په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
قسه‌كردن له‌سه‌ر پرسی تۆتالیتاریزم قسه‌كردنه له‌سه‌ر دنیایه‌كی زۆر تایبه‌ت و جۆره ده‌سه‌ڵاتێك كه ده‌یه‌وێت له هه‌موو گۆشه‌كانی كۆمه‌ڵگه و له‌ناو خێزان و قوتابخانه و خانه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ئاماده بێت! له شه‌قامه‌كاندا ئاماده بێت! ئێواران له تی ڤییه‌كاندا ده‌ركه‌وێت! له ڕادیۆ فه‌رمییه‌كانی ده‌وڵه‌تدا ئاماده بێت! ده‌سه‌ڵات لێره له هه‌موو شوێنێكه و وه‌ك سێبه‌ر به‌دوای هه‌موو كه‌سێكه‌وه‌یه و له ناخ و دیوی ناوه‌وه‌ی هه‌موو كه‌سێكدا ده‌ژی.
ئه‌م جۆره ده‌سه‌ڵاته فۆڕمێكی ئاڵۆز و فره‌چه‌شنی هه‌یه و پشت به به‌رهه‌م و كه‌ره‌سته‌كانی زانستی مۆدێرن و مۆدێرنه ده‌به‌ستێت و له‌سه‌ر مانا جیاوازه‌كانی مۆدێرنه‌ش گه‌شه ده‌كات و گه‌وره ده‌بێت و ده‌گاته لووتكه. كار له‌سه‌ر په‌یكه‌رێكی گه‌وره‌ی بیرۆكراتی كارگێڕی و داگیركردنی ئامرازه جیاوازه‌كانی ڕاگه‌یاندن و ورووژاندنی سۆزی خه‌ڵك و به‌رهه‌مهێنانی خه‌یاڵێكی گه‌وره‌ی ئایدۆلۆجی و دروستكردنی دوژمنی گه‌وره ده‌كات.
له دنیای تۆتالیتاریزم‌دا هه‌موو كات دوژمنێكی ترسێنه‌ر و هه‌میشه‌یی و خه‌وتوو ئاماده‌یه و هه‌موو چركه‌یه‌ك ده‌كرێت ئه‌و دوژمنه له‌خه‌و هه‌ڵسێت و هێرش بێنێت. ئه‌م جۆره ده‌سه‌ڵاته به وردی كار له‌سه‌ر پاوانكردنی كایه‌ی په‌روه‌رده، ئابووری، ڕۆحیه‌تی مێژوویی و زانستی و فه‌لسه‌فی و فه‌رهه‌نگیش ده‌كات و خۆی چوارچێوه و بنه‌ماكانی بۆ داده‌نێت.
هانا ئارێنت پێی وایه، تۆتالیتاریزم ڕژێمه و له‌ناویشیدا ڕژێمێكه به‌ته‌نیا له‌گه‌ڵ دوژمنه‌كانی دڵڕه‌ق و بێ به‌زه‌یی نییه، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ هاوڕێ و دۆست و پێڕه‌وانی خۆیشیدا دڵڕه‌ق و توندڕه‌فتار و بێ به‌زه‌ییه و هه‌میشه ڕۆحیه‌تی هه‌ستكردن به گوناه و تاوان و كه‌مته‌رخه‌می له ناخی ئه‌ندامه‌كانیدا ده‌چێنێت و به‌رهه‌م دێنێت.
ده‌كرێت بڵێین ئه‌م ڕژێمه خاوه‌ن بیركردنه‌وه‌یه‌كه هیچ كات دۆست و دوژمنه‌كانی خۆی پێناسه ناكات و نایانناسێنێت، به‌ڵكو زیاتر كار له‌سه‌ر تێكه‌ڵكردنی پێناسه و مانا جیاوازه‌كانی دۆست و دوژمن و هاوڕێ و هه‌ڤاڵ و نه‌یارانیدا ده‌كات و تا به ئاسانی له هه‌ر چركه‌ساتێك و له هه‌موو كاتێكدا بتوانێت خۆی بڕیار بدات كێ وه‌ك دۆست پیشان بدات و كێ وه‌ك دوژمن. بۆچوونێك هه‌یه پێی وایه تۆتالیتاریزم بریتییه له كارخانه‌ی به‌رهه‌مهێنانی یار و نه‌یار و دروستكردنی شێوه و قه‌باره و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی.
