كه‌م چركه‌سات، ساته‌وه‌خت و رۆژگار هه‌بووه به‌قه‌د ئه‌مڕۆ رێگری له هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤ كردبێت! دنیای به‌گشتی وه‌ك یه‌ك یه‌كه و دامه‌زراوه شه‌ت داون كردبێت. شه‌قام، پارك، قاوه‌خانه، چێشتخانه، كارخانه، ده‌زگا فه‌رمییه‌كان، ناوه‌نده‌كانی كار و پیشه، ناوه‌نده كولتووری و فه‌رهه‌نگییه‌كان بوون به چۆڵه‌وانییه‌كی گه‌وره. ئه‌وه‌ی كه رووخسار و جه‌سته‌ی زاڵ و هه‌میشه ئاماده‌بوو، ئه‌وه‌ی كه به‌رده‌وام ده‌بینرا و سهبجێكتێكی جووڵاو و راوه‌ستاو بوو، به‌رده‌وام له ده‌ره‌وه بوو، له شه‌قام و ناوه‌نده‌كانی تر بوو سهبجێكتێكی ماسكدار و داپۆشراو بوو [سه‌رباز و كارمه‌ندی ته‌ندروستیی]. ئه‌وانه‌ی هه‌ڵگری ئه‌م دوو فۆڕمه له ئه‌رك و پیشه‌ییبوون نه‌بوون ده‌بوو له ماڵه‌وه بن و نه‌یه‌نه ده‌ره‌وه.
كۆرۆنا یه‌كه‌م ئه‌زموون و رووداو نییه له مێژووی مرۆڤدا. پێشتر دنیا ئه‌زموونی په‌تا، نه‌خۆشی، تاعوون و ڤایرۆسی تری به فۆڕمی تر كردووه. دیاره له‌دوای رێنه‌یسانس و شۆڕشی بووژانه‌وه و مۆدێرنه‌وه دنیا چه‌ندان جاری تر له‌به‌ر ڤایرۆس و په‌تاوه گه‌ڕاته‌وه ماڵ، چه‌ندان هه‌فته و مانگ پێوه‌ندی به ده‌ره‌وه نه‌كردووه، خۆی پاراستووه، به‌رگری له پێكهاته بایۆلۆجییه‌كه‌ی خۆی كردووه. ده‌كرێت ئێمه بۆ وێناكردنی دۆخێكی له‌مشێوه‌یه بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و رۆژگاره‌ی كه (ئیسحاق نیوتن) تێیدا ژیاوه. نیوتن له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌یه‌م له دایك ده‌بێت و گه‌وره ده‌بێت و ده‌ست به خوێندن ده‌كات. كاتێك زانكۆ ته‌واو ده‌كات تاعوون له ئه‌وروپا بڵاو ده‌بێته‌وه.
سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌یه‌م دۆخێك به‌رهه‌م ده‌هێنێت تاك ناچار ده‌كات نه‌یه‌ته ده‌ره‌وه! پاڵ به مرۆڤه‌وه ده‌نێت سه‌ر به ماڵ بكاته‌وه و بگه‌ڕێته‌وه. نیوتن دوو ساڵ له ماڵ ده‌مێنێته‌وه! مانه‌وه لێره مه‌عریفه به‌رهه‌م ده‌هێنێت، نیوتن هێزی كێشكردنی زه‌وی داده‌هێنێت. دنیا له چه‌ند قۆناغێكی تردا به پرۆسه‌ی شه‌ت داون و گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ و چۆڵ و بێده‌نگبوونی شه‌قامه‌كانیدا تێپه‌ڕ بووه به‌هۆی ڤایرۆس یان زینده‌وه‌رێك كه ده‌یه‌وێت خۆی به یونڤێرساڵ و جیهانی بكات. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ كۆرۆنا وه‌ك رووداو له رووداوه‌كانی به‌ر له‌خۆی، سه‌ده‌كانی رابردوو جیا ده‌كاته‌وه پرۆسه‌ی خێرایی، ته‌كنه‌لۆجیا، كراوه‌بوونی سنوور و دنیایه وه‌ك ئۆبجێكتێكی له‌یه‌كچوو و هاوشێوه.
ئه‌مڕۆ له رێی ئه‌پێكی مۆبایله زیره‌كه‌كه‌ته‌وه چركه به چركه ده‌زانێت چه‌ند كه‌س تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنایه، چه‌ند كه‌س چاك بوونه‌ته‌وه، چه‌ند كه‌س گیانیان له ده‌ست داوه. تووشبووان سه‌ر به چ جیۆگرافیا و كولتوور و بیركردنه‌وه و بازنه‌یه‌كی فه‌رهه‌نگین له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه‌دا! له‌رێی شاشه‌ی تی ڤی، سۆشیاڵ میدیا و نۆتیفیكه‌یشنی ئامێره زیره‌كه‌كانه‌وه تێده‌گه‌یت كه وڵاتانی دنیا چۆن دیواری به‌رگری له به‌رانبه‌ر ئه‌م ڤایرۆسه‌دا بنیات ده‌نێن، چۆن له‌گه‌ڵی له پێوه‌ندیداده‌بن! ده‌یانه‌وێت به چ زمانێكی زانستی و كۆمه‌ڵایه‌تی و دیپلۆماسی ئه‌م ڤایرۆسه له جووڵه بخه‌ن و گه‌مارۆی بده‌ن. راستییه‌كه‌ی كۆرۆنا له سه‌رده‌می مۆدێرنه‌دا خاوه‌ن ناسنامه‌یه‌كی یه‌كجار گڵۆباڵه و هه‌موو كه‌س ده‌یناسێت و له یاده‌وه‌ری و خه‌یاڵیدا ده‌مێنێته‌وه.
