كورد و مۆدێرنە

PM:12:34:18/06/2018 ‌

(٢)
پەیڕەو ئەنوەر

ئیمپراتۆری عوسمانی لە سەرەتای چلەكانی سەدەی نۆزدەیەم دەست بە ڕیفۆرم و تازەبوونەوە دەكات. هەر لە دەزگەی بیرۆكراتییەوە تا دەگاتە سوپا و پرسی دووبارە ڕێكخستنەوەی هێز و كایەی كۆمەڵایەتی و پێوەندییەكانی نێوان نێر و مێ و سیستمی گواستنەوە و دووبارە داڕشتنەوەی یاساكان و گەڕانەوە بۆ یاسای دانراو لە بری یاسای ئاسمانی! پرۆسەكە وەهابوو كە بونیادی ئیمپراتۆرەكە دنیایی بێت نەك ئاسمانی و گەڕانەوە بۆ لای خودا.
(حاجی قادری كۆیی) ئەزموونی ئەم تازەبوونەوە و ئەم هەندەسە مۆدێرنەی دنیای عوسمانی دەكات و لە ئیستانبوڵ ئامادەیی دەبێت، دواتر شاعیرێكی وەك ئەحمەد موختار جافیش خەون بەوەوە دەبینێت چۆن هێڵی شەمەندەفەر بۆ هەورامان بچێت و هەورامان بە ناوەند و شارەوە ببەسترێتەوە. چەمكی شار چەمكێكی سیاسی و سۆسیۆلۆجی قووڵ و فرە مانایە. شار بە مانا كلاسیكەكەی واتە Polise ئەم چەمكە لە بیر و فەلسەفەی سیاسیدا واتە رێكخستن و دووبارە دابەشكردنەوەی بەهاكان و دووبارە بەرهەمهێناوەی خانە كۆمەڵایەتییەكان.
شار واتە پرسی دابەشكردنی هێز و دیموكراسی و هەڵبژاردن و دابەشكردنەوەی ئەركەكان. ئەوكاتەی كورد دەیەوێت لە پەراوێزەوە پێوەندی بە شارەوە بكات لە رێی میترۆوە دەكرێت وەك چركەساتی سەرەتای لەدایكبوونی مۆدێرنە خوێندنەوەی بۆ بكرێت. شار رەگەزێكی گەورەی مۆدێرنەیە و تاك و گرووپە كۆمەڵایەتییەكان بەدەیان فۆڕمی جیاواز جیاواز لە شار لەدایك دەبن و دەمرن و دووبارە دەبنەوە بە خاوەن ناسنامە identity. بۆیە شار پانتایییەكی گەورەی هەیە لەناو جەستەی مۆدێرنە و بەردەوام لەگەڵی لە پێوەندیدایە، بەتایبەت شارێك بەردەوام جووڵە و جیاوازی بەرهەم بێنێت.

قوتابخانەی فڕانكفۆرت و مۆدێرنە
قوتابخانەی فڕانكفۆرت و فڕانكفۆرتییەكان دەستەبژێرێكی خەمناك و بێئومێدی سەدەی بیستەم بوون بەدەست هێما شاراوە و دیارەكانی سەرمایەداری، زیاتر لە فۆڕمێكی بێئومێدی و زیاتر لە خەیاڵێكی مردوویان نمایش دەكرد بەدەست "كۆمەڵگەی پیشەسازی و لۆجیكی بازاڕ"، لە (ئەدۆرنۆوە بۆ واڵتەر بنیامین، لە هۆركهایمەرەوە بۆ ماركۆز و قسەوباسی مرۆڤی تاك ڕەهەند).
ئەدۆرنۆ وەك بكەرێكی سەرەكی ناو ئەم بازنەیە (پیشەسازیبوونی هونەر) دەخاتە بەرباس و لۆمەی هەموو تێكشكان و هەموو كەوتن و خنكانێكی هونەر و میوزیك لەو شەپۆلەدا دەبینێتەوە كە بەناوی هونەری مۆدێرن و موزیكی هاوچەرخەوە قسە دەكەن. موزیكی كلاسیكی و بتهۆڤن و مۆزارت دەخاتە شوێن هەموو ئەو كاراكتەرە نوێیانەی كە لەڕێی موزیكەوە دەیانەوێت خەون و حیكایەتێكی نوێ بە گوێگر بڵێن.
حیكایەتی (موزیكی جاز) یەكێكە لەو خەیاڵانەی كە ئەدۆرنۆ پێداگیری لەسەر دەكات و بە دەرهاوێشتەیەكی بێ رۆح و مردوو و پاسیڤی وێنا دەكات، لە كاتێكدا "جاز" بەشێكە لەو دنیابینی و خەیاڵە فراوانەی (ئەفرۆ-ئەمەریكییەكان)ی ئەمەریكا لەڕێی تێكەڵكێش و تێكەڵكردنی بەشێك لە موزیكی ئەوروپا و ئەفەریقا لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا ویستوویانە بیكەن بە ئامرازێكی سیاسی و خەونی گەورە و پڕۆژەی گەورەی سیاسی لەسەر بینا بكەن و دابڕێژن!

