په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
وا دیاره له دوای هاتنی داعشه‌وه بۆ مووسڵ، سوننه‌كانی عێراق وا خۆیان پیشان ده‌ده‌ن كه (ناوه‌ند/ماڵ Core)یان لێ تێكچووبێت و به‌ناچاری به‌ره‌و (كه‌نار/ په‌راوێزPeriphery ) ڕۆیشتوون. پرسی ناوه‌ندبوون بۆ سوننه‌كانی عێراق مانای ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر شیعه له دوای 2003ه‌وه وه‌ك ناوه‌ند ده‌رده‌كه‌وێت و له دۆخی هێرشبردندان، ئه‌وا سوننه‌كانیش وه‌ك ناوه‌ند له دۆخی به‌رگریدان. دیاره له دوای داعشه‌وه ئه‌م بهناوهندبوونهوهی سوننه له عێراق به‌ره‌و داڕمان ده‌چێت! به‌شێكی زۆری سوننه‌كان یان بوون به ئاواره/IDP یانیش بوون به كۆچبه‌ر/Refugee و ڕوو له وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌كه‌ن و مافی مانه‌وه و وڵاتینامه وه‌رده‌گرن.
ئه‌م دۆخه لای سوننه‌كان وه‌ها وێنا ده‌كرێت كه به‌غدا وه‌ك هێزێكی شیعی ئاماده نییه سوننه وه‌ك ژێرخان و بنه‌ماكانی ژیان دابڕێژێته‌وه و تازه بكاته‌وه و ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی دنیاش نایانه‌وێت پاره و یارمه‌تی به به‌غدا بده‌ن و دواتریش شیعه‌ی وه‌ك هێز و قورسایی پێ به‌رهه‌م بێته‌وه. به‌ڵام له ڕووی جیۆپۆڵه‌تیك و جیۆستڕاتیجییهوه، داڕمانی سوننه له عێراق كێشه بۆ توركیا و سعوودیه دروست ده‌كات. ئه‌م دوو هێزه وای ده‌بینن نائاماده‌یی سوننه ده‌رگه‌ی هاتنه‌ژووره‌وه‌یان بۆ عێراق به‌سه‌ردا داده‌خات.
پرۆسه‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر سوننه له عێراق ئاماده بێت، توركیا و سعوودیه ده‌توانن بێنه ژووره‌وه و جووڵه بكه‌ن. سعوودیه ساڵی ڕابردوو ئه‌نجوومه‌نێكی هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ عێراق و عه‌بادی دروست كرد. دیاره سعوودیه وای ده‌بینێت ده‌بێت ده‌رگه‌ی هاتنه ژووره‌وه‌ی عێراق ئه‌گه‌ر له‌ڕێی به‌غدایشه‌وه بێت، بكاته‌وه، ئه‌گه‌ر نا ئێران سعوودیه به‌ته‌واوی ده‌خاته ده‌ره‌وه له ناوچه‌كه!
سوننه‌كان وا هه‌ست ده‌كه‌ن "مووسڵ" هێشتا له دۆخی سروشتیدایه بۆ ئه‌وان و هێشتا ئه‌و دۆخه ئاماده‌یه كه (تۆماس هۆبز) ناوی ناوه "مرۆڤ گورگی مرۆڤه" و هیچ جۆرێك له ئاسایش و دڵنیایی و سه‌قامگیری ئاماده‌یی نییه. جاران سوننه‌كان خۆیان ئۆرده‌ر و دڵنیایی و پرسی ئاسایشیان بۆ خۆیان به‌رهه‌م ده‌هێنا. ئێسته پێچه‌وانه‌یه! سوننه‌كان په‌رشوبڵاو و بێ جیۆگرافیا و ئۆردهرن! هیچ پانتایییه‌ك نییه له‌ناویدا بژین و پێ ده‌چێت وه‌ك نائومێدییه‌ك له دۆخه‌كه له تاراوگه جۆرێك له ناسیۆنالیزمی مه‌زه‌ویی له داهاتوودا، بۆ خۆیان به‌رهه‌م بێننه‌وه.
