ئایا پێمان ڕه‌وایه لاوانی ئه‌مڕۆمان، دواتریش منداڵی منداڵه‌كانمان، نه‌وه‌كانی داهاتوومان بۆ هه‌تا هه‌تایه رێگه‌ی تاراوگه بگرن و سه‌ری خۆیان بۆ هه‌نده‌ران هه‌ڵبگرن؟
باشه هه‌تا كه‌ی ڕازی ببین به‌وه‌ی لاوانمان، هێز و بازوی بنیاتنه‌ری كومه‌ڵگه و وڵاتمان، وه‌ك كۆچبه‌ر و په‌نابه‌ر داوای داڵده و بژێوی له وڵاتانی ئه‌ورپا بكه‌ن؟ كام ئه‌وروپایش؟ ئه‌وروپای ئێسته كه ڕۆژ دوای ڕۆژ سیاسه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر به كۆچبه‌ران و په‌نابه‌ران سه‌ختتر و توندتر ده‌كات، تا دێت ژیانی په‌نابه‌ری تێدا تاڵتر و ناله‌بارتر و نائینسانیتر ده‌بێت.
له ئه‌وروپای ئێسته‌دا ژماره‌ی ئه‌و پارت و رێكخراوانه كه دژ به په‌نابه‌ران و كۆچبه‌رانن، له گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندن و هه‌ڵكشاندان، ئه‌م پارت و ڕێكخراوانه له پرسی دژایه‌تیكردنی كۆچبه‌راندا ئێسته فشار ده‌خه‌نه سه‌ر حكوومه‌ته‌كانیان، ڕۆژ له دوای ڕۆژیش له‌لای چینه جیاوازه‌كانی گه‌لانی ئه‌وروپایی پتر بره‌و په‌یدا ده‌كه‌ن، ژماره‌ی ده‌نگده‌رانیان، ده‌نگدان دوای ده‌نگدان له هه‌ڵكشاندایه.
بۆیه له‌م ساڵانه‌ی دواییدا پارت و ڕێكخراوه ڕاسیست و دژه بێگانه‌كان كه له هه‌شتاكان و نه‌وه‌ته‌كاندا به ئه‌ندازه‌یه‌ك بچووك بوون، جێی هیچ بایه‌خێك نه‌بوون، ئێسته پله و پێگه‌یان له په‌رله‌مان و حوكمڕانیدا ته‌واو به‌رقه‌رار و به‌هێز بووه.
هه‌ر له سوێد بۆ نموونه، پارته میانڕه‌وكانیان ته‌واو