ته‌واوی تێكه‌ڵ به دنیا و بیركردنه‌وه و فه‌رهه‌نگی هیندی بكات، دیاره ئامرازی سه‌ره‌كی ئه‌م تێكه‌ڵبوونه‌یش زمانه، زمانی ئینگلیزی وه‌ك ناوه‌ندێك بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌وانیتر و كاڵكردنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی بنه‌ڕه‌تی هێزی به‌رانبه‌ر. دواتر له دوای جه‌نگی دووه‌می دنیاه‌وه و له ساڵانی ١٩٤٧دا بزووتنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی له‌و وڵاته له دایك ده‌بێت، به‌رنامه و پڕۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی داده‌ڕێژن و له ئاكامدا به فۆڕمێكی ئاشتییانه گه‌یشتن به سه‌ربه‌خۆیی و رزگاربوون له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی شانشینی یه‌كگرتووی به‌ریتانیا.
هیندستان ئێسته وه‌ك ده‌وڵه‌ت و ئه‌كته‌رێكی سیاسی به فۆڕمێكی تر ده‌رده‌كه‌وێت و دنیا به‌شێوه‌یه‌كی تر لێی ده‌ڕوانێ. ره‌نگه ئارگیۆمێنتی بنه‌ڕه‌تی ئه‌وه بێت كه هیندستان به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چێت ببێت به هێزێكی گه‌وره، هێزێكی دنیای، خاوه‌ن ئابوورییه‌كی به‌هێز، خاوه‌ن هه‌ژموون و بڕیار.
هیندستان وه‌ك پێنجه‌م هێزی ئابووری ده‌رده‌كه‌وێت له دنیادا، به‌ڵام هێشتا كێشه‌ی هه‌ژاریی و كه‌می خزمه‌تگوزاری هه‌یه، له دوای ریفۆرمی ئابووریشه‌وه به‌رده‌وام گه‌شه ده‌كات، كه‌رتی پیشه‌سازی فراوان ده‌بێت، له ڕووی سه‌رباز و سوپاوه بنیاتێكی به‌هێز و كاریگه‌ری هه‌یه و خاوه‌ن چه‌كی ئه‌تۆمه، هه‌موو ئه‌مانه به‌شێكی گه‌وره‌ن له ره‌گه‌زه‌كانی هێزی ره‌ق. به‌ڵام هیندستان ئه‌مڕۆ بیر له هێزێكی تر و كاریگه‌رتر ده‌كاته‌وه كه خێرا و كه‌م تێچوو بێت.
دیاره هێزی نه‌رم لای هیندستان پڕۆژه‌یه‌كی بیرلێكراوه و ئاڵۆزه. بیرلێكراوه به مانای ئه‌وه‌ی هیندستان وه‌ك ئه‌كته‌رێكی تازه ده‌یه‌وێت له ڕێی هێزی نه‌رمه‌وه له دنیادا ئاماده بێت، له خه‌یاڵماندا بمێنێته‌وه، له‌گه‌ڵماندا بژی و له هه‌موو ماڵێكدا ئاماده بێت و بناسرێت و سه‌رنجمان به‌لای خۆیدا رابكێشێت.
ئه‌تۆم، هێزێكی به رواڵه‌ت ره‌ق و له ناوه‌ڕۆكدا نه‌رم
هیندستان له دوای سه‌ربه‌خۆبوونیه‌وه بیر له چه‌كی ئه‌تۆمی ده‌كاته‌وه، نه‌خشه و پلانی بۆ داده‌ڕێژێت، بۆیه ساڵی ١٩٥٠ یه‌كه‌یه‌كی توێژینه‌وه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته داده‌مه‌زرێنێت.
لێره‌وه هیندستان وه‌ك ده‌زگایه‌ك ده‌بینرێت كه له ڕێی توێژینه‌وه، داتا و لێكۆڵینه‌وه‌وه، ده‌یه‌وێت مه‌عریفه به‌رهه‌م بهێنێت. به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه له خۆرهه‌ڵات ئاڵۆز و تێكه‌ڵ و پڕ كێشه‌یه، به‌ڵام هیندستان ئه‌م هه‌نگاوه ده‌نێت.