"ڤایرۆس" له پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا
یه‌كێك له هه‌واڵه گه‌رمه‌كانی ئه‌مڕۆی دنیا، ڤایرۆسێكه به‌ناوی [كۆرۆنا/Covid19]، ده‌گوترێ زوو بڵاو ده‌بێته‌وه، زوو ده‌تكوژێت! چین ئه‌مساڵ ناسنامه ئابوورییه‌كه‌ی له ده‌ست داوه، ئه‌وه‌ی ئه‌مساڵ "چین" به دنیا ده‌ناسێنێت كۆرۆنایه. میدیاكان، رای گشتی جیهانی، ماڵ، شه‌قام، شوێنی كار، پانتایی گشتی هه‌موو ئه‌و ده‌زگا و بنیاتنانه دووانه‌ی [چین و كۆرۆنا] وه‌ك ناسنامه‌یه‌كی تازه به‌رهه‌م ده‌هێنن، دهیلكێنن به پرسی رۆژ و رووداوی رۆژه‌وه.
زۆرینه‌ی ئه‌كته‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئه‌مڕۆ له‌رێی [كۆرۆنا]ه‌وه له‌گه‌ڵ چین له پێوه‌ندیدان! ستافی دیپلۆماسی، هاووڵاتییانیان، ده‌ستی كار، گه‌شتیاره‌كانیان بانگهێشت ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌م دۆخه له مانیفێستۆیه‌ك ده‌چێت چین گه‌مارۆ بدرێت! بكرێته ده‌ره‌وه‌ی سیستمی گه‌ردوون و پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. جاران "پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییان "IR ناوكه‌كه‌ی، خه‌یاڵ و جووڵێنهرهكانی شتێكی تر بوون! جه‌نگ، ئاشتی، به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری.. هتد پرسی كلاسیكی، خه‌می گه‌وره‌ی سیاسه‌تی جیهانی بوو!
ئه‌مڕۆ ئه‌و دینامیكییهته بووه به دیارده‌یه‌كی تر! پرسی گه‌رمبوونی گۆی زه‌وی، توانه‌وه‌ی سه‌هۆڵبه‌ندانه‌كان، بێكاری، كۆچ، دیارده‌ی توندوئاژۆیی، مۆدێلی رێكخستنی ژیان، ڤایرۆس و نه‌خۆشی بووه به خه‌م؛ بنیات و سه‌رچاوه بۆ پێوه‌ندیكردن به ئه‌وانی تر، به ده‌وڵه‌تانی تر. رووداوه‌كان خێران، زوو ده‌بن به بنه‌ما له سیاسه‌تی جیهانی، ده‌بن به سه‌رچاوه بۆ مامه‌ڵه، تێگه‌یشتن و سیستمی پێوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ره‌كانی تر. ئه‌مڕۆ دنیا له دڵه‌ڕاوكێ و ترسه له به‌رانبه‌ر چین. ترسێك ئه‌تۆم، جه‌نگ به‌رهه‌می ناهێنێت، ڤایرۆسێك چوارچێوه‌كه‌ی داڕشتووه و رێسای ململانێكانی بۆ داتاشیوه.
هانس مۆرگێنتاو له‌رێی كتێبی [سیاسه‌ت له نێوان نه‌ته‌وه‌كاندا Politics among nations] ده‌یه‌وێت سه‌ره‌تا، چیڕۆك، ماناكانی پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان مانیفێستۆ بكات. پرسیاری بنه‌ڕه‌تی ئه‌وه‌یه [كۆرۆنا] كێیه! چۆن ده‌توانێت هه‌موومان/ئه‌كته‌ری ده‌وڵه‌تی و نا-ده‌وڵه‌تی/ به‌یه‌كه‌وه ببه‌ستێته‌وه! چین له‌رێی ڤایرۆسه‌وه بناسین یان دیارده‌كانی تر. سیستمی پێوه‌ندیی و به‌هاكان چۆن له‌گه‌ڵ چین دابڕێژینه‌وه، به‌ڕێوه‌ی ببه‌ین!
دیپلۆماسی كۆرۆنا
واده‌رده‌كه‌وێت دنیا له ته‌نگژه‌یه به‌هۆی ڤایرۆسێك به‌ناوی كۆرۆناوه! ئه‌م ته‌نگژه‌یه گڵۆباڵ و فره ئاسته! سنوور، نه‌ته‌وه، جیۆپۆله‌تیك، سه‌روه‌ری و جیۆگرافیای تێپه‌ڕاندووه. پاڵ به سیستمی سیاسی، ئایدلۆجیای جیاواز، نۆرم، به‌ها و ده‌زگای جیاواز ده‌نێت خۆیان رێكبخه‌ن، به‌رگری بكه‌ن، هاووڵاتییانیان بپارێزن. [چین] ناوه‌ندی له‌دایكبوونی ئه‌م ته‌نگژه‌یه! دواتر وڵاتانی تر له په‌راوێزه‌وه ده‌بنه‌وه به ناوه‌ند.
ئه‌م پرۆسه‌یه له جووڵه‌یه، له گه‌شه و به‌رده‌وامبوونه. دنیا بووه به یه‌كه‌یه‌كی له‌یه‌كچوو، جیاوازییه‌كان نادیار و ونن! ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌بینرێت و خۆی سه‌پاندووه له ناو سیستمی سیاسی نێوده‌ڵه‌تی چیه‌تی ڤایرۆسێكی نه‌بینراوه. ئه‌وه‌ی زاڵه به‌سه‌ر پرۆسه‌كه‌دا هه‌وڵ و جووڵه‌ی وڵاتانه بۆ به‌رگری، رێگرتن و دۆزینه‌وه‌ی ڤاكسین. ئه‌م دۆخه هه‌ناوی پرۆسه‌یه‌كی تره به‌ناوی [دیپلۆماسی كۆرۆنا] فۆڕمێك له ده‌ره‌وه‌ی دیپلۆماسی كلاسیكی یان باو.
