په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
یه‌كێك له كێشه‌كانی توركیای هاوچه‌رخ پرسی ڕوانینێكی ئیمپڕاتۆرانه‌یه بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆی، بۆ دراوسێكانی، بۆ ئه‌و جیۆگرافیا سیاسییه‌ی ڕۆژگار و سه‌رده‌مێك به‌شێك بوونه له ئیمپڕاتۆرییه‌ته‌كه‌ی، ئه‌م دیده‌ی توركیا له‌سه‌ر سێ بنامه داڕێژراوه (بونیاد، سه‌روه‌ری و تێریتۆری) و ده‌كرێت ناوی بنێین سیانه‌ی توركیا بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ نۆستالۆجیا و گه‌ڕانه‌وه بۆ یاده‌وه‌ری و حیكایه‌ته‌كانی سه‌رده‌می عوسمانیزم.
توركیا له‌ڕووی بونیاده‌وه وا هه‌ست ده‌كات هێشتا به‌شێكی زۆری خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ناوچه‌كه به‌شێكن له بونیاده‌كه‌ی به‌تایبه‌ت یه‌كه‌یه‌كی وه‌ك عێراق. یا وه‌رگرتنه‌وه‌ی دوورگه‌ی (سواكن) له سوودان كه ڕۆژگارێك به‌شێك بووه له بونیادی عوسمانیزم!
دیدی توركیا بۆ عێراق دیدێكی بایۆلۆجیانه‌یه و توركیا له ڕووی بونیاد، سه‌روه‌ری و تێریتۆرییه‌وه عێراق به منداڵ و نه‌وه‌ی خۆی داده‌نێت. وا ده‌بینرێت پێوه‌ندیی نێوان توركیا-عێراق ده‌چێته ناو میتۆدی پێوه‌ندی (ده‌وله‌تی باڵا و منداڵه‌كانی!)، به‌مه‌ش به‌رده‌وام هه‌وڵ ده‌دات له هه‌ناوی عێراق و تێریتۆرییه‌كه‌ی ئاماده بێت.
ساڵی ١٩٧٨ (كه‌نعان ئێڤرین)ی سوپاسالاری توركیا سه‌ردانی عێراق ده‌كات و بڕیاری پێكهێنانی كۆمیته‌یه‌كی هاوبه‌ش ده‌ده‌ن بۆ پرسی پاراستنی ئاسایش و هه‌واڵگری. هه‌ر له‌و سه‌ردانه‌دا هه‌ردوو وڵات ڕێ به یه‌كتر ده‌ده‌ن به‌قووڵایی (١٧كم) بچنه ناو خاكی یه‌كتره‌وه بۆ ڕاوه‌دوونانی جوداخوازه‌كان كه مه‌به‌ستی په‌كه‌كه و ڕێكخراوه كوردییه‌كانی تر بوو. ساڵی ١٩٨٢ (ته‌ها یاسین ڕه‌مه‌زان) جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سه‌ردانی توركیای كرد و واژووی له‌سه‌ر ڕێككه‌وتننامه‌یه‌كی نهێنی كرد كه ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی بریتی بوو له:
ڕێ به‌هێزی هه‌ردوو وڵات درا بچنه ناو خاكی یه‌كتره‌وه بۆ دژایه‌تی و له‌ناوبردنی تیرۆریستان (به‌قه‌ولی خۆیان كورد تیرۆریسته)
هاریكاری و هاوئاهه‌نگی ئاسایش و ئاڵوگۆڕی زانیاری هه‌واڵگری.
ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی تۆمه‌تباران به‌یه‌كتر و ئه‌نجامدانی مانۆڕی سه‌ربازی له‌ناو خاكی یه‌كتر و ڕاوه‌دوونانی به‌رهه‌ڵستكاره سیاسییه‌كان.
ڕێكه‌وتی (١٥ی تشڕینی یه‌كه‌می ساڵی ١٩٨٤) توركیا و عێراق جارێكی تر ڕێككه‌وتننامه‌یه‌كیان به‌ناوی (ڕاوه‌دوونانی گه‌رم) واژوو ده‌كه‌ن و ڕێ به یه‌كتر ده‌ده‌ن به قووڵایی (١٥كم) بێنه ناو خاكی یه‌كتره‌وه.
عێراق و توركیا (٣٧٧كم) سنووری هاوبه‌شیان له نێواندا هه‌یه و توركیا له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م ڕێككه‌وتننامه‌یه دێته ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان-عێراقه‌وه و له‌ڕووی بونیاده‌وه به به‌شێك له جه‌سته‌ی خۆی داده‌نێت و ده‌یه‌وێت له هه‌موو جومگه و كه‌ناڵه سنوورییه‌كانه‌وه بێته ژووره‌وه و سه‌روه‌ریی و شوناسه سیاسییه‌كه‌ی لێ بستێنێته‌وه.
