کوردستان لە بەرگ و پێناسەیەکی تازەدا

AM:10:05:17/05/2017 ‌

لەوەتەی ئەمەریکا بڕیاری داوە چەکی پێشکەوتوو بدات بە هێزی چەکداری کوردی ڕۆئاوا، تورکیا بە جارێک لە ئاست پرسی کوردیدا ئاور بەربووەتەوە ماڵی. وەیسی قەیناغ، کە جێگری سەروەزیرانی ئەو وڵاتەیە، لەو رۆژانەی پێشوودا وتی بڕیارە بنکەیەکی سەربازی لە باکوری سووریا و لە نێزیکی کۆبان «واتە لە جەرگەی هەرێمە کوردییەکەدا» بکەینەوە. ئەمەش هیچی پێ ناوێ، جۆرێکە لە پەلەقاژەی کۆتایی لەبەرئەوەی لایەنێک نییە لەوانەی لەسەر ئاخی سووریادا کاران بە رووسیاشەوە، توانستی ئەوەیان هەبێ بەرامبەر سیاسەتی کاربگێڕیی ئەمەریکا بووەستنەوە یان تەگەرەی بۆ بنێنەوە. چەند ساڵێکە دەرکەوتووە، سیاسەتی ئەو کاربگێڕییەی سەرەوە لە بارەی لایەنی کوردیوە برێتییە لە هەڵکێشانی ئەو لایەنە بەسەر لایەنی تورکیدا و ئەردۆگان خۆیشی چەندان جاری وتووەتەوە، کەوا ئەمەریکا کوردی دەوێ نەک تورکیا. ئەو بڕیارەی لە بارەی کوردی رۆئاواشەوە بە پێدانی چەک، وەک دەردەکەوێ هێندە بنەبڕ و یەکجارەکییە شایەنی گۆڕین یان پێداچوونەوە نییە بە چوون و سەردانێکی سەرکۆماری تورکیاوە. ئەم ڕۆژانە، فرە لە چاودێرەیل چاوەچاوی ئەوەن بزانن ئاخۆ ئەو سەردانەی سەرۆک ئەردۆغان بۆ دۆناڵد ترامپ، چی لەو دۆخەی باسمان کرد دەگۆڕێ. قسەی خۆمان بێ ئەو چاوەچاوە جۆرێکە لە ساویلکەیی و کورتبینی لەبەرئەوەی کەسایەتیی ترامپیان نەناسیوە. ترامپ لەو کەسانە نییە گوێ بگرێ، بگرە لەو کەسانەیە دەبێ گوێی لێ بگرن. لەو کەسانە نییە کارنامەی بۆ دابنێن، خۆی خاوەن کارنامەیەکی وەک ڕۆژی نیوەڕۆ رووناکە، کە برێتییە لە بنەبڕکردنی هەر هەڕەشەیەک رووی لە ئەمەریکا بێت، جا هەر جۆرێک بێت: تەناهی، ئابووری، یان سیاسی.

ئەو پیاوە، چ لە بانگەشەی هەڵبژاردن و چ دوای ئەوەی جڵەوی دەسەڵاتی گرتە دەست، یەکبینە دژایەتیی خۆی بۆ ئیسلامی سەرەڕۆ دەکێڵێتەوە. ئەوەش بێ رەنگە هەر، بە پلەی یەکەم لەگەڵ پووتنی رووسیادا کۆی دەکاتەوە لە ئاست ئەو مەترسییە سەرتاسەرییەی ناوی تیرۆری ئیسلامییە و لەمەودوا کۆمەڵگەی ناودەوڵەتی زیاتر خۆی بۆ بنەبڕکردنی یەکلایی دەکاتەوە. هەڵتەکاندنی تیرۆری ئیسلامی لە رەگەوە، پرسێکە وێوەترییەکی ئەوپەڕیی ‫(‬اولویة قصوى)‬ لە کارنامەی ترامپدا هەیە و هەر کێش لەمەدا لەگەڵیدا بێت، ئەو کێیە پەیمانداری راستەقینەی ئەمەریکایە. نایەتە شاردنەوە، کە هەڵکشانی تیرۆری ئیسلامی لە ماوەی شەش ساڵی رابردوو لە شەڕی سووریادا (لە لیبیاشدا هەروەها) دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆڵە بەرەواژەی تورکیا بە تایبەتی سەرۆک ئەردۆگان خۆی لە هەموو رووێکەوە گێڕای. دیسان ئەوەش نایەتە شاردنەوە، کە کوردی هەردوو دیو، تا چ رادەیەک بوون بە هێمای بەگژدانەوەی تیرۆر چ لە گۆڕەپانی کردەوە و چ لە بواری میدیای دنیاییدا. ئیتر لێرەوە، سەردانی ئەردۆگان بۆ ترامپ، تەنیا گوێ شلکردنی یەکەمیان دەبێ بۆ دووەمیان و لەو سەرەوە بە دەستی بێ دەسکەوت دەگەڕێتەوە.