پێشبڕكێی زاڵی وڵاتان، ئه‌كته‌ره‌كان و ناوه‌نده‌كان فۆڕمی خۆپاراستن نییه! هه‌وڵ و خۆ نمایشكردنێكه بۆ گه‌یشتن به ڤاكسین! كوشتنی ڤایرۆسه‌كه له‌رێی مه‌عریفه، توانای زانستی، توانای مرۆیی و بنیاتی هێزی ده‌وڵه‌ته‌وه. هه‌موو ئه‌كته‌ره‌كان په‌له‌یانه چۆن له‌رێی ڤاكسینی دژه كۆرۆناوه بڕاندی دیپلۆماسی و هێزی دیپلۆماسی تازه بۆ خۆیان به‌رهه‌م بهێنن. ڤاكسین بكه‌ن به سه‌رچاوه‌ی هێز، قوڵایی ستراتیجی دیپلۆماسی تا زاڵتر ده‌ربكه‌ون به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا. دیاره ئه‌م وێنه‌یه له ده‌وڵه‌تی "چین"ه‌وه درێژ ده‌بێته‌وه تا وڵاتانی ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ریكا.
بنیاتی دیپلۆماسی باو ره‌قه! سه‌رباز، ئابووری و فشاره. دیپلۆماسی كۆرۆنا نه‌رمه، خێرا و تیژه. ئاسانتر به‌سه‌ر هێزی ركابهردا زاڵ ده‌بیت. دوانه‌ی چین و ئه‌مه‌ریكا له هه‌وڵدان بۆ گه‌یشتن به‌م فۆڕمه‌ی دیپلۆماسی! چۆن به دنیا ده‌ڵێیت من به‌سه‌ر ته‌نگژه‌ی بایۆلۆجی زاڵ ده‌بم و گه‌مارۆی ده‌ده‌م. خاوه‌ن هه‌موو سه‌رچاوه‌كانی هێزم. گه‌یشتن به ڤاكسین گه‌یشتنه به ناوكی هێز له دنیادا. ڤاكسین دۆخێكه بۆ باڵابوون به‌سه‌ر هه‌ژموونی ئه‌وانی تردا، فٶرمێكی تازه‌ی دیپلۆماسییه بۆ بێده‌نگكردنی نه‌یار و هێزه‌كانی تر. له‌دوای كۆرۆنا وه‌ك ڤایرۆس، كۆرۆنا وه‌ك دیپلۆماسی ئاماده‌یه و ده‌جووڵێت.
كۆرۆنا وه‌ك دامه‌زراوه
گه‌رمترین هه‌واڵی ئه‌مڕۆی دنیا ڤایرۆسی كۆرۆنایه. كۆرۆنا بووه به چیڕۆك، ئاڕگیۆمێنت و فۆڕمێك له یه‌كه هه‌موو دنیا به‌خێرایی به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. خاڵی هاوبه‌شی ئه‌مڕۆی دنیا كۆرۆنایه یان چٶن كۆرۆنا له‌ناو ببه‌ین! ئه‌مه كرۆكی دامه‌زراوه یان ده‌زگا و كولتووری ده‌زگایه. ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ ده‌كرێت پرۆسه‌ی به‌دامه‌زراوه‌بوونی كۆرۆنایه. دۆخێك كه ئه‌م ڤایرۆسه به دامه‌زراوه ده‌كات! به‌ها، نۆرم و پێوه‌ره‌كانی بۆ جێگیر ده‌كات. جه‌نگی دامه‌زراوه له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌كانی تر! له‌گه‌ڵ تاك وه‌ك سوژه‌یه‌كی ئۆتۆنۆم، له‌گه‌ڵ خێزان، ده‌وڵه‌ت، ژینگه، میدیا و سیستمی ئیكۆلۆجی.
ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ تیۆری "دامه‌زراوه‌ی یاسایی" لای (سامۆئێل هه‌نگتینگتۆن) دامه‌زراوه یان ده‌زگا لای هه‌نگتینگتۆن خۆی ده‌گونجێنێت، خۆی له‌گه‌ڵ رووداوه‌كان ده‌سازێنێت! رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه ده‌ره‌كی و ناوه‌كییه‌كان ده‌بێته‌وه. ئه‌ركه‌كانی، یه‌كه‌كانی ئاڵۆزن، سه‌ربه‌خۆیه، له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی ناو دامه‌زراوه له پێوه‌ندی رێككه‌وتنه. ئه‌مه رۆحی جووڵه و باڵایی دامه‌زراوه‌یه لای هه‌نگتینگتۆن! كۆرۆنا ئه‌مڕۆ فۆڕمێك له دامه‌زراوه‌بوونی وه‌رگرتووه! له‌گه‌ڵ ده‌زگاكانی تر له جه‌نگدایه.
وادیاره دنیا وه‌ك سیستمێكی سیاسی یه‌كه‌مجاره ده‌یه‌وێت خۆی له "ئهناركیزمبوون و پاشاگه‌ردانی" ده‌رباز بكات! لێره كۆرۆنا وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌ك هه‌ڕه‌شه له هه‌موو یه‌كه و سیستمه‌كانی تر ده‌كات. پاڵ به‌هه‌موو ئه‌كته‌ره‌كان ده‌نێت به‌رگری بكه‌ن، هاوبه‌شی بكه‌ن له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه، تۆڕی هاوبه‌ش و یه‌كگرتوو بنیات بنێن. ئه‌م دۆخه له‌دوای وێستفاڵیاوه/١٦٤٨ تازه‌یه! ده‌كرێت بڵێین سه‌رده‌می دوای كۆرۆنا سه‌رده‌می دوای وێستفاڵیاش ده‌بێت له‌ڕووی به‌رگریكردن و فۆڕمی هاوكاریكردنی نێوان ئه‌كته‌ره‌كان. لیبڕاڵه‌كان له پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا ده‌مێكه به‌م ئارگیۆمێنته خۆیان نمایش ده‌كه‌ن. لێره كۆرۆنا وه‌ك دامه‌زراوه پاڵ به سیستم و به‌هاكان ده‌نێت خۆیان ده‌ستكاری بكه‌ن تا بمێننه‌وه و زیاتر بژین!
