په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
ئه‌وروپا وه‌ك جیۆگرافیا و وه‌ك كایه‌كی سیاسی چۆن بناسین! بۆ ئه‌م پرسیاره ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ڕێناسایس و ڕۆشنگه‌ری و شۆڕشی فڕه‌نسی. ئه‌م سێ جوڵه فكری و سیاسییه بووه كارخانه‌ی به‌رهه‌مهێنانی پاڕادایمێكی تازه. دیاره لێره مه‌به‌ست له پاڕادایم تێپه‌ڕاندنی فیود‌اڵیزم و پێوه‌ندیكردنه به مۆدێرنیته‌وه.
ئه‌وروپا له‌دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانییه‌وه ده‌بێته‌وه به كه‌لاوه‌یه‌كی گه‌وره! ئه‌مه‌ریكا پڕۆژه ئاماده ده‌كات تا بنیاتی بنێته‌وه. لێره‌وه ئه‌م بۆچوونه ئه‌وه‌مان بیر دێنێته‌وه كه ئه‌وروپا مۆدێڵێكی ئه‌مه‌ریكی و پڕۆژه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكییه. ئه‌مه‌ریكا به‌دیدێكی كاپیتاڵیزمانه له ئه‌وروپای وێرانی ئه‌وكات نزیك ده‌بێته‌وه. ده‌كرێت بڵێین ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵی به لیبڕاڵكردنی ئه‌وروپای دا له‌به‌ر دوو هۆ:
یه‌كه‌م: ئه‌وروپا وه‌ك بازاڕ به‌كار بێنێت، چونكه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پیشه‌سازی وه‌ك ئه‌مه‌ریكا پێویستی به‌وه بوو بازاڕێكی گه‌وره‌ی له ده‌ره‌وه‌ی خۆی هه‌بێت تا بژێت و بمێنێته‌وه.
دووه‌م: برسیه‌تی و هه‌ژاری له ئه‌وروپای دوای جه‌نگی دووه‌می جیهان نه‌بێته هۆكاری ئه‌وه‌ی ئه‌وروپا بكات به پانتایییه‌كی گه‌وره بۆ كۆمۆنیزم و چه‌پ.
له‌دوای جه‌نگی سارده‌وه ئه‌وروپای خۆرهه‌ڵات ده‌كه‌وێت و دابه‌ش ده‌بێت، ئه‌مه‌ریكا پڕۆژه تایبه‌تییه‌كانی بۆ به‌لیبڕالكردنی ئه‌م ناوچه‌یه ده‌گوازێته‌وه. پرسی به‌لیبڕاڵكردنی دنیا بۆ ئه‌مه‌ریكا پرسێكی گه‌ردوونییه. ڕه‌نگه ئه‌م پرسه زیاتر دیدێكی (فۆكۆیاما)یانه‌ی هه‌بێت [كۆتایی مێژوو و دواین مرۆڤ].
ئه‌وروپا له ئێسته‌دا پڕه له هه‌رێم و كولتوور و نه‌ته‌وه‌ی جیاواز. پۆست مۆدێرنه‌كان پێیان وا بوو ده‌كرێت ئه‌م جیاوازییه پێكه‌وه‌بوونێكی درێژ به‌رهه‌م بێنێته‌وه له هه‌موو دنیا! ده‌ركه‌وت له به‌شێكی ئه‌وروپا ئه‌م دیده مرد و نه‌یتوانی بژێت. یه‌كێتیی ئه‌وروپا زیاتر به به‌شی باشووری ئه‌وروپاوه گرفتاره به‌تایبه‌ت یۆنان و ئیتاڵیا و ئیسپانیا وه‌ك سێ یه‌كه‌ی لاواز بۆ پرسی ئابووری و پێكه‌وه‌بوون. كه‌ته‌لۆنیا ده‌یه‌وێت جیا بێته‌وه و ببێت به ماڵێكی سیاسیی سه‌ربه‌خۆ. وڵاتانی تری ئه‌وروپا دۆخه‌كه وا ده‌بینن دابه‌شبوونی ئیسپانیا ڕووبه‌ڕووی مۆدێڵی یۆگسلاڤیای پێشوویان ده‌كاته‌وه و ده‌یانباته‌وه بۆ پرسی به‌ڵكانیزه‌یشن واته پارچه پارچه‌بوونی ئه‌وروپا و كۆتای ناوه‌نده سیاسییه گه‌وره‌كانی ئه‌وروپا! ئه‌مه بۆ سكۆتله‌ند و باسك و وێڵز و فلانده‌رزیش ڕاسته.
