یه‌كه‌م/ دیموكراسی ئێسته
دیموكراسی چه‌ندان ساڵ پێش زاین له دایك ده‌بێت، گه‌شه ده‌كات و فراوان ده‌بێت. ره‌گوڕیشه‌ی دیموكراسی له یۆنانه. یۆنان وه‌ك لانه، مه‌ڵبه‌ند و پایته‌ختی دیموكراسی. دیموس واته خه‌ڵك یان گشت، كراتۆس واته فه‌رمانڕه‌وایكردن و حوكمكردن.
یۆنانییه‌كان دیموكراسییان وه‌ها به‌كار ده‌هێنا كه سیستمێك بێت بۆ رێكخستنی كۆمه‌ڵگه و په‌ڕینه‌وه له قۆناغی سروشتی بۆ قۆناغی مه‌ده‌نی و یاسا و فۆڕمێكی رێكخراوه‌یی و شارستانی ون. سه‌ره‌تا ئه‌م پرۆسه‌یه راسته‌وخۆ ده‌بێت، به‌ڵام له دنیای ئێسته‌دا شتێكی تره، بووه به ناڕاسته‌وخۆ، به‌ڵام له جه‌وهه‌ردا وه‌ك خۆی ده‌رده‌كه‌وێت و حوكمی خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه‌یه.
ئێسته دیموكراسی بووه به یه‌كێك له پایه و به‌ها هه‌ره بنه‌ڕه‌تی و سه‌ره‌كییه‌كانی ناو ئه‌ده‌بیاتی سیاسی و فه‌لسه‌فه و فكر و هزری سیاسی له دنیادا. یه‌كێكه له‌و هێما و سه‌رخانانه كه به‌هۆیه‌وه كۆمه‌ڵگه‌ی باش له خراپ، پێشكه‌وتوو له دواكه‌وتوو، شارستانی له ناشارستانی و هتد جیا ده‌كرێته‌وه.
دیموكراسی وه‌ك سیستم، بیركردنه‌وه و فه‌لسه‌فه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ رێكخستنی كۆمه‌ڵگه ئێسته به‌شێوه‌یه‌كی تر ده‌بینرێت، به‌تایبه‌ت كاتێك یه‌كه‌یه‌كی سیاسیی گه‌وره‌ی وه‌ك ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كه وه‌ك دایكی دیموكراسی و مۆدێرنه‌ی دنیا ده‌بینرێت، رووبه‌ڕووی قه‌یران و لاوازی دیموكراسی ده‌بێته‌وه.
ئه‌مه‌ریكا یه‌كێكه له‌و ئه‌كته‌رانه‌ی له‌ناو سیستمی سیاسیی نێوده‌وڵه‌تیدا، گوتاری به دیموكراسیكردن و ژیان له‌ناو سیستمی دیموكراسی و گه‌شه‌دان به كولتووری دیموكراسی به‌رز كردووه‌ته‌وه، وه‌ك به‌هایه‌كی گه‌ردوونی لێی ده‌ڕوانێت و مامه‌ڵه و بازاڕسازی بۆ ده‌كات، به‌ڵام كاتێك دامه‌زراوه‌كانی، ناوه‌نده‌كانی بڕیاری رووبه‌ڕووی داته‌پین و لاوازی دیموكراسی ده‌بنه‌وه، چیڕۆكه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی تر ده‌گۆڕێت و دیموكراسی شێوه و رووخسار و ره‌نگێكی تر وه‌رده‌گرێت.
دیموكراسی ئێسته له دنیادا به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چێت مانا و لێكدانه‌وه‌ی تری بۆ بكرێت، به‌تایبه‌ت له دۆخێك‌دا ئه‌گه‌ر پۆپۆلیست و توندڕه‌و و نه‌یارانی دیموكراسی بگه‌نه ده‌سه‌ڵات و كه‌ناڵه‌كانی بڕیار.
دووه‌م/ دیموكراسی چۆن كار ده‌كات
پرسیارێكی رژد و بیرلێكراوه‌ی ناو فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی، هزر و ئه‌ندێشه‌ی سیاسی، پرۆسه‌ی كاركردنی دیموكراسی و چۆنیه‌تی گه‌شه و گه‌وره‌بوونیه‌تی. دیاره دیموكراسی وه‌ك هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی تر، له‌رێی سووڕی ژیانێكی تایبه‌ت به‌خۆیه‌وه گه‌شه ده‌كات و گه‌وره ده‌بێت و پێ ده‌گات. دواتر مانا و مه‌به‌ست و ره‌هه‌نده قووڵه كولتووری، یاسایی و سیاسییه‌كانی خۆی داده‌كوتێت و ده‌بێت به نه‌ریت و نۆرم. به‌ڵام كرده‌یه‌كی له‌مشێوه‌یه پێویستی به یاسا و دامه‌زراوه و ده‌زگه‌ی به‌هێز و كاریگه‌ر و خاوه‌ن بڕیار و شه‌رعییه‌ته.
