ئیڤان عه‌بدولڕه‌حمان
ئه‌و تاوانبار مه‌كه‌ن ئێمه هه‌موو تاوانبارین، كۆمه‌ڵگه پڕه له "د-م” و به‌خێوكه‌ر و هاوڕێ و خۆشه‌ویستی "د-م”، ئه‌و له‌سه‌ر زمانی سێوان تۆمه‌تبار كرا، به‌ڵام ئێمه له به‌رده‌م دنیا و خوداشدا تاوانبارین. كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی تاوانباره، كولتوور و داونه‌ریت و په‌روه‌رده و یاسا و ڕێكخراوه‌كانی ژنان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی توندوتیژیی خێزان و پیاوسالاری و نێربوون تاوانباره، كه‌سوكار و ماڵه‌باوانی هه‌ردوولا و ته‌نانه‌ت دراوسێ دووكانی به‌شه‌خۆراكی مانگانه و عاره‌بانه‌ی سه‌وزه و میوه‌فرۆشی بهردهرگهكهشیان تاوانباره، هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه وێنه‌ی سێوانیان به‌سووتاوی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه تاوانبارن. ئێمه میله‌تی كورد هه‌موومان كه ئێسته خۆمان به خوشك و دایك و باوك و برای سێوان ده‌زانین، ڕاست ناكه‌ین، درۆزنین درۆزنی گه‌وره و قێزه‌ون! چونكه له هه‌موو خێزانێكدا سێوانێك هه‌یه كه لێی ده‌درێت، خیانه‌تی لێ ده‌كرێت و سووكایه‌تی پێ ده‌كرێت و خه‌ڵتانی خوێن و جنێو ده‌كرێت، به‌ڵام له‌به‌ر ئابڕووی درۆینه، له‌به‌ر منداڵ، له‌به‌ر قسه‌ی خه‌ڵك، له‌به‌رچاوی كۆمه‌ڵگه و شه‌ره‌فی برا و باوك بێده‌نگ ده‌كرێت و ناچاری قبووڵكردن ده‌كرێت.
ئێمه بۆ هه‌موو سێوانهكان "د-م”هكانین، به‌شێك له ژنهكانیشمان خۆشه‌ویستی "د-م”ه‌كان و تاوانباری سه‌ره‌كیی سووتان و شێوان و تێكدانی خێزانه‌كانن! خۆ تۆمه‌تبار له كونی شاخ نه‌بووه تا ببێت به ئاژه‌ڵ و ئه‌و كاره قێزه‌ونه بكات، ئه‌ویش كوڕی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییه، به‌رهه‌می جوانی خێزانی كوردی و كولتووری كوردی و فێرگه‌ی كوردی و شانوباڵ و شه‌وكه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی نێری كورده. ئێمه هه‌ر ئه‌و میلهتهین كه ژنه‌كانمان به‌ناوی پاراستنی مافی ژنان له پیاوی پۆستدار نزیك ده‌بنه‌وه و جێ به ژنی ڕاسته‌قینه له‌نگ ده‌كه‌ن، ئێمه هه‌ر ئه‌و پۆخڵهواتهین كه گه‌نج و گه‌وره و مێرمنداڵهكانمان به مۆبایلێكه‌وه شه‌و تابه‌یان خه‌ریكین، هه‌ندێكمان جنێو ده‌نووسین و هه‌ندێكمان به‌دوای ژن و هه‌ندێك به‌دوای پیاو، هه‌ندێك خه‌ریكی دروستكردنی په‌یجی ساخته و درۆینهین له‌سه‌ر حیسابی مه‌مك و قن و ڕان و به‌ژن و باڵای كچی خه‌ڵك خه‌ریكی كات بهسهربردنین، یان به‌شانوباڵی پێشمه‌رگه‌دا هه‌ڵده‌ڵێین و ته‌ریقیش نابینه‌وه له گه‌رمی جێی خۆمان و ساردی حاڵی ئه‌وان.
سێوان یه‌كه‌م ژن نییه بسووتێنرێت، منداڵه‌كانی ئه‌ویش یه‌كه‌م منداڵ نین ببن به قه‌قنه‌س، سه‌دان ژن و منداڵ سووتێنراون و ته‌نانه‌ت به خۆڵهمێشهكهشیان ناوی تاوانباره‌كان نه‌نووسران، له‌وه‌ته‌ی بیرمان دێ هه‌ر ژنه خۆی ده‌سووتێنێ كه‌س تێڕانامێنێ، ئه‌وه ژن نییه ئاگر له خۆی به‌رده‌دات، ئه‌وه پیاوه ئاگر به‌باڵایدا ده‌نه‌خشێنێ! ژنێكی خزممان پێش هه‌شت ساڵ شه‌وێك ئاگری له جه‌سته‌ی خۆی به‌ر دا، حه‌وت ڕۆژ كه‌سوكار له به‌رده‌می نه‌خۆشخانه نان و پیاز و كهبابیان خوارد، هه‌ندێك سه‌ردانكردنی ئه‌و لاشه سووتاوه‌ی ئه‌و ژنه پڕ ئازاره، وه‌ك سه‌فره تێگه‌شتبوون، به‌جلی ئاڵوواڵا و مه‌كیاجی تۆخه‌وه ده‌چوونه سه‌ردانی، له به‌رده‌م نه‌خۆشخانه بۆ خۆسووتاندنهكهی هۆكاری درۆینه‌یان به‌ده‌م بنێشت جوینه‌وه باس ده‌كرد، ئه‌و ژنه ناوی میدیا بوو، به‌ڵام ئه‌وكات میدیاكان نه‌هاتنه ده‌نگ بۆ هۆكاری سووتانه‌كه‌ی، چونكه چانسی ئه‌وه‌ی نه‌بوو بڵێت پیاوه‌كه‌ی تاوانباره و ماڵی باوكی تاوانبارتر، ئه‌و ژنه 10 ساڵ له نێوان ماڵی باوكی و هاوسه‌ره‌كه‌ی بووبوو به جۆلانێ، شه‌وان به لاچاوێكی شینه‌وه ده‌چووه‌وه ماڵی باوكی، به‌یانیان به دوولاچاوی شینه‌وه دهنێرایهوه ماڵی مێردی! هاوسه‌ره‌كه‌ی بۆ هه‌فته‌یه‌ك ده‌ستبه‌سه‌ر بوو، به‌ڵام دواتر ئازاد كرا و ژنی هێنا و ژنێكی تریشی هێنا. پارێزه‌رانی مافی ژنانیش وه‌ك هه‌زاران كه‌سی نوستووی نه‌بیستراوی تر، پێشیان نه‌زانی.
سه‌یر نییه ئێسته هه‌موو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌ژاون و باسوخواسی یه‌كه‌می هه‌موو میدیاكانه و هه‌موو پڕن له وێنه‌ی "سێوان و ده‌روون و دارین و كارین". ئێمه میله‌تێكی برسین، برسین له سێكس، له ژن كوشتن، له ژن سووتاندن، له جنێودان و له سووككردنی یه‌كتر و ژن دزینی یه‌كتر، خۆده‌رخستن له‌سه‌ر حیسابی ئه‌وی تر و نمایشكردن وه‌ك فریشته له‌سه‌ر په‌تی دۆزه‌خ. به‌كورتی و به‌كوردی میله‌تی "شیعاره كۆنه‌كانین" به‌ده‌م سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆجیاوه، ئێمه ئه‌و میلهتهین دوای گه‌وره‌ترین كاره‌سات كه سووتاندنی (ژنێكی بێ‌تاوان و سێ جگه‌رگۆشه‌یه) نێرینه‌كان له كۆمێنتدا به‌حیسابی خۆیان له‌وپه‌ڕی خهمخۆریدان، ده‌نووسن (ژنه‌كه‌ی قه‌ینا! ژنه‌كه‌ی قه‌ینا! ژنه‌كه‌ی قه‌ینا! به‌ڵام چۆن توانی منداڵه‌كانی بسووتێنێ!) كاره‌سات لێره‌وه ده‌ست پێ ده‌كات كه ده‌ڵێت (ژنه‌كه‌ی قه‌ینا)!
