په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
ئه‌نجوومه‌نی باڵای سه‌ربازی توركیا له كۆشكی (چانكایا) له‌گه‌ڵ ده‌سته‌بژێری سیاسی/مه‌ده‌نی كۆ ده‌بێته‌وه. ئه‌م شێوه كۆبوونه‌وه‌یه ده‌كرێت وا لێك بده‌ینه‌وه كه ئه‌ردۆغان به‌ته‌واوه‌تی پرسی سه‌رباز و دامه‌زراوه‌ی مه‌ده‌نی ده‌كات به دوو كایه‌ی ته‌واوكه‌ر نه‌ك دژ، ده‌یكات به دوو جه‌مسه‌ر له‌بری ململانێ و هه‌ژموون یه‌كتر به‌رهه‌م بێننه‌وه‌و كاری پێكه‌وه‌یی بكه‌ن. یا دۆخێك دروست بكه‌ن كه چیتر باڵایی دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی ئاماده‌یی نه‌بێت، چۆن؟
1- ئه‌ردۆغان سه‌رباز و جه‌نه‌ڕاڵه‌كان دێنێته ناو كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیی بۆ كۆبوونه‌وه و گفتوگۆ. ئه‌مه مانای وایه سه‌رباز نابێت ڕه‌سمی سیاسه‌تی ده‌ره‌كی و ناوه‌خۆ بكات. چانكایه پانتایییه‌كه بۆ به‌رهه‌مهێنانی دید، ستراتیج و دنیابینی له‌لایه‌ن مه‌ده‌نییه‌كانه‌وه، سه‌رباز ته‌نیا ده‌بێت چوارچێوه‌كه بخوێنێته‌وه و ورده‌كارییه‌كان جێبه‌جێ بكات.
2- بیناڵی یڵدرم سه‌رۆك وه‌زیران ئاماده‌یی هه‌بووه. فه‌رمانده‌یه‌كی تازه ده‌ستنیشان كراوه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی په‌یكه‌ر و ستراكچه‌ری سه‌ربازیی وڵات (جه‌نه‌ڕاڵ یه‌شار گوله‌ر). فه‌رمانده‌ی هێزی ده‌ریایی و ئاسمانی تازه ده‌ستنیشانیش كراون. له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بیناڵی یڵدرم باسی ئه‌وه‌ی كردووه كه له جه‌نگی دژی تیرۆر به‌رده‌وام ده‌بن و ناوه‌ستن. وا باس ده‌كرێت كه دواتر ئه‌م ئه‌نجوومه‌نه سه‌ربازییه چاوییان به ئه‌ردۆغانیش كه‌وتووه.
ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌كی تازه‌یه له دوای كوده‌تاكه‌وه. سه‌رۆك وه‌زیران به‌ته‌نیا و سه‌رۆك كۆماریش به‌ته‌نیا ده‌سته‌بژێری سه‌ربازی ده‌بینن یا گفتوگۆ ده‌كه‌ن و پێكه‌وه ده‌بن. ده‌كرێت وای بخوێنینه‌وه ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێت كایه‌ی سه‌ربازی له مه‌ده‌نی نزیك بكاته‌وه یا جۆرێك له مێنتاڵی سه‌ربازی به‌رهه‌م بێنێت كه خۆی به میراتگر و شوێنگره‌وه و هیچ هێزێك به باڵا نه‌زانێت. یا ده‌سته‌بژێرێكی سه‌ربازیی وا په‌روه‌رده بكرێت بزانێت كه خۆی سه‌نته‌ری بڕیار نییه، ئه‌وه‌تا به‌جیا سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆك كۆمار ده‌بینێت, واته دوو سه‌نته‌ری تری گه‌وره‌تر و باڵاتر ئاماده‌یی هه‌یه به‌تایبه‌ت كه ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن/سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌یان پێ دراوه فه‌رمان بده‌ن به جه‌نه‌ڕاڵه‌كان به‌بێ گه‌ڕانه‌وه و په‌سندكردنی هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی تر (په‌رله‌مان).
