با لە چەمكی ڕیفراندۆم بپرسین و پشكنینی بۆ بكەین. ڕیفراندۆم وەك كەناڵی قسەكردن و پرسكردن لەگەڵ گشت/خەڵك یا دەنگدەردا. ڕیفراندۆم پڕۆسە و پەیام و گەڕانەوەیە بۆ گفتوگۆ. پڕۆسەیە بەو مانایەی دەستەبژێرێكی سیاسی لە ڕووبەرێكی دیاریكراودا دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ڕیفرنس/سەرچاوە. دەیەوێت پرس و ڕا بە سەرچاوە/خەڵك بكات بۆ بڕیاردان و دروستكردنی كردەی سیاسی و ڕەفتاری سیاسی جیاواز و بەرهەمهێنانەوەی جیۆگرافیای سیاسی و دبلۆماسی جیاواز بەناوی گەل و خەڵكەوە.
دەوڵەت كردەی دوای ڕیفراندۆمە، دەكرێت بڵێین ریفراندۆم دەوڵەت بەرهەم دێنێتەوە "باشووری سودان". بەرهەمهێنانی دەوڵەت و سنووری تازە شووناسێكی سیاسی تازەیە بۆ ئێمە. لە دنیای ئەمڕۆدا بەشێك لە گەل و نەتەوەكانی دنیا خەریكی ئەم پڕۆسەی بەرهەمهێنانەوەن "كەتەلان و سكۆتلەند". خەریكی دروستكردنی ئەم شووناسە سۆشیۆ-سیاسییە تازەیەن. باشووری كوردستانیش بیر لەم جۆرە ڕێگایە دەكاتەوە. ڕێگایەك بتوانێت مۆدێڵێكی تازەی هاووڵاتیبوون و كوردستانیبوونی تێدا بەرهەم بێنێتەوە. ئەگەر ڕیفراندۆم دەوڵەت بەرهەم بێنێت، ئەی دەوڵەت /دەوڵەتی باشووری كوردستان/ دەبێت چی بەرهەم بێنێت و بۆ كێ و چۆن بەرهەمی بێنێتەوە؟ ئەمە پرسیارێكی گەورەی زۆرینەمانە.
دەوڵەت وەك "گرێبەستێكی كۆمەڵایەتی"
با بگەڕێینەوە بۆ ئەو پرسیارەی دەوڵەتی باشووری كوردستان چیمان بۆ بەرهەم دێنێتەوە؟ ئەم پرسیارە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ تیۆری گرێبەستی كۆمەڵایەتی. دروستكردنی دەوڵەت گواستنەوەی مرۆڤ/تاك لە دۆخێكەوە بۆ دۆخێكی تر. لە دۆخی سروشتییەوە بۆ دۆخی كۆمەڵگەی مەدەنی. لە دۆخی ئەناركیزم و پاشاگەردانی و گورگبوونی مرۆڤەوە بۆ دۆخی بەدامەزراوەبوون و یاسا و یەكسانی و ئازادی و ئاسایش و ئارامی. دۆخێك ڕووبەرێكی یەكسان بۆ هەمووان دروست بكات و بەرهەم بێنێتەوە.
دەكرێت دەوڵەتی كوردی بۆ ئێمە وەك گرێبەستێكی كۆمەڵایەتی تازە بێت یا تازەكردنەوەی ئەو گرێبەستە بێت بەو شێوەیەی كە ئێمە/هاووڵاتی دەمانەوێت نەك ئەوان/دەستەی حوكمڕان. دەكرێت دووبارە نۆژەنكردنەوەی پێوەندی و جووڵەی نێوان حاكم و مەحكوم بێت و جارێكی تر ئەم دوو چەمكە پێناسە بكاتەوە و پانتاییەكانیان بۆ دیاری بكات.
ڕاستە دەوڵەتی كوردی مرۆڤی ئێمە لە دنیایەكەوە دەگوازێتەوە بۆ دنیایەكی تر، لە دۆخی سروشتی و بێ دەوڵەتییەوە دەبات بۆ دۆخی دەوڵەتبوون، بەڵام دەبێت گەرەنتی تێدا بێت. گەرەنتییەك كە مرۆڤی ئێمە لەو دۆخە مەدەنییە و لەو كۆمەڵگە سیاسییەی بۆمان دروست دەكرێت بازنەیەكی گەورەی كامەرانی و خۆشگوزەرانی و یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی تێدا بێت. بازنەیەكی گەورەی فرەیی سیاسی و دامەزراوەییبوون و یاسای تێدا بێت و بڕێكی گەورەش لە چەمكی هاووڵاتیبوون ئامادەگی هەبێت.
دەوڵەتی كوردی بۆ ئێمە گرێبەستێكی گەورەی كۆمەڵایەتییە و زۆرینەمان ئامادەین شەرعیەت بەو گرێبەستە بدەین و نوێی بكەینەوە ئەگەر بڕێك بەختیاری بەرهەم بێنێتەوە. گرنگە ئێستا ئەم پرسە زیاتر بە نیشتمانی بكرێت و ئەو بەشەی لێ لاببرێت كە ڕق و كاردانەوەی سیاسی و نائومێدی و ژێردەستەیی بەرهەم دێنێتەوە.
پەیڕەو ئەنوەر