تەكنیك و هونەر و مۆدێرنە  
مۆدێرنە وەك سیستمێكی دوانەیی كار دەكات و هەم ژێرخانە و هەمیش سەرخان، هەم هونەرە و هەمیش تەكنیك. تەكنیك بنەماكانی نەگۆڕە لە مۆدێرنەدا و بەشێوەیەكی میكانیكی دەخولێتەوە و كار دەكات وەك لایەنە ڕەقەكەی مۆدێرنە. پێ دەچێت هونەر وەك بەشی دووەم و بەشە تەواوكەرەكەی مۆدێرنە شتێكی تر بێت و ڕێساكانی بگۆڕێن و دەستكاری بكرێن بەپێی سیستم و چوارچێوە كۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەكەی كۆمەڵگە.
ئەو كاتەی ئامێر و بەرهەم و بەشە ڕەقەكانی مۆدێرنە بەپێی یاسا و ڕێوشوێنە تایبەت و یاسا میكانیكییەكانی خۆیان كار دەكەن، ناكرێت بەكارهێنەری ئامێرەكە جا سەر بە هەر ڕەگەز و نەتەوە و زمان و فەرهەنگ و كۆمەڵگەیەك بێت، دەستبەرداری نەریت و فەرهەنگە ڕەسەنەكەی خۆی بێت و جووڵە بكات بۆ فەرهەنگ و نەریتی خاوەن داهێنەری ئامێر و لەگەڵ سەرچاوەی داهێنانەكە لە پێوەندیدا بێت، بەبیانووی چوونە ناو پرۆسەی تازەبوونەوە و مۆدێرنایزەیشن.
دنیای كوردی بەقووڵی ئایفۆن و كۆمپیوتەرە تاكەكەسییەكان بەكار دێنێت و لەو ڕێیەشەوە گوێ لە گۆرانییە كلاسیكە كوردییەكان و حەسەن و زیرەك و تاهیر تۆفیق و عەلی مەردان و هتد .. دەگرێت. ناكرێت پرۆسەكە وا تەرجەمە بكرێت مادام ئایفۆن بەكار دێنم، دەشبێت گوێ لە گۆرانی پۆپ و جاز و ڕاپ و مایكڵ جاكسن و جەستن بیبەر و شاكیرا بگری. ئامێر ڕەهەندێكی نەگۆڕ و جێگیری هەیە لە مۆدێرنەدا و نەریت و رەفتاری بەكاربەرەكەش ڕەهەندێكی گۆڕاو و پڕ جووڵەی هەیە و بەردەوام رێڕەو و سروشت و ڕەگەزەكانی خۆی دەستكاری دەكات و خۆی لەگەڵ سەرخانی كۆمەڵگەكە دەگونجێنێت و لە پێوەندیدا دەبێت.
ئەو كاتەی پرۆسەی مۆدێرنیزەیشن كولتوورە بنەڕەتییەكەی خۆی زاڵ دەكات و دەیسەپێنێت بەسەر گرووپێكی تردا، ئەوا جۆرێك لە فاشیزم و خۆسەپاندنی كولتووری بەرهەم دێت و پرۆسەكە لە مۆدێرنیزەیشنی پیشەیی و تەكنیكەوە دەردەچێت و دەبێت بە سەپاندنی كولتوور و بیركردنەوەی لایەنێك بەسەری هەموو لایەنەكانی تری دەرەوەی خۆی.
پێ دەچێت دنیای كوردی ئەمڕۆ زیاتر لە بەردەم كایە پیشەیییەكەی مۆدێرنە بێت و نەتوانێت لە كایە كولتوورییەكە نزیك بێتەوە! بەتایبەت لە پرسی مۆدێرنەی سیاسی و خۆگونجاندن لەگەڵ بەها سیاسییەكان و لیبراڵیزم و تاكگەرایی و سیكۆلاریزم و مێنتاڵیتی دیموكراسی و پرسی مافی مرۆڤ و دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی بەختەوەر و نیشتمانسازی. ڕاستە بەشێك لە ژێرخان و ئامێرەكانی دنیای ئێمە سەر بەجیهانی مۆدێرنەن، بەڵام شێوازی جووڵان و ئاراستەكردن و بەرهەمهێنانەوەی سەر بە دنیایەكی ترن!