پرسیاری گه‌وره ئه‌وه‌یه ئه‌م هه‌وڵه‌ی ئه‌ردۆغان چۆن زیاتر بخوێنینه‌وه و لێی ورد بینه‌وه؟ سه‌رده‌مێكی تازه له پێوه‌ندی نێوان كایه‌ی سه‌رباز و كایه‌ی مه‌ده‌نی له توركیا ده‌بینین؟ ئه‌م پرسه خوێندنه‌وه‌ی زیاتری ده‌وێت. ئه‌ردۆغان و توركیا و ده‌ره‌وه‌ی توركیاش فشار ده‌كه‌ن و كار ده‌كه‌ن بۆ باڵاكردنی دامه‌زراوه‌ی مه‌ده‌نی به‌سه‌ر سه‌ربازیدا یا بژارده‌ی سیاسی مه‌ده‌نی خۆی ستراتیجه باڵاكان دابڕێژێته‌وه نه‌ك سه‌رباز و جه‌نه‌ڕاڵ. ئه‌م دیده زیاتر ڕه‌هه‌ندێكی ده‌ره‌كی هه‌یه بۆ توركیا. یه‌كێتیی ئه‌وروپا ده‌مێكه له گفتوگۆدایه له‌گه‌ڵ توركیا له‌سه‌ر ئه‌م پرسه.
سیستمی سیاسی نابێت سه‌رباز به‌ڕێوه‌ی ببات. نابێت جه‌نه‌ڕاڵ بیجووڵێنێت و مانا و هێمای تایبه‌تی بۆ دابنێت. ته‌نیا له سیستمه سیاسییه ده‌سه‌ڵاتخوازه‌كاندا سه‌رباز و جه‌نه‌ڕاڵ له‌سه‌ره‌وه‌ی هه‌ره‌مه‌كه‌ن و خاوه‌نی بڕیاره‌كانن. ئێسته دیدێك هه‌یه كه به‌ته‌واوی كایه‌ی سه‌ربازیی به مه‌ده‌نی بكرێت یا به‌ته‌واوی مه‌ده‌نییانه بیر بكه‌نه‌وه و له‌ناو ڕووبه‌رێكی گه‌وره‌ی مه‌ده‌نیبووندا كار بكه‌ن و له‌ناو خه‌ڵك و له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا بژین. ئێسته له به‌شێك له وڵاتانی ئه‌وروپا و دامه‌زراوه سه‌ربازییه‌كانیان كه‌سانی مه‌ده‌نی به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، وه‌زاره‌تی به‌رگری و ده‌زگه هه‌واڵگرییه‌كان كه‌سانی مه‌ده‌نی ده‌یجووڵێنن و وه‌زیر و به‌رپرسان مه‌ده‌نین. ته‌نانه‌ت به‌شێك له كارمه‌نده ئاسایییه‌كانیان و بیرۆكراته‌كانیان مه‌ده‌نین. ئه‌م هه‌وڵانه زیاتر بۆ دوورخستنه‌وه‌ی هه‌ژموونی سه‌ربازه به‌سه‌ر بڕیاره سیاسییه‌كاندا یا هێشتنه‌وه‌ی ده‌زگه سیاسییه مه‌ده‌نییه‌كان وه‌ك هێزێكی باڵا و گه‌وره و بڕیارده‌ر. توركیا ده‌بێت هه‌وڵ بدات به‌ته‌واوی له‌م مۆدێل و پێوه‌ندییه‌ی نێوان سه‌رباز و دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه‌كان نزیك بێته‌وه.
