یه‌كه‌م / سه‌رۆكێك بێ ماڵئاوایی
دۆناڵد تڕه‌مپ له هه‌ڵبژاردن ده‌دۆڕێت. ئه‌م دۆڕانه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی به‌بێ ماڵئاوایی كۆشكی سپی و ده‌سه‌ڵات جێ بهێڵێت. له كاتێكدا به‌شداری سه‌رۆكی پێشوو له ڕێوڕه‌سم و ئاهه‌نگی ده‌ستبه‌كاربوونی سه‌رۆكی تازه، نه‌ریتێكی باوه له دنیای ئه‌مه‌ریكیدا. به‌ڵام تڕه‌مپ ئه‌م نه‌ریته تێكده‌شكێنێت و به‌شدار نابێت، ماڵئاوایی له هیچ كه‌س و جه‌ماوه‌رێك ناكات، ته‌نیا نامه‌یه‌ك له دوای خۆی جێده‌هیڵێت و رای ده‌گه‌یه‌نێت كه هیواداره ماڵئاواییه‌كه‌ی زۆر نه‌خایه‌نێت.
دیاره ئه‌م شێوه له په‌یام و گفتوگۆ كورته، په‌یامێكی سیمبۆلی و قووڵه، به‌تایبه‌ت كاتێك تڕه‌مپ ده‌یه‌وێت پرۆسه‌ی ماڵئاواییكردنی وه‌ك پرۆسه‌یه‌كی كاتی و كورت ببینێت و وای پێشان ده‌دات كه ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه هه‌ڵگری رووداوێكی قووڵتر و فره ره‌هه‌ندتره. ماڵئاوایی لای تڕه‌مپ پشوودانێكی چوار ساڵییه و ده‌گه‌ڕێته‌وه، گه‌ڕانه‌وه له‌ڕێی هه‌ڵبژاردنی داهاتووه‌وه، به‌ڵام وا ئاسان نییه. ئه‌م رێ و كاروانه سیاسییه دوور و درێژ و پڕه له هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه، مه‌ترسی به‌و مانایه‌ی كه تڕه‌مپ ده‌یه‌وێت رێكخراوتر و توندوتر له پێشوو جه‌ماوه‌ر، رای گشتی و هه‌وادارانی خۆی جۆش بدات و بیانجووڵێنێت و وزه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییان لێ وه‌ربگرێت.
دیاره زمانی نامه‌كه‌ی ماڵئاوایی تڕه‌مپ زۆر سیمبۆلییه، ئه‌م نامه‌یه به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه ده‌رخه‌ری ئه‌و راستی و ره‌هه‌نده سۆسیۆلۆجییه‌یه كه تڕه‌مپ وه‌ك ده‌سه‌ڵات كۆتایی دێ، به‌ڵام وه‌ك بیر و عه‌قڵییه‌ت و لێكدانه‌وه و مۆدێلی سیاسه‌تكردن ده‌مێنێته‌وه و به‌رده‌وام ده‌بێت و خۆی ده‌ژێنێته‌وه له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات. ئه‌م وێنه‌یه تۆختر ده‌بێته‌وه كاتێك تڕه‌مپ هه‌وادار و ده‌روێشی زۆر ده‌بێت و توانای جۆشدانیان له‌لای خۆ گل ده‌داته‌وه.
به كورتی: تڕه‌مپ چوار ساڵی داهاتوو وه‌ك خۆئاماده‌كردن و دووباره خۆڕێكخستنه‌وه ده‌بینێت و كاری بۆ ده‌كات، نه‌ك وه‌ك مردنێكی سیاسییانه‌ی هه‌میشه‌یی.
دووه‌م/ سه‌رۆكێك كه خۆی به دۆڕاو نازانێت
یه‌كێك له گرفته‌كانی بیركردنه‌وه‌ی دۆناڵد تڕه‌مپ ئه‌وه‌یه، نایه‌وێ خۆی وه‌ك دۆڕاو و سه‌رنه‌كه‌وتوو پێشان بدات و ده‌ربخات. دۆڕان له هه‌ڵبژاردن و سیاسه‌ت بۆ ئه‌و مردنێكی سیاسییه، دووركه‌وتنه‌وه‌یه له هه‌موو ئه‌و خه‌ون و خه‌یاڵه فره‌وانه‌ی كه له هه‌ڵمه‌ت و كه‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردندا له‌گه‌ڵ تیمه‌كه‌ی نه‌خشه و پلان و هێڵه گشتییه‌كانیان بۆ داده‌نا.
تڕه‌مپ ده‌یه‌وێ چوار ساڵی داهاتوو له‌ڕێی ئه‌م ده‌نگ و جه‌ماوه‌ره تایبه‌ته‌ی خۆیه‌وه بگه‌ڕێته‌وه
تڕه‌مپ زیاتر له ٧٠ ملیۆن ئه‌مه‌ریكی ده‌نگ و متمانه‌یان پێ داوه، داڕشتنی خه‌یاڵی سیاسی بۆ ٧٠ ملیۆن كرده‌یه‌كی زۆر سه‌خت و ئاڵۆزه، به‌ڵام به‌گشتی تڕه‌مپ كاری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرد نه‌دۆڕێت و جارێكی تر و چوار ساڵی تر به‌هه‌ر نرخێك بێت، بمێنێته‌وه.
