هێما نیازی
قورسه له فه‌رهه‌نگی سیاسیی ئێسته‌ی دنیادا، گه‌لێك ببینیته‌وه له بزاڤی سیاسیی خۆیدا كۆمه‌ڵێك یان گرووپێك به ئاسانی خیانه‌ت به‌گه‌ڕ بخه‌ن یان بۆیان جێبه‌جێ بكرێت، چونكه چه‌مكی "خیانه‌تی نیشتمانی" كه هه‌ڵگری پاڵنه‌ری كێشه‌ی ده‌روونی و كۆمه‌ڵێ به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری و ده‌سه‌ڵاتخوازیی چه‌ند كه‌سێكه، زیاتر له مێژووی ئه‌و ڕه‌وت و قه‌واره سیاسییانه‌دا به‌دی ده‌كرا كه به‌سترابوونه‌وه به سیسته‌می كۆنی سیاسی و به‌ڕێوه‌بردنی خێڵه‌كییانه‌ی نانه‌ته‌وه‌یی، كه به ئاسانی ده‌سته‌یه‌كی دژ به ده‌سه‌ڵات ده‌بوونه هاوده‌ستیی نهێنیی دوژمن. به‌ڵام له سایه‌ی به‌هێزبوون و جێبه‌جێكردنی سه‌روه‌ریی ته‌واو و یاسای توندی نیشتمانسازی، خیانه‌ت له وڵاتانی گه‌شه‌كردوو و به‌هێزدا ده‌گمه‌نه. ئه‌گه‌ر پرۆسه‌یه‌كی له‌و جۆره‌یش ڕوو بدات، هێزه‌كه‌ی هێنده گه‌وره نییه قه‌واره نیشتمانییه‌كه بخاته مه‌ترسییه‌وه و بكه‌رانیشی ناتوانن له‌ژێر سزای یاسای خیانه‌تی نیشتمانی، بۆی ده‌رباز بن.
له مێژووی سیاسیی كورددا، خیانه‌ت وه‌ك كرده‌یه‌كی ئاماده و سازكراو بوونی هه‌یه، لایه‌نه دژه‌كان هه‌میشه له دوای به‌كارهێنانی چه‌ندان كارتی سیاسی و دیپلۆماسی و ڕاچڵه‌كاندنی سه‌ربازی، دوا كارێك كه په‌نای بۆ ببه‌ن، به‌كارهێنانی كارتی خیانه‌تی نیشتمانییه. ئه‌م شكسته سیاسییانه‌ی له خیانه‌تی ناو كایه‌ی سیاسی كورددا به‌رجه‌سته ده‌بن، به‌لای مرۆڤی كورده‌وه ترۆپكی لاوازیی كورد و لووتكه‌ی به‌هێزیی دوژمنه، به‌ڵام له ناوه‌ڕۆكدا په‌ره‌سه‌ندنی سیاسیی كورده، كه هه‌میشه وا ده‌كه‌ن له دواخاڵدا دوژمن په‌نا بۆ كارتی خیانه‌تی ناوخۆ بباته‌وه، هه‌ر كاتێك خیانه‌ت له وێستگه‌یه‌كی سیاسی‌دا كرابێت، ئه‌وكاتانه لووتكه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی سیاسیی كورد بووه، بۆیه ده‌ستكه‌وت و خیانه‌ته‌كان پێكه‌وه له مێژوویی كورددا كۆ ده‌بنه‌وه.
شكان و ترسان، نسكۆ و به‌زین.. هیچیان هێنده‌ی شكستی خیانه‌تی نیشتمانی كاریگه‌ریی به‌سه‌ر نه‌ته‌وه جێ ناهێڵن، شوێنه‌واری شكانی سه‌ربازی، یان هه‌ڵه‌ی سه‌ربازی، كاتین و له‌وانه‌یه چه‌ند مانگ و ساڵێك بخایه‌نن، كه‌چی شكستێك كه له ئه‌نجامی "خیانه‌تی نیشتمانی" له دایك ده‌بێت، هه‌ڵگری شكان و نامۆیی زه‌مه‌نێكی درێژخایه‌ن و دوورمه‌ودایه، كه ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌كه بگات به بنیاتنانی سه‌ربه‌خۆییش له ئه‌ندێشه و بیری گشتیدا وه‌ك سته‌مكارییه‌كی گه‌وره و برینێكی شاڕێژ نه‌بوو ده‌مێنێته‌وه، چونكه ئه‌و شكسته‌ی له خیانه‌ته‌وه داكه‌وتووه، زه‌برێكی گه‌وره‌یه به‌سه‌ر لایه‌نی ده‌روونیی گشتی و پانتایی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه. سه‌ركه‌وتنی دوژمن له‌ڕێی شه‌ڕی سه‌ربازییه‌وه شكستێكی سروشتییه كه هه‌ڵبژاردنی سه‌ركێشییه له نێوان "شكست و سه‌ركه‌وتن"، كه‌چی شكستی خیانه‌ت نسكۆیه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراوی جه‌رگبڕه كه له په‌یامه‌كه‌یدا دوژمن پێت ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر له لووتكه‌ی سه‌ركه‌وتنیش بیت، ده‌توانم بتخه‌مه‌وه خاڵی هیچ! تاهه‌تایه‌ش ناتوانی ببیت به خاوه‌ن ناسنامه‌ی سیاسیی خۆت، چونكه تا ئێسته‌یش تۆ خیانه‌ت له خۆت ده‌كه‌ی! كه‌وایه ئومێدی گه‌وره‌ی وه‌ك سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تسازی، هه‌ڵمه‌چنه".
كه خیانه‌ت ده‌بێته كرده‌ی سیاسی و خاڵێك له به‌رده‌م گه‌شه‌سه‌ندنی سیاسیی نه‌ته‌وه‌یه‌ك داده‌نێت، كه‌واته بۆشایی و ههڵهگهلێك له به‌ڕێوه‌بردنی سیاسی‌دا هه‌ن و ده‌بێت چاره بكرێن. به‌پێی ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه كۆمه‌ڵایه‌تی و بنكه كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی له‌ناو كایه‌ی سیاسیی كوردستاندا ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بووه، خیانه‌ت هه‌ر ته‌نیا هێرشێكی دوژمنكارییانه‌ی به‌رانبه‌ر نییه، به‌ڵكو پڕۆسه‌كه خۆی بابه‌تێكی زیاتر خۆییه و له ناوكی سیسته‌مه سیاسی و پانتایییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، ئه‌وه‌ش فره هۆكاره نه‌ك یه‌ك هۆی ساده، بۆیه خیانه‌ت پڕۆژه‌یه‌كی هه‌ڵتۆقیوی له‌ناكاو نییه، به‌ڵكو بهرهنجامیی دۆخێكی سیاسیی درێژخایه‌نتره و كاریگه‌رییه‌كه‌یشی دوورمه‌ودایه، به‌ڵام چركه‌ساتی ڕوودانه‌كه‌ی شاراوه و نهێنییه.
له ڕۆژگاری سیاسیی ئێسته‌ی كوردستاندا، خیانه‌ت هه‌ڵگری ده‌یان هۆی كۆن و نوێیه، به‌شێكیان ڕیشه‌كه‌یان له مێژوودان و هه‌ندێك هۆكاریشیان كوڕی ئه‌مڕۆن. له مێژوودا ناكۆكی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رته‌سك و خێڵایه‌تیی تێكه‌ڵ به حه‌زی ده‌سه‌ڵاتخوازی ده‌بوون و خیانه‌تیان پێك ده‌هێنا، كه‌چی ئه‌مڕۆ هه‌مان ئه‌و هۆكارانه و په‌ره‌سه‌ندنی بیری دژه نه‌ته‌وه‌خوازیش (وه‌ك مۆدێلی سه‌روو نه‌ته‌وه‌یی و داواخوازی جێهێشتنی نه‌ته‌وه‌گه‌ری)، خیانه‌تیان كرد به كاردانه‌وه‌یه‌كی ئاسایی به‌رانبه‌ر هه‌ڵه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی كوردی، ئه‌م ڕۆڵه له‌لایه‌ن ده‌سته‌بژێرێكی به‌ناسناو ڕۆشنبیرانی خۆجێیی جێبه‌جێ كراوه. له‌لای ئه‌م نوخبه‌یه مادام ده‌سه‌ڵات و سیسته‌م كێشه‌ی تێدایه، كه‌واته سیسته‌م و دنیابینی نه‌ته‌وه‌یش كۆنهخوازییه، كه‌واته خیانه‌تیش له‌و ده‌سه‌ڵاته هێنده قورس و نیگه‌رانكه‌ر نییه! بۆیه به‌شێكی زۆر له‌و حزب و نوخبه ڕۆشنبیر و ده‌زگا میدیایییانه، كار له‌سه‌ر ئه‌وه ناكه‌ن خیانه‌تی نیشتمانی وه‌ك تاوانێكی مه‌زن وێنا بكه‌ن و لێكه‌وته خراپه‌كانی بخه‌نه به‌ر تیشكی ڕۆشن.
هۆكاره‌كانی خیانه‌تی نیشتمانی زۆرن، هه‌ندێكیان هۆی ڕاسته‌وخۆن و هه‌ندێكیشان ناڕاسته‌وخۆن. ئه‌وه بۆچوونێكی دروسته كه گرووپی خیانه‌تكار هۆی سه‌ره‌كین له‌و هه‌ڵه نیشتمانییه‌دا، به‌ڵام هه‌ڵه بونیادییهكانیش كه ڕێ بۆ ئه‌نجامدانی خیانه‌ت خۆش ده‌كه‌ن زۆرترن، وه‌ك نه‌بوونی ئیداره‌یه‌كی یه‌كگرتووی ناوه‌ندی و نه‌بوونی سوپایه‌كی نیشتمانی و بوونی دابه‌شكاری ئابووری و چاڵی وزه له نێوان ده‌سته و گرووپه ناحكوومییه‌كانی ناوخۆی وڵات و نه‌بوونی دیدگایه‌كی نیشتمانی فراوانی به یاسا ڕێكخراو و گه‌شه نه‌كردنی نه‌ته‌وه و ڕۆحی هاووڵاتیبوون.
ئه‌مه جگه له هۆكاره خۆییهكانی ناو سیسته‌می سیاسی كه گه‌رماوگه‌رم ده‌چنه خزمه‌تی خیانه‌تی نیشتمانییه‌وه، وه‌ك نادادی ئابووری و نزمیی ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كان و لاوازیی ئاستی خۆشگوزه‌رانی و داهات، جگه له نه‌بوونی چوارچێوه‌ی یاسایی و به‌دامه‌زراوه‌ییكردن، كه ڕۆڵی تاكه‌كه‌س و گرووپگه‌ل له ئاراسته‌كردنی سیاسه‌ت و چالاكی سه‌ربازیی نیشتماندا كاڵ ده‌كه‌نه‌وه و به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی به یاسا ڕێك ده‌خه‌ن.
له ڕۆحی خیانه‌تی كوردیدا، پاداشتی پاره و ده‌ستكه‌وت بۆ گرووپی خیانه‌تكار هه‌میشه بوونی هه‌بووه، ئه‌م ڕووداوه به‌شێكی پێوه‌ندی به ناڕێكیی ئه‌و سیسته‌مه ئابوورییانه‌وه هه‌بووه كه له‌ناو ده‌سه‌ڵاته كوردییه‌كاندا نه‌یتوانیوه كه‌سێتی كوردی له هه‌ڵخلیسكان و له‌خشته‌بردنی دوژمن بپارێزن، جا ئه‌م خیانه‌تانه بۆ بژێوییهكی كه‌م بووبن، یان بۆ سه‌رمایه‌ی زۆر.
پێ ده‌چێت خیانه‌ت تا ئێسته مۆته‌كه‌ی سیاسه‌ت بێت له بزاڤی كوردیدا، بۆیه زۆرجار له‌سه‌ر ئاستی حزبی و ڕای گشتی و ڕۆشنبیران و میدیا، باس له‌وه ده‌كرێت چۆن ڕێ له خیانه‌ته‌كان بگیرێته‌وه؟ چۆن چۆنی هه‌موو ڕیسێكی سیاسه‌تمان به خیانه‌ت نه‌بێته‌وه به خوری؟ به‌ڵام ئه‌م چاره‌سه‌رانه‌ی باس ده‌كرێن له‌لایه‌ن ده‌زگای نیشتمانی باڵاوه نین و ده‌رده‌دڵ و هه‌ڵچوونی كاتی بێ ده‌سه‌ڵاتن. راستییه‌كه‌ی له كوردستان هه‌موو هێز و لایه‌نێك باسی خیانه‌ت و چاره‌سه‌ره‌كه‌ی ده‌كات، ته‌نیا "یاسا" و دامه‌زراوه‌كانی نه‌بن!
سزادانی خیانه‌تكار و سنووردانان بۆ خیانه‌ت، كاری فڵان حزب و فیسار ده‌سته و سوپا نییه، به‌ڵكو لایه‌نی سزاده‌ر ده‌بێت له‌سه‌ر ئاسته‌كانی یاسایی و دامه‌زراوه‌یی و هێزی بڕیاردان، له لایه‌نی خیانه‌تكار به‌هێزتر بێت، بۆیه به‌بێ ده‌ستوورێكی جێبهجێكراوی نیشتمانی و یاسای توندی خیانه‌ت و سه‌ربه‌خۆیی دادگاكان، ئه‌سته‌مه سزادان و سنووردانان بوونی هه‌بێت، چونكه به درێژایی ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردستان، حزبه‌كان و دامه‌زراوه‌كان نه‌یانتوانیوه بایی ئه‌وه‌نده ده‌سه‌ڵاتی دادگا سه‌ربه‌خۆ و به‌هێز بكه‌ن كه لانی كه‌م سنوور بۆ به‌شێك له گه‌نده‌ڵی و هه‌ڵه و په‌ڵه سیاسییه‌كان دابنێن، كه‌واته ناشتوانن تاوانی گه‌وره‌ی وه‌ك "خیانه‌تی نیشتمانی" بخه‌نه ناو ده‌سه‌ڵاتی سزادان و سنوور بۆدانان.
ئه‌گه‌ر ڕێچاره‌یه‌ك له گۆڕێ‌دا بێت، ده‌بێت به یاسا و ده‌ستوور و هێزی نیشتمانی به‌رژه‌وه‌ندیی نیشتمانی بێته پاراستن. به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه‌ی ده‌گوترێ و ده‌بیسترێ، ته‌نیا گله‌یی و قسه‌وباسی بێ سزایه و هه‌موو ساتێك مه‌ترسی دووباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌یه.