مووسڵی دوای داعش


بارزان جه‌وهه‌ر سادق

له‌ ده‌ستپێكی جه‌نگی مووسڵه‌وه‌ دوو سیناریۆ له‌ رۆژه‌ڤدا بوون. هێزه‌كان پێكه‌وه‌ شه‌ڕی داعش ده‌كه‌ن و خه‌ڵكی له‌ ده‌ست ئه‌م خه‌لافه‌ته‌ ئیسلامییه‌ ده‌ردێنن، دواتریش ده‌سه‌ڵات ده‌درێته‌وه‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌. ئه‌مه‌ سیناریۆیه‌كی تا بڵێی لاواز بوو، زیاتر له‌ پڕوپاگه‌نده‌ی شیعه‌كان ده‌چوو نه‌ك سیناریۆ. سیناریۆی دووه‌م كه‌ من به‌ته‌واوی پشتگیریم ده‌كرد بریتی بوو له‌ درێژكردنه‌وه‌ی سته‌م و زۆرداری و له‌ ئه‌نجامی داگیركاری شیعه‌ له‌ مووسڵ نه‌ك "پرۆسه‌ی ئازادی مووسڵ" وه‌ك میدیاكان ناوی ده‌نێن. 

جیاوازی گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌ نێوان ئه‌م دوو چه‌مكه‌. به‌تێڕوانینێكی قووڵ و لۆژیكییانه‌ بۆ دیمه‌نه‌كانی دڕنده‌یی هێزه‌كانی حه‌شدی شیعی له‌ مووسڵ، بۆت ده‌رده‌كه‌وێت ئاسۆی چاره‌سه‌ری یان وه‌ك ناویان ناوه‌ رزگاریی عێراق له‌ ده‌ست تیرۆریستان درۆیه‌كی گه‌وره‌یه‌، ئا لێره‌وه‌ جه‌نگه‌كه‌ بڵێسه‌ی ده‌بێت. تۆ كه‌ باكت نه‌بێت له‌ كوشتنی ژن، پیر، منداڵ و كاولكاری هه‌رچی بونیادی شوێنه‌وار و شارستانیی ئه‌م ناوچه‌یه‌ هه‌یه‌، چۆن ناوی پرۆسه‌ی ئازادكردن ده‌به‌ی؟ بۆ مووسڵ شوێنه‌وارێكی ماوه‌، ئه‌م شاره‌ باڵه‌خانه‌یه‌كی تیادا ماوه‌؟ پردێك و دامه‌زراوه‌یه‌كی ‌ساغی ماوه‌؟
وه‌ك چۆن سوننه‌ ئه‌و مافه‌ی به‌خۆی دا له‌ دژی سیاسه‌ته‌ قێزه‌ون و بێ ویژدانییه‌كانی ئێران و مالیكی پشتگیری توندترین رێكخراوی تیرۆرستی بكات و خۆیانی راده‌ست بكه‌ن وه‌ك ئه‌لته‌رناتیڤی رزگاری، ئیسته‌یش سوننه‌ سڵ ناكاته‌وه‌ له‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو قوربانی و كاولكارییه‌ كه‌ شیعه‌ ده‌رهه‌قیانی كردووه‌. ئیتر مووسڵی پێش حوزه‌یرانی 2014 دروست نابێته‌وه‌ نه‌ بۆ شیعه‌كان و نه‌ بۆ سوننه‌كان. مووسڵ وه‌ك به‌غدای دوای 2004 بۆ چه‌ندان ساڵی تر كرده‌وه‌ی تیرۆرستی تێدا ئه‌نجام ده‌درێت، مووسڵ سه‌قامگیر نابێت، كێ له‌م نێوانه‌دا زیانمه‌ند ده‌بێت؟

 بێگومان هه‌ر سوننه‌ زیانمه‌ندی یه‌كه‌من، چونكه‌ ئه‌گه‌ر دژه‌ كردار یان ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێت كرده‌وه‌ی تیرۆرستیش ئه‌نجام بده‌ن ئه‌وه‌ له‌ دژی خۆیانه‌، چونكه‌ ئێران به‌سیجه‌كان (كۆمه‌ڵه‌ شه‌قاوه‌ و چه‌قۆكێشه‌كانی ناو كۆڵانه‌كانی ئێرانن) ده‌كێشێته‌وه‌ و وه‌ك ده‌مامكێك وا نیشان ده‌دات كه‌ ده‌سه‌ڵاتی داوه‌ته‌وه‌ سوننه‌كان، به‌ڵام ئێران كام سوننه‌ی ده‌وێ؟ ئه‌و سوننانه‌ی له‌ خۆیه‌وه‌ نزیكن، سوننه‌یه‌ك گوێڕایه‌ڵی ئێران و سیاسه‌تی ویلایه‌تی فه‌قی بێ. ئێران سڵ ناكاته‌وه‌ له‌ كوشتنی ئه‌و سوننانه‌ی‌ دژی راده‌وه‌ستنه‌وه‌ له‌ داهاتووی مووسڵ، هه‌موو ئه‌وانه‌ش به‌وه‌ په‌رده‌پۆش ده‌كات كه‌ شانه‌ی نووستوو یان پاشماوه‌ی داعش و تیرۆرستانن و له‌لایه‌ن هێزه‌ عێراقییه‌كانه‌وه‌ كورژاون. جگه‌ له‌مه‌ش له‌ چه‌ندان شوێنی ناو مووسڵ بنكه‌ی شیعی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر سه‌رپه‌رشتیكردنی داگیركارییه‌كه‌یان له‌ مووسڵ.

ئێران سه‌ركه‌وت له‌ رووخاندنی سوننه‌ی عێراق و سه‌ركه‌وت به‌سه‌ر ململانێكانی له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی سوننه‌كان له‌سه‌ر كه‌یسی عێراق. له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا خه‌ونی سه‌تان ساڵه‌ی دێته‌ دی و مووسڵ به‌ دیمه‌شق و حه‌له‌ب ده‌به‌ستێته‌وه‌ و راسته‌وخۆ ده‌گاته‌ ده‌ریای سپی ناوه‌راست. 
له‌ مووسڵی دوای داعش، شارێكی خه‌مناك و كاول بوو ده‌بینین. خه‌ڵكێكی ژێرده‌سته‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌می كۆلۆنیاله‌ ئه‌وروپایییه‌كانیش له‌م ناوچه‌یه‌ نه‌بووه‌. خه‌ڵكێك خه‌ون به‌ یۆتۆپیای شكاندنه‌وه‌ی شیعه‌ و پارادایمی ده‌ربازبوون له‌ سته‌مكاری ده‌بینێ، سوننه‌یه‌ك به‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی شكۆی شاره‌كه‌ی خه‌بات ده‌كات. له‌ ده‌رئه‌نجامی هه‌موو ئه‌مانه‌ش توندوتیژی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن و مووسڵی دوای داعش خراپتر ده‌بێت له‌ مووسڵی سه‌رده‌می خه‌لافه‌تی داعش. 

AM:10:41:09/07/2017




ئه‌م بابه‌ته 1088 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