ئه‌م پرۆسه‌یه تا چه‌ند له توركیادا ده‌چێته سه‌ر ئه‌مه بابه‌تێكی تره و ده‌بێت چاوه‌ڕێ بكه‌ین، بابه‌ته‌كه ڕه‌هه‌ندێكی ناوخۆییشی هه‌یه. ئایا توركیا له‌ڕووی ناوخۆیییه‌وه پێ گه‌یشتووه بۆ دابڕینی سه‌رباز له بڕیاری سیاسی، یا بونیاده ناوخۆیییه‌كانی یارمه‌تیده‌ر ده‌بن و ده‌توانن ئه‌و هه‌وڵانه سه‌ر بخه‌ن بۆ له‌دایكبوونی كولتوورێكی سیاسی تازه كه سوپا خۆی به چه‌ق نه‌زانێت و به‌ناوی هه‌مووانه‌وه چیتر قسه نه‌كات و رۆڵی سیاسی نه‌بینێت.
دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی توركیا و ڕیفراندۆم
بڕیار وایه ڕۆژی هه‌ینی داهاتوو ئه‌ردۆغان جارێكی تر له‌گه‌ڵ بژارده‌ی سه‌ربازی و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی توركیا كۆ ببێته‌وه. پێ ده‌چێت ئه‌م جاره زیاتر بۆ پرسی ڕیفراندۆمی كوردستان بێت. جاران ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی توركیا زوو هه‌ڵوێست و كاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر پرسه ناوخۆیی و هه‌رێمییه‌كان ده‌رده‌بڕی. به‌و پێیه‌ی خاوه‌ن هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان بوو. هه‌موو بڕیاره‌كان خۆی ده‌یدا و دامه‌زراوه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كان ده‌بوو ته‌نیا جێبه‌جێی بكه‌ن.
ئه‌ردۆغان خه‌ریكی ئه‌وه‌یه ئه‌م پرسه پێچه‌وانه بكاته‌وه. خۆی یا ده‌زگه مه‌ده‌نییه‌كان بڕیار بده‌ن و سه‌رباز ته‌نیا فه‌رمانی پێ بكرێت بۆ جێبه‌جێكردن. ئه‌م مۆدێله كلاسیكییه زیاتر له هه‌ره‌مێك ده‌چێت كه كاراكته‌ری سه‌ره‌وه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كه فه‌رمان به‌هه‌موو خواره‌وه‌ی خۆی ده‌كات. به‌ڵام ئه‌م مۆدێله بۆ توركیا تازه‌یه. له مێژووی سیاسی هاوچه‌رخی توركیادا ئه‌م جۆره مۆدێله ئاماده‌یی نه‌بووه.
هه‌ڵوێستی توركیا به‌رامبه‌ر ڕیفراندۆمی هه‌رێم هه‌ڵوێستێكی نه زۆر ڕه‌ق و نه زۆر نه‌رم ده‌بێت. ئه‌مه مانای وایه ئه‌ردۆغان و ئاك پارتی ناتوانن ڕاسته‌وخۆ پشتگیری بكه‌ن و دژیشی بوه‌ستنه‌وه (دژ وه‌ستانه‌وه به‌و مانایه‌ی سزای ئابووری و سیاسی به‌كار بێنێت) ده‌شێت هۆی ئه‌مه ترس بێت له نه‌ژادپه‌رسته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی توركی و كه‌مالیسته توندڕۆكان و نه‌بوونی متمانه‌یه‌كی ته‌واو به دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی به‌تایبه‌ت دوای گرتنی دوو كارمه‌نده‌كه‌ی ده‌زگه‌ی هه‌واڵگری توركیا/میت له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه له شارۆكه‌ی دووكان و ڕفاندنیان بۆ قه‌ندیل.
ئه‌ردۆغان هێشتا نه‌یتوانیوه سوپای توركیا و ده‌زگه سه‌ربازی و هه‌واڵگرییه‌كانی تر كۆنتڕۆڵ بكات وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی ده‌یه‌وێت تا باشتر بڕیار بدات. ده‌كرێت هه‌ڵوێستی توركیا به‌رامبه‌ر ڕیفراندۆمه‌كه‌ی كوردستان ته‌نیا له ئاستی بڵاوكراوه بمێنێته‌وه و هیچ سزایه‌كی كرداره‌كی لێ نه‌كه‌وێته‌وه.