كۆرۆنا و كۆتایی جیۆگرافیا
شه‌پۆلی كۆرۆنا له هه‌موو شوێن، جیۆگرافیا و یه‌كه‌یه‌كی جیۆپۆله‌تیكییه! ڤایرۆسی كۆرۆنا هێزێكه جیۆگرافیا ناناسێت یان نایخوێنێته‌وه. جیۆگرافیا لێره ته‌نیا سنووری مۆدێرن، سه‌روه‌ری، سیستم و كۆدهزگاكانی ده‌وڵه‌ت و ئاسمان نییه، ماڵ و سنووری بایۆلۆجی تاك و خێزانیشه! دیاره (پاول ڤیریلۆ) دۆخێك ناوده‌نێ به "كۆتایی جیۆگرافیا" پێچه‌وانه‌ی كۆتایی مێژووه! ئه‌و كۆتایی مێژوو به پرۆسه‌یه‌كی په‌له و پێشوه‌خته ده‌زانێت. لێره‌وه رووبه‌ڕووی (فۆكایاما) ده‌بینه‌وه به‌ڵام كۆتایی مێژوو كاری ئێمه نییه له‌م چركه‌ساته‌دا كه كۆرۆنا خۆی به‌هه‌موو جیۆگرافیایهكدا هه‌ڵواسیوه و لكاندووه.
كۆرۆنا وه‌ك ڤایرۆس، وه‌ك هه‌واڵ و وه‌ك جه‌نگ به‌شێوازێكی دینامیكی ده‌جووڵێت، له ده‌رگای هه‌موو ناوه‌نده جیۆگرافییهكان ده‌دات. وه‌ك كۆدهزگایهك له‌گه‌ڵ هه‌موو یه‌كه جیۆگرافییهكان له پێوه‌ندی و مامه‌ڵه و كارلێكردنه. له دۆخی به‌ر له كۆرۆنا ده‌زگا، به‌ها و بوونه‌وه‌رێكی له‌مشێوه‌یه ئاماده‌یی نه‌بووه، نه‌بینراوه به‌مشێوه‌یه به جیهانیبوونی خۆی رابگه‌یه‌نێت! كۆتایی به كێشه‌ی جیۆگرافیا و جیۆگرافیبوونی دنیاوه بهێنێت. ئێمه ئێسته له دنیایه‌ك ده‌ژین جیۆگرافیا له ناوه‌نده‌وه بووه به په‌راوێز. رۆڵ و سیمبۆلی چالاكبوونی لێ سه‌نراوه‌ته‌وه.
تۆ وه‌ك ئه‌كته‌رێكی ئۆتۆنۆم له‌هه‌ر شوێن، رووبه‌ر و جیۆگرافیایه‌كی ئه‌م دنیایه‌دا بجووڵێیته‌وه، له خۆرهه‌ڵات یان خۆرئاوا، له كوێستان یان گه‌رمیان ده‌بێت له‌رێی ماسك و ده‌سته‌وانه‌وه نماینده‌ی خۆت بكه‌یت! سوبێكتێكی به‌رده‌وام له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی هێزێكدایت كه جوگرافیا ده‌به‌زێنێت یان جوگرافیا خه‌باتی له دژی دۆڕاندووه. ئه‌م وێنه‌یه لووتكه‌ی كۆتایی هاتنی جیۆگرافیایه. ماڵ ئێسته درێژترین و فراوانترین سنووری جیۆگرافی تاك و خێزانه. جیۆگرافیا خه‌ریكه ده‌مرێت.
"ده‌ست شووشتن" وه‌ك رووداوێكی سیاسی
ده‌ست شووشتن به ئاو و سابوون به‌رهه‌می رۆشنگه‌ری و مۆدێرنه‌یه! له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌مدا مرۆڤی مۆدێرن فێری ئه‌وه ده‌بێت كه ده‌سته‌كانی بشوات، پاكی بكاته‌وه. دیاره پێشتر ده‌ست شووشتن به فۆڕمی تر ئاماده‌یی هه‌بووه. ئه‌مڕۆ هه‌موو دنیا خه‌ریكی ده‌ست شووشتنه! بووه به چالاكییه‌كی به كۆمه‌ڵ. ده‌وڵه‌ت، بیرۆكراسیی و شاشه گه‌وره و بچووكه‌كان پرۆسه‌ی ده‌ست شووشتن ده‌كه‌ن به پرۆسه‌یه‌كی ناچاری، حه‌تمی و شێوه‌یه‌ك له رووداو.
دیاره هه‌ندێك ئه‌م فۆڕمه له سه‌پاندن به تۆتالیتاریزمی نوێ ناو ده‌به‌ن! دۆخێك كه سیستم/ده‌زگا له‌مه‌ودوا به‌ناوی ڤایرۆس، بایۆلۆجیا و پۆزهڤیتزمهوه ده‌ست له سه‌ره‌وه‌ی پێست و ژێره‌وه‌ی پێستی مرۆڤ وه‌ك سوبێكجتێكی ئۆتۆنۆم وه‌رده‌دات. ده‌وڵه‌ت به‌ناوی زمانی بایۆلۆجیا، له‌رێی پێست و جه‌سته‌وه هه‌وڵ ده‌دات بزانێت تۆ/تاك چۆن له ده‌وڵه‌ت وه‌ك ئۆبجێكتێكی ئاڵۆز و بیركردنه‌وه و ناسنامه‌كه‌ی ده‌ڕوانیت! وه‌ك (یۆڤال نوح هه‌راری) دۆخێكی له‌م جۆره‌ی وێنا كردووه.