مووسڵ چ گرنگییه‌كی بۆ توركیا و بلۆكی سوننه هه‌یه؟
توركیا وه‌ك حه‌وشه‌ی پشته‌وه‌ی خۆی له مووسڵ ده‌ڕوانێت. له مێژووی كۆن و نوێ‌دا، ئه‌و شاره پێگه‌یه‌كی جیۆسیاسی، جیۆستراتیجی و جیۆئابووریی بۆ توركیا هه‌بووه. توركیا وه‌ك به‌شێك له دنیا و بلۆكبهندیی سوننه، مه‌به‌ستیه‌تی جارێكی تر هێزی سوننه‌ی عێراقی ڕێك بخاته‌وه و ئاراسته‌یان بكات. جارێكی تر شوناسی سیاسی و مه‌زه‌وییان بۆ ڕاست بكاته‌وه و له ڕێكخستنی سیاسی و داهاتووی عێراقدا ڕۆڵیان پێ ببه‌خشێته‌وه و مووسڵ بكات به ماڵه گه‌وره‌كه و سه‌نته‌ری هێز و دنیابینیی سوننه له عێراقدا.
له سیسته‌می هه‌رێمی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، كۆمه‌ڵێك ئه‌كته‌ر ڕكابه‌ری و ململانێ له‌سه‌ر مووسڵ وه‌ك جیۆگرافیایه‌كی سیاسی و ستراتیجی ده‌كه‌ن، توركیا، قه‌ته‌ڕ و سعوودیه وه‌ك ئه‌كته‌رێكی گه‌وره له‌لایه‌ك و به‌ره‌یه‌ك، ئێران و ده‌سته‌بژێری شیعیی فه‌رمانڕه‌وا و حه‌شدی شه‌عبی و هێزه شیعه‌كانی تری عێراق له‌لایه‌كی تره‌وه. به‌ڵام مووسڵ بۆ جه‌مسه‌ری سوننه و توركیا زۆرترین مانا و گرنگیی هه‌یه و توركیا له هه‌موو ئه‌كته‌ره‌كانی تر زیاتر له هه‌وڵدایه بۆ ده‌ستبردن بۆ ئه‌و پارێزگایه و له هه‌موویان زیاتر كار بۆ پارێزگاریكردن له مووسڵ ده‌كات، ئه‌مه‌یش له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك فاكته‌ری سه‌ره‌كی:
یه‌كه‌م: مووسڵ قووڵایییه‌كی ستراتیجیی بێ ئه‌ندازه‌ی بۆ توركیا هه‌یه، به‌ڕێوه‌بردنی مووسڵ ڕاسته‌وخۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌موو سوننه‌كانی عێراقه و هاوسه‌نگیی هێزی مه‌زه‌وی و سه‌نته‌ری دروستكردنی بڕیاره له ئێسته و داهاتوویش له به‌رانبه‌ر شیعه‌دا. به‌شێك له دانیشتووانی مووسڵ، به‌تایبه‌ت ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی، توركمانن و توركیا ده‌یه‌وێت چاودێرییان بكات و له هه‌ر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كی هێزه شیعییه‌كان بیانپارێزێت و ته‌نانه‌ت له ڕووی سه‌ربازییشه‌وه ڕێكیان بخات و مه‌شق و ڕاهێنانی سه‌ربازییان پێ بكات و یارمه‌تیی لۆجستیكییان پێ بدات.
دووه‌م: خۆرئاوای مووسڵ، كۆڕیدهرێكی گرنگه بۆ ئێران و شیعه بۆ گه‌یشتن به ده‌ریای سپیی ناوه‌ڕاست. ئێران زۆر به ڕژدی بیری له‌و بژارده‌یه كردووه‌ته‌وه و كار بۆ ئه‌وه ده‌كات له ڕێگه‌ی كۆنتڕۆڵكردنی خۆرئاوای مووسڵه‌وه پڕۆژه‌ی "هیلالی شیعی" پڕاكتیزه بكات و قووڵاییی ستراتیجیی خۆی له كه‌نداوی عه‌ره‌بییه‌وه تا ده‌ریای سپیی ناوه‌ڕاست به‌م كۆڕیدهرهوه دروست بكات.
ئه‌م پڕۆژه‌یه ئه‌گه‌ر سه‌ر بگرێت، ئه‌ندازیاری (هه‌نده‌سه)ی سیاسی و مه‌زه‌وی و جیۆپۆڵهتیكیی سوننه له ناوچه‌كه تێك ده‌شكێنێت و ئێران به‌ئاسانی ده‌توانێت جیۆپۆڵه‌تیكی شیعه به‌سه‌ر سوننه‌دا زاڵ بكات. توركیایش به گرنگییه‌وه له‌و بابه‌ته ده‌ڕوانێت و هه‌وڵ ده‌دات ئه‌و ئه‌ڵقه‌یه له جیۆپۆڵه‌تیكی شیعه تێك بشكێنێت و بیپچڕێنێت و له جیۆگرافیای مووسڵی داببڕێنێت و دووری بخاته‌وه.