ماڵ لێره‌دا وه‌ك چه‌مكێكی پاتریاركییانه و باوكسالارانه ده‌رده‌كه‌وێت، باوكسالارانه واته پێوه‌ندییه‌كی هیراركییانه شیعه وه‌ك هێز ڕێك ده‌خات و ڕێبه‌ر له سه‌ری سه‌ره‌وه وه‌ك باوكێكی باڵا له‌ناو ماڵێكی گه‌وره‌دا هه‌موو پێوه‌ندییه‌كان داده‌ڕێژێت و هه‌موو كرده‌كان ڕێك ده‌خات و لێكچوونێكی ڕه‌هاش به‌رهه‌م دێنێت.
ماڵ لێره ماڵێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌زگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی نییه و به ته‌نیا یه‌كسان نییه به دایك و باوك و چه‌ند منداڵێك. ئه‌و ماڵه‌ی شیعه ده‌یه‌وێت بینای بكات, یه‌كسانه به په‌بڵیك/گشت. لێره‌وه ماڵ له پانتایییه‌كی تایبه‌ت و بچووكه‌وه ده‌بێت به گشت و جیۆگرافیا و نیشتمانێكی فراوان بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی هه‌ڵگری بیركردنه‌وه‌یه‌كی شیعییانه و به‌كاریزما ناساندنی ڕێبه‌رن وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی مه‌زه‌وی.
حه‌شدی شه‌عبی هێزێكه هه‌ڵگری پڕۆژه‌ی دروستكردنی ماڵێكی گه‌وره‌یه بۆ شیعه و هه‌ڵگری تێكدانی بونیادی ڕۆحی و مادی هێزه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌تی! ئه‌م هێزه بونیادێكی تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاته و ده‌یه‌وێ خه‌یاڵێكی گه‌وره به‌رهه‌م بێنێت كه هیچ كه‌سێك نه‌توانێ ده‌ستكاری بكات.
حیكایه‌تی زیندووبوونه‌وه‌ی شیعه‌گه‌رایی
پێشڕه‌وییه‌كانی ئه‌م جاره‌ی ئێران پێوه‌ندی به پرسی جیۆپۆڵه‌تیك و ئه‌و حیكایه‌ته مه‌زه‌وییانه‌وه هه‌یه كه شیعه‌گه‌رایی له‌سه‌ری ده‌ژین. وا دیاره ئێران و شیعیزم ئه‌م جاره ده‌یه‌وێت به‌ته‌واوه‌تی مێژووی نووزانه‌وه و پاڕانه‌وه و دۆخی به‌رگری خۆی تێپه‌ڕێنێت و بچێته دۆخێكی تره‌وه.
له دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانه‌وه شیعه‌گه‌رایی ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر چه‌مكی (زیندووبوونه‌وه) بژی، زیندووبوونه‌وه لێره واته چۆن شیعه له‌سه‌ر ئاستی بیركردنه‌وه، پێوه‌ندی، ئاوێزانبوون، زاڵبوون و جیۆگرافیا له ناوچه‌كه‌دا ئاماده‌یییه‌كی قووڵی هه‌بێت و ببێت به كارخانه‌ی بچووككردنه‌وه‌ی ئه‌وانی تر (دنیای سوننی و خۆرئاوا).
له‌و (١٠) ساڵه‌ی دواییدا له باكوری خۆرئاوای ئه‌فه‌ریقا ملیۆنان كه‌س له رێی سۆفت پاوه‌ری ئێرانه‌وه كراون به شیعه. دیاره ئه‌م میتۆده له عێراق و سعوودیه و وڵاتانی تر به‌و جۆره كار ناكات. وا ده‌بینرێت میتۆده‌كه بۆ عێراق و وڵاتانی تر پێوه‌ندی هێز بێت به‌و مه‌رجه‌ی دۆخی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی زیاتر له‌ناو (ئه‌ناركیزم و نه‌بوونی ئۆرده‌ر)دا بمێنێته‌وه. ئێران و شیعیزم له‌ناو بۆشایییه‌كانی ئه‌ناركیزمی دنیای ئه‌مڕۆدا ده‌ژین و گه‌شه ده‌كه‌ن، ده‌جووڵێن و خۆیان به‌رهه‌م دێننه‌وه.
حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك یاده‌وه‌ری
حه‌شد وه‌ك هێز خه‌یاڵێكی ئێرانییه، به‌ڵام له عێراق ده‌جووڵێت و زیگزاگ ده‌كات و كۆنفڕانسی دژه-تیرۆر ڕێك ده‌خات! یاده‌وه‌ری به‌و مانایه‌ی (گابرێڵ گارسیا ماركیز) له ڕۆمانی (سه‌د ساڵ ته‌نیایی)دا باسی ده‌كات. ئه‌وكاته‌ی خه‌ڵكی گوندێك یاده‌وه‌ری و دوێنێیان له ده‌ست ده‌ده‌ن و بۆ پاراستن و هه‌ڵگرتنی یاده‌وه‌رییه‌كان ناچارن ناوی هه‌موو شته‌كان وه‌ك خۆی بنووسنه‌وه.
ده‌بێت وه‌ك خه‌ڵكی گونده‌كه‌ی ماركیز هه‌موو به‌یانییه‌ك حه‌شد بنووسینه‌وه! حه‌شد كێیه و چییه؟ چۆن كار ده‌كات و له یاده‌وه‌ری ئێمه ده‌مێنێته‌وه! نه‌ك زوو له بیرمان بچێته‌وه.
سعوودیه و ئێران
ده‌نگۆیه‌ك هه‌یه گوایه سه‌عد حه‌ریری له‌ژێر گوشاری سعوودیه ده‌ستی له‌كار كێشاوه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت له سعوودیه ده‌ستبه‌سه‌ر بووه و ناچار كراوه به‌یاننامه‌ی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه بخوێنێته‌وه. دیاره ئه‌مه مانای وایه سعوودیه له‌ژێر فشارێكی زۆری ئێران و شیعه‌دایه به‌تایبه‌ت له دوای داعشه‌وه ئێران توانی هه‌موو تواناكانی خۆی ببووژێنته‌وه و پایه‌كانی خۆی تازه بكاته‌وه هه‌ر له یه‌مه‌نه‌وه تا ده‌گاته سووریا و عێراق و لبنان .
دیاره دنیای سعوودی ئاڵۆز و داخراوه به‌تایبه‌ت سیستمه حوكمڕانییه‌كه‌یی و دۆخی ناوخۆیی, هه‌زاران شازاده‌ی بنه‌ماڵه‌ی ئال-سعوود و دنیایه‌كی گه‌وره له گه‌نده‌ڵی و نایه‌كسانی و ئه‌ندازه‌یه‌كی گه‌وره‌ش له به‌رخۆریزم. وا ده‌بینرێت سعوودیه‌ش له ئاستی ناوخۆیی به‌گرتنی (وه‌لید بن ته‌ڵاڵ) و كردنه‌وه‌ی گرتوخانه‌یه‌كی پێنج ئه‌ستێره‌یی بۆ گه‌نده‌ڵكاران پیشانی بدات كه ده‌یه‌وێت هه‌ستێته‌وه و خۆی له دۆخی به‌گریكردن ڕزگار بكات.
له ئاستی ده‌ره‌كیش به ناچاركردنی سه‌عد حه‌ریری په‌یامێكی خێرا بنێرێت بۆ ئه‌وه‌ی چیتر ئێران جووڵه نه‌كات و هێرش نه‌هێنێت! زیندووبوونه‌وه‌ی سعوودیه ئاسان نییه به تایبه‌ت له‌ڕووی جیۆپۆله‌تیكییه‌وه مردوو و داخراوه له به‌رامبه‌ر بلۆكی شیعه‌دا.