په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
یه‌كێتی ئه‌وروپا و ئه‌ڵمانیا ده‌یانه‌وێ هه‌رچۆنێك بێت له‌گه‌ڵ توركیا له پێوه‌ندیدابن. ئه‌ڵمانیا پێگه‌ی توركیا وه‌ك ئاسایش و جیۆپۆڵه‌تیك ده‌بینێت، ئاسایش واته كۆنتڕۆڵكردنی پرسی كۆچكردن و په‌نابه‌ران. دیاره ئه‌م ترسه لای ئهوروپایییهكان و ئه‌ڵمان بریتییه له تێزه‌كه‌ی سامۆئیل هه‌نتینگتۆن (پێكدادانی شارستانییه‌ته‌كان) و دیاره به‌شێكی زۆری هێزه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئه‌وروپا، یه‌كێتی ئه‌وروپا به "یانه‌یه‌كی مه‌سیحی" داده‌نێن!
ترسی ئهوروپایییهكان له توركیا ئه‌وه‌یه توركیا وه‌ك هێزێك له نێوان دنیای خۆرئاوا و خۆرهه‌ڵات، ده‌رگه‌یه‌كی گه‌وره بكاته‌وه بۆ هه‌نارده‌كردنی په‌نابه‌ران و هێزی ئاینی بۆ ناو جه‌سته‌ی ئه‌وروپا و ده‌ستكاریكردنی هه‌نده‌سه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌وروپا و گۆڕینی ئه‌و یانه مه‌سیحییه، به یانه‌یه‌كی تێكه‌ڵاو له ئیسلام و مه‌سیحی و تێكدانی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌وروپا. ئه‌وه له كاتێكدا بۆچوونێك هه‌یه پێی وایه توركیا ئه‌م تێزه‌ی هه‌نتینگتۆن خێراتر ده‌كات و باشتر ده‌یجووڵێنێت.
له‌لایه‌كی تره‌وه، یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌گشتی و ئه‌ڵمانیا به‌تایبه‌تی، ترسیان له‌وه هه‌یه توركیا به‌ره‌و مۆدێلی یۆنانی و ئیتاڵی بچێت و ببێت به سه‌رچاوه‌ی ناسه‌قامگیری له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئابوورییه‌كه‌ی به‌ته‌واوی تووشی داڕمان و پووكانه‌وه بێت. دیاره ئه‌م ترسه زیاتر له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه كێشه ئابوورییه‌كانی توركیا بگوازرێته‌وه بۆ ناو جیۆگرافیای ئه‌وروپا. بۆیه به‌شێك له به‌رپرسانی یه‌كێتی ئه‌وروپا پێیان وایه ده‌بێت ئه‌وروپا ده‌ستپێشخه‌ری ئابووری بكات تا توركیا نه‌كه‌وێت. ده‌كرێت ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه له‌ڕێی دامه‌زراوه ئابوورییه‌كانی وه‌ك بانكی وه‌به‌رهێنانی ئه‌وروپی و بانكی ئاوه‌دانكردنه‌وه و په‌ره‌پێدانی ئه‌وروپاوه بێت.
یه‌كێك له بژارده‌كانی توركیا بۆ ده‌ربازبوون له‌و ته‌نگژه و داته‌پینه ئابوورییه‌ی (سندووقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی)یه! ئه‌م ده‌زگه‌یه یه‌كێكه له سیمبۆله گه‌وره‌كانی لیبڕاڵیزمی نوێ و نوێنه‌رایه‌تی دنیای سه‌رمایه‌داری ده‌كات و به‌شێكی گه‌وره‌ی جووڵه و كاركردنه‌كانی ئه‌م دامه‌زراوه‌یه ئه‌مه‌ریكا به‌رهه‌می دێنێت، بۆیه ئه‌گه‌ر توركیا هانای بۆ ببات، دۆخی توركیا وه‌ك مۆدێلی یۆنانی لێ دێت، واته قه‌رزێكی ده‌ره‌كی زۆر و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كانی میری/حكوومه‌ت و زیادكردنی باج Austerity Policy.
به‌ڵام توركیا به‌رگه‌ی ئه‌و مۆدێله ناگرێت، ئابووری توركیا زیاتر لیبڕاڵی ئیسلامییانه‌یه، به‌ڵام به ته‌نیا به زه‌یتی زێڕ و هه‌ویری ته‌ماته‌ی ئاڵتوونسا و په‌نیری كیری و كێكی ئیتی و جلوبه‌رگه‌كانی ئێلسی وه‌ی كی كی و داهاتی قومارخانه و له‌شفرۆشه‌كانی خۆی ناگرێت و به‌رده‌وام نابێت!
ئه‌و وڵاتانه‌ی پێشتر ڕووبه‌ڕووی ته‌نگژه‌ی دارایی و كێشه‌ی دارایی بوونه‌ته‌وه، وه‌ك توركیا داوایان له (سندووقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی) كردووه كه باره‌گا سه‌ره‌كییه‌كه‌ی له واشنتنی پایته‌ختی ئه‌مه‌ریكایه، به‌ڵام ئه‌و دامه‌زراوه‌یه بۆ پێدانی قه‌رزه‌كه، چاكسازیی ئابووری و جێبه‌جێكردنی پێوه‌ره‌كانی به‌سه‌ر وڵاته‌كه‌دا ده‌سه‌پێنێت، به‌ڵام بۆ توركیا پێ ده‌چێت ئه‌م هه‌وڵه سه‌رنه‌گرێت و نه‌توانێ قه‌رز له سندووقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی بكات، به‌و پێیه‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه كردووه كه ئه‌گه‌ر توركیا داوای قه‌رز بۆ سندووقه‌كه به‌رز بكاته‌وه، ئه‌وا ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكی داواكانی ڤیتۆ ده‌كات و ڕه‌ت ده‌كاته‌وه.