ئه‌و دێڕه ده‌یسه‌لمێنێ كۆمه‌ڵگه پڕه له سووتێنه‌ر و بكوژ و سه‌ربڕی خه‌وتوو، بۆیه پێش سزادانی تۆمه‌تبار كه پێتان وایه ده‌بێ به عیبره‌ت، ده‌بێ فكری كۆمه‌ڵگه بگۆڕن، په‌روه‌رده له بنه‌ڕه‌ته‌وه داتهكێنن، خێزانه‌كان سه‌رله‌نوێ به ئاوی مرۆڤایه‌تی داشۆرین، ده‌بێ به‌ئاگا بێین و بپرسین حكوومه‌ت پلانی له‌دوای ئه‌و كاره‌ساته هه‌ژانه نیشتمانییه چی ده‌بێت؟ خێزانی كوردی و ماڵه‌باوان ناچارن بۆ ئه‌وه‌ی جه‌رگیان نه‌سووتێ په‌ندێك وه‌ربگرن، ئاخر ئه‌گه‌ر به قووڵی ڕابمێنن، سووتاندنی چوار مرۆڤ هێنده‌ش ئاسان نییه به سزایه‌ك به‌كۆتا بێت، بۆیه كاتێك فرمێسكی چاوی كچه‌كه‌یان ده‌بینن، له‌به‌ر زمانی خه‌ڵك نه‌یشارنه‌وه، ده‌بێت سه‌ربه‌رزانه بڵێن ده‌رگه‌ی ماڵی مێرده‌كه‌ت دابخه و ده‌رگه‌ی ماڵی باوكت كراوه‌یه، شه‌ڵته‌ره‌كان ده‌بێت دووباره بیری نوێیان لێ بكرێته‌وه، ئه‌و ماڵانه‌ی بۆ داڵده‌دانی ژنانن، به به‌رگێكی تر له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا ڕه‌نگ بكرێن، بۆ ئه‌وه‌ی زۆر به شانازییه‌وه ژنانی بێ باوان بتوانن ڕووی لێ بكه‌ن.
ده‌بێ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و ڕێكخراوه‌كانی پاراستنی مافی ژنان و خێزان بخرێنه ژێر لێكۆڵینه‌وه، ناچار بكرێن وه‌ڵامی هه‌زاران پرسیاری قه‌تیسخواردوو بده‌نه‌وه، ده‌بێ به‌سینگێكی فراوان بڵێن فه‌شه‌لمان هێنا، نه‌مانتوانی نه‌ك ژن، منداڵیش بپارێزین، ئاخر ده‌بێت میله‌تی كورد هۆشیاری ئه‌وه‌نده هه‌بێت كه داوای وه‌ڵام له‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه بكات كه سێوان سكاڵای له دژی هاوسه‌ره‌كه‌ی لێ تۆمار كردبوو، ده‌بێ بزانن كاتێك ژنێك به زۆر ده‌ستی پێ له‌سه‌ر سكاڵایه‌ك هه‌ڵده‌گیرێت، كاری ئه‌وان ئیتر ته‌واو ده‌بێت؟ ئه‌گه‌ر كاری ئه‌وان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه، كه‌واته ئه‌وان و ئامێرێكی ڕۆبۆت وه‌ك یه‌كه‌ن، بهدوگهمهیهك داده‌گیرسێ و به‌دوگمه ده‌كوژێته‌وه، ئه‌وانیش به سكاڵایه‌ك كار له‌سه‌ر كه‌یسێك ده‌كه‌ن و به كشانه‌وه‌ی پاڵ ده‌ده‌نه‌وه؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وه هه‌موو كاری ئه‌وانه، پێم وابێت ئیتر ژنی كورد پێویستی به‌م ڕۆبۆته نییه و به‌زیندوویی خۆی "فاتیحا له‌سه‌ر مه‌رگی زیندووی خۆی ده‌خوێنێ".