گەیینی چەک و جبەخانەی ئەمەریکایی بە کۆبان لە رێی باڵەفڕگەی ناودەوڵەتیی هەولێرەوە و بە درێژاییی ئەو رێگەیە بەناو ئاخی هەرێمی کوردستاندا، بە کش و ماتی، تا دەگات بە رووباری دیجلە، پرسێکی تریش دەهێنێتە گۆڕێ ئەویش هاوپەیمانیی هەولێر و ئەنقەرەیە، کە بمانەوێ یان نەمانەوێ ئەو رووداوی چەکە، هاوپەیمانەتیی گۆرین (مذكور‫)‬ باریک دەکاتەوە و دوور نییە بەرەو پسانەوەشی ببات. ئەمە لە چییەوە دێت؟ لە باڵادەستبووونەوەی ئەمەریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستانەکەیدا پاش ئەوەی ترامپ گەیی بە کۆچکی سپی. زووتر، کاربگێڕیی باراک ئۆباما، کە سوپای وڵاتەکەی لە عێراق کێشایەوە، کوردی باشووری ناچار کرد بە دوای دۆستی جێگرەوەدا بگەڕێن، ئەویش خۆی لە تورکیا و ئێرانی هاوسێدا گرتەوە. لەبەرئەوە، گەڕانەوەی جارێکی تری ئەمەریکا بۆ گۆڕەپانی عێراق، بە پلەی یەکەم دەستی تورکیا کەم دەکاتەوە و بەڵگەی بەرچاویشمان بەرەنگارییەکەی پێناو وەرگرتنەوەی مووسڵە، کە ئەمەریکا و پەیماندارانی بواریان نەدا تورکیا هیچ نۆرێکی تێدا بگێڕێ تا ناچار لەم دوایانەدا، وەک لنگەفرتەی کۆتایی، لە ئاسمانەوە پەلامارێکی شنگالی دا و بە هەڵە یان بە مەبەست، پێشمەرگەی باشووری ئەنگاوت، کە ئەمە بۆ خۆی بوو بە سەرەتای پسانەوەی ئەو پێوەندییەی باسی دەکەین. کوردی ئێمە، راستیت دەوێ لە ناچارییەوە نەبێ دۆستایەتیی وڵاتەیلی هاوسێ هەڵنابژێرن. کارنامەی ئەمانە هەموویان لە دژایەتیی دۆزی کوردیدا، وەک مانگی چواردەی ئاسمانی سایییە پێویست بە ئەنگوستی ئاماژە ناکات.

تیرۆری ئیسلامی هەڕەشەیەکی بوونەکییە بۆ هەموو مرۆڤایەتی نەخوازە بۆ گەلێکی داماوی دەستوپێ سپیی وەکو گەلی کوردستان، کە ئەگەر کۆمەڵگەی ناودەوڵەتیی بە هاناوە نەهاتایە، ئەو هەڕەشەیە لە ٢٠١٤ەوە لەناوی بردبوو. هەرچەندە لە لایەکی ترەوە ئەوەمان مایەی بەختەوەرییە، کە ئەمجارە و یەکەمین جارە لە مێژوودا گەلی کوردستان پەیماندارییەکی ئاوکووفانەی لەگەڵ دنیای پێشکەوتوو نەخوازە زلهێزەیلی وەک ئەمەریکا و رووسیادا هەبێ. ئەوە مێژووێکی تازەی دنیایە، کە ئێمە یاریکەرێکی کاراین تیایدا. ئەوەی روو دەدا و دەیبینین لە پرسی هاوپشتیی دنیا بۆ کورستانی باشوور و ڕۆئاوا، دەبێ لە بوارەکەی خۆیدا وەری بگرین و شیی بکەینەوە، کە برێتییە لە شەڕی هەموو دنیا لەگەڵ تیرۆری ئیسلامیدا و کوردیش لە پێشەوەی ئەو شەڕەدایە. دەبێ ئێمە خەنی بین نەک گومان بخەینە سەر ئەو پشتیوانییەی، ئەمەریکایی لە رۆئاوای کوردستانی دەکەن. دەبێ خەنی بین خەریکە دەبین بە خاوەنی پێناسەیەکی وا، گشت مرۆڤایەتی سەری بۆ دابنەوێنێ، ئەویش پێناسەی بەگژداچوونەوەی تیرۆرە. ئەوە دنیا نییە ئێمە بەکار دەهێنێ بۆ ئارمانجی خۆی، ئەوە ئێمەین لە سایەی شەڕی تیرۆرەوە دنیا بەکار دەهێنین بۆ گەیین بە ئارمانجەیلی خۆمان لە سەربەخۆییدا. دەبا گەشبینانە بڕوانین بە داهاتوودا.

بەدران ئەحمەد حەبیب