هێما نیازی حه‌مه‌عه‌زیز
خۆنامۆیی گوزارشته له دۆخێكی ده‌روونی، به‌ڵام به‌ریه‌ككه‌وتنێكی زۆری له‌گه‌ڵ كایه‌ی سیاسه‌تدا هه‌یه. سیاسه‌ت هه‌م به‌رپرسه له نامۆبوونی كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌م ده‌سه‌ڵاتێكه بۆ دژایه‌تیكردنی نامۆبوون.
"فیۆرباخ" له تێڕوانینیدا پێی وابوو ده‌زگه‌گه‌لی ئۆلی و ئاینی به‌رپرسی سه‌ره‌كی نامۆبوون بوون. ئه‌مه تێڕوانینێكه بۆ سه‌رده‌مێكی تایبه‌ت كه دیارده‌ی ئاینگه‌رایی سته‌مكا‌ر له ئه‌وجی خۆیدا بوو. هه‌ر كایه‌یه‌ك چه‌وساندنه‌وه به‌رهه‌م بێنێت نامۆیی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، وه‌لێ له دیدی "ماركس"دا ئه‌وه دۆخی چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تی و ملكه‌چییه بۆ شمه‌ك و كاڵا، تێیدا مرۆڤ ده‌كه‌وێته ناو چاڵی نامۆبوونه‌وه. به‌هه‌ند هه‌ڵگرتنی هه‌ر یه‌كێك له‌م دوو ته‌رزه په‌شیمانمان ناكه‌نه‌وه له‌وه‌ی بڵێین هۆی سه‌ره‌كی دیارده‌كه سیاسه‌ته، سیاسه‌ت وه‌ك چالاكییه‌كی گشتی كه پێوه‌ندی به هه‌مووانه‌وه هه‌یه.
نامۆبوون، دووركه‌وتنه‌وه‌یه له جه‌وهه‌ری خۆت، شوێن ونكردنه و له‌ده‌ستدانی ویسته. سه‌ره‌نجام هه‌ستكردنه به شه‌رم و شكاوی، دۆخێكه تێیدا مرۆڤ هه‌ست به له‌ده‌ستدانی شوناس و پێگه‌ی خۆی ده‌كات. خراپترین هه‌ستی نامۆیی ئه‌وه‌یه مرۆڤ له‌ناو خۆیدا هه‌ست به‌وه ده‌كات هیچ كاریگه‌رییه‌كی نه به‌سه‌ر خۆیه‌وه و نه به‌سه‌ر كاروباری گشتییه‌وه نه‌ماوه. هه‌ر نامۆییشه دۆخی بێباكی سیاسی دێنێته ئاراوه، بێباكی سیاسی سڵه‌مینه‌وه و تۆرانه له به‌شداریكردنی كرده سیاسییه‌كان و به‌شداری سیاسی، ئه‌وه بۆیه ئه‌وه‌ی كۆچی كردووه بۆ وڵاتێكی بێگانه چرای شوناسی ده‌كوژێته‌وه، چونكه له ڕووی شوێن و پێوه‌ندی و زمانه‌وه، تایبه‌تمه‌ندیی خۆی له ده‌ست داوه و به‌ر نامۆیی كه‌وتووه.
سیاسه‌ت بوونێكی كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌یه، كۆمه‌ڵایه‌تیبوونی واتا تێپه‌ڕاندنی نامۆیی، چونكه ئه‌ركی كۆمه‌ڵایه‌تیبوون بریتییه له ڕێكخستنێكی به كۆمه‌ڵ ژیان، ڕێكخستنیش جه‌وهه‌ری سیاسه‌ته. "سارته‌ر" پێی وابوو مرۆڤ هیچ نییه جگه له پڕۆژه‌كانی، پڕۆژه به مانای پێكه‌وه‌ژیان له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر، به‌ڵام ددانی به‌وه‌یشدا ده‌نا كه هه‌ر ئه‌وانی ترن ده‌بنه هه‌وێنی نامۆبوون. ئه‌وه نیگا و تێڕوانینی ئه‌وانی تره نامۆبوونی ئێمه ده‌كه‌نه ڕاستی، ئه‌وه ئه‌وانی ترن له ئاوێنه‌ی ده‌ستیانه‌وه خۆمان به نامۆیی ده‌بینین. ئه‌وانی ترن به بڕیار و كرداریان، به ڕێ و ڕێبازیان، خواستی ئێمه ده‌گه‌یه‌نن به بنبه‌ست، هه‌ر ئه‌وه‌شه گه‌یاندییه ئه‌وه‌ی بڵێ "دۆزه‌خی ئێمه، ئه‌وانی ترن".
