هێما نیازی
به‌ده‌ر له خوێندنه‌وه ده‌روون حزبییه دژەكان، پارتی تا ئێستاش وه‌ک گرووپێکی ستراتیجیی کاریگه‌ر به‌رده‌وامه له جووڵەی سیاسی و له مێژووەکه‌یشیدا لق و لای زۆری لێ بووه‌ته‌وه، بۆیه هه‌م وه‌ک په‌روه‌رده و ئه‌ده‌بیاتی سیاسی ئه‌وسا، هه‌م وه‌ک فه‌زای ململانێی سیاسیی ئێستا، کاریگه‌ریی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر حزب و گرووپه سیاسییه‌کانی تره‌وه هەبووە و هەیە.
ئه‌م کاریگه‌رێتییه‌ی پارتی، به ته‌نیا هێز له مێژووه‌که‌ی وه‌رناگرێت، به‌ڵکو وزه له‌و ڕێبازه ستراتیجییه نه‌ته‌وه‌ییه‌یش وه‌رده‌گرێت که به‌هۆی به‌رده‌وامی بنپێکردنی مافی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌م گه‌له له بره‌و، نه‌که‌وتووه. ئه‌مه‌ش وای کردووه پارتی وه‌ک حزبێکی پراگماتیک ده‌ست له‌وه به‌ر بدات تاکتیکییانه سیاسه‌ت بکات و خۆی له‌ناو ستراتیجه قوڵه‌کانی سیاسه‌تدا بینیووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ش پشتی به دیقه‌تی سیاسی و واقیعگه‌ریی به‌ستووه.
بوونی پارتی وه‌ک بوونێکی پێویستی سه‌رده‌می خۆی، به هه‌موو ئه‌و ده‌ستکارییه ده‌ره‌کییانه و ململانێ ناوخۆییانه‌ی هاتنه سه‌ر ڕێگه‌ی، به چه‌ندان ده‌ستکه‌وت و شکست گه‌یشته ئه‌مڕۆ، که به هه‌موو کێشه قوڵه‌کانییه‌وه به‌پێی سروشتی قۆناغبه‌ندی کێشه‌ی سیاسی میله‌تان قورس بوو له‌وه باشتر ڕوو بدات که ڕووی داوه، به تایبه‌ت که حزبه‌که له دامه‌زراندنییه‌وه ململانێ فکری و سیاسییه‌کانی به‌رامبه‌ری له هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵگرت و واقیعی فره‌حزبیی شۆڕشگێڕی قبووڵ کرد و له ته‌نیشت ئه‌مه‌وه، به شکسته‌کانیشه‌وه له ستراتیجی نه‌ته‌وه‌یی نه‌که‌وت.
ئێستا که قۆناغی شۆڕشگێڕیی ئه‌م پارچه‌یه‌ی کوردستان خه‌ریکه ده‌گاته سه‌ربه‌خۆیی نیشتمانی، ده‌بێت حزبه‌کان و به تایبه‌ت پارتی، به‌ده‌ر له ململانێ حزبییه‌کان و سه‌رقاڵبوون به یارییه سیاسییه‌کان، چ دنیابینی و ڕوانگه‌یه‌کی بۆ بنیاتنانی ده‌وڵه‌تی مۆدێرن و هاووڵاتیبوون ڕۆ نابێت؟
پارتی که به درێژایی مێژووی خۆی به‌هۆی نکۆڵیکردن له شوناسی کوردی لەلایەن دژەبەرانەوە و کۆشش له دژی ئه‌م سیاسه‌ته، به‌وه ڕانه‌گه‌یشتووه وه‌ک پێویست بیر له گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی و تێپه‌ڕاندنی دۆخی کلاسیکی كۆمەڵگەی كوردەواری بکاته‌وه، ده‌بێت چۆن له‌م قۆناغه‌دا حزبی کاریگه‌ر بێت بۆ تێپه‌ڕاندنی دۆخە نائاساییه‌کان و نوێبوونه‌وه وەك مەرجی مانەوەی هەر حزبێك بکاته پێشه‌نگی کاره‌کانی؟
پرسیاره کاریگه‌رەكە ئه‌مه ده‌بێت ئایا پارتی که کۆکه‌ره‌وه‌ی فیکر و ته‌مه‌نه جیاوازه‌کان بوو له‌ناو جووڵانه‌وه‌ی ناسیۆنالیستیدا، هه‌ر ته‌نیا حزبی كۆششی نه‌ته‌وه‌یی بووه یان زیاتر له‌وه‌ش ده‌توانێت ببێته حزبێکی ده‌ستپێشخه‌ر له نوێگه‌ری و گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی و خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ دنیای نوێ‌دا و لاوازكردنی قۆناغی كولتووری فیوداڵی لە كوردستاندا؟ بە تایبەتی كە لە دوای ئازادی یەكجاری باشووری كوردستان، ناوەندی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر چاویان دەچێتە سەر كۆمەڵگەی كوردستان.
له ٧١ ساڵی ته‌مه‌نی پارتیدا، هێزه سیاسییه نه‌یاره‌کان به‌رامبه‌ر پارتی بۆ پیشاندانی وێنەیەكی ڵێڵ و تەمومژاوی كۆنەپارێزی پارتی و پێشكەوتوویی، خۆیان بە زیادەرۆییەوە هه‌موو درووشمه مۆدێرنه سیاسییه‌کانی وه‌ک (دیموکراسی و هه‌ڵبژاردن و مه‌ده‌نییه‌ت و به بنه‌ماڵه نه‌کردن)یان له دژی پارتی به‌کارهێنا، بەو هۆیەوە رێژەیەكیان لە خەڵك بۆ لای خۆیان راكێشا، هەرچەندە پارتی بەرامبەر ئەم هەڵمەتە دوورودرێژەی راگەیاندن خۆی راگرت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پارتی خاوەنداریی تێڕوانینێکی واقیعییانه بۆ دۆخی ناوخۆ و ده‌ره‌وه بكات، ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه هەمان ئەو دروشمانه لەگەڵ گونجانی بارودۆخدا به کرده‌یی بکاته موڵکی خۆی و له‌گه‌ڵ ڕزگاری نیشتمانیدا بە زەوینەسازییەوە ده‌ست بۆ گۆڕانی گه‌وره‌تر له ژیانی خه‌ڵک و سیسته‌می سیاسی و گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی ببات.
لە قۆناغی ریفراندۆم و سەربەخۆییدا، پارتی وەك لایەنی سەرەكی ئەم پرۆسەیە دەردەكەوێت و لە هزری گشتیشدا لایەنێكی سەرەكی ئەم ئامانجەیە، بەڵام ئامادەسازی بۆ دوای ئەم قۆناغە كە جێهێشتنی دروشمە نەتەوەییە دێرینەكانە و گوتاری جیاوازی نوێ دێتە كایەوە، گرنگیدان بەم ئایندەیە دەبێتە ڕزگاركەری هەر گرووپێكی سیاسی و دواتر بە قازانجی سیستەمی سیاسی دەشكێتەوە، بێگومان ئەمە بە بێ هاوكاری و متمانەی سیاسی لایەنەكانی تر، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی، زەحمەت و قورس دەبێت.