2017 ساڵی رزگاریی كوردستان

به‌دران ئه‌حمه‌د حه‌بیب

ژماره‌ی سه‌ربه‌ره‌ژێر به‌ره‌و رۆژی ده‌نگدان بۆ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی ده‌ستی پێ كردووه‌ و هیچ ئاماژه‌یه‌كیش نییه‌ ئه‌و ریفراندۆمه‌ نه‌یه‌ته‌ كردن یان به‌ دوای بده‌ن بۆ واده‌یه‌كی تر. پاڵه‌په‌ستۆی ئه‌مه‌ریكه‌ یان چاتر بێژین داوای ئه‌مه‌ریكه‌ بۆ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ له‌و بڕیاره‌، تا ئێسته‌ هیچ رۆِڵێك نه‌له‌ییزیوه‌. ئه‌و شه‌نده‌یه‌ش له‌ هه‌ولێره‌وه‌ چووبوو بۆ به‌غدا، هیچی به‌ دوادا نه‌هاته‌ راگه‌یاندن و پووكایه‌وه‌. سه‌رۆكی هه‌رێم پێدا پێدا هه‌ر به‌و گه‌رمییه‌ی سه‌رتاوه‌ خه‌ڵك ده‌بینی و ده‌یانجمێنێ به‌ره‌و ده‌نگدان و دوای ئه‌وه‌یش به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی.

هه‌رچه‌نده‌ هێشته‌ روون نییه‌ ئاخۆ مه‌به‌ست له‌ سه‌ربه‌خۆیی جودابوونه‌وه‌ی یه‌كجاره‌كییه‌ له‌ عێراق یان گۆڕینی ده‌ستووری وڵاته‌كه‌یه‌ به‌ جۆرێك هه‌ولێر هیچ پاشكۆیه‌تییه‌كی بۆ به‌غدا نه‌مێنێ.

به‌ شێوه‌یه‌كی هه‌راو و گشتی، رۆژ به‌ رۆژ  و تا 25ی مانگی ئه‌یلوولی دادێ، ده‌نگی زۆربه‌ی جه‌ماوه‌ر ساز ده‌بێ بۆ (با) و مه‌ترسی و دڵه‌ڕاوكه‌ له‌ ئاست بڕیاره‌كه‌دا كه‌م ده‌بێته‌وه‌. ده‌رده‌كه‌وێ كۆماری ئیسلامیی ئێران ئه‌و نه‌فره‌جایه‌ نییه‌ ئه‌وان هه‌ترشیان لێ چووبوو. له‌ رووداوی چكۆڵه‌ی تاك و لۆكی یه‌كێك لێره‌ و یه‌كێك له‌وێ بترازێ، كۆمار ئه‌و ده‌سڕۆیینه‌ی جارانی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا نه‌ماوه‌ بتوانێ رووی رووداو هه‌ڵگێڕێته‌وه‌. به‌ كورتی و به‌ كرمانجی، مێژووێك به‌ڕێوه‌یه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ی خۆمان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی ده‌باته‌وه‌.

تا پێش چه‌ند حه‌وتووێك به‌ لای منه‌وه‌ بڕیاره‌كه‌ جۆرێك بوو له‌ خۆهه‌ڵدێران. مه‌ترسییه‌كه‌ش زیاتر له‌ ناڕێكیی ناوه‌خۆوه‌ سه‌رچاوه‌ی به‌ستبوو. ئێسته‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری كوردستان بۆ پرسی سه‌ربه‌خۆیی وه‌ك ماستی مه‌ییو خۆی ده‌نوێنێ، ئه‌مجاره‌ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ له‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌بێت به‌ جۆرێك له‌ خۆهه‌ڵدێران. ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ تازه‌یه‌ش، به‌ واته‌ی ئه‌وه‌ نایه‌ت داهاتوو به‌ گوڵڕێژ ببینین یان پێشان بده‌ین. به‌ لای منه‌وه‌ مه‌ترسی هه‌ر وه‌ك خۆی ده‌مێنێ با ئه‌مجاره‌یان له‌ پێش پرۆِسێسه‌كه‌دا نه‌بێ و كه‌وتبێته‌ دوایه‌وه‌.

له‌ یه‌كێك له‌و كۆبوونه‌وانه‌ی له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌رۆكی هه‌رێم له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی جۆربه‌جۆردا ده‌یانكات، مه‌لایه‌ك قسه‌یه‌كی كرد لێره‌دا ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی ده‌نووسمه‌وه‌ نه‌ك ئه‌و وشه‌ و رستانه‌ی ئه‌و ده‌ری بڕین. وتی: "هه‌موو خه‌ڵك له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆییدان به‌ڵام ده‌بێ دڵنیا ببنه‌وه‌ له‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌ی دوای سه‌ربه‌خۆیی له‌ هه‌رێمدا كاربه‌ده‌ست ده‌بێ، هه‌ر وه‌ك ئه‌و سیسته‌مه‌ی 26 ساڵی رابردوو نابێت". زۆربه‌ی خه‌ڵكی تریش هه‌ر ئه‌و مه‌ترسییه‌یان هه‌یه‌. ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن (نا) بۆ ریفراندۆم، زۆربه‌یان له‌و سه‌رگه‌یه‌ی مه‌لایه‌كه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن.