دوای چه‌ند ساڵێك و له ١٩٥٧دا كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی یۆرانیۆم دروست ده‌كات تا ساڵی ١٩٧٤ یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌تۆمی ئه‌نجام ده‌دات و ئه‌م جووڵه و گه‌شه‌یه‌ی هیندستان به‌رده‌وام ده‌بێت. روونه كه چه‌كی ئه‌تۆم وه‌ك ره‌گه‌زێك له هێزی ره‌ق ده‌بینرێت و ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام له ناوه‌ڕۆكدا هه‌ڵگری په‌یامێكی تره و ده‌یه‌وێت شتێكی تر به دنیای ده‌ره‌وه‌ی خۆی بڵێت و بنوێنێ.
پرۆسه‌ی دروستكردن و ئاماده‌كردن و هه‌بوونی چه‌كی ئه‌تۆم نوێنه‌رایه‌تی هێزی ره‌ق ده‌كات، به‌ڵام خستنه‌ڕوو و ده‌رخستنی هێز و ناردنی په‌یامه‌كانی، كردنی به پرس و بابه‌ت له میدیادا، به‌ته‌واوی نوێنه‌رایه‌تی هێزی نه‌رم ده‌كات.
لێره هێزی نه‌رم به‌مانای ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت یان ئه‌كته‌ره‌كانی تری ناو سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی، له ڕێی بانگه‌شه و چیڕۆكی هه‌بوونی چه‌كی ئه‌تۆمه‌وه ده‌یانه‌وێت سه‌رنجی وڵاتان، ده‌زگاكانی تر و گه‌لانی تر بۆ خۆیان راكێشن، رێساكانی هێز ده‌ستكاری بكه‌ن، پێگه‌ی جیۆستراتیجی باشتر دابڕێژنه‌وه.
هیندستان ساڵی ١٩٩٨ چه‌ند تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی ئه‌تۆمی ئه‌نجام دا. دیاره په‌یامی سه‌ره‌كی هیندستان له‌و پڕۆژه‌یه خۆنواندنی بوو وه‌ك هێزێكی باڵا و به‌رهه‌مهێنه‌ری هه‌ژموون و خۆسه‌پاندن له ناوچه‌كه‌دا. چه‌كی ئه‌تۆم لێره وه‌ك په‌یكه‌ر و شێوه‌ی به‌كارهێنانی، به‌شێكه له هێزی ره‌ق، به‌ڵام دروستكردنی چیڕۆك و نه‌ڕه‌یتیڤ له ڕێیه‌وه به‌شێكی گه‌وره‌یه له هێزی نه‌رم.
كه‌رتی ده‌رمان و نوژداری
ده‌رمان ره‌گه‌زێكی تری هه‌میشه ئاماده‌ی هێزی نه‌رمی هیندستانه. ده‌رمان له‌و وڵاته‌دا زۆر هه‌رزانه به به‌راورد به هه‌ر وڵاتێكی تر، هیندستان بووه به مه‌ڵبه‌ندێكی گه‌وره‌ی پیشه‌سازی ده‌رمان له دنیادا و پله‌ی سێیه‌می هه‌یه له‌و بواره‌دا، ساڵی ٢٠١٨ بۆ نزیكه‌ی ٢٠٠ ده‌وڵه‌ت ده‌رمانی هه‌نارده كردووه به‌بڕی ٣٠ ملیار دۆلار. له زۆرینه‌ی ده‌رمانخانه‌كانی وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا هیندستان له‌ڕێی ده‌رمانه‌وه ئاماده‌یه و ده‌بینرێت و ٢٥٠٠ كارخانه‌ی ده‌رمانی هه‌یه و ١٠% ده‌رمانی دنیا له‌م كارخانانه‌دا به‌رهه‌م ده‌هێنرێت.
