په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
له گرته ڤیدۆیییه‌كدا وا دیاره كه‌سێك په‌رۆش و گرفتاره به‌هۆی نه‌بوونی (شه‌راب)ه‌وه له كه‌ركووك، به‌هۆی نه‌بوونی هیچ ناوه‌ندێكی بازرگانی بۆ نمایشكردنی شه‌راب! دیاره ئه‌م وێنه‌یه پێوه‌ندی به كاركردنی نێوان دووانه‌ی "ده‌سه‌ڵات و ئاین"ه‌وه هه‌یه، ئه‌م دووانه‌یه چۆن یه‌كتر بینا ده‌كه‌ن و چۆن له یه‌كتر دوور ده‌كه‌ونه‌وه.
ئه‌م دۆخه له فڕه‌نسا دووانه‌ی "جمهورییه‌ت و لایستێ" ڕۆژگارێك ململانێ‌یان له‌سه‌ر ده‌كرد و دووانه‌ی "پانتایی گشتی و تایبه‌ت"یان بۆ داڕشتبوو وه‌ك دوو ڕووبه‌ر یه‌كتر بینا بكه‌ن و به‌ریه‌كتریش بكه‌ون و ڕووبه‌ڕووی یه‌كتریش ببنه‌وه. (پرسی حیجاب وه‌ك سیمبۆلێكی ئاینی).
وا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌مه بۆ دنیای شیعی له عێراقدا جیاواز بێت! ده‌كرێت بڵێین شیعگه‌رایی له "قوم و تاران و عێراق" به جیا كار ده‌كه‌ن له پرسی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان نێر و داڕشتنه‌وه‌ی ئازادییه‌كانی ئینسان له هه‌ردوو پانتایی گشت و تایبه‌تدا.
بۆچوونێك هه‌یه پێی وایه شیعه‌گه‌رایی له "قوم" ئه‌ندازه‌یه‌كی تاكگه‌راییانه ده‌یجووڵێنێت و ئینسان یه‌كه‌یه‌كی به لیبڕاڵیكراوه له‌و كردانه‌ی كه ڕۆژانه به‌رهه‌می دێنێت (پرسی خواردنه‌وه و نێرگه‌له‌كێشان و پێوه‌ندییه‌كانی نێوان نێر‌و مێ) كه‌چی له عێراقدا شیعیزم به‌مانا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی شتێكی تره و به‌ته‌واوی هێڵێكی ڕاست و چه‌پی به‌و تاكگه‌راییدا كێشاوه و كۆمه‌ڵێك تابۆی كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی دروست كردووه.
كه‌وتنی په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی
لێره‌وه ده‌كرێت بڵێین كاتێك كه‌ركووك ده‌كه‌وێت و داگیر ده‌كرێت، كۆتایی به په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی نێوان ده‌سته‌بژێر و هاووڵاتییانی ئه‌م شاره‌ش ده‌هێنرێت. داگیركردنی كه‌ركووك داگیركردنی هه‌موو ئازادییه‌كانه و كۆتا به دۆخی شاربوون و مه‌ده‌نیبوون و دنیای ئازادییه‌كان و هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كانی فه‌ردانیه‌ت و ڕۆحانییه‌ت دێنێت. وا ده‌بینرێت به‌شێوه‌یه‌كی تراجیدییانه كه‌ركووكییه‌كان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ دۆخی سروشتی و دۆخی نائارامی و ئه‌و دۆخه‌ی كه تۆماس هۆبس وای ناو ده‌بات كه (مرۆڤ گورگی مرۆڤه).
حه‌شدی شه‌عبی كاتێك دێنه ناو كه‌ركووكه‌وه به‌ر له داگیركردنی جیۆگرافیای شاره‌كه، جیۆگرافیای ئازادییه‌كان و دیوی ناوه‌وه‌ی زۆرینه‌ی تاكه‌كان داگیر ده‌كات و هه‌موو ماناكانی مرۆڤبوون و ئه‌و جووڵه سروشتییانه‌ی كه مرۆڤ دروستی ده‌كات ده‌كوژێت.