كۆرۆنا له‌ناكاو دێت. وێنه‌یه‌ك له تۆتالیتاریزم له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت. تۆتالیتاریزمی "ده‌ست شووشتن"! رۆژ دوای رۆژ شووشتنی ده‌سته‌كانت له كرده‌یه‌كی رۆژانه به‌خێرایی ده‌بێت به رووداوێكی سیاسی! دنیا هه‌مووی به‌یه‌كه‌وه ده‌بێت ده‌سته‌كانی بشوات. تۆش ده‌بێت ده‌سته‌كانت بشۆیت بۆ ئه‌وه‌ی بمێنیته‌وه. هانا ئارێنت تۆتالیتاریزم به وێنه‌یه‌كی تر ده‌خاته ڕوو! پرۆسه‌كه وه‌هایه كه [بیرۆكراتیی و قه‌ڵه‌م] رووداوی سیاسی دروست ده‌كه‌ن وه‌ك له (دادگای ئایشمان)دا ده‌ریخست.
وێنه‌ی تۆتالیتاریزم له دنیای ئه‌مڕۆدا جۆرێكی تره. رۆژانه ده‌بێت زۆر زیاتر ده‌سته‌كانت بشۆیت، ئه‌مجاره پارچه‌كانی تۆتالیتاریزم له‌ناو هه‌نده‌سه، ئاناتۆمی دهستهكانته! ده‌بێت به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه زیاتر له ٢٠ چركه یاری به كهف و په‌نجه‌كانت بكه‌یت! ئه‌م جووڵه ئۆرگانییه رۆژانه خۆی دووباره ده‌كاته‌وه! ئه‌كته‌ره‌كانی زیاتر ده‌بن، هه‌موو تاكێك له‌رێی شووشتنی ده‌سته‌كانیه‌وه ده‌بێت به كۆپی ئه‌ویتر! لێره كرۆكی پرسه‌كه مانه‌وه‌یه؛ مانه‌وه، ئاوانهبوون، به‌رگریكردن له‌رێی تۆتالیتاریزمی ده‌ست شووشتنه‌وه؛ وه‌ك چۆن له دنیای به‌عس و نازیزم و فاشیزمدا تۆتالیتاریزمی چه‌پڵه‌لێدان مانه‌وه، هێمای درێژبوونه‌وه‌ی ته‌مه‌ن بوو. كه‌وایه ئه‌ی گه‌لانی دنیا با ده‌سته‌كانمان بشۆین.
ناسنامه‌ی "ده‌ست" له سه‌رده‌می كۆرۆنادا
ده‌ست ئۆرگانێكی زاڵی ناو سیستمی پێوه‌ندییه‌كانی جه‌سته‌یه. ده‌ست له شۆڕشی كشتوكاڵه‌وه خۆی ده‌سه‌پێنێت! خۆی ده‌كات به برا گه‌وره به‌سه‌ر ئه‌ندام و ئۆرگانه‌كانی تری جه‌سته‌دا! وه‌ك چۆن "جۆرج ئۆروێل" له رۆمانی ١٩٨٤ له‌رێی برا گه‌وره و شاشه و سكرینه‌وه خۆی زاڵ ده‌كات به‌سه‌ر ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگه‌دا. پرۆسه‌ی زمان، ده‌نگ و گفتوگۆ له‌دایك ده‌بێت "ده‌ست" هه‌ر ده‌مێنێته‌وه، نامرێت! سوسێر زمان به سیستمێكی سیمبۆلی داده‌نێت!
وێنه‌كه وه‌هایه كه زمان كۆمه‌ڵێك سیمبۆله ئه‌ركێك ئه‌نجام ده‌دات. ئه‌م دۆخه رۆڵی ده‌ست ناكوژێت، ده‌ست زیاتر باڵا و ئۆتۆنۆم ده‌كات. كاتێك تۆ له هۆڵ، كلاس یان پانتاییه‌كی گشتی دایت و ده‌ست به‌رز ده‌كه‌یته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ناسنامه‌ی خۆت مانیفێستۆ بكه‌یت، نماینده‌ی سیستمی داواكاری، خولیا، خه‌یاڵ و خواسته‌كانت بكه‌یت له‌رێی ده‌سته‌وه. لێره‌وه ئه‌وه‌ی ده‌نگ پێی ناوێرێت و ناتوانێ به‌سه‌ریدا زاڵ بێت، ده‌ست به‌سه‌ریدا زاڵ ده‌بێت وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی ته‌واو ئۆتۆنۆم.
ده‌ست له دنیای به‌ر له كۆرۆنا به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ ئۆرگانه‌كانی تردا له پێوه‌ندیدا بوو. له دۆخێكی ئاڵۆزی پڕ له جووڵه و یه‌كتر ته‌واوكردن بوو له‌ناو كۆسیستمی جه‌سته‌دا. دیاره جووڵه‌كانی ده‌ست ئۆرگانی بوو. دیاره دیارده‌ی كۆرۆنا ئه‌مجۆره له جووڵه، ناسنامه و كۆدهزگایهی ده‌ست له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا تێكده‌شكێنێت! ته‌نگژه دروست ده‌كات. ئه‌مڕۆ پێوه‌ندی ده‌ست له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا له ته‌نگژه! كۆرۆنا ئه‌م جووڵه‌یه ده‌گۆڕێت بۆ جووڵه‌یه‌كی میكانیكی! "ده‌ست" لێره‌وه رووبه‌ڕووی دیوار و كۆنكریت ده‌بێته‌وه له‌گه‌ڵ "سه‌ر"دا. دیوار به‌و مانایه‌ی [ده‌ست و سه‌ر] یه‌كتر ته‌واو ناكه‌ن و دژ به‌یه‌كن! هه‌ڵگری دوو ناسنامه‌ی جیاوازن. به دوو مانیفێستۆی جیاواز گفتوگۆ ده‌كه‌ن.