له‌و ڕژێمه‌دا هه‌موو تاكه‌كان ده‌بێت وه‌ك یه‌ك بیر بكه‌نه‌وه و وه‌ك یه‌كیش هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن و بژین. جیاوازبوون و خۆ جیاكردنه‌وه له هاوڕێ و هه‌ڤاڵانی ڕژێم تاوان و خیانه‌تێكی گه‌وره‌یه و سزای تایبه‌تی بۆ داده‌نرێت، به‌به‌رچاوی هه‌مووانه‌وه و بۆ هیچ كه‌سێكیش نییه فاڵگرتنه‌وه و حیكایه‌ته سه‌یروسه‌مه‌ره‌كانی ڕژێمی تۆتالیتا‌ر وه‌ك ڕێكلام و پڕوپاگه‌نده‌یه‌كی سیاسی و بێ مانا ته‌ماشا بكات، به‌ڵكو ده‌بێت وه‌ك ڕاستییه‌كی ڕه‌ها و حیكایه‌تێكی ڕاسته‌قینه و مێژوویی له ڕابردوودا ببینێت و وه‌ك ڕاستی و فاكتێكی زانستیش له داهاتوودا وێنا بكات.
ده‌كرێت بڵێین وه‌ك ئه‌وه‌ی نازییه‌كان بانگه‌شه‌یان بۆ تیۆری ڕه‌گه‌زپه‌رستی و باڵایی ده‌كرد، وه‌ك ڕاستییه‌كی ڕه‌ها كه ڕه‌وایه‌تی له ڕۆحی مێژوویی ئه‌ڵمانه‌وه وه‌رگرتووه و زانستی بایۆلۆجیاش وه‌ك ڕاستییه‌كی زانستی پشت ڕاستی كردووه‌ته‌وه.
هانا ئارێنت پێی وایه، هه‌ڵه‌یه ئه‌گه‌ر ئێمه پێمان وابێت ڕژێمی تۆتالیتا‌ر ڕژێمێكی دكتاتۆری سه‌ربازییه و كار له‌سه‌ر به میلیتاركردنی كۆمه‌ڵگه و تاكه‌كان ده‌كات، چونكه له‌ناو ده‌زگه‌ی سوپا و دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیشدا پله‌به‌ندییه‌ك هه‌یه له‌ڕێیه‌وه ڕێز له بیرۆكراتیه‌تی پیشه‌یی و پله‌به‌ندی سه‌ربازی ده‌گیرێت و پێگه‌یه‌كی ئاشكرا به هه‌ریه‌كێك له سه‌رباز و ئه‌ندامانی سوپا ده‌درێت.
ده‌سه‌ڵاته تۆتالیتاره‌كان هه‌میشه كار له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هاوڕێیه‌تی و شێوه جیاجیاكانی هاوڕێیه‌تی و بازنه‌كانی لێك نزیكبوونه‌وه و دروستكردنی پێوه‌ندییه‌كان و ئه‌ندازه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌ن له‌ناو خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه‌دا به‌بیانووی ئه‌وه‌ی باری نائاسایی وڵات و شۆڕش هه‌میشه وا ده‌خوازێت كه هاوڕێیه‌تی و پێوه‌ندییه كه‌سییه‌كان ده‌بێت دوا بخرێت بۆ كاتێكی نادیار، ده‌بێت هاوڕێیه‌تی و دڵسۆزی ته‌نیا له‌گه‌ڵ ڕژێم و خانه و ئۆرگانه‌كانی ناو ده‌سه‌ڵاتدا دروست بكرێت.