كوشتنی شه‌راب و مه‌یخانه‌كان یه‌كسانه به كوشتنێكی گه‌وره و ده‌سته‌جه‌معی هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه له ده‌ره‌وه‌ی شیعه‌بوون و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی حه‌سه‌ن و حوسێن و سه‌رمایه و سیمبوله مه‌زه‌وییه‌كانی شیعیزمدا ده‌جووڵێن و بیر ده‌كه‌نه‌وه و ده‌ژین. ئاماده‌یی شیعه له كه‌ركووك یه‌كسانه به كردنه‌وه‌ی هه‌موو ده‌رگه‌كان به‌سه‌ر دنیایه‌كی تاك ڕه‌هه‌ند و گرتووخانه‌یه‌كی گه‌وره بۆ ئه‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی شیعه‌بووندان.
ئه‌و عێراقه‌ی به پاتری ئێران نه‌بێت كار ناكات
هه‌فته‌ی ڕابردوو سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئێران به (سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق/عه‌بادی) ڕاگه‌یاندووه كه سێ كاری باشی كردووه بۆ وڵاته‌كه‌ی، وه‌ك ئه‌وه‌ی عێراق ڕادیۆیه‌ك بێت به پاتری ئێران نه‌بێت هیچ ده‌نگ و گوتارێك به‌رهه‌م ناهێنێت و له‌كار ده‌كه‌وێت. دیاره ئێران وا له عێراق ده‌ڕوانێت كه جه‌سته و هه‌یكه‌لێكی گه‌وره و بێ ڕۆحه و ناوكه مه‌زه‌وییه‌كه‌ی له ئێران‌دا به‌جێ ماوه. ئێران وای ده‌بینێت عه‌بادی ڕۆحێكی گه‌وره‌ی ئێرانی له‌ناو جه‌سته‌ی عێراقدا به‌م سێ كاره‌ی خواره‌وه چاندووه:
-حیكایه‌تی هێشتنه‌وه‌ی عێراق به یه‌كپارچه‌یی
وا ده‌رده‌كه‌وێت ئێران له‌ڕێی حیكایه‌تی یه‌كپارچه‌یییه‌وه عه‌بادی وه‌ك پاڵه‌وانێكی عه‌ره‌بی شیعی نمایش بكات و عێراق وه‌ك پانتایییه‌كی شیعی ببینێت و دووری بخاته‌وه له جیۆپۆله‌تیكی سوننی (به‌تایبه‌ت هه‌ولێر وه‌ك جیۆگرافیایه‌كی سوننی).
-ڕیفراندۆمی هه‌رێمی شكست پێهێنا
ئێران پرسی ڕیفراندۆمی به پڕۆژه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی ده‌بینی. وای ده‌بینی ڕیفراندۆمه‌كه بۆ به‌ئیسڕائیلكردنی هه‌رێم و ده‌وره‌دانی زیاتری ئێران و دابڕینی ئێرانه له سووریا.
-سوپاسی عێراقی به‌هێز كردووه‌ته‌وه
ئێران ده‌یه‌وێت وا پیشانی بدات كه له‌ڕێی سوپای عێراقه‌وه ئاماده‌یی هه‌یه له عێراق و له هه‌موو سنووره‌كان ده‌توانێت بمێنێته‌وه و به‌سه‌ر هه‌موو هێزه‌كانی تر (پێشـمه‌رگه و حه‌شدی وه‌ته‌نی) زاڵ بێت و بازیان به‌سه‌ردا بدات. ده‌یه‌وێ بڵێت هه‌روه‌ك چۆن سه‌دام حوسێن سوپایه‌كی سوننی به‌هێزی هه‌بوو بۆ تواندنه‌وه‌ی ئه‌وانی تر، منیش ئه‌مڕۆ سوپایه‌كی به‌هێزی شیعیم هه‌یه بۆ قووتدانی ئه‌وانی تر كه كۆنتڕۆڵه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی له تارانه و به‌پاتری تاران كار ده‌كات.