توركیا كتومت وەك عێراق، وەك سووریا

AM:10:07:05/01/2017 ‌

هەرچەندە حەڤدە هەزار ئەفسەری پۆلیس لە شەوی سەرساڵدا شەوارەیان بۆ پاراستنی تەناهی لە شاری ئەستەنبۆڵ دەكێشا، تیرۆر خۆی گەیاند بە نایت كڵەبێكی سەر لێواری زەریای بۆسفۆڕ و 39 كەسی بەردایەوە وێڕای حەفتا بریندار، كە هەندێكیان برینیان گەورەیە، تاوانكاریش لەولاوە تێی تەقاند. ئەمە جاری دووەمە، ئەو مینانییە سەرهەڵبدا، كە سیستەمی تەناهیی توركیا كونی تێ بووە، جاری یەكەم لە تیرۆركردنی باڵوێزی رووسیا ئێوارەی نۆزدەی مانگی رابردوو، كە بكوژ فیشەكیشی نەمابوو، بەڵام پۆلیسێك بە زەبری كوشتن ئەنگاوتی. خاوەنی نایت كڵەبە لێقەوماوەكە دەڵێ "باڵوێزگەی ئەمەریكا زوو ئاگەداریی دابوو، كە هەڕەشەیەك لە گۆڕێدایە"، بەڵام باڵوێزگەی ناوبردوو دەڵێ ئێمە بە گشتی قسەمان كردبوو نەك بۆ رووداوێكی سەربەخۆ.
لە توركیا بیروبۆچوونێك سەری هەڵداوە دەڵێ ئەمەریكا ئاگەداری هەموو كارێكی تیرۆریستییە پێش ئەوەی لە توركیا روو بدات. لەم بوارەدا ئەندام پەرلەمانێكی سەر بە حزبی داد و گەشەدان لە لاپەڕەی تویتەری خۆیدا وریتاندی "تا ئۆباما لە دەسەڵاتدا بێ توركیا تەناهی بە خۆوە نابینێ". هەروەها "پێویستە هەموو شەندە و ئالیكارێكی ئەمەریكایی بكەونە بن چاودێرییەكی لە نێزیكەوە". دەشێ بڵێین ئەم بیروبۆچوونە، بیروبۆچوونێكی رەسمییە لەبەرئەوەی مانگێك پێش ئێستا سەركۆمار ئەردۆگان چەند جارێك دووبارەی كردەوە، كەوا كاربگێڕیی ئۆباما پشتی تیرۆری لە سووریا گرتووە. لە شەقامی توركیادا بیروبۆچوونێكی پێچەوانەش هەیە دەڵێ حكوومەتی توركیا شەش ساڵە وڵاتی كردووە بە رێپێڵگەی هاتوچۆی داعش بۆ سووریا و هەموو سنوورێكی بە روودا كردوونەتەوە. ئەم بیروبۆچوونەی دوایی پێی وایە ئیتر وڵاتەكە شوێنی ژیان نەماوە، رەنگە تا رادەیەكی زۆریش راستی لەم بۆچوونەدا هەبێ و توركیا رووی لە ئاژاوە نابێ.
ئەو چتەی سەرۆك ئەردۆگان ساڵەیلی ساڵە لافی پێوە لێ دەدا و دەڵێ هەرچەندە حزبێكی ئیسلامی دەسەڵاتڕانە لە توركیادا بەڵام سیستەمی دەوڵەت هەر بە عەلمانی ماوەتەوە، خەریكە دەربكەوێ قسەیەكە بنی بۆش بووە و ئیتر بەرەواژەكەی راستە. بە گشتی، هەر كەسێك هەڵگری بیری ئیسلامی بێ، دەڵێ ئێمە بۆیە دێین تا عەلمانییەت بە پاش بدەینەوە. وەك بینیشمان راگەیاندنەكەی هۆنینەوەی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی، جەژنی سەری ساڵی لە توركیا بە"جەژنی كافران" ناو برد. لێرەوە، سەرۆك ئەردۆگان دەكەوێتە بەردەمی دووڕیانێكەوە، یان مانەوە لە پاڵ بەرەی پێشوودا واتە داعش و قەتەر و سعوودیە، یانیش بەردەوامی لە هاوكاری لێل رووسیا و ئێراندا، كە ئەمەیان رێگەی هات و نەهاتە لەبەرئەوەی بوونەوە لە ئەمەریكا و ئەوروپا، دیار نییە بەرەوكوێی دەبات. بەلای زۆرەوە ئامانجی رووسیا و ئێران لەم كردنەوەی توركیا لە رۆئاوایە، ئەوەیە بیكەن بە پاشكۆیەك یان رەنگە پەنگەركێشێك بەدەستی خۆیانەوە وەك ئەوەی لە چارەسەری كێشەی سووریادا دەبینین چۆن بەرەوڕووی داعشیان كردووەتەوە.
هیچ بە دوور نایەتە دیتن، هۆنینەوەی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی لەمەودوا هێزی خۆی بە بتوونی بە رووی توركیادا بخاتە كار وەك لە راگەیاندنەكەی مەڕ كردەوەكەی سەری ساڵدا، ناوی ئەردۆگانی بە "نۆكەری خاچپەرستی" هێنابوو. هەلێكیشی بە دەستەوە نەما ساین ئەردۆگان تا جارێكی تر لە سووریا پێچێك بە سیاسەت بداتەوە. كار لە كار ترازا، ئەو لەگەڵ رووسیا و ئێراندا رێك كەوت بۆ مانەوەی بەشار ئەسەد لە كورسیدا و لە ماوەی ئەم مانگەی تێیداین بەپێی ئەوەی بۆ كۆنگرەی ئەستانە لە كازاخستان نەخشەیان بۆ كێشاوە، مانەوەی ئەسەد دەبێت بە رێككەوتنێكی یەكجارەكی و ئەمەریكاش لاریی نابێ. دەمێننەوە توركیا و داعش تەنبەتەن لە گۆڕەپاندا
جێی سەرسوڕمانە، لە شانبەشانی هەموو ئەو كارە تیرۆرییە زلانەی لە ماوەی ساڵی 2016دا لە توركیا روویان دا، هەروەها سەرەڕای هەڵكشانی یەكبینەی توندتێژی لە نێوان پەكەكە و سوپادا، سەرەڕای هەوڵێكی سەرنەگرتووی هەڵگێڕانەوەی سەربازی، كە گرتنی 35 هەزار كەس و كاربەدەركردنی 115 هەزار كارمەندی بە دوادا هات، سەرۆك ئەردۆگان هێشتا لە گەیین بە خواستەیلی كەسانیی خۆی، كۆڵی نەداوە و بە خێرایییەك لەگوێن خێراییی برووسكە پەلی بۆ دەكوتێ. رۆژی پێنجشەم و هەینیی رابردوو واتە دوو رۆژ پێش تەقینەوەكەی سەری ساڵ، لێژنەیەك لە پەرلەمانی توركیا لە ماوەی تەنیا 17 سەعاتدا، گەڵاڵە یاسایەكی بۆ دەسكاریی یاسای سەرۆكایەتی ساز دا. بە گوێرەی ئەم گەڵاڵەیە، سەرۆك بۆی دەبێ وەزیر لا بدا و دابنێ، دەتوانێ سەرۆكی حزبی دەسەڵات بكەوێنێ، باری ناكاوی لە وڵات رابگەینێ و لە هەمووشی گرینگتر ماوەی خۆی لە كورسیدا تا 2029 درێژ بكاتەوە. ئەو گەڵاڵەیە ئەگەر لەم مانگەدا لە پەرلەمان دەنگی نەهێنا ئەوا لە سەرەتای نیسانی داهاتوودا دەكەوێتە بەر دەنگدانی گشتییەوە. ئەندامێكی داد و گەشەدان لەو لێژنەیەدا دەڵێ: گرینگترین هەنگاوی دیموكراسییە لە دیرۆكی توركیادا. بەڵام بەرهەڵستی پێی وایە ئەو گۆڕانكارییە روو بدات، دێموكراسییە تەمەن سەت ساڵییەكەی توركیا جێلەق دەبێ. بولەنت تەزجانی سەر بە پارتی گەلی كۆماری لە پەرلەماندا دەڵێ: "ئەم یاسایە توركیا دەكات بە دەوڵەتێكی ئەستەمكار"، لەبەرئەوەی هەموو دەسەڵاتێك لە دەستی سەرۆكدا كۆ دەكاتەوە. شیكەرەوەیەكی رۆئاوایی دەڵێ ئەردۆگان دەبێ بە دیكتاتۆرێكی هەڵبژاردوو.
ئەم هەموو كێشەیەی باسمان كرد، لە پێشەوەیاندا كێشەی تیرۆری ئیسلامی، كە هیچی پێ ناوێ سیستەم لە توركیا كونی تێ بووە و تیرۆریست گەرای تێدا داناوە، دووەم كێشەی بزاوی فەتحوڵا گولەن، كە ئەویش بە سەرتاپێی سیستەمەكەدا تەنیوەتەوە، سێیەم كێشەی كورد، كە گەرمتر بووە و بە هۆی شەڕی سووریاوە چەلەنگتر لە جاران تەنگی بە توركیا هەڵچنیوە، چوارەم كێشەی حزبەیلی بەرهەڵستی (چەپ و كەمالیست و تد...)، كە ئەمانە هەرچەندە تا ئەمڕۆ لەگەڵ سیاسەتی سەرۆك ئەردۆگاندا نەكەوتوونەتە بەرەنگاری بەڵام بە گۆڕانی یاسای سەرۆكایەتی ئەگەر زۆرە ئەوانیش بكەونە سەنگەرەوە. لە نێوانی ئەم هەموو لایەنەدا، یەكەم ئیسلامی توندڕۆ، دووەم بزاوی خزمەت، سێیەم پەكەكە و چوارەم بەرهەڵستیی عەلمانی، هیچ ناوكۆیەك نییە تا لە بەرەیەكدا كۆ ببنەوە، ئەمەش لە ئاژاوە زیاتر لە گۆڕەپانی توركیادا ناهێنێتە گۆڕێ یان وەك ئیدیەمە كوردییەكەی دەڵێ دەیكات بە "گێرەی ئۆمەرەكوێر".
دانانی سیستەمی سەرۆكایەتی لەم دەمودەستەی توركیادا، هیچ واتەیەكی نییە ئەوە نەبێ بنەوای دامەزراوەیی هەڵدەوەشێنێتەوە و لە شوێنیدا دیكاتۆرێك راست دەكاتەوە، كە تەنیا زمانی ئاگر و ئاسن لە رووبەڕووبوونەوەی كێشەدا دەناسێ. كێشەش لە توركیا و دەوربەریدا هێندە زۆرن نەهێڵن بۆ یەك ساتیش وڵات داهێورین و گیرسانەوە بە خۆوە ببینێ. ئێمەی كوردیش وا دیارە خێرمان لە هەڵوەشانەوەی ئەو بناخە پتەوەی دەوڵەتی توركیادا دەبێت، كتومت وەك ئەوەی عێراق، كتومت وەك ئەوەی سووریا.

بەدران ئەحمەد حەبیب