هێما نیازی حه‌مه‌عه‌زیز
سیاسه‌ت وه‌ك بابه‌تێكی گشتی، كاریگه‌ری به‌سه‌ر هه‌موو خه‌ڵكه‌وه هه‌یه، به‌ڵام له پێڕه‌وكردنیدا پێوه‌سته به توێژێكی كه‌م و ده‌سته‌بژێر. خۆ ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت بوو به كاری هه‌مووان، ئاماژه‌یه به‌وه‌ی چه‌مكه‌كه كێشه‌ی تێكه‌وتووه، ئه‌گه‌ر نا نه‌ده‌بوو به باس و كاری هه‌مووان. به‌پێی زۆربه‌ی ڕاپرسی و بۆچوونه‌كان، خه‌ڵكی وڵاتان كه‌متر چێژ له كایه‌ی سیاسه‌ت ده‌بینن و زۆر جاریش وه‌ك چاڵێك ده‌یبینن كه هه‌ر مرۆڤ تێی بكه‌وێت، بێ یه‌ك و دوو خۆكارانه تووشی فرت و فێڵ و درۆ ده‌بێت.
دامه‌زرێنه‌ر و سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌ی (ئه‌هرام) محه‌مه‌د حه‌سه‌نێن هه‌یكه‌ل (١٩٢٣-٢٠٠٦)، كه دیارترین ڕۆژنامه‌وانی میسری بوو، جگه له‌وه‌ی له دنیای عه‌ره‌بیدا ڕۆژنامه‌كه‌ی به "نیویۆرك تایمز"ی عه‌ره‌بی ناوی ده‌ركردبوو، خۆیشی زیاتر له ڕۆژنامه‌نووسێك به‌لای فكر و هزرڤانیدا ڕۆیشتبوو. ده‌گوترێت جارێك له سه‌روبه‌ندی ململانێی میسر و ئیسرائیل‌دا، بۆ وه‌رگرتنی بۆچوونه‌كانی سه‌ركۆماری میسر "جه‌مال عه‌بدولناسر"، نزیكه‌ی ٢٠ سه‌عات له‌گه‌ڵی كۆ بووه‌ته‌وه. هه‌ندێك ده‌ڵێن هه‌یكه‌ل ده‌ستی هه‌بووه له نه‌خشه‌كێشانی به‌شێكی گرنگی سیاسه‌تی ئه‌وكاتی میسر، كه‌چی چوار جار داوای لێ كرا پۆستی سیاسی و وه‌زیری ڕۆشنبیری میسر وه‌ربگرێت، به‌ڵام نه‌ك هه‌ر كاری سیاسی ڕه‌ت كرده‌وه، به‌ڵكو ده‌یگوت: میدیا و ڕۆژنامه‌نووسی هیچی كه‌متر نییه له كایه‌ی سیاسه‌ت، بگره سه‌نگ و كاریگه‌ری زیاتریشه.
له‌وانه‌یه گۆڕینی پیشه و بازدان به‌سه‌ر پسپۆڕیدا له زۆر وڵات‌دا دووباره بووبێته‌وه، به‌ڵام نه‌بووه له وڵاتێكدا به لێشاو میدیاكار و هونه‌رمه‌ند و مامۆستای ئاینی ڕوو بكه‌نه سیاسه‌ت، ئه‌م كێشه‌یه سه‌ره‌تا گرفتی بونیادی په‌روه‌رده‌ی حزبییه و دواتریش دنیابینی تاك له‌و دیارده‌یه به‌رپرسه. له‌وانه‌یه هه‌ر ئێسته سه‌دان كه‌سی تر له بواری جیاجیادا كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆژێك بگه‌ن به پردی سیاسه‌ت و له‌وێوه ئامانجه ڕاسته‌قینه‌كانیان ئاشكرا بێت كه نه‌یان دركاندووه، ئه‌وه‌ش خه‌می سیاسی خه‌ڵك چاره‌سه‌ر ناكات، به‌ڵكو خه‌می تاكه كه‌سێك له‌ڕووی ناوبانگ و ده‌ستكه‌وتی دارایییه‌وه به‌دی دێنێت.
كه كه‌ناڵه جۆراوجۆره‌كانی میدیا له كوردستاندا پێش ده‌كه‌ون، پێشبڕكێی ده‌ركه‌وتن سه‌ر ده‌رده‌كات، ئه‌م ده‌ركه‌وتنه میدیایییانه ده‌رفه‌تی بۆ ناسینی سێ توێژ كرده‌وه، ڕاگه‌یاندكار و هونه‌رمه‌ند و پیاوی ئاینی. حزبه كوردییه‌كان یه‌ك له دوای یه‌ك به‌بێ پێودانگی سیاسی و زانستی، بۆ هه‌ڵمه‌تی كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ و حه‌شامات، په‌نایان بۆ ئه‌م ڕووخسارانه برد، سه‌ره‌نجام پڕۆژه‌ی سیاسی به گشتی و كاری په‌رله‌مانی تا ئاستێكی زۆر پشتی به‌و دیارده‌یه به‌ست.
هۆكاره‌كانی ئه‌و دیارده‌یه ئه‌مانه‌ن:
١- سیاسه‌ت له كوردستاندا بووه‌ته بنه‌مای كاری تره، حزبایه‌تی ڕزگاریی تاكه له ته‌نیایی و كێشه‌ی دارایی، له‌سه‌ر ئاستی سیاسه‌ت نه‌بێت نه پێوه‌ندی فراوان دێته ئاراوه و نه داهاتیش فراوان ده‌بێت.
٢- بواره‌كانی تر بێ نرخ بوون، هیچ پسپۆڕییه‌ك هێنده‌ی كاری سیاسی بره‌وی نییه و ڕزگاركه‌ر نییه، لێره سیاسه‌ت ماندووبوونی كه‌م و ده‌ستكه‌وتی زۆرتری تێدایه وه‌ك له كاری تر.
٣ - له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا فه‌رهه‌نگیی پسپۆڕێتی كاری پێ ناكرێت، تایبه‌تمه‌ندی كار و قاڵبوونه‌وه له‌یه‌ك بواردا زۆر كه‌مه، ئه‌وه‌ش بازدان و گۆڕینی پیشه‌ی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه.
٤- پۆسته سیاسییه‌كان زیاد له سنووری خۆی پاره‌دار كراون و ده‌ستكه‌وتی زۆری ئابووری بۆ كه‌سه‌كه دابین ده‌كه‌ن، به‌خشینه‌وه‌ی ئیمتیاز و پاره وا ده‌كات نه‌زانرێت ئایا كه‌سی سیاسی بۆ خزمه‌تی گشتی هاتووه‌ته ناو كایه‌كه‌وه یان بۆ ده‌ستكه‌وت.
٥- سیاسه‌ت و كاری په‌رله‌مانی له كوردستان له‌سه‌ر پسپۆڕه ورد و كه‌سه تۆكنۆكراته‌كان به‌ڕێوه ناچێت، له ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان و حكوومه‌ت، حزب ڕۆڵی هه‌یه له ئاراسته‌كردنی وڵات‌دا، بۆیه كاری هه‌ڵبژاردن و په‌رله‌مانی زیاتر پرۆسه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ و كورسییه وه‌ك ئاماده‌یی و قه‌باره، نه‌ك ململانێ له‌سه‌ر فكر و توانا و پسپۆڕی و پڕۆژه بێت.
هه‌رچۆنێك بێت، له‌و پێوه‌ندییه شێواو و ناڕێكانه‌دا، چه‌ند كه‌سێك سوودی كه‌سی وه‌چنگ ده‌خه‌ن و ژیانی خه‌ڵكیش له دۆخی خۆیدا ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دۆخی ئابووریی گشتی وڵات گه‌شه بكات و بواره‌كانی تر به‌هایان بۆ بگه‌ڕێته‌وه و تاكه‌كه‌س له بازاڕ و بواره‌كانی دیكه‌دا داهات و شكۆی بێته پاراستن، ئه‌وا هه‌م هه‌ڵپه‌ی ڕاكردن بۆ كاری سیاسی سست ده‌بێت و هه‌م گۆڕه‌پانه‌كه بۆ پسپۆڕان و خۆمخۆرانی بواره‌كه تۆزێك چۆڵ ده‌بێت. بۆیه جێی خۆیه‌تى بڵێین ئه‌م ڕه‌خنه‌یه هه‌موو كه‌سێكى نه‌خستووه‌ته خانه‌ى گشتاندنه‌وه كه هه‌وڵى له‌و جۆرانه‌یان هه‌بووه.