له گه‌ردووندا و له‌م ناوچه‌یه‌شدا، تێگه‌یشتن بۆ سیاسه‌ت و مه‌واداكانی، توانا و بواره‌كانی، ئامانج و پانتایییه‌كانی، هه‌ڵه‌یه. هه‌ڵه به‌و مانا فراوانه‌ی پێناسه‌كانی سیاسه‌ت ده‌چنه‌وه هه‌مان ئه‌و تێگه‌شتنه ره‌شبینانه‌ی سیاسه‌ت وه‌ك ماڵوێرانی و تێكدان له‌سه‌ر ئاستی گشتی و فرت و فێڵ و چه‌واشه له‌سه‌ر ئاستی تاكه‌كه‌س گوزارشت ده‌كه‌ن. ئه‌مه به‌شێكی پێوه‌ندی به كێشه‌ی سرووشتی سیاسه‌ته‌وه هه‌یه كه مرۆڤ تێیدا ده‌توانێت كۆده‌كانی گه‌یشتن به پێگه و هێز و ناوبانگ بخوێنێته‌وه و دوور نییه به هه‌ر ڕێیه‌كی نادروستیش بێت بیانگاتێ.
به‌شێكیشی پێوه‌ندی به كێشه واقیعییه‌كانی دنیای پاشكه‌وتووه‌وه هه‌یه كه سیاسه‌ت وه‌ك ته‌رز و بواری زانستی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی مرۆیی و به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵ نابینن، به‌ڵكو تێگه‌یشتنێكی گشتی هه‌ڵه هه‌یه له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی سیاسه‌ت ته‌نێ له ده‌وروبه‌ری ململانێ و له‌ناو ململانێشدا له ده‌وروبه‌ری یارییه‌كی قێزه‌ون ده‌خولێته‌وه، نه‌ك سروشتی سیاسه‌ت بریتی بێت له‌وه‌ی خۆی كێڵگه‌یه‌كی فراوانی به‌ڕێوه‌بردنه و خۆیشی ئامرازی سه‌ره‌كی چاره‌سه‌ری كێشه سروشتی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بێت.
دنیابینی هه‌ڵه بۆ ئه‌ركی سیاسه‌ت، پێوه‌ندی به‌و ژینگه‌یه‌وه هه‌یه كه جۆری سیاسه‌ته‌كه‌ی تێدا پێڕه‌و كراوه. سیاسه‌ت وه‌ك هه‌ر بوارێكی دی له ئه‌ركه‌كه‌یه‌وه پێناسه ده‌كرێت، هه‌ر ئه‌وه‌ش ئه‌ركی سیاسه‌ته كه نامۆیی گشتی و بێباكیی فراوان بگۆڕێت بۆ متمانه و به‌شداری، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات سیاسه‌توانان ناچار به به‌رپرسیاریه‌تی بێ چه‌ندوچوون بكات كه تێیدا كایه‌ی سیاسه‌ت له وزه و هێزی ده‌ستگرتن به دۆخی باو بگۆڕێت بۆ هێزی گۆڕینی واقیعه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و له‌و ڕه‌وته‌شدا سیاسه‌ت وه‌ك هونه‌ری به‌ڕێوه‌بردن، كه‌سێتی و قورسایی خۆی بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه و نابێت به كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نامۆیی و توندڕۆیی.