تۆمه‌تێكی نابه‌جێیه‌ ئه‌وه‌ی ده‌ڵێ ئه‌وانه‌ گشتیان پیاوی ده‌ره‌كین و به‌ فیتی دوژمن باده‌ده‌ن.

كێشه‌ی كوردستان، بۆ خه‌ڵكی ئاسایی و ره‌شۆكی برێتییه‌ له‌ ئابووری و له‌ مووچه‌ی مانگانه‌یان، هه‌روه‌ها برێتییه‌ له‌ كێشه‌ی كاره‌با، برێتییه‌ له‌ گرانیی كاڵای پێویستی رۆژانه‌، هه‌روه‌ها دابه‌زینی خزمه‌تی دروستی و خاوبوونه‌وه‌ی داوده‌زگه‌ی میری له‌ راییكردنی مامه‌ڵه‌ی هاووڵاتیاندا. هیواش كه‌م بووه‌ته‌وه‌ ئه‌و بارانه‌ جارێكی تر راست ببنه‌وه‌، به‌ڵام به‌لای بژارده‌ی كۆمه‌ڵگه‌وه‌ فه‌شه‌لی گه‌وره‌تر هه‌یه‌ له‌ سیسته‌می وڵاتڕانیدا، وه‌ك كێشه‌ی سه‌رۆكایه‌تی یان كێشه‌ی له‌كاركه‌وتنی په‌رله‌مان كه‌ ئه‌مه‌ی دوایی وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێ تا دوای راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییش وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه‌. به‌رده‌وامبوونی ئه‌و كێشانه‌ بۆ دوای سه‌ربه‌خۆیی، كوردستان زیاتر بێ په‌رژین ده‌كه‌ن له‌ به‌رده‌م ده‌سوه‌ردانی ده‌ره‌كیدا. فه‌رموو ئه‌وه‌ یه‌مه‌ن و سووریه‌ وه‌ك دوو ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ، كه‌ فه‌شه‌لی سیسته‌می سیاسی چۆنی هه‌ڵوه‌شاندوونه‌ته‌وه‌.

له‌گه‌ڵ نێزیكبوونه‌وه‌ له‌ رۆژی ریفراندۆم، هه‌ندێك رووداوی تر روویان داوه‌ گه‌شبینیی ئێمه‌مانان كاڵ ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ سه‌ركه‌وتنی سیسته‌می سیاسیی داهاتوو له‌م هه‌رێمه‌دا. یه‌كێك له‌و رووداوانه‌ چیڕۆكی ئه‌ندام په‌رله‌مان فه‌رهاد سه‌نگاوییه‌، كه‌ بۆ زۆربه‌مان مایه‌ی داچڵه‌كین بوو.

یه‌كێتی نیشتمانی ساڵه‌یلی ساڵه‌ لافی ئه‌وه‌ لێ ده‌دات "حزبێكی فره‌ سه‌كۆیه‌ و هه‌موو كه‌س سه‌ربه‌سته‌ له‌ هه‌ڵوێستی جیاوازدا"‘ ده‌ركه‌وت هێشته‌ چیكڵدانه‌ی پارتی فره‌وانتره‌ له‌ ئاست كادیر و لایه‌نگره‌یلی خۆیدا.

رفاندن و سه‌ندنه‌وه‌ی ئۆتۆمۆبێل و سووكایه‌تی له‌ سۆنگه‌ی هه‌ڵوێسته‌وه‌، ئاماژه‌ی هیوابڕانه‌ن بۆ ئه‌وانه‌ی خه‌ون به‌ ئازادییه‌لی تاك و ئازادیی راده‌ربڕینه‌وه‌ ده‌بینن له‌ كوردستانی دوای سه‌ربه‌خۆییدا.

هه‌ڵسوكه‌وتی یه‌كێتی له‌و پرسه‌دا ده‌قاوده‌ق تێی گه‌یاندین كوردستانی داهاتوو چۆن ده‌بێ له‌ ئاست ئه‌وانه‌ی وه‌ك ده‌سه‌ڵات بیر ناكه‌نه‌وه‌.

رووداوێكی تر له‌و رۆژانه‌دا وه‌ك رووداوه‌كه‌ی له‌مه‌ڕ فه‌رهاد سه‌نگاوی بێ هیواكه‌ر بوو بۆ ئێمه‌مانان، ئه‌ویش رووداوی هه‌وڵی رفاندنی سه‌ركرده‌یه‌كی په‌كه‌كه‌ له‌ سلێمانی له‌لایه‌ن میتی توركه‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و پلانه‌ سه‌ر نه‌كه‌وت و ئه‌وانه‌ی هاتبوون سه‌ركرده‌كه‌ برفێنن خۆیان هاتنه‌ رفاندن، به‌ڵام پلانێكی وا گه‌وره‌ و له‌ناو شاری سلێمانیی مه‌كۆی یه‌كێتیدا ئاماژه‌ی دا كه‌وا داهاتووی ئه‌م هه‌رێمه‌ لێڵ و گوماناوی ده‌بێ له‌ رووی سه‌روه‌رییه‌وه‌. بۆ رۆژی دواتری پلانه‌كه‌، ده‌وڵه‌تی توركیه‌ نێزیكه‌ی 70 هاووڵاتیی سلێمانیی  سنووربه‌ده‌ر كرده‌وه‌. وه‌زیری ده‌ره‌كیی توركیه‌ بێ ره‌چاوكردنی سه‌روه‌ریی هه‌رێم، هات و دووبه‌دوو له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ئه‌حزابدا كۆبوونه‌وه‌ی كرد. ئه‌و رووداوانه‌ هه‌رچه‌نده‌ كتوپڕیش هاوكاتی ریفراندۆم هاتبن، گومانی ئه‌وه‌ دروست ده‌كه‌ن سنووری هه‌رێم زیاتر بۆ ته‌ڕاتێنی توركیه‌ بووبێته‌وه‌ و بیانووی بوونی بنكه‌ی پارتی كرێكارانیش وه‌ك بۆمبێكی وه‌كات بۆ ئه‌و ده‌سوه‌ردانه‌ به‌ به‌رده‌وامی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌.

حكوومه‌تی عێراق، سه‌ره‌ڕای ریوه‌ڵه‌یی و لاوازیی خۆی، توانیی پێ دابگرێ له‌ نه‌هێڵانی به‌شداریی توركیه‌ له‌ به‌ره‌نگارییه‌كه‌ی رزگاریی مووسڵدا و تیایشیدا سه‌ركه‌وت. ئاخۆ كوردستانه‌كه‌ی ئێمه‌ پاش ئه‌وه‌ی له‌ عێراق جیا ده‌بێته‌وه‌ ده‌توانێ له‌ ئاست ده‌ره‌كیدا نه‌خاسمه‌ ئێران و توركیه‌دا به‌رگه‌ بگرێ.

دێمه‌وه‌ سه‌ری باس، بڕیاری به‌جێهێنانی ریفراندۆم له‌ رۆژی خۆیدا خه‌ریكه‌ یه‌كلا ده‌بێته‌وه‌ كه‌وا بڕیارێكه‌ به‌لای زۆرییه‌وه‌ سه‌ركه‌وتن ده‌پێكێ. ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سووربوون و پێ داگریی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی و به‌پاشدانه‌وه‌ی هه‌ر پێشنیازێكی جیاواز له‌و باره‌یه‌وه‌ هاتبێ با له‌ ئه‌مه‌ریكه‌ و یه‌كه‌تیی ئه‌وروپاشه‌وه‌ بووبێ. وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێ عێراق مه‌به‌ستی نه‌بێ له‌ ئاست هه‌رێمی كوردستاندا جووڵه‌یه‌ك بكات. هاتنی كه‌ركووكیش به‌ بڕیاری جڤاتی شاره‌كه‌ خۆی، بۆ پاڵ ریفراندۆم مزگێنییه‌كی گه‌وره‌یه‌ خه‌ونی كۆنینه‌ی باپیران به‌دی دێنێت به‌وه‌ی كه‌ركووك كوردستان بێت. ئه‌وانه‌ هه‌موویان رێكوپێك ده‌ڕۆن به‌ڕێوه‌ و كوردواته‌نی ده‌ڵێی مووه‌ له‌ ماستی ده‌كێشنه‌وه‌. ساڵی 2017 ساڵی رزگاریی كوردستان ده‌بێت وه‌ك له‌ سه‌ره‌تای ساڵ و هه‌ر له‌م به‌ڵاۆوك و له‌م سه‌رتیله‌یه‌ی ئێره‌وه‌ كردبووم به‌ ناونیشانی وتارێك.

به‌پێی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان پێ دان، ده‌وڵه‌ته‌ كوردییه‌كه‌ یان بڵێین سه‌ربه‌خۆیییه‌كه‌ به‌ره‌و روومان دێت و ره‌نگه‌ دوای مانگێك له‌ ده‌رگه‌ی ماڵ بدات. خه‌ونه‌ خۆشه‌كه‌ی باپیران زۆری نه‌ماوه‌ بگاته‌ ده‌لیڤه‌ و ده‌راوی ته‌ناهیی خۆی، به‌ڵام له‌وێوه‌ خه‌ونی سه‌رده‌مییانه‌ی ئێمه‌ ده‌ست پێ ده‌كات، هیوادارین نیوه‌چڵ و نه‌وه‌كام و مه‌نگۆلێك له‌ دایك نه‌بێ هه‌تا ماوین ئازاری به‌ دیاره‌وه‌ بكێشین.

AM:09:47:31/08/2017




ئه‌م بابه‌ته 1094 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