پێگه‌ی جیۆپۆله‌تیكی توركیا بۆ یه‌كێتی ئه‌وروپا
دیاره توركیا پێگه‌یه‌كی جیۆسیاسی و جیۆستڕاتیجی و جیۆپۆله‌تیكی گه‌وره و گرنگی هه‌یه بۆ یه‌كێتی ئه‌وروپا. ئه‌م گرنگییه واته به‌ستنه‌وه‌ی هه‌رسێ كیشوه‌ری ئاسیا و ئه‌وروپا و ئه‌فریقا به‌یه‌كه‌وه. به‌ستنه‌وه به‌مانای ئه‌وه‌ی توركیا جیۆگرافیایهكه بۆ له‌یه‌كتر نزیككردنه‌وه‌ی سێ كولتوور و زمان و سێ بیركردنه‌وه‌ی جیاواز! ده‌كرێ بڵێین كۆمه‌ڵێك شارستانیی جیاواز به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه! ئه‌م سێ كیشوه‌ره له‌ڕووی سامانی سروشتی و سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ده‌سته‌بژێری سیاسی و كولتووری سیاسییه‌وه جیاواز ده‌رده‌كه‌ون، له ڕووی ئابووری و بازاڕه‌وه پێویستیان به یه‌كتره و ده‌یانه‌وێ له‌گه‌ڵ یه‌كتر له پێوه‌ندیدابن، توركیا ڕۆڵی ئه‌و نزیكبوونه‌وه و به‌یه‌كتر به‌ستنه‌وه‌یه‌ی نێوان ئه‌و سێ كیشوه‌ره جیاوازه‌ی دنیا ده‌بینێت.
ئه‌وروپا وا ده‌ناسرێت كه كیشوه‌ری پیره‌كانه! دیاره مه‌به‌ست له‌م ڕسته‌یه كه‌مبوونه‌وه‌ی گه‌نج و هێزی كاری ئه‌وروپییه. ده‌كرێ بڵێین ئه‌وروپا له داهاتوودا ده‌بێت به دنیای پیر و به‌ساڵاچووان، ١٠ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر یه‌كێتی ئه‌وروپا وای ده‌ڕوانی كه پێویستی به توركیایه هه‌م وه‌ك ده‌ستی كار و گه‌نج، هه‌میش وه‌ك بازاڕ و سه‌رمایه.
ئه‌وروپا دۆكیۆمێنتێكی 80 هه‌زار لاپه‌ڕه‌یی پێشكه‌شی توركیا كرد بۆ پرسی ڕیفۆڕم و گه‌شه‌پێدانی دیموكراسی و به‌ها و بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ. ده‌كرێ بڵێین ئه‌وكات ئه‌وروپا سنوور و ئۆرده‌ری توركیای به‌لاوه گرنگ نه‌بوو. وا ده‌بینرا كه زیاتر ده‌یویست كار له‌سه‌ر پرسی شوناس بكات.
له ئه‌گه‌ری به‌ئه‌ندامبوونی توركیا له یه‌كێتی ئه‌وروپا، ٢٠ ملیۆن كورد ده‌بن به هاووڵاتیی ئه‌وروپی. ئه‌مه مانای وایه كورد ده‌بێت به به‌شێك له كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وروپی و مۆدێرنه. چه‌مكی هاووڵاتی له دنیای ئه‌وروپا زیاتره له "ئه‌رك و ماف". ئه‌م چه‌مكه قووڵتر و فراوانتره له‌وه‌ی له دنیای خۆرهه‌ڵات ده‌ناسرێت. چه‌مكی هاووڵاتی زیاتر پێوه‌سته به چۆنیه‌تیی به‌شداریكردن له پرۆسه و كرده‌ی حوكمڕانی و بڕیار. كورد بچێته ناو یه‌كێتی ئه‌وروپا، ده‌بێ له ناسیۆنالیزم دوور بكه‌وێته‌وه، چونكه یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌زگه‌یه‌كی پۆست-ناسیۆنالیزم و تا ئاستێك پۆست-ده‌وڵه‌ت و سه‌رووی ده‌وڵه‌تییه! به‌ڵام یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌گشتی هێزه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئیتنیكه جیاوازه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی توركی وه‌ك هێزیكی مرۆیی و ده‌ستی كار و سه‌رمایه‌یه‌كی مرۆیی ده‌بینێت بۆ هاوسه‌نگكردنی سیستمه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی خۆی و ڕاگرتنی هاوسه‌نگی بازاڕ و ئابوورییه‌كه‌ی.
ئه‌گه‌ر ئه‌وروپا و له ناویشیدا ئه‌ڵمانیا له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و دانیشتووانه‌وه پیر ببێت، ئه‌وا له ڕووی جیۆپۆڵهتیكییهوه زیاتر پێویستی به توركیا ده‌بێت، چونكه جیۆپۆڵه‌تیك لێره هه‌ر به ته‌نیا ئاو و شاخ و ده‌ریا نییه، به‌ڵكو به‌شێكی گه‌وره‌ی بریتییه له هێزه كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌ستی كار و توانا مرۆیییهكه.