(١)
ته‌ریقه‌ت و ئیسلامی كوردی
له‌دوای رووخانی میرنشینه كوردییه‌كانه‌وه، جووڵه‌یه‌ك له بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی رزگاریخوازی كوردی دێته كایه‌وه كه كاراكته‌ر و ماشێنه بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ی شێخه! شێخ وه‌ك مرۆڤێكی ئاینی خاوه‌ن بیروباوه‌ڕ، خاوه‌ن هه‌وادار و مورید و ده‌روێش و جه‌ماوه‌ر و رای گشتی. له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا شێخ عوبه‌یدوڵای نه‌هری سه‌ره‌تاكانی ناسیۆنالیزمی كوردی داده‌ڕێژێت و دواتریش شێخ ئه‌حمه‌دی بارزان درێژه‌ی پێ ده‌دات، رۆحی ده‌كاته‌وه به‌ر و جۆرێك له پێوه‌ندی و رایه‌ڵه له نێوان خۆی و خواره‌وه‌ی خۆی دروست ده‌كات وه‌ك پێوه‌ندی نێوان دووانه‌ی (شێخ و ده‌روێش) و ده‌یكات به رێكخستنێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و تێكه‌ڵ به ستڕاكچه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌كات.
له‌دوای له‌دایكبوونی ناسیۆنالیزم و پته‌وبوونی پایه‌كانی له‌دوای شۆڕشی فڕه‌نسی و دواتر په‌لهاوێشتنی به‌ناوچه جیاوازه‌كانی ئه‌وروپا و شوێنه جیاوازه‌كانی تری دنیا، عه‌ره‌ب و فارس و تورك هه‌م فۆڕمێك له ناسیۆنالیزمی تایبه‌ت به‌خۆیان و هه‌میش مۆدێلێكی تایبه‌ت له ئیسلام وه‌رده‌گرن و فۆڕمه‌ڵه‌ی ده‌كه‌ن. دیاره دنیای كوردی له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌وڵی داوه له‌ڕێی كاراكته‌ری شێخ و ده‌روێشه‌وه مۆدێلێكی كوردییانه له ئیسلام و ئیسلامبوون بۆ خۆی بنیات بنێت. ئه‌م هه‌وڵه به‌رده‌وام ده‌بێت و گه‌شه ده‌كات، به‌جۆرێك سیمبۆله نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد وه‌ك جلوبه‌رگ، زمان، كولتوور، جیۆگرافیا، ریتۆریك و زمانی ئاینی و پاڕانه‌وه ده‌بێت به فۆڕمی ده‌ره‌كی و دیوی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ئیسلامییه كوردییه. له‌دوای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه مۆدێلی ئیسلامی كوردی لاواز ده‌كرێت و ده‌پوكێنرێته‌وه. تا په‌نجاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌میش له عێراقدا ئیسلامی كوردی له‌ڕێی ته‌ریقه‌ت و سۆفیزمه‌وه نماینده‌ی خۆی و قه‌واره نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی خۆی ده‌كرد و خۆی تازه ده‌كرده‌وه. دواتر له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌ی سیاسی ئاینی و ئایدۆلۆجیای تر به‌ته‌واوی په‌راوێز ده‌خرێت و ده‌بێت به دیارده‌یه‌كی نامۆ و نه‌ناسراو.
(٢)
ده‌روێش و سنوور
شیخ محه‌مه‌د كه‌سنه‌زانی له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌مرێت! ده‌روێشه‌كان سنوور ده‌به‌زێنن بۆ به‌شداریكردن له پرۆسه‌ی ناشتن و به‌خاكسپاردنی ته‌رمی شێخه‌كه‌یان. ده‌گوترێت ده‌روێش سنوور ناناسێت و سنوور ده‌بڕێت. چه‌مكی سنوور به‌وه ناسراوه كه شل و نه‌رمه و زۆر ره‌ق و كۆنكریت نییه، به‌رده‌وام له گۆڕان و داڕشتنه‌وه و تازه‌كردنه‌وه‌دایه. له دنیای ئێمه‌دا سنوور به ئازاره و وێنه‌یه‌كی ناشیرینی هه‌یه. زیاتر له ١٠٠ ساڵه كورد له‌رێی سنووری ده‌ستكرد و سیاسییه‌وه بووه به یه‌كه‌یه‌كی دابڕاو و بێ ئاگا و بێ هه‌واڵ له‌یه‌كتر. ئاگایی به‌مانای ئه‌وه‌ی وه‌ك ئه‌ندامێك له نه‌ته‌وه‌ی كورد ناتوانێت به‌سه‌ر خاك و نیشتماندا بڕۆیت، جووڵه بكه‌یت و گه‌شت بكه‌یت