ئێسته تڕه‌مپ له هه‌ڵبژاردن دۆڕاوه و سه‌رۆكبوونی له ده‌ست داوه، به‌ڵام نایه‌وێت ددان به‌و شێوه دۆڕان و دووركه‌تنه‌وه‌یه‌دا بنێت و ده‌ریبڕێت. ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ی دۆناڵد تڕه‌مپ له چوار ساڵی داهاتوودا ده‌كرێت ته‌نگژه و كۆسپ دروست بكات، به‌تایبه‌ت له‌ڕێی راكێشانی سۆزی هه‌وادارانی و گواستنه‌وه‌یان بۆ شه‌قام وه‌ك چۆن له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه و سه‌ره‌تای ساڵی تازه بینیمان و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئه‌زموونی كرد.
دیاره تێمای بنه‌ڕه‌تی له ددان نه‌نان به دۆڕان له‌لایه‌ن دۆناڵد تڕه‌مپه‌وه، پرسی له ده‌ستدانی جه‌ماوه‌ر و هه‌وادار و ده‌نگه‌كانێتی. له‌ده‌ستدانی ئه‌م فۆڕمه له هه‌وادار و ده‌نگده‌ر كۆكردنه‌وه‌ی ئاسان نابێت و سه‌خته، به‌تایبه‌ت تڕه‌مپ ده‌یه‌وێ چوار ساڵی داهاتوو له‌ڕێی ئه‌م ده‌نگ و جه‌ماوه‌ره تایبه‌ته‌ی خۆیه‌وه بگه‌ڕێته‌وه.
سێیه‌م/ سیمبۆله‌كانی ئاهه‌نگی ده‌ستبه‌كاربوون
ئاهه‌نگی سوێندخواردنی ئه‌مجاره‌ی سه‌رۆكی تازه هه‌ڵبژێراوی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا جیاواز بوو. باشتر وایه بڵێین له بارودۆخێكی جیاواز و هه‌ستیاردا به‌ڕێوه چوو. ئه‌م جیاوازبوونه ده‌مانباته‌وه بۆ چه‌ندان رووداو، دۆخ و بابه‌ت و به چه‌ندان پرسی گه‌رمه‌وه گرێمان ده‌دات، ترس له ئاژاوه و یاخیبووان و ئاژاوه‌چییه‌كانی شه‌قامی ئه‌مه‌ریكی و لایه‌نگرانی دۆناڵد تڕه‌مپ.
په‌تای كۆرۆنا و فراوانی و قووڵی بڵاوبوونه‌وه‌ی له ئه‌مه‌ریكا و چۆنیه‌تی خۆپاراستن لێی و چه‌ند پرسێكی تر ئاهه‌نگه‌كه‌ی وا لێ‌كرد، جیاواز بێت. به‌ڵام رووداوه‌كه خۆی پڕبوو له سیمبۆل و كاردانه‌وه، سیمبۆل له‌رێی هونه‌رمه‌ندانی داوه‌تكراو بۆ ئا‌هه‌نگه‌كه كه (له‌یدی گاگا و جینیفێر لوپێز) شێوه‌یه‌كی تایبه‌تیان له كولتوورسازی و فه‌رهه‌نگسازی دنیای ئه‌مه‌ریكی پێشانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان دا.
رووداوه‌كه‌ی هه‌ڵكوتانه سه‌ر كۆنگرێس وای له ده‌سته‌بژێری سیاسیی ئه‌مه‌ریكی كرد، جیاواز مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئاهه‌نگ و ئه‌كته‌ره‌كانی ناوی بكه‌ن، ئاهه‌نگه‌كانی پێشتر شتێكی تر بوو، هه‌ردوو كاندیدی براوه و دۆڕاو له هه‌ردوو پارتی ركابه‌ر به‌شدار ده‌بوون، وه‌ك هێمایه‌ك بۆ ئاڵوگۆڕی ئاشتییانه‌ی ده‌سه‌ڵات و رێزگرتن له ده‌ستووری ئه‌مه‌ریكی و پابه‌ندبوون به ده‌ره‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و رێزگرتن لێی.
ده‌كرێ بڵێین رێوڕه‌سم و ئاهه‌نگی ئه‌مجاره له زۆر ئاسته‌وه وه‌ك ئه‌وانیتر نه‌بوو. ئه‌مه ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه كه له چوار ساڵی رابردوودا ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به دۆخێكی جیاوازدا تێپه‌ڕیوه. تڕه‌مپ وه‌ك سه‌رۆك به‌دید و كارنامه‌ی جیاوازه‌وه وڵاتی ئاراسته كردووه. ئه‌م جیاوازبوونه له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، جۆ بایدن هه‌رزوو دوای سوێندخواردنی و ده‌ستبه‌كاربوونی به فه‌رمی، چه‌ندان بڕیاری تازه واژوو ده‌كات و ده‌رده‌كات، چه‌ندان بڕیاری دۆناڵد تڕه‌مپی سه‌رۆكی پێشوو ره‌ت ده‌كاته‌وه و هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه. به‌ڵام بایدن له ناوه‌ڕۆكی وتاره‌یه‌كدا زۆر گه‌شبینانه ده‌دوا به‌تایبه‌ت كاتێك گوتی: "ئه‌مڕۆ رۆژی ئه‌مه‌ریكایه، رۆژی دیموكراسییه، رۆژی هیوا و مێژوو و گه‌شانه‌وه‌یه."