هێما نیازی
ڕووداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر له دیدی زۆرینه‌دا، شه‌ڕی به‌غدا و هێزه‌كانی بوو به‌رامبه‌ر كوردستان، به‌ڵام له ناوه‌ڕۆكدا سێ شه‌ڕ بوو له‌ناو یه‌ك شه‌ڕدا.
شه‌ڕی یه‌كه‌میان ئه‌و لێكترازانه سیاسی و سه‌ربازییه ناوخۆیییه بوو كه چاوه‌ڕوانكراو بوو، ئه‌و گرووپه‌ی یه‌كێتی كه ده‌سته‌ڵاتی یه‌كه‌می بۆ خۆی داپچڕیوه و هه‌موو دارایی و میدیای حزبه‌كه‌شی له به‌رده‌سته، له سه‌ره‌تاوه تا كۆتا پشتیوانێكی ڕه‌سه‌نی ڕیفراندۆم و ڕه‌وته نه‌ته‌وه‌یییه‌كه نه‌بوو، بۆیه وه‌ك داهێزه‌ر و شكێنه‌ری ئه‌م وزه نهتهوهیییه كه ڕووی له ناوچه‌كه و جیهان كردبوو، له دوا خوله‌كدا كه‌وته‌وه بیری به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كانی و له ڕووه سهربازییهكهشهوه پشتی له خواستی زۆرینه كرد، مه‌ترسی ئه‌وه‌ش دروست بوو كه پشت تێكردن بپه‌ڕێته‌وه بۆ شه‌ڕی ناوخۆ، به‌ڵام بۆ ئه‌مه‌یان ئێران و دۆسته‌كانی ڕێیان پێ گیرا.
شه‌ڕی دووه‌می ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر شه‌ڕی عێراق-ئێران به هاونیازیی توركیا بوو، ئه‌م شه‌ڕه‌یان پیلانێكی هه‌رێمی بچووك نه‌بوو، چونكه هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كانی هێزی تێدا به‌كار هێنرا، هه‌ر له گه‌مارۆی ئابووری و ته‌نگه‌به‌ریی سنووری و شه‌ڕی میدیایی و جه‌نگی ده‌روونی و هێرشی سه‌ربازی. ئه‌م پرۆسه‌یه ده‌ریخست كه دۆزی نه‌ته‌وه‌یی كورد به‌ته‌واوی بووه‌ته ڕاسته‌قینه‌یه‌كی مه‌ترسیدار و فاكتێكی جیۆگرافی كه هاوسێكان ناچار ده‌كات له سه‌رووی هه‌موو ناكۆكییه مێژوویییهكانی خۆیانه‌وه سازش بۆ یه‌كتر بكه‌ن. پیلانی سێ لایه‌نه‌ی ئێران و توركیا و عێراق به‌قه‌د به‌رزبوونه‌وه‌ی خواستی ئینسانییانه‌ی كورد گه‌وره بوو، به‌ڵام له دوورمه‌ودادا هه‌رسێ ده‌وڵه‌ت له دوای كپبوونه‌وه‌ی كاتیی كێشه‌ی كورد ده‌بینن چۆن بۆ سه‌ر یه‌كتر بوونه‌ته‌وه مه‌ترسی.
ستراتیجی "ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌ك گه‌یشته بنبه‌ست، گه‌وره‌ی بكه" ستراتیجی كورد بوو، له‌م گهورهكردنهی كێشه‌ی كورددا سازشی هاوبه‌رابه‌ری سێ ده‌وڵه‌ته‌كه، كێشه‌ی مه‌زه‌وی و سنووری و شه‌ڕی به وه‌كاله‌ت به‌دوای خۆیدا دێنێت. ئه‌م شه‌ڕه هه‌رێمییه كه به تێڕوانینه نه‌ته‌وه‌یییه‌كه پیلان بوو دژی كوردستان، له ده‌سته‌ڵاتی حزبێك و نه‌ته‌وه‌یه‌ك مه‌زنتر بوو، هیوایه‌ك بۆ به‌رگرتن پێی، ته‌نیا یه‌كڕیزی بوو كه له دوا ساتدا فرهڕیزی ئه‌م خواسته‌ی تێك شكاند.
شه‌ڕی سێیه‌م، شه‌ڕی سه‌رمایه‌داریی نه‌وت و وزه بوو له ناوچه‌كه‌دا، به‌ڵام ئه‌مه‌ش له ده‌ره‌وه‌ی هاوكێشه سیاسییه‌كه‌دا نه‌بوو، ئه‌مه‌ریكا و فڕه‌نسا له به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵێ گرێبه‌ستی تازه‌ی نه‌وت له‌گه‌ڵ عێراقدا، چاوپۆشی‌یان له ڕێككه‌وتنه سه‌ربازی و پیلانگێڕییه‌كان كرد له‌سه‌ر حیسابی خواستی نیشتمانی كورد، به‌ریتانیا ڕۆڵێكی ئیمپریالیستانه‌ی زۆر كلاسیكی له بابه‌تی پشتگیرینهكردنی كورد و نزیكبوونه‌وه له‌گه‌ڵ عێراقدا ئه‌نجام دا و كاریگه‌ری گه‌وره‌شی به‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكاوه هه‌بوو له‌وه‌ی سه‌ره‌تا بیر له به‌رژه‌وه‌ندییه ئابورییه‌كانی خۆیان بكه‌نه‌وه، كه عێراق بۆ ده‌ستخستنی چاوپۆشیی ئه‌وان گه‌نجینه‌ی سامان و نه‌وتی بۆ كۆمپانیاكانیان واڵا كرد. ئه‌م گرێبه‌سته ئابوورییانه‌ش كه هه‌رێمی كوردستان پێشتر له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا به‌ستبوونی، هه‌ر هێنده‌یان بۆ كرا پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌زموونه‌كه له ده‌ستی هێرشی ئێران و عێراق بپارێزن. ئه‌م ڕه‌وته له به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رمایه‌دارانه‌ی ده‌وڵه‌تان له‌سه‌ر حیسابی داگیركردنه‌وه‌ی ناوچه‌ی دابڕاو و به‌رژه‌وه‌ندیی نیشتمانی كوردستان، بابه‌تی سیاسیی كوردستانی به‌رامبه‌ر به‌غدا كپ كرد و چاوپۆشی كرا له‌و هه‌موو فشار و گه‌مارۆیانه‌ی خرایه سه‌ر كورد.
توانای كوردستان بچووكتر بوو له‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی سێ شه‌ڕ له‌یه‌ك ڕۆژدا ببێته‌وه. هه‌رچه‌نده نسكۆی دابڕاندنهوهی ناوچه كوردستانییه‌كان كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر سایكۆلۆجیا و دڵگه‌رمیی كوردستان دانا، به‌ڵام خۆی ڕاگرت، به‌وه‌ی پیلانه‌كانی دوای ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر شكستیان خوارد، جگه له‌وه‌ش زۆر بابه‌ت بۆ ڕای گشتی ڕوون بووه‌وه له‌وه‌ی چ هێزێكی ناوخۆ له دوا ساته‌كاندا پشت له دۆزی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كات. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی ده‌ركه‌وت كێ دوژمنی ڕاسته‌قینه‌ی كورده، ئێران كه هه‌میشه ده‌یگوت هه‌ولێری له ده‌ستی داعش پاراستووه، به ئاشكرا هه‌وڵی له‌ناوبردنی هه‌ولێری دا. ده‌وڵه‌تانی تریش كه سه‌رمایه‌گوزاری پێش سیاسه‌ت و به‌هاكان ده‌خه‌ن، ده‌كرێ كورد به‌هه‌مان پێوه‌ر، دوورتر له چه‌مكی دۆستایه‌تی نیازپاكانه، باشتر سوودیان لێ وه‌ربگرێت و زیاتر به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵی ناوده‌وڵه‌تی واقیعی و پراگماتیك بێت.
ده‌كرێت ئه‌نجامه‌كه وا ببینین كورد له تاكتیك و پلانه هه‌نووكه‌یییه‌كان تووشی ته‌نگوچه‌ڵه‌مه بوو، به‌ڵام له ستراتیجدا، هه‌م كوردستان جیۆگرافیایه‌كی ده‌ست لێ هه‌ڵنه‌گیراوه و هه‌م له ئایندهی سیاسیی ناوچه‌كه‌دا جێیه‌كی پته‌وی بۆ مانه‌وه و گه‌شه‌پێدان هه‌یه.