كۆرۆنا دوانه‌ی [ده‌ست و سه‌ر] ی كرد به دوو یه‌كه و پانتایی دابڕاو و له‌یه‌كتر تۆراو. ئارگیۆمێنتی زاڵی ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌یه نابێت ده‌سته‌كانت بده‌ی له كۆدهزگای بایۆلۆجی سه‌ر [لووت، ده‌م، چاو و گوێ] لێره‌وه پرۆسه‌ی له‌دایكبوونی ده‌ست به ناسنامه‌یه‌كی تازه ده‌بینرێت. ده‌ست و سه‌ر له‌ناو كۆدهزگای جه‌سته‌دا به‌ڵام دوور له یه‌كتر! یه‌ك ئاناتۆم و بنیات به‌ڵام ئه‌رك و ناسنامه‌ی جیاواز! پچڕانی كۆی سیمبۆل و هه‌ژموون و هاوكارییه‌كانی نێوانیان. كۆرۆنا دۆخێك بوو [ده‌ست و سه‌ر] له دوو ماڵی جیاوازدا نیشته‌جێ كرد. ده‌ست له ماڵی خۆی! سه‌ر له ماڵی خۆی.
گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ، مانه‌وه له ماڵ
جووڵه‌ی مرۆڤ یه‌كێكه له جوانترین، كاریگه‌رترین وێنه‌كانی شار. هیچ كاتێك وه‌ك ئه‌مڕۆ، وه‌ك ئێسته سیستمی سیاسی، ده‌زگای بیرۆكراتی، ناوه‌نده‌كانی هێز، سه‌رباز و سوپا داوایان له مرۆڤ نه‌كردووه كه ئه‌م فۆڕمه له جووڵه و هاتنه‌ده‌ره‌وه‌یه رابگرێت و بیكوژێت!
ئه‌مڕۆ قوڵایی تیۆره‌كه‌ی (ده‌یڤد ئیستن) بۆ سیاسه‌تی گشتی [تێكرده Input+ له بێژینگدان Process= ده‌ركرده Output] بووه به وه‌ستاندنی جووڵه‌ی مرۆڤ! تكاكردن و ناچاركردنی مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی جووڵه میكانیكی و ئۆرگانییهكانی نه‌خاته كار و تێكه‌ڵ به دنیای ده‌ره‌وه‌ی ماڵ نه‌بێت. چیڕۆكی گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ چیڕۆكێكی درێژه، ئاڵۆزه. ره‌هه‌ندێكی یه‌كجار گه‌وره‌ی سۆسیۆسیاسی له‌هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت. ده‌ركه‌وت مرۆڤ له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا مرۆڤێكی دژ به ماڵه! ماڵ لێره وه‌ك ده‌زگایه‌كی پڕ له ته‌نگژه ده‌رده‌كه‌وێت! گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین ته‌نگژه‌كانی حوكمڕانی له دنیای ئه‌مڕۆدا. ناچارین ده‌بێت له ماڵ بین! جارێكی تر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ماڵ و سه‌ر به ماڵدا بگرینه‌وه.
ره‌نگه به‌درێژایی مێژوو هیچ كات، هیچ ساته‌وه‌خت و سه‌رده‌مێك وه‌ك ئه‌م دوو هه‌فته‌یه رسته‌ی "له ماڵ بمێنه‌وه" مانیفێستۆ نه‌كرابێت! ئه‌مڕۆ زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كانی دنیا، نه‌ته‌وه جیاوازه‌كانی دنیا، سیستمه سیاسیییه‌كان، ئایدۆلۆجیا و زمانه جیاوازه‌كان تاكه په‌یام، دوا قسه و چیڕۆكیان ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت "مرۆڤ له ماڵ بمێنێته‌وه" مرۆڤی مۆدێرن شۆڕشی پیشه‌سازی، بازاڕ، سه‌رمایه و مۆدێرنه‌ی سه‌رمایه‌داری به سه‌دان فۆڕم مرۆڤی لكاندووه به ده‌ره‌وه، له ماڵی دوور خستووه‌ته‌وه! راستییه‌كه‌ی ماڵی كردووه به ته‌نگژه و مه‌ترسی! شۆڕشی كشتوكاڵ ماڵی به مرۆڤ به‌خشی! سه‌رمایه‌داری و ژیانی مۆدێرنه ماڵی له‌به‌رچاوی مرۆڤ خست، ماڵی له‌بیر مرۆڤ برده‌وه.
تكایه له ماڵ بمێننه‌وه! ماڵ بكه‌وه به ناوه‌ند، شوێنی چێژوه‌رگرتن و سه‌رچاوه‌كانی چێژ. له دنیای ئه‌مڕۆدا ته‌نیا "ماڵ" ده‌توانێ سه‌رچاوه‌ی ژیان، داهاتوو و هیواكانت پێ ببه‌خشێته‌وه. ماڵ ئه‌مڕۆ خاوه‌ن گه‌وره‌ترین هه‌ژموون و هیوایه بۆ گه‌لانی دنیا.
كه‌ره‌نتین؛ گرێبه‌ستێكی تازه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی
دنیای به‌ر له كه‌ره‌نتین به‌هۆ ڤایرۆسی كۆرۆناوه به‌رهه‌می دۆخێك بوو پێی ده‌گوترا "گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی"! دۆخێك بوو له‌رێی گرێبه‌ستێكه‌وه فۆڕمێك له جووڵه، خولانه‌وه، ئازادی، ئاسایش و مانه‌وه به‌رهه‌م هێنرابوو! ده‌سته‌بژێر یان فه‌رمانڕه‌وا نوێنه‌رایه‌تی دۆخێك، چركه‌ساتێكی ده‌كرد تا له ماڵ، ده‌ره‌وه‌ی ماڵ، پانتاییه گشتییه‌كان و ده‌زگاكان چوارچێوه‌یه‌ك له دڵنیایی ببینرێت. گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ره‌سته‌یه‌ك بوو بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ له‌دۆخی سروشتییه‌وه بگوازێته‌وه بۆ دۆخی مه‌ده‌نی، دۆخێك مرۆڤ له‌ناو ده‌زگایه‌كی فراوانتر له ماڵ رێكبخرێت و ئاماده بێت.