كارخانه لێره ته‌نیا داهات دروست ناكات له‌ڕێی ده‌رمانه‌وه، به‌ڵكو سیمبۆل و هێزی وڵاتیش به‌رهه‌م دێنێت و ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی خۆی ده‌كات. سیمبۆله‌كانی سه‌ر ده‌رمانه‌كه و چیڕۆك و هێما و لۆگۆكانی قووڵایی هێز و باڵایی وڵاته‌كه‌ن به‌تایبه‌ت كاتێك له‌ڕێی ئه‌و دێڕه‌وه خۆت نماینده ده‌كه‌یت كه لێی نووسراوه Made in India. له‌ڕووی به‌ره‌وپێشچوونی زانستی پزیشكی، نه‌شته‌رگه‌ریی سه‌خت و چاره‌سه‌ر و پیشه‌ی نوژدارییه‌وه هیندستان ناسنامه‌یه‌كی تایبه‌ت و زاڵی بۆ خۆی داڕشتووه و سه‌رنجی وڵاتانی به‌لای خۆیدا راكێشاوه و ساڵانه خه‌ڵكانێكی زۆر وه‌ك نه‌خۆش و گه‌ڕان به‌دوای چاره‌سه‌ردا رووی تێده‌كه‌ن و له هیندستاندا ده‌مێننه‌وه و ده‌رمانی هیندی به‌كار دێنن.
دیاره ئه‌م دیارده‌یه ریشه‌یه‌كی له‌مێژینه‌ی هه‌یه، هیندستان هه‌ر له كۆنه‌وه وه‌ك ناوه‌ندی ده‌رمان و نوژداری ناسراوه. دواتر كه ده‌بێت به ده‌وڵه‌تێكی مۆدێرن ئه‌م ناسنامه‌یه‌ی ده‌ستكاری ده‌كات و زیاتر به‌ره‌وپێشه‌وه‌ی ده‌بات.
ئه‌مڕۆ هیندستان واته ده‌رمان و له‌ڕێی ده‌رمانه‌وه نه‌ته‌وه جیاوازه‌كانی دنیا هیندستان ده‌ناسن و ئه‌زموونی ده‌كه‌ن. له ڕاستیدا ئه‌م وڵاته به‌گشتی سیستمێكی ته‌ندروستی هاوچه‌رخ و پزیشكی شاره‌زا و به‌ئه‌زموون و ناوه‌ندی پزیشكی و ملیۆنان نه‌خۆشخانه و ده‌رمانسازی لێهاتووی هه‌یه. ئه‌م مۆدێله له چاودێریكردنی ساغڵه‌می مرۆڤ و چاره‌سه‌ركردن بووه به هێزێك بۆ راكێشانی سه‌دان هه‌زار نه‌خۆش بۆ هیندستان.
ساڵی ٢٠١٨ زیاتر له ٦٠٠ هه‌زار كه‌س له دنیادا وه‌ك نه‌خۆش و به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری پزیشكی سه‌ردانی هیندستانی كردووه و به‌ریه‌ككه‌وتنی له‌گه‌ڵ دنیای هیندی و سیمبۆله‌كانی ناوی دروست كردووه. هیندستان ژێرخان و سه‌رخانی پزیشكی به‌ره‌وپێش بردووه. ژێرخان به‌مانای ئه‌و بنیاته ره‌قه‌ی نه‌خۆش تێیدا پێشوازی لێ ده‌كرێت. ٢٢ نه‌خۆشخانه له هیندستان له ریزبه‌ندی ١٠٠ نه‌خۆشخانه‌كه‌ی دنیا هه‌ژمار كراون. ملیۆنێك و 200 هه‌زار پزیشكی هه‌یه له‌گه‌ڵ دوو ملیۆن په‌رستیار.
ئه‌م سه‌رمایه له ژێرخان و سه‌رخان كه‌رتی ده‌رمان و پزیشكی به‌ته‌واوی گۆڕیوه بۆ پایه‌كی سه‌ره‌كی له هێزی نه‌رمی وڵاته‌كه‌دا. ئه‌مڕۆ به‌شێك له نه‌ته‌وه‌كانی دنیا له‌ڕێی ده‌رمان و پزیشكه‌وه له‌گه‌ڵ هیندستان له پێوه‌ندیدان، خه‌یاڵیان لای هیندستان و چیڕۆكه‌كانی ناویه‌تی.
تۆلێرانس و ئاینه‌كان وه‌ك هێزی نه‌رم
هیندستان وڵاتێكی پلوراڵه، فره‌كولتوور، ئاین، مه‌زه‌و، نه‌ته‌وه، زمان و بیروباوه‌ڕه. هه‌ردوو زمانی هیندی و ئینگلیزی زمانی فه‌رمی وڵاته‌كه‌ن. زیاتر ئه‌و وڵاته به سه‌رزه‌وینی كولتوور و بیروباوه‌ڕه جیاوازه‌كان ده‌ناسرێت و پێشان ده‌درێت. زیاتر له دوو هه‌زار كولتوور، ئاین و بیروباوه‌ڕی جیاواز له‌خۆ ده‌گرێت. ئه‌م دۆخه وایكردووه ستراكچه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ته‌واوی ئاڵۆز و تێكه‌ڵ و فره‌ڕه‌هه‌ند بێت.
دیاره هه‌شت ئاین به ئاینی سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تی ناسراون له‌و وڵاته‌دا، ئه‌وانیش ئاینی هندۆس كه زۆرینه‌ن، ئاینی ئیسلام كه له گه‌شه‌كردنێكی خێرادایه و رۆژ دوای رۆژیش ژماره‌یان زیاتر ده‌بێت. دواتر ئاینه‌كانی وه‌ك مه‌سیحی، سیخی، بودی، جه‌ینیزم، زه‌رده‌شتی، جودایزم و به‌هائی.
دیاره هیندستان ده‌یه‌وێت ئه‌م فره‌یی و جیاوازبوونه وه‌ك ره‌گه‌ز و بنیاتێك له هێزی نه‌رم به‌كار بێنێت و پێشانی دنیای بدات، یان به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه سه‌رنجی ئه‌وانیتر به‌لای خۆیدا رابكێشێت. ئه‌م مۆدێله‌ی پێكه‌وه‌ژیان له‌سه‌ر ئاستی ده‌زگا، ده‌ستوور و یاسا رێكخراوه. ده‌ستوور به‌و مانایه‌ی كه پێكه‌وه‌ژیان بووه به تێكستێكی ده‌ستووری و له ماده‌كانی ٢٥ تا ٢٨ی ده‌ستووری هیندستان باس له ماف و ئازادی ئاین و جیاوازبوونی ئاینه‌كان ده‌كات. ئاین ئۆتۆنۆم كراوه و رێز له چیڕۆك، ریتواڵ و پێڕه‌وكه‌رانی گیراوه. به‌ڵام هیچ ئاینێك سه‌روه‌ر نه‌كراوه به‌سه‌ر ئه‌ویتردا و ده‌ستوور بێلایه‌ن و بێ ئاینه.
ئاماده‌بوونی زمانی جیاواز و هه‌مه‌ڕه‌نگ پایه‌یه‌كی تری هێزی نه‌رمی هیندستانه. زیاتر له هه‌زار و ٦٥٢ زمانی جیاواز هه‌ن، ١٥٠ زمان زیندوون و خه‌ڵك گفتوگۆیان پێ ده‌كات، به‌كار ده‌هێنرێن و زمانی به‌ستنه‌وه و پێكه‌وه‌گرێدانی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگه‌ی هیندییه. زمانه‌كان زۆرینه‌یان له ده‌ستووردا دانیان پێدانراوه و له‌سه‌ر ئاستی لۆكاڵ و یه‌كه كارگێڕی و هه‌رێمه فیدڕاڵییه‌كاندا گفتوگۆی پێ ده‌كرێت و پێی ده‌نووسرێت و ده‌خوێنرێت.
ئه‌م فره‌زمانییه بووه به ناسنامه‌یه‌كی زاڵی هێزی نه‌رمی هیندستان و به‌رده‌وام وه‌ك وێنه‌یه‌كی گه‌وره له هێزی نه‌رمی ئه‌و وڵاته ده‌رده‌خرێت و هه‌ژموونی فه‌رهه‌نگی و كولتووری و سیاسی، پێ دروست ده‌كرێت.
