په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
سه‌ره‌تا له‌و پرسیاره‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌ین كه حه‌شدی شه‌عبی چییه و كێیه؟ چۆن حه‌شد بناسین و تیۆریزه‌ی بكه‌ین؟ دیاره به‌شێكی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره پێوه‌سته به چركه‌ساتی له‌دایكبوونی حه‌شد وه‌ك هێزێكی چه‌كدار و پاڕامیلیتار. چركه‌ساتی دروستبوونی حه‌شدی شه‌عبی چركه‌ساتێكی ئاینی و له‌ناویشیدا مه‌زه‌وییه! (عه‌لی سیستانی) وه‌ك ڕابه‌ر و وه‌ك سه‌رچاوه/ڕیفرنسی دنیای شیعه‌كان له عێراقدا فه‌توا ده‌دات تا هێز له دایك و دروست بێت.
دیاره فه‌توا لێره‌دا وه‌ك بڕیارێكی ئاسمانی یا ویستێك كه خواوه‌ند مه‌یلی له‌سه‌ر بێت، باشتر ده‌توانێت هیراركیه‌تی هێزی سه‌ربازی و دیسپلینی فه‌رمانده‌یی و بیرۆكراتییه‌تی دامه‌زراوه‌كه ڕێك بخات یا به‌ها سیاسی، ئاینی، مه‌زه‌وی و جیۆگرافییه‌كان دابه‌ش بكاته‌وه. فه‌توا له دنیای عه‌ره‌بی و له‌ناویشیدا شیعه، كارخانه‌یه‌كی گه‌وره‌یه بۆ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی هێز و ململانێ و دروستكردنی سه‌رمایه‌ی مه‌زه‌وی و سیمبۆلی، به‌تایبه‌ت له دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عسه‌وه شیعه‌كانی دنیا وا هه‌ست ده‌كه‌ن ده‌بێت له دۆخی به‌رگرییه‌وه بۆ دۆخی هێرشبردن هه‌نگاو بنێن و له ده‌ره‌وه‌ی جیۆگرافیا و جیۆپۆڵه‌تیكی خۆیاندا جووڵه بكه‌ن! ئه‌م دۆخه له ئه‌ده‌بیاتی شیعه‌دا به دۆخی زیندووبوونه‌وه و هه‌ستانه‌وه‌ی شیعه و چركه‌ساتی له‌دایكبوونه‌وه‌ی شیعه داده‌نرێت وه‌ك هێزێكی سیاسی-مه‌زه‌وی له به‌رانبه‌ر ئه‌وانی تردا.
یه‌كێك له ماناكانی دروستكردنی هێز/میلیشیا له ڕێی فه‌توا و بڕیار به‌ناوی ئاین و مه‌زه‌وه‌وه، خۆئاماده‌كردن و خۆڕێكخستنه بۆ پاراستنی ئه‌و چوارچێوه‌یه كه ئه‌كته‌رێك له‌ناویدا ده‌ژی و هه‌ست به داڕمان و داكه‌وتن و توانه‌وه ده‌كات. پرسی دروستبوونی حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك هێز و گرووپێكی چه‌كداری پرسێكی تیۆكراسی-سه‌ربازییه. ئه‌مه مانای وایه شیعه وه‌ك مه‌زه‌و و جه‌مسه‌رێك له ئاینێكی ئاسمانی، هێشتا پێویستی به هێز و سه‌ربازه بۆ پاراستنی شوناس و چوارچێوه سیاسی و جیۆپۆڵه‌تیكییه‌كه‌ی.
شوناس به‌و مانایه‌ی شیعه هێزێكه نابێت بمرێت، به‌ڵكو ده‌بێت بژی و بجووڵێت و خۆی تازه بكاته‌وه هه‌ر مه‌ترسییه‌كیش بۆ سه‌ری له‌ڕێی هێز و چه‌كداره‌وه تێپه‌ڕێنێت، تا ته‌مه‌نی خۆی درێژتر بكاته‌وه. شوناسی شیعه‌بوون له دنیای ئه‌مڕۆدا، واته زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا، به‌تایبه‌ت هێزه سوننی و هێزه خۆرئاوایییه‌كان و گه‌یشتن به ده‌ریا و ڕووبه‌ری ئاوی، تا ده‌رفه‌ت بۆ ئه‌وانی تر نه‌مێنێته‌وه خۆیان ڕێك بخه‌نه‌وه و ببن به هێز و ئه‌كته‌ری پله یه‌ك.