توركیا و پڕۆژه‌ی گاپ
ئاو كه‌ره‌سته‌یه‌كی ئیكۆ-سیاسییه به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی له ئاو و ده‌ریاوه نزیكن و خاوه‌ن سه‌رچاوه‌ی ئاوی گه‌وره‌ن. له چه‌ند ساڵی داهاتوودا "ئاو" زیاتر له "نه‌وت" قسه‌وباسی له‌سه‌ر ده‌كرێت. توركیا یه‌كێكه له‌و ئه‌كته‌ره سیاسی و گرنگانه‌ی له هه‌موو ئه‌كته‌ره‌كانی تر زیاتر ده‌ست بۆ ئاو و به سیاسیكردنی ئاو ده‌بات، چونكه ئاو ده‌توانێت قووڵایی ستراتیجی بۆ توركیا قووڵتر و فراوانتر بكات. (پارتی داد و گه‌شه‌پێدان) له به‌رنامه‌یدایه تا ساڵی ٢٠٢٣ به‌رمیلێك ئاو به به‌رمیلێك نه‌وت بگۆڕێته‌وه له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه. ئاو به‌شێكه له "سمارت پاوه‌ر"، هه‌م ڕه‌گه‌زێكی نه‌رمی هه‌یه و هه‌میش ڕه‌گه‌زێكی ڕه‌ق. هه‌م هێزی نه‌رمه و هه‌میش هێزی ڕه‌ق. توركیا ئاو زیاتر بۆ به‌ستنه‌وه‌ی هه‌رێمه‌كانی ده‌وروبه‌ری به‌خۆیه‌وه وه‌ك ناوه‌ندێك به‌كار دێنێت و حه‌وشه‌ی پشته‌وه‌ی بۆ وڵاته‌كه‌ی پێ دروست بكات.
پڕۆژه‌ی باشووری خۆرهه‌ڵاتی ئه‌نادۆڵ/گاپ بریتییه له دروستكردنی ٢٢ به‌نداو له‌سه‌ر هه‌ردوو ڕووباری دیجله و فورات و بونیادنانی ١٩ پڕۆژه و وێستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با. پڕۆژه‌كه به ڕێژه‌ی ٨٠% پشت به ئاوی فورات و ٢٠% پشت به ئاوی دیجله ده‌به‌ستێت و ئه‌م پڕۆژه‌یه چه‌ندان پارێزگای كوردی وه‌ك دیاربه‌كر، باتمان، سرت و غازی عه‌نتاب و هتد.. ده‌گرێته‌وه و ٢٠%ی زه‌وی كشتوكاڵی توركیاش ده‌گرێته‌وه و تا ئێسته‌ش بڕی (٣٢) ملیار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی تێچووه.
ئاو ئێسته كه‌ره‌سته‌یه‌كی سیاسی گرنگی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیایه و له زۆر كاتدا وه‌ك چه‌كێكی كاریگه‌ر له به‌رانبه‌ر وڵاتانی هه‌رێمی به‌كاری هێناوه، به‌تایبه‌ت ئه‌وكاتانه‌ی كه توركیا ده‌یه‌وێت ته‌نگژه‌ی ناوخۆیی خۆی له‌بیر ڕای گشتی وڵاته‌كه‌ی بباته‌وه و ته‌نگژه‌كه بنێرێته ده‌ره‌وه و بیكات به ته‌نگژه‌یه‌كی ده‌ره‌كی.
توركیا له ساڵانی نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو به‌هۆی پرسی په‌كه‌كه‌وه پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ سوریادا تێكده‌چێت و یه‌كێك له‌و كارتانه‌ی كه به‌رانبه‌ر سووریاد له‌وكاته‌دا به‌كاری دێنێت، ئاو و سه‌رچاوه ئاوییه‌كانی وڵاته‌كه‌یه‌تی. له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌وكاتانه‌ی كه وڵاتانی دراوسێ به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كانی توركیا كه‌متر ده‌كڕن و پشت به به‌رهه‌می ناوخۆیی خۆیان ده‌به‌ستن، توركیا ده‌ست بۆ كارتی ئاو و گرتنه‌وه‌ی سه‌رچاوه ئاوییه‌كان ده‌بات تا وڵاتانی دراوسێی ڕووبه‌ری زیانی كشتوكاڵی و بێ به‌رهه‌می بكاته‌وه و دواجار به‌رهه‌می توركی بكڕن.
توركیا ده‌یه‌وێت له‌ڕێی ئاوه‌وه فشار له‌سه‌ر حكوومه‌تی عێراق دروست بكات. پێ ده‌چێت پرۆسه‌كه دوو هۆی سه‌ره‌كی هه‌بێت:
یه‌كه‌م: په‌یامێكی سیمبۆلی بۆ به‌غدا و ده‌سته‌بژێری سیاسی شیعی كه نابێت سوننه (به‌هۆی په‌رتبوون و بێهێزییانه‌وه) له پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا په‌راویز بخرێن و ڕۆڵیان پێ نه‌درێت.
دووه‌م: حكوومه‌تی به‌غدا چاوپۆشی له هه‌موو هاتنه ژووره‌وه‌یه‌كی سوپای توركیا بكات (هه‌رچه‌ند رێككه‌وتن هه‌یه له‌مباره‌یه‌وه) به‌بیانووی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌كه‌كه، چونكه ئێسته پارتی داد و گه‌شه‌پێدان له به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنێكی چاره‌نووسسازدایه و هاوپه‌یمانه له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كان و له‌ڕووی كاته‌وه پێویستی به‌و جۆره ته‌كنیكانه هه‌یه و ئاو و مانۆڕی سه‌ربازیش دوو ته‌كنیكی خێرا و كاریگه‌رن بۆ ئه‌م مه‌به‌سته.