سینه‌ما و پیشه‌سازی فیلم
سینه‌ما و فیلم قووڵایی ستراتیجی هێزی نه‌رمن! سینه‌ما نوێنه‌رایه‌تی كۆده‌زگا، كولتوور، بیركردنه‌وه‌ی سیاسی، سه‌رمایه و سیمبۆله‌كانی وڵات، كولتووری سیاسی و توانا مادی و مه‌عنه‌وییه‌كانی ده‌وڵه‌ت ده‌كات! ده‌كرێت بڵێین سینه‌ما وه‌ك رۆكێت و ئه‌تۆم ده‌جووڵێت و هێرش ده‌بات، به‌ڵام به‌زمانی ته‌كنیك، وێنه، رووداو و چیڕۆكی پشت وێنه‌كان. ستۆدیۆكانی بۆڵیوود گه‌وره‌ترین ناوه‌ندی پیشه‌سازی فیلمن له هیندستان و ناوچه‌كه. ساڵانه زیاتر له هه‌زار و 500 فیلمی جۆراوجۆر و به‌رووداو و چیڕۆكی جیاوازه‌وه له هیندستان به‌رهه‌م ده‌هێنرێن. دیاره ئه‌م فیلمانه داهات، پاره و سه‌رچاوه‌ی دارایی گه‌وره‌ن بۆ وڵاته‌كه. ساڵی ٢٠١٦دا زیاتر له ٢.٦ ملیار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی داهاتی پیشه‌سازی فیلم و سینه‌ما بووه له هیندستان. لێره‌وه بۆڵیوود هه‌ر به‌ته‌نیا وه‌ك ئامێرێك ده‌رناكه‌وێت بۆ كۆكردنه‌وه‌ی پاره و داهات بۆ وڵاته‌كه.
راستییه‌كه‌ی بۆڵیوود وه‌ك ده‌زگا و ناوه‌ندێك بۆ فیلم و سینه‌ما بووه به قووڵایی ستراتیجی هێزی نه‌رمی هیندستان. بۆڵیوود باره‌گا سه‌ره‌كییه‌كه‌ی له شاری مۆمبایه. ١٣ هه‌زار هۆڵی سینه‌ما هه‌یه له هیندستان، رۆژانه ٣٠ ملیۆن كه‌س له سینه‌ماكان سه‌یری فیلمی هیندی ده‌كه‌ن، ساڵانه نزیكه‌ی ٩٠٠ ملیۆن پلیتی چوونه‌ژووره‌وه‌ی سینه‌ما ده‌فرۆشرێت.
بۆڵیوود له‌ڕێی فیلمه‌وه هه‌ژموون و وێنه‌ی سیاسی بۆ وڵاته‌كه‌دا به‌رهه‌م دێنێت و به‌سه‌ر ئه‌وانیتردا ده‌یسه‌پێنێت. سینه‌مای هیندی ئه‌مڕۆ له زۆرینه‌ی گۆشه‌كانی دنیا ئاماده‌یه و گه‌لان له‌ڕێی فیلمه‌وه هیندستان ده‌ناسن، بیر له هیندستان ده‌كه‌نه‌وه و له‌گه‌ڵیدا ده‌ژین، به‌تایبه‌ت له وڵاتانی ئاسیا و ئه‌فه‌ریقادا.
رۆژگارێك و چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر هه‌م له عێراق و هه‌میش له كوردستاندا فیلمی هیندی رۆڵ و هه‌ژموونێكی زۆری هه‌بوو له‌ناو ماڵ و شاشه و فه‌رهه‌نگی ئێمه‌دا. به‌ڵام سینه‌مای هیندی مێژووییه‌كی دوورودرێژ و قووڵی نییه، ساڵی ١٩١٣ هیندستان یه‌كه‌م فیلمی بێده‌نگ به‌رهه‌م دێنێت و دواتر له ١٩٣١ فیلمی ده‌نگدار به‌رهه‌م دێنێت. زۆرینه‌ی فیلمه‌كانی بۆڵیوود گۆرانی و سه‌ما له‌خۆ ده‌گرن و ماوه‌ی فیلمه‌كان درێژترن به به‌راورد له‌گه‌ڵ فیلمه‌كانی هۆڵیوود.
ئه‌م جیاوازبوونه له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا په‌یام و ستراتیج له‌خۆ ده‌گرێت، ره‌نگه درێژی فیلمه‌كان به زمانێكی سیاسی ئه‌و وێنه‌یه بێت كه هیندستان ده‌یه‌وێ بیكشێت و ببێت به زلهێز له داهاتوودا. ئه‌م سه‌ره‌تایه ده‌بێت به قۆناغێكی تازه له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی هیندستان، به‌تایبه‌ت دوای ئازادبوون و سه‌ربه‌خۆبوونی.
ئه‌مڕۆ سینه‌مای هیندی ده‌یه‌وێت شتێكی تر به دنیا بڵێت، ئه‌ركێكی تر ئه‌نجام ده‌دات و بووه به به‌شێك له هێزی نه‌رمی وڵاته‌كه‌ی بۆ سه‌رنجڕاكێشانی دنیا و پێوه‌ستكردنیان به دنیای هیندی و به‌ها و مێژوو و میراته كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگییه‌كانی.
زانكۆ و دامه‌زراوه مه‌عریفییه‌كان
زانكۆ وه‌ك دامه‌زراوه و وه‌ك چالاكترین ناوه‌ندی بیركردنه‌وه، به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه و توانای مرۆیی ده‌رده‌كه‌وێت. دیاره زانكۆ كه‌ناڵێكی بنه‌ڕه‌تی دروستكردنی ناسنامه، باڵایی و هێزه بۆ ده‌وڵه‌ت و سیاسه‌تی ناوه‌كی و ده‌ره‌كی. رۆڵی زانكۆ له دنیای ئه‌مڕۆدا گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت، چیتر زانكۆ به‌ته‌نیا تاك په‌روه‌رده و ئاماده ناكات، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت به‌شدار بێت له پرۆسه‌ی بڕیاردان، داڕشتنی سیاسه‌ت و ستراتیجی وڵات و دۆزینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی تازه، به‌شێك له زانكۆكانی ئه‌مڕۆی هیندستان به‌ره‌و ئه‌وه ده‌ڕۆن رۆڵه بگێڕن.
دیاره هیندستان سیستمی خوێندنی تا ئاستێك مۆدێرن و پێشكه‌تووه. پڕۆژه‌ی چه‌كی ئه‌تۆمی، گه‌شه‌كردن له بواری ده‌رمان و نوژداری و به‌رهه‌مهێنانی فیلمه‌كان به‌رهه‌می زانكۆ و ناوه‌نده مه‌عریفییه‌كانیه‌تی. ئه‌م دۆخه وایكردووه قوتابیان له زۆربه‌ی وڵاته جیاوازه‌كانه‌وه روو له هیندستان بكه‌ن بۆ خوێندن و لێكۆڵینه‌وه به‌تایبه‌ت له وڵاتانی ئاسیا و ده‌وروبه‌ره‌وه.
٥٢٧ زانكۆ له هیندستاندا هه‌ن، ٢٣ زانكۆی باشترین زانكۆی ئاسیان، هه‌شت زانكۆی تری وه‌ك باشترین زانكۆ له‌سه‌ر ئاستی دنیا ریزبه‌ند كراون. پێ ده‌چێت هیندستان بیه‌وێت له‌ڕێی مه‌عریفه و داهێنانی به‌شێك له زانكۆكانیه‌وه به‌ره‌و قۆناغی دوای-پیشه‌سازی بچێت Post-Industrial واته داهێنان له‌ڕێی زانكۆ و دواتر گۆڕینی بۆ سه‌رچاوه‌ی داهات. بۆ نموونه داهێنه‌رانی USB و Hotmail و Master Card هیندین و تا ئێسته هه‌شت هاووڵاتی هیندی خه‌ڵاتی نۆبڵیان وه‌رگرتووه و یه‌كه‌مینیان تاگووری شاعیر بوو كه له ساڵی ١٩١٣دا له بواری ئه‌ده‌بدا نۆبڵی پێ به‌خشرا.