حه‌یده‌ر عه‌بادی و حه‌شدی شه‌عبی
حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به بڕیارێك حه‌شدی شه‌عبی تێكه‌ڵ به سوپای عێراق ده‌كات. پێشتریش له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراقه‌وه حه‌شدی شه‌عبی به یاسایی كراوه و له چوارچێوه‌ی یاسادا ددانی پێدا نراوه. تێكه‌ڵكردنی حه‌شدی له‌گه‌ڵ سوپای عێراق، پرۆسه‌یه‌كی هه‌م ئاڵۆز و هه‌میش فره‌ڕه‌هه‌نده و زیاتر له مانایه‌كی سیاسی و مه‌زه‌وی هه‌ڵده‌گرێت. وا ده‌رده‌كه‌وێت حه‌شد و سوپا له‌مه‌ودوا وه‌ك دوانه‌یه‌ك له عێراقدا یه‌كتر ته‌واو بكه‌ن و له‌گه‌ڵ یه‌كتر له پێوه‌ندیدا بن. ئه‌م دۆخه زیاتر دۆخی زاڵكردن و به دامه‌زراوه‌كردنی میلیشیایه‌كی مه‌زه‌وی شیعییه له‌ناو سوپادا.
ئه‌م دوو ئه‌كته‌ره له‌مه‌ودوا ده‌بێت له‌ناو په‌یكه‌رێكی سه‌ربازی شوناس به‌رهه‌م بێننه‌وه! مه‌رجه‌ع و به‌هاكان دیاری بكه‌ن! پێ ده‌چێت پرۆسه‌كه به‌و ئاراسته‌یه بڕوات سوپای عێراق ببێت به ئامێرێكی گه‌وره به‌ده‌ست مه‌رجه‌عی شیعه‌كانه‌وه! ئه‌مه مانای وایه چیتر هیچ ئه‌كته‌رێكی سیاسی شیعی به‌تایبه‌ت سه‌رۆك وه‌زیران كه فه‌رمانده‌ی هێزه چه‌كداره‌كانه له عێراق، ناتوانێت له‌گه‌ڵ سوپا له پێوه‌ندیدا بێت و فه‌رمان بكات! ئه‌م دۆخه له بنه‌ڕه‌تدا گواستنه‌وه‌ی هێزه له ناو حكوومه‌ت وه‌ك به‌شێك له سیستمی سیاسی بۆ ناو دامه‌زراوه‌ی ئاینی و مه‌زه‌وی له عێراقدا و (عه‌لی سیستانی)یش له سه‌ره‌وه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كه ده‌بێت و چوارچێوه‌ی سه‌رباز و سیستمی ئاسایشی ئه‌و وڵاته ئۆرگانیزه ده‌كات.
وا ده‌بینرێت موتروبه‌كردنی میلیشایه‌كی وه‌ك حه‌شدی شه‌عبی له‌گه‌ڵ سوپادا، دروستكردنی حكوومه‌تێكی سێبه‌ر بێت به‌سه‌ر ده‌زگه مه‌ده‌نییه‌كانی تره‌وه، یا مۆدێلی هێزێكی مه‌زه‌وی له‌ناو ده‌وڵه‌تدا تا ڕۆڵی پۆلیس ببینێت و له هه‌موو شوێنێك ئاماده بێت و پارێزگاری له شوناسه مه‌زه‌وییه‌كه و سه‌رمایه و سیمبۆلییه‌كانی شیعه بكات. ئه‌م مۆدێله تۆتالیتاریزمی مه‌زه‌وییه و له داهاتوودا یه‌كێك له كاره‌كانی ئه‌وه ده‌بێت چۆن كورد به پله‌ی یه‌ك و سوننه به پله‌ی دوو، بكات به دوو هێزی مردوو و شوناسیان لێ بستێنێته‌وه و له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تدا بیانخاته ده‌ره‌وه.