به‌هۆی سنووری ده‌ستكردی وڵاتانی خۆسه‌پێنه‌وه. ئه‌م پرۆسه‌یه له‌ڕووی سیاسییه‌وه خه‌مێكی قووڵی له‌ناو دڵی زۆرینه‌ی كورددا دروست كردووه. جووڵه‌ی ئه‌مجاره‌ی ده‌روێش و تێپه‌ڕین به‌ناو سنووره ده‌ستكرده‌كاندا، پرۆسه‌یه‌كی ته‌واو جیاواز و تازه‌یه له مێژووی هاوچه‌رخی كورددا. كورد ئه‌مجاره له‌ڕێی كاراكته‌ر و كه‌سایه‌تی ده‌روێشه‌وه باز به‌سه‌ر سنووره‌كاندا ده‌دات و هاتوچۆ ده‌كات به‌بێ ئه‌وه‌ی پرس به ده‌وڵه‌تی ناوه‌ند بكات و بگه‌ڕێته‌وه بۆ ناوه‌ند. پێده‌چێت ئه‌وه‌ی ده‌روێشه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان پێشانیان دا له چه‌ند رۆژی رابردوودا، زیاتر له‌و وێنه‌یه نزیك بێت كه كوردانی باشوور له كۆڕه‌وه‌كه‌ی ساڵی ١٩٩١دا به‌رجه‌سته‌یان كرد و به‌شێكی سنووره شل و مۆدێرنه‌كانی نێوان وڵاتانی عێراق و ئێران و توركیایان به‌زاند و دووباره كه‌ناڵی پێوه‌ندیكردن و گفتوگۆكردنیان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا خسته‌وه كار. راسته بڕینی سنوور له‌لایه‌ن ده‌روێشه‌كانه‌وه كرده‌یه‌كی زۆر كاتی و خێرایه، به‌ڵام وه‌ك سیمبۆل ده‌مێنێته‌وه و مانای سیاسی له هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت.
(٣)
سۆفیزمی گه‌شتیاریی
گه‌شتیار بوونه‌وه‌رێكه به‌دوای ناسنامه و چێژدا ده‌گه‌ڕێت. جۆرێك له گه‌شتیار به‌دوای تێركردنی دیوی ناوه‌وه‌ی خۆی و رۆحانییه‌تدا وێڵه و به‌رده‌وام له گه‌ڕان و سووڕانه‌وه‌یه. ڕاستییه‌كه‌ی ئاماده‌یی مه‌زار و پێگه‌ی شێخ و سۆفیزم له‌هه‌ر رووبه‌ر و جیۆگرافیایه‌كدا كه‌ناڵێكی گرینگه بۆ راكێشانی داهات و گه‌شه‌ی ئابووری و سه‌رمایه‌گوزاری و بووژانه‌وه. دۆخه‌كه به‌مشێوه‌یه كه تۆ له‌ڕێی میراتێكی ئاینی، سه‌رمایه‌كی ئاسمانییه‌وه گرووپێك له نه‌ته‌وه‌كه‌ت له وڵات و جیۆگرافیایه‌كی تر به خۆته‌وه ده‌به‌ستیته‌وه و ناچاری ده‌كه‌یت ساڵانه چه‌ند جارێك له ته‌ك تۆ و له‌ناو جیۆگرافیای تۆدا بژیت و بمێنێته‌وه و پاره خه‌رج بكات.
ئابووری و گه‌شتیاریی له‌سه‌ر بنه‌مای سۆفیزمی كوردی سه‌ره‌تایه‌كی تازه‌یه بۆ راكێشانی داهات و سه‌رمایه‌گوزاری بۆ ناوه‌وه. ده‌كرێت وه‌ك ره‌گه‌زێكی هێزی نه‌رم چاوی لێ بكرێت سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌م شێوه له ئابووری و سۆفیزمه ده‌بێت به ناوه‌ندێكی ئێجگار گرنگ و بایه‌خدار و ستراتیجی بۆ پرۆسه‌ی ناسیۆنالیزمی كوردی و زیاتر بره‌وپێدانی و به‌سیستماتیككردنی، چونكه ده‌وڵه‌ت یان یه‌كه سیاسییه‌كه ده‌توانێت به ئاسانی و به‌كه‌مترین ماندووبوون ساڵانه ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه له هه‌ر پارچه‌یه‌ك و له هه‌ر شوێنێكی كوردستان بێت كۆ بكاته‌وه و گفتوگۆ و به‌ریه‌ككه‌وتن و باس و خواسی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی له‌گه‌ڵ یه‌كتردا ئاڵوگۆڕ بكه‌ن! له بازاڕ و ناوه‌نده‌كانی تردا به‌یه‌كتر بگه‌ن و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌كتردا بكه‌ن. ئه‌م پڕۆژه‌یه پایه‌كی بنه‌ڕه‌تی ناسیۆنالیزمی كوردی نۆژه‌ن ده‌كاته‌وه وه‌ك چۆن به‌شێك تیۆریستانی ناسیۆنالیزم پێیان وایه دامه‌زراوه‌ی وه‌ك زانكۆ و سوپا و میدیا كه‌ره‌سته‌ی باڵای له‌دایكبوون و په‌روه‌رده‌كردنی ناسیۆنالیزمن له دنیای هاوچه‌رخدا. سۆفیزمی گه‌شتیاری ده‌كرێت به‌شێك بێت له پته‌وكردنی ناسیۆنالیزمی كوردی.