ساڵانه قوتابیان له وڵات، جیۆگرافیا، نه‌ته‌وه و ئاینی جیاوازه‌وه روو له‌و وڵاته ده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستی خوێندن، ئه‌م پرۆسه‌یه جگه له دروستكردنی داهاتێكی زۆر بۆ وڵاته‌كه، سه‌رچاوه‌یه‌كی كاریگه‌ریشه بۆ به‌ستنه‌وه‌ی قوتابیانی بیانی به كولتوور و بیركردنه‌وه و دنیای هیندی و سه‌رسامبوونیان به سه‌رمایه و رابردوو و تواناكانی ئه‌و وڵاته. لێره‌وه زانكۆ وه‌ك ماشێنی بڵاوكردنه‌وه، سه‌پاندن و خێراكردنی هێزی نه‌رم رۆڵ ده‌بینێت.
ئه‌م زانكۆ هیندییانه توانیویانه هه‌م كێبه‌ركێ له‌گه‌ڵ به‌شێك له زانكۆكانی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا بكه‌ن و هه‌میش بازاڕی كار بۆ خۆیان بدۆزنه‌وه، چونكه تێچووی خوێندن تێیاندا هه‌رزان و گونجاوه، به‌مه‌ش رۆژ دوای رۆژ رێژه‌ی خوێندكارانی بیانی به‌رزتر ده‌كه‌نه‌وه. نموونه بۆ ئه‌مه‌ش، ٤٥ هه‌زار قوتابی له ساڵی ٢٠١٦دا له هیندستان ده‌یانخوێند، به‌ڵام له ٢٠١٩دا ئه‌م رێژه‌یه زۆر به‌رز ده‌بێته‌وه و ده‌بێت به ٢٠٠ هه‌زار قوتابی.
پێ ده‌چێت له داهاتوویه‌كی نزیكدا زانكۆكانی هیندستان ببن به تۆڕێكی گه‌وره و بنیاتێكی سه‌ره‌كی هێزی نه‌رمی ئه‌و وڵاته و به ئاسانی هیندستان بكات به خاوه‌ن هه‌ژموون و بڕیار له ناوچه‌كه‌دا.
كۆبه‌ند:
كۆماری هیندستان ئه‌كته‌رێكی تازه و خاوه‌ن كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی و سه‌رچاوه‌ی هێزه. ئێسته یه‌كێكه له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی زۆرترین مشت‌ومڕ له‌باره‌ی گه‌شه‌ی ئابووری، هه‌ژموون، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه، پێگه‌ی جیۆستراتیجی، رۆڵی له سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و ده‌ركه‌وتنی وه‌ك زلهێزێكی تازه ده‌كرێت. به‌شێك پێیان وایه هیندستان هاوشان له‌گه‌ڵ به‌ڕازیل و چین، زۆر خێرا گه‌شه ده‌كه‌ن و به‌خێراییش ده‌بن به جه‌مسه‌ر و سیستمی سیاسی نێوده‌وڵه‌تی له تاك جه‌مسه‌رییه‌وه بۆ فره جه‌مسه‌ری ده‌گۆڕن.
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنج و لێكدانه‌وه‌یه هیندستان له پاڵ بنیاتنانی هێزه ره‌قه‌كه‌ی سه‌رچاوه‌كانی هێزی نه‌رمی به چڕی و فراوانی له دنیادا به‌كار دێنێت، تا به‌بێ تێچوو و به كه‌مترین ماوه ببێت به خاوه‌ن هه‌ژموون و بڕیار و سه‌رنجی وڵاتانی تر به‌لای خۆیدا رابكێشێت. دیاره هیندستان ناوكی هێزه نه‌رمه‌كه‌ی كۆ كردووه‌ته‌وه له (پیشه‌سازی فیلم، ده‌رمان و زانكۆ و داهێنانه‌كانی) بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر له دنیادا بناسرێت و زیاتر له كۆیادی دنیا و نه‌ته‌وه جیاوازه‌كانی دنیادا بمێنێته‌وه. به‌مه‌ش باشتر و ئاسانتر ده‌بێت به جه‌مسه‌ر و خاوه‌ن بڕیار و ناسنامه‌ی تایبه‌ت به‌خۆی له كایه‌ی پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا.
ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی كه سوودیان لێ وه‌رگیراوه: