په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
یه‌كێك له‌و پرسیاره سه‌ره‌تایییانه‌ی ده‌كرێت، پرسیاری پێوه‌ندی نێوان توندوتیژی و مێژووه، ئه‌م دووانه‌یه چۆنه به‌یه‌كه‌وه كار ده‌كه‌ن و چ جۆره پێوه‌ندییه‌ك به‌رهه‌میان دێنێته‌وه، بۆچوونێك هه‌یه پێی وایه توندوتیژی وه‌ك چه‌مكێكی سۆسیۆلۆجی له‌ناو مێژوودایه و له‌گه‌ڵ مێژوودا به‌رده‌وام خۆی تازه كردووه‌ته‌وه. ده‌كرێت بڵێین ئه‌گه‌ر كوشتنی هابیل له‌لایه‌ن قابیله‌وه سه‌ره‌تای مێژوویه‌كی تازه بێت، ئه‌وا مێژوو و سه‌ره‌تایه‌كی پڕ له توندوتیژی بووه. ئه‌م دووانه‌یه (توندوتیژیی و مێژوو) به‌یه‌كه‌وه‌ن و كرده و فۆڕمی توندوتیژییه‌كه‌ش به‌پێی چوارچێوه كولتووری و فه‌رهه‌نگی و سیاسی و په‌روه‌رده‌یی و ئاینییه‌كه، سنووره‌كانی خۆی داده‌ڕێژێته‌وه و ده‌رده‌كه‌وێت.
دیاره ئه‌م بۆچوونه پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه توندوتیژی چه‌مكێكی جه‌وهه‌رگه‌را نییه و جه‌وهه‌رێكی سه‌ربه‌خۆ و نه‌گۆڕ و نامێژوویی نییه و له‌ناو مێژوودا ئاماده‌یه و به‌شێوه‌ی جیاواز خۆی ده‌خاته‌وه ڕوو.
ئه‌م بۆچوونه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه شۆڕشی پیشه‌سازی و گه‌شه‌ی سه‌رمایه‌داری هه‌م ده‌ستكاری فۆڕمه‌كانی توندوتیژی كردووه وه‌ك كرده و هه‌میش خێزانی وه‌ك خانه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی داڕشتووه‌ته‌وه و ئه‌ركی ئه‌ندامان و پێوه‌ندییه‌كانی نێوانیان و جووڵه و ڕه‌فتاره‌كانی ڕۆژانه و پرسی حه‌ز و خولیا و چوارچێوه‌كانی چێژ و دۆخی ئابووریی و چۆنیه‌تیی پێوه‌ندیكردنیان به خانه‌یه‌كی تری كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌كه به یه‌كه‌یانی ده‌ستكاری كردووه.
خێزان له كۆمه‌ڵگه‌ی پیشه‌سازیدا به‌ستراوه‌ته‌وه به ئامێر و كارخانه‌كان، ده‌كرێت بڵێین به‌له‌دایكبوونی شۆڕشی پیشه‌سازی و مۆدێلی تازه‌ی به‌رهه‌مهێنان و هێز، خێزانی تازه و مۆدێڵی تازه‌ی خێزانیش له دایك ده‌بێت كه بنه‌ما ناوه‌كییه‌كانی ئه‌م خێزانه جیاوازه له خێزانه كلاسیكییه‌كانی تر و ئه‌ندازه‌ی ڕێكخستن و ئاراسته‌كردنی پێوه‌ندی نێوان ئه‌ندامانی خێزانیش میكانیكییه و جۆرێك له توندوتیژی تایبه‌تی تێدا به‌رهه‌م دێت.
ئه‌م دۆخه پێوه‌سته به‌وه‌ی سیستمی سه‌رمایه‌داریش وه‌ك منداڵێكی گوێڕایه‌ڵی شۆڕشی پیشه‌سازیی، چه‌نده هه‌وڵ ده‌دات تاك له خێزان ئۆتۆنۆم بكات و بیهێنێته ده‌ره‌وه و له‌ناو بازاڕ و كاڵاكاندا جێگیری بكات، دواتریش له سیستمه كۆمه‌ڵایه‌تییه نه‌ریتخواز و پارێزگاره‌كاندا ئه‌م شێوه كاركردنه میكانیكییه خۆی بگۆڕێت بۆ شێواز و جۆری تازه‌ی توندوتیژی و خێزانیش ببێت به یه‌كه‌م كارخانه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م توندوتیژییانه.
خێزانی كوردی و توندوتیژی
یه‌كێك له ناشیرینییه‌كانی خێزانی كوردی داخراویی و دابڕانێتی له‌گه‌ڵ خانه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی تردا. داخراو و دابڕان به‌و مانایه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا له پێوه‌ندیدا نییه و به‌سه‌رهات و حیكایه‌ت و ڕووداوه‌كانی ناوه‌وه‌ی نه‌زانراو و شاراوه‌یه! ئه‌وه‌تا منداڵێكی وه‌ك (یوسف) گه‌وره‌ترین تراجیدیای ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه و ده‌گات به لێواری مردن كه‌س نازانێت و چیڕۆكه‌كه‌ی ده‌شارێته‌وه! خێزانی كوردی به سه‌دان دیوار و فۆڕمی تایبه‌تی بێده‌نگبوون ده‌وره دراوه و هیچ ده‌رفه‌تێكی نه‌هێشتووه‌ته‌وه بۆ ئاشكرابوونی هه‌موو ئه‌و چیڕۆكه تراجیدی و پڕ له توندوتیژییانه‌ی له‌ناو یه‌كه ناوه‌كییه‌كانی خێزان ڕۆژانه ڕوو ده‌ده‌ن.
ده‌كرێت بڵێین خێزان له دنیای كوردیدا مردووترین خانه‌ی ناو جه‌سته‌ی سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه‌یه و ئامێرێكی گه‌وره‌یه بۆ شاردنه‌وه و لوولدانی هه‌موو ئه‌و جۆر چیڕۆكه مه‌رگئاسا و دژه ژیاندۆستییه‌ی به‌رهه‌میان دێنێت، به‌ڵام وێنه‌یه‌كی ڕۆمانسی و نموونه‌یی بۆ دروست ده‌كات و وای پیشان ده‌دات كه خێزانی ئێمه هیچ كێشه‌یه‌كی قووڵ و سۆسیۆلۆجییانه‌ی نییه و بزوێنه‌ری مه‌كینه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی كۆی ڕووبه‌ره‌كانی ئێمه‌یه و ڕێژه‌یه‌كی بێ ئه‌ندازه له خۆشه‌ویستی و به‌خته‌وه‌ریی و میهره‌بانی و ڕێز ده‌به‌خشێته‌وه.
خێزانی كوردی و كێشه‌ی ده‌سه‌ڵات
وه‌ك چۆن ئێمه له پرسی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا له گرفت و كێشه‌داین، به‌هه‌مانشێوه له‌ناو خێزاندا و له ناویشیدا له پرسی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌دا له كێشه و ته‌نگژه‌داین و فۆڕمی ده‌سه‌ڵاته‌كه هه‌م پاتریاركییانه‌یه و هه‌میش هیراركییه، له سه‌ره‌وه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كه ڕێبه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه كه خۆی له باوكێكی بایه‌لۆجی و هه‌ندێك جار نا-بایه‌لۆجی ده‌بینێته‌وه كه خواره‌وه‌ی خۆی به‌هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌وه دیسپلین ده‌كات و بۆچوون و جیهانبینی و بڕیاره‌كانی خۆی به‌سه‌ریاندا ده‌سه‌پێنێت. لێره‌وه خێزانی كوردی ده‌بێته‌وه به ده‌زگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بیرۆكراتی و ئه‌ركی ده‌بێت به به‌رهه‌مهێنانی تاكی وه‌ك یه‌ك و هاوشێوه و هاوڕه‌فتار و یه‌ك ڕه‌هه‌ند.
فۆڕمی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات و پێوه‌ندییه‌كان له نێوان ژن و مێرد و له نێوان منداڵ و دایك و باوك و له نێوان داپیره و باپیره و نه‌وه‌كان و له نێوان گه‌وره و بچووكه‌كاندا، پێوه‌ندییه‌كی ئاڵۆز و ناهاوسه‌نگ و گرفتئامێزه و به‌هیچ لۆجیك و چاودێرییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕێك نه‌خراوه، ئه‌مه‌ش كرده‌ی تۆقێنه‌رانه‌ی توندوتیژی و سووكایه‌تی پێكردن و شكۆشكاندن و ده‌ستدرێژی له‌ناو خێزانی كوردیدا دروست كردووه.