هه‌تیوبوون به مردنی باوك نییه، به‌ڵكو كاتێ كه‌سێك دایكی ده‌مرێت، ته‌مه‌نی ئەگەر 50 ساڵیش بێت هه‌تیو ده‌بێت. مه‌به‌ستم نییه له نرخ و سه‌نگ و باشی و به‌رزیی باوكم و هیچ باوكێك كه‌م بكه‌مه‌وه، گومانی تێدا نییه به نه‌مانی باوك هه‌تیو ده‌بی و ئه‌و پشته گه‌رم و هێز و ڕێزه گه‌وره‌یه‌ی باوك له چاو و ژیان ون ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مانای ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ستی هه‌تیوبوون ده‌دات بۆ هه‌ر كه‌سێك، مردنی دایكه.
كاتێ دایكێك ده‌مرێت، ده‌وروبه‌ر له پرسه‌كه‌یدا ده‌ڵێن منداڵه‌كانی هه‌تیو بوون، هه‌ر خۆیشیان ده‌ڵێن قه‌ت منداڵ به مردنی باوك هه‌تیو نابێ و هه‌ر به مردنی دایك ماڵ تێكده‌چێت و منداڵ هه‌تیو ده‌بێت و بێ‌ناز ده‌بێت. نهێنیی ئه‌و ڕستانه له‌وه‌دایه كه "بێ‌ناز" ده‌بن، كه‌واته هه‌ر خودا ده‌زانێت ژنی له چ میهر و سۆز و هه‌ستێك دروست كردووه، بۆیه به‌هه‌شتی له‌ژێر پێی داناوه، هه‌موو ئه‌و هه‌ست و سۆز و باوه‌شه ئارامه‌ی تاك به تاكی مرۆڤ ده‌یه‌وێت و به‌دوایدا وێڵه، چۆڕێك هه‌ستی پاك و باوه‌شێكی پڕ سۆز و ئه‌و دڵه‌یه كه له پێناویدا ده‌ژی و بۆ مانه‌وه‌ی ژیان داده‌نێیت.
كه هه‌تیو بووی، ژیان به‌هه‌موو گه‌وره‌ییه‌ی له به‌رده‌متدا تا ئاستێك بچووك ده‌بێته‌وه، ئیتر هه‌ست ده‌كه‌ی جێی تۆی تێدا نابێته‌وه، ته‌زووی هه‌تیوی چزه‌یه‌كی هێنده سارده، به وزه‌ی هه‌موو دنیا گه‌رمت ناكاته‌وه.
دایكی من له مه‌رجان ده‌چوو، ڕه‌نگێكی جوان و دره‌وشانه‌وه‌یه‌كی هێمنی هه‌بوو، ورده شه‌رمه نه‌رم و ژنانه‌كه‌ی وای لێ ده‌كردی له به‌رده‌می هێمنییه‌كه‌یدا رابوه‌ستی پێش گوتنی زۆر شت، به هه‌بوونی هه‌مووان له چوارده‌وری و به ڕۆشناییه‌كه‌ی گه‌ش ده‌بووین، به‌ڵام كه له نیوه‌شه‌وێك به‌بێ ماڵئاوای جێیهێشتین، هه‌مووانی شۆك كرد، كه‌س بۆی یه‌كلا نابێته‌وه، مه‌رجان چۆن بوو به‌تارمایی و له چاولێكنان و هه‌ڵنه‌هێنانێكدا چۆن ون بوو.
له‌و به‌ره‌به‌یانییه‌ی دایكم مرد، منیش هه‌تیو بووم، له‌گه‌ڵ هه‌ستێكی هێنده نامۆ بووم به هاوڕێ، بێ ئه‌وه‌ی بزانم ناوی چییه، هه‌میشه ده‌ستمان له ملی یه‌كدایه و ده‌رده‌دڵی ئه‌م هه‌ستی هه‌تیوبوون و ته‌نیاییه‌ی بۆ ده‌كه‌م، ئه‌و وه‌ك هیچ كه‌س نییه و لێم ناپرسێ بۆچی سیسی، چونكه ده‌زانێ، هه‌تیوم و وه‌ك گوڵه‌كانی دایكم سیس بووم، هاوشێوه‌ی په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌ی لێڵ و وه‌ك گۆرانییه‌كانی فه‌یرووز له هه‌موو به‌یانیانی ڕێی ده‌وام، خامۆش بووم، وه‌ك مۆبایله‌كه‌ی ڕۆشنایی له ڕووخسارمدا نه‌ماوه و ڕێك وه‌ك ڕووناكی ماڵه‌كه‌ی، كوژاومه‌ته‌وه.
هێنده‌ی گریانی بێده‌نگی هه‌موو خوشك و براكانم و ڕووخساری پڕخه‌می باوكم، ناخم ده‌سووتێ و هیچم بۆ ناكرێ، ئیتر بێداییه‌كی ئاوایه له به‌رده‌م گریانی منداڵێكدا چۆكت پێ داده‌دات، له خامۆشبوونی ماڵ بۆ وشه‌یه‌ك لاڵ ده‌بی، له كاتێكدا هه‌میشه پێویستیت به داگیرسانه، كه‌چی له بوونه‌وه ده‌كوژێیته‌وه.
له هه‌موو ته‌مه‌نی تێپه‌ڕیوم كاتێ كه‌سێك له نزیك یا دوور دایكی ده‌مرد، نه‌مده‌توانی بچمه سه‌ردانی و سه‌ره‌خۆشیی لێ بكه‌م، هه‌موو كات دایكم ده‌یگوت كچم نابێت شه‌رمه دوورگرتن له‌م كاته‌دا و ده‌بێت بچی، له هه‌موو ئه‌و جارانه‌ی هانی ده‌دام بچم، یه‌ك جار به قوڕگێكی پڕ گریانه‌وه پێم گوت "ئاخر دایه بچم بڵێم چی؟ خوا سه‌بووریت بدا و ته‌مه‌نی درێژی بۆ خۆتان به‌جێهێشتبێ؟ یان بڵێم خه‌م مه‌خۆ... ئاخر ئه‌وه دایكی مردووه دایك، كاتی وا هیچ ناگوترێ، ته‌نانه‌ت ژیان ده‌وه‌ستێ". ئیتر له باوه‌شی كردم و گوتی "ئیڤه خان" هه‌موومان ده‌مرین جا تۆ ئاوابی ئه‌ی من مردم چی ده‌كه‌ی...
چی ده‌كه‌م؟ ئێسته ده‌توانم وه‌ڵامت بده‌مه‌وه دایه گیان، ئه‌وكات هه‌ر هه‌ستێكی كپ دایگرتم و رۆی، به‌ڵام ئێسته وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌تم پێیه و خۆت دیار نیت. بزانه بیرم له هه‌رچی هه‌یه كرده‌وه و نه‌گه‌یشتم به‌وه‌ی دوای تۆ چی ده‌كه‌م، ئاخر رێیه‌كه كه كۆتایی مردنه، داخه‌كه‌م هیچ ناكرێ، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی ناشمێنی.
بۆ هه‌ر به ڕاستی له دوای مردن هیچ ده‌كرێت؟ ئه‌گه‌ر به‌ده‌ستی من ده‌بوو له‌گه‌ڵت ده‌هاتمه ناو گۆڕه‌كه‌وه، ئه‌گه‌ر ده‌كرا خۆم ڕۆحی خۆمم ده‌كێشا، ئه‌گه‌ر خوا له ئه‌زه‌له‌وه بژارده‌ی مردن له دوای كه‌سێكی پێ بداینایه، دڵنیابه ده‌م كرد، به‌ڵام داخی گرانم ئه‌م دنیایه له‌وه دڵڕه‌قتره من له به‌رده‌می قاچه‌كانی تۆدا بكات به خۆڵ.
هه‌ستی بێ دایكی وه‌ك شاعیران ده‌ڵێن له ئاوازێكی خه‌مناك ده‌چێت، به‌ڵام وا نییه، هه‌ر خۆی ژیانێكی بێ ئاوازه بۆ كه‌سێك هه‌موو ژیانی له خۆشترین ئاوازه‌كاندا نقوم بووبێت، هه‌تا دایكت نه‌مرێت و هه‌تیو نه‌بی، تێناگه‌ی ڕۆژگار بێ پرسی خۆت ده‌تباته‌وه كام ئاقیبه‌تی به‌دبه‌ختی و له‌كام ده‌رگه‌ی چۆڕه نازی ئه‌م و ئه‌ودا فڕێت ده‌دات.
هه‌تیوبوون واتا گڕی ئازارێك كه هه‌موو ڕۆژێك بۆ كوژانه‌وه‌ی سینه‌ت داوای باوه‌شێك ده‌كات و نایگه‌یتێ، گوێت نزای بیستنی وشه‌یه‌ك ده‌كات و نایبیستی، چاوت ده‌گه‌ڕێت بۆ یه‌ك نیگا و نایبینێت، دڵ خۆی ده‌خواته‌وه و ده‌خواته‌وه و ده‌یه‌وێ ترپه‌ی نه‌یه‌ت و ناوه‌ستێ... كه په‌ڕوباڵت شكا و داشۆرایت له هه‌ست و پڕ بووی له خه‌م، ئه‌وكاته به‌رگی هه‌تیوبوونت وه‌ك یه‌كه‌م ده‌سته‌جلی جه‌ژن له‌به‌ر كرد و جه‌ژنیشت هه‌ر نه‌هاتووه و قه‌تیش نایه‌ت.
مه‌رج نییه ئه‌و منداڵه‌ی جلوبه‌رگی كۆن و دڕاوی له‌به‌ردایه و به له‌تێك نانه‌وه له‌ژێر دیوارێكدا هه‌ڵده‌له‌رزێ هه‌تیو بێت، ڕه‌نگه ئه‌و بێنازی جلوبه‌رگ و نانی گه‌رم و پێخه‌فی نه‌رم بێت، زه‌وی ملیۆنان كه‌سی هه‌ڵگرتووه كه خاوه‌نی جلوبه‌رگ و ماڵ و پاره‌ن، به‌ڵام له هه‌مووان هه‌تیوترن، ئه‌وكاته‌ی ئاماده‌بووی هه‌رچی هه‌ته و بڕیاره هه‌تبێت به باوه‌شێكی گه‌رمی دایك بیگۆڕیته‌وه و نییه، ئه‌وكات هه‌تیو كه‌وتووی و تێگه‌یشتووی هه‌تیبوون چ هه‌ڵقرچانێكه.