دیاره دیموكراسی له‌رێی دوانه‌ی دامه‌زراوه‌ی به‌هێز و نیشتمانی و سه‌روه‌ری یاسا كار ده‌كات، خۆی تازه ده‌كاته‌وه و مانا بۆ فۆڕمه ناوه‌كی و ده‌ره‌كییه‌كه‌ی خۆی دیاری ده‌كات. پێده‌چێت ئه‌مڕۆ له به‌شێكی زۆری وڵاته جیاجیاكانی دنیادا، ئه‌م پرۆسه‌ی كاركردنه‌ی دیموكراسی رووبه‌ڕووی كێشه و ناڕوونی و هه‌ڕه‌شه بووبێته‌وه.
هه‌ڕه‌شه به مانای ئه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كان لاوازن و ناتوانن ببن به په‌رژین و پارێزه‌ری نۆرم و به‌ها و ناوكی فه‌لسه‌فه‌ی دیموكراسی، كه گه‌ڕانه‌وه بۆ خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵك و فه‌رمانڕه‌وایكردنه له رێی خه‌ڵكه‌وه.
كاركردنی دیموكراسی له ساده‌ترین مانادا، پێویستی به كولتوورێكی كراوه و كۆمه‌ڵێك داوده‌زگه‌ی به‌هێز و كاریگه‌ر هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بێت و رووبه‌ڕووی پچڕان و لاوازی و دابڕان نه‌بێته‌وه. واته وه‌ك خۆی كار بكات و نه‌وه‌ستێت.
سێیه‌م/ جێگره‌وه‌ی دیموكراسی
تا ئه‌م ساته‌وه‌خته، مێژووی هزر و ئه‌ندێشه‌ی سیاسی، سیستم و چوارچێوه‌یه‌كی له سیستمی دیموكراسی باشتر، گونجاوتر و لۆجیكیتری نه‌دۆزیته‌وه و په‌ی پێ نه‌بردووه بۆ رێكخستنی كۆمه‌ڵگه و كۆپێوه‌ندییه‌كانی نێوان تاك و ده‌سه‌ڵات و گرووپه‌كانی تر، به‌تایبه‌ت كاتێك سیستمی دیموكراسی له‌ڕێی په‌یمانێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه كار ده‌كات، بنه‌مای رێكخستن و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان رێكده‌خات و دابه‌ش ده‌كات.
گفتوگۆكردن له‌باره‌ی جێگره‌وه‌ی سیستمی دیموكراسی، كورتی هێناوه و ئه‌نجامی نییه و نابێت. دیاره به هه‌موو كه‌موكوڕی و كه‌لێن و بۆشایی و ناشرینییه‌كانیه‌وه، هێشتا دیموكراسی وه‌ك سیستم، كولتوور و به‌هایه‌كی به‌رزی سیاسی لێی ده‌ڕوانرێت و به‌لۆجیكێكی به‌رزی بیركردنه‌وه‌ی سیاسی داده‌نرێت. ئه‌م ئارگیۆمێنته پاڵپشتی و به‌رگریش له‌وه ناكات كه دیموكراسی وه‌ك سیستم و به‌ها، هیچ كێشه‌یه‌كی نییه و هه‌موو كۆڵه‌گه و یه‌كه بچووك و وردیله‌كانی ناوی بێ كێشه و گرفت و ناته‌واوییه.
به‌پێچه‌وانه‌وه، هه‌ڵگری چه‌ندان بۆشایی ناوه‌كی و كه‌موكوڕی و خاڵی ناكۆك و دژ به‌یه‌كه. پێده‌چێت هه‌موو ئه‌و بۆشاییانه‌ی ناو ئه‌م جۆر سیستم و رێكخستنه، هێشتا نه‌بووبێته هۆی وازهێنان و به‌جێهێشتنی دیموكراسی و ته‌ڵاقدانی ئه‌م سیستمه و په‌نابردن بۆ جێگره‌وه و شێوه‌یه‌كی تر له رێكخستنی سیاسییانه‌ی كۆمه‌ڵگه، بیركردنه‌وه له پڕۆژه‌یه‌كی تر كه باشتر و جوانتر و خێراتر هه‌م نوێنه‌رایه‌تی ته‌واوی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگه بكات، هه‌میش بتوانێ ببێت به سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵك و خواست و ویست و خه‌یاڵی هه‌موو كۆمه‌ڵگه كۆ بكاته‌وه و به‌رگرییان لێ بكات.
ئه‌وه‌ی تا ئه‌م چركه‌ساته دیموكراسیی وه‌ك دیارده‌یه‌كی نه‌مر و بی جێگره‌وه هێشتووه‌ته‌وه، پرسی گشتیبوون و عه‌قڵانیبوونه. به كورتی: ده‌رفه‌ت به هه‌مووان ده‌دات به‌شداربن له بڕیار و داڕشتنی خه‌یاڵی سیاسی خۆیان.