ده‌سه‌ڵاتی ئیسپانیا ئه‌مڕۆ به به‌رچاوی هه‌موو دنیاوه هاووڵاتییانی خۆی (كه‌ته‌لۆنییه‌كان) تێرشه‌ق ده‌كات و ڕێیان پێ نادات بڕیاری ئه‌وه بده‌ن كه له‌ڕووی سیاسییه‌وه چۆن بژین و چۆن یه‌ك بن! ئیسپانیا وڵاتێكی دیموكراته و ئه‌ندامی یه‌كێتیی ئه‌وروپایه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ چ یه‌كێتیی ئه‌وروپا و چ ئیسپانیا ئه‌و دیموكراسییه و به‌ڵگه‌نامانه‌ی كه باسی حیكایه‌ته‌كانی مافی مرۆڤ و دیموكراسی و مافی بڕیاردانی چاره‌نووس ده‌كه‌ن ده‌خه‌نه بنی پێی خۆیانه‌وه و وه‌ك داستانه ئه‌فسانه‌یییه‌كانی گلگامێش و كۆمیدیای ئیلاهی لێی ده‌ڕوانن. ئه‌مڕۆ ئیسپانیا له هه‌موو كات زیاتر گه‌ڕایه‌وه بۆ دۆخه دۆنكیشۆتییه‌كه‌ی دی سێرڤانتس.
بۆچوونێك هه‌یه له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌مدا، ئه‌وه‌یش ئه‌وه‌یه كه ئه‌م سه‌ده‌یه سه‌ده‌ی ئه‌كته‌ره نا-ده‌وڵه‌تییه‌كانه، ده‌كرێت بڵێین سه‌ده‌ی هه‌رێمه‌كانه. له‌دوای ڕاپرسییه‌كه‌ی سكۆتله‌ندا، هه‌رێمی كوردستان و كه‌ته‌لۆنیا ڕاپرسییان ئه‌نجام دا بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌وه به ئه‌كته‌رێكی ده‌وڵه‌تی و سه‌روه‌رییه‌كان بۆ خۆی بگه‌ڕێنێته‌وه. وا دیاره ئێسته چه‌ند هه‌رێمێكی تر له چه‌ند شوێنێكی جیاوازی دنیادا له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان ڕاپرسی بكه‌ن وه‌ك هه‌رێمی فلانده‌ر له به‌لجیكا و هه‌رێمی دۆنێسك و لۆهانسك له ئۆكڕانیا و بیافرا له وڵاتی نێجیریا.
ئه‌م شه‌پۆلی ڕاپرسییه كه خه‌ریكه هه‌موو دنیا ده‌گرێته‌وه، كۆمه‌ڵێك ڕه‌هه‌ندی سیاسی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی قووڵی هه‌یه و جیهانگیریی و میدیاش ڕۆڵێكی گه‌وره‌یان هه‌یه له به‌رزكردنه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه و كردنی به ماده‌یه‌كی گڵۆباڵ و جیهانی. ده‌كرێت وای ببینین كه چیتر مۆدێڵی حكوومه‌تی ناوه‌ندی و كۆكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان و ده‌وڵه‌تی تاك شوناس و تاك نه‌ته‌وه و تاك ئاین و تاك مه‌زه‌و و تاك یاده‌وه‌ری ناتوانێت به‌رده‌وام بێت. ئیسپانیا یه‌كه‌یه‌كی ته‌واو ئاڵۆز و فره پێكهاته و فره كولتووره، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌به‌رهێنانی سیاسی و ئابووری و فه‌رهه‌نگی له‌م فره‌یییه نه‌كرێت، ئه‌و یه‌كه سه‌نتڕاڵه ده‌مرێت و هیچ ده‌وڵه‌تێكی دنیاش ناتوانێت تاك ڕه‌هه‌ندانه تا كۆتا پارێزگاری له خۆی بكات و ته‌مه‌نی خۆی درێژ بكاته‌وه.