دیاره كه‌ره‌نتین ئه‌و وێنه‌یه تێكده‌شكێنێت، پایه‌كانی ئه‌م فۆڕمه له پێوه‌ندی و جووڵه له نێوان تاك و ده‌وڵه‌تدا به‌تاڵ ده‌كاته‌وه! مرۆڤ به‌ره‌و ماڵ ده‌باته‌وه! ناچارمان ده‌كات دوا سنوورمان سنووری ماڵ بێت. گرێبه‌ستی ئه‌مجاره هه‌نده‌سه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، زمان، جیۆگرافیا و سنووره‌كه‌ی جیاواز و تازه‌یه له مێژووی هاوچه‌رخدا. لێره تاك یان خێزان گرێبه‌ستێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی فه‌رمانڕه‌وا بنیات ده‌نێته‌وه تا له ماڵ بمێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی پارێزراو بێت، ئاسایش و دڵنیایی زیاتر بێت. لێره ئه‌ركی ده‌وڵه‌ت وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی مۆدێرن و كۆمه‌ڵایه‌تی گواستنه‌وه‌ی مرۆڤه له پانتایی گشتییه‌وه بۆ پانتایی تایبه‌ت و ماڵ. لێره تاكه مه‌رج پاراستنی مرۆڤ مانه‌وه‌یه‌كی له ماڵ! دووركهتنهوهیه له جێگاكانی تر! ده‌كرێت بڵێین دووباره ماڵیكردنهوهی مرۆڤه.
نوخبه‌ی سیاسی لێره نوێنه‌رایه‌تیت ده‌كات به‌و مه‌رجه‌ی ماڵ دوا جیۆگرافیا و ده‌زگا بێت. بنه‌مای سه‌ره‌كی ئه‌م گرێبه‌سته شوێنێكه، ساته‌وه‌ختێكه پێی ده‌گوترێت "كه‌ره‌نتین" له ده‌ره‌وه‌ی كه‌ره‌نتین و ماڵ دۆخی سروشتی ئاماده‌یه و مرۆڤ ده‌بێت به گورگی مرۆڤ وه‌ك (تۆماس هۆبز) ناوی ناوه. ده‌وڵه‌ت لێره په‌یكه‌رێكی یه‌كجار گه‌وره‌یه، لیڤایاسانه و پاڵت پێوه ده‌نێت تا له سنووری ماڵه‌كه‌ت ده‌رنه‌چیت و په‌رژین و دیواره‌كانی نه‌به‌زێنیت.
دڕۆن؛ سێبه‌ری مرۆڤ
چین له‌رێی دڕۆن/فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانه‌وه چاودێری خه‌ڵك و پانتایی گشتی ده‌كرد تا ده‌رنه‌كه‌ون، كۆ نه‌بنه‌وه و به‌ره‌و ماڵ بگه‌ڕێنه‌وه. درۆن لێره بووه به پۆلیس، بووه به به‌شێك له ده‌زگا، رێساكان جێبه‌جێ ده‌كات. ئه‌ركی دڕۆن لێره وه‌ك ئه‌ركی ئه‌و فه‌رمانبه‌ره وایه كه له‌ناو ده‌زگای بیرۆكراتییهدا كار ده‌كات! به‌تێپه‌ڕبوونی كات نۆرم، یاسا و ئاگایی خۆی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێت.
ماكس ڤێبه‌ر بیرۆكراتیی له‌رێی چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كه‌وه ده‌ناسێنیت! هیراكییهت، پایه و پله‌به‌ندی و پاداشت و پهلهبهرزكردنهوه. دڕۆن ئه‌م نه‌ریته‌ی بیرۆكراسیی تێكده‌شكێنێت. دیسپلیكردنی گشت و خه‌ڵك به توانای مرۆڤ و چه‌ندێتییه‌وه ده‌گۆڕێت! ئامێر خۆی ده‌كاته‌وه به سه‌نته‌ر. دڕۆن كولتووری ده‌زگا یان دامه‌رزاوه و فۆڕمی رێكخستنی كۆمه‌ڵگه داده‌ڕێژێته‌وه. مرۆڤ له‌م دۆخه پۆلیسی مرۆڤه‌كانی تر نییه! ئامێر رۆڵه‌كه ده‌بینێت. ده‌سه‌ڵات لێره‌وه هه‌م ده‌بێت به "هێز" هه‌میش "مه‌عریفه" هه‌روه‌ك فۆكۆ وێنای ده‌كات. دووانه‌ی ده‌زگا و دڕۆن له ده‌ره‌وه‌ی كولتووری ئێمه‌ن، به‌كاریشیان بهێنین ناتوانین به‌ها و فه‌رهه‌نگی تازه‌یان بۆ دروست بكه‌ین.
یه‌كێك له‌و هێز، ته‌ن و سه‌رچاوانه‌ی كه له دنیای ئه‌مڕۆ له ئاسماندا كار ده‌كات و ده‌بینرێت [دڕۆن/Drone]ه. ئه‌مڕۆ چین دڕۆن به‌كار ده‌هێنیت بۆ پشكنین، چاودێریكردنی جیۆگرافیای ڤایرۆسی كۆرۆنا! قاسم سلێمانی وه‌ك سه‌رمایه، وه‌ك سیمبۆل و لێگه‌سی سیاسی ئێران له‌رێی دڕۆنه‌وه كۆتایی پێ ده‌هێنرێت. درۆن دیارده‌یه‌كی تازه‌یه له داڕشتنه‌وه‌ی ره‌گه‌زه‌كانی هێز، بنه‌مای هێز. ئه‌م دۆخه له پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كرێت پێی بگوترێت "گه‌یشتن به ئاسایش به تێچووی كه‌م Low-cost obtaining security"
دڕۆن ئه‌مڕۆ مۆدێلێكه بۆ دیسپلینكردن، رێككردنه‌وه‌ی ره‌فتاری ئه‌وانی تر! ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵات به‌ته‌نیا لای ده‌وڵه‌ت و ده‌زگاكانی نییه، به‌شێكی لای "درۆنه" درۆن ئۆتۆنۆمه و به ئاسمانه‌وه‌یه! نوێنه‌ری ستراتیجه باڵاكانه. فۆكۆ ده‌سه‌ڵات وه‌ها ده‌ناسێنێت كه مه‌عریفه به‌رهه‌م ده‌هێنێت! من و ئه‌وانی تر دیسپلین ده‌كات. درۆن له دنیای ئه‌مڕۆ بریتییه له مه‌عریفه، دیسپلینكردنی نه‌یارانی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت. درۆن ململانێ گه‌وره‌كانی نێوان ئه‌كته‌ره‌كان به‌ڕێوه ده‌بات؛ له ئاسمانه‌وه‌یه، به‌شداره له پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان` جه‌نگی بهوهكالهتمان بۆ ده‌كات.
مرۆڤی مۆدێرن، مرۆڤی ماڵه‌وه
ئه‌مڕۆ هه‌موومان ناچار كراوین له "ماڵ" بین! له‌م چركه‌ساته‌دا [رووبه‌ری گشتی یان پانتایی گشتی] ئه‌وه‌ی كه هابرماس ناوی بردووه به‌ته‌واوی مرد. مرۆڤی مۆدێرن له‌دوای شۆڕشی كشتوكاڵه‌وه كه‌م چركه‌سات به‌مشێوه‌یه گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ماڵ، بووه به ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كی ماڵ. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌دنیادا ده‌بینرێت به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه پرۆسه‌یه‌كه گوزارشتێكی گه‌وره له چه‌مكی دادپه‌روه‌ری ده‌كات! روو له‌هه‌موومان ده‌كات، كه‌س ناناسێت. وه‌ك چۆن [جۆن راوڵز] ره‌وایه‌تی و دادپه‌روه‌ری به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه!
شه‌رعییه‌تی كۆرۆنا وه‌ك دۆخێكی بایه‌لۆجی له‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه ده‌یه‌وێت پاڵ به‌هه‌موومان بنێت تا له ماڵ بین و له ده‌ره‌وه‌ی ماڵ نه‌بین! به‌سه‌ر هیچ تاك و گرووپێك باز نادات. ئه‌م وێنه‌یه پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ساته‌وه‌خته‌یه كه [جۆزێف سهرهماگۆ] زه‌نگی كه‌نیسه‌ی گونده‌كه‌ی لێ ده‌دات و خه‌ڵكی گونده‌كه كۆ ده‌كاته‌وه پێیان ده‌ڵێت: "كه‌س نه‌مردووه، دادپه‌روه‌ی مردووه Justice is dead" دنیا ئه‌مڕۆ له ساته‌وه‌ختێكه پڕه له دادپه‌روه‌ری! دادپه‌روه‌ری به‌مانای ئه‌وه‌یه مرۆڤی مۆدێرن به‌ته‌واوی بووه به مرۆڤی ماڵی؛ له ماڵه‌وه‌یه و نابێت تێكه‌ڵ به ئه‌وانی تربێت.
ئه‌م دۆخه بووه به ئه‌نتی تێزی سهرهماگۆ. كۆرۆنا جووڵه، شوێن و پێگه‌ی مرۆڤی مۆدێرنی ده‌ستكاری كرد! ماڵ بوو به سه‌نته‌ر و ناوه‌ند؛ بوو به‌و سمغ/كه‌تیره Glue كه قونی "مرۆڤ و ماڵ" ی دووباره به‌یه‌ك لكاندهوه و چه‌سپی كرده‌وه. ماڵ دوای كۆرۆنا فۆڕمێكی تر وه‌رده‌گرێته‌وه.
دوا سه‌رنج:
ڤایرۆسی كۆرۆنا دیارده‌یه‌كی تازه‌یه له دنیادا له‌ڕووی خێرایی بڵابوونه‌وه و بازدان به‌سه‌ر جیۆگرافیای سیاسی، ده‌وڵه‌ت، جیۆپۆله‌تیك، سنوور و نه‌ته‌وه جیاوازه‌كان. دنیاگیری به‌شێكه له‌و خێرایی و ته‌شه‌نه‌كردن و بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م ڤایرۆسه. كۆرۆنا وه‌ك ڤایرۆسێكی نه‌بینراو ده‌ستكاری زۆر له بنیاته سیاسی، ئابووری، دیپلۆماسی و دهزگاییهكانی دنیای كرد. پێوه‌ندییه‌كانی مرۆڤی داڕشته‌وه. وێنه‌ی هه‌ره باو فشاركردن بوو له‌سه‌ر مرۆڤ تا به‌ره‌و ماڵ بگه‌ڕێته‌وه و دوور بكه‌وێته‌وه له سروشت و پانتایی گشتی و ئه‌مه‌ش گۆڕانێكی فه‌رهه‌نگی گه‌وره‌یه. ئه‌م دۆخه درێژه ده‌كێشێت و ره‌هه‌ندی شاراوه‌ی تریشی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. یه‌كه‌مجاره دنیا به‌م فۆڕمه و به‌یه‌كه‌وه هێڵێكی به‌رگری درێژ و كۆنكریتی له به‌رانبه‌ر هێزێكی نادیاردا دروست كردبێت و به‌ره‌نگاری ببێته‌وه و هه‌وڵ بدات به‌سه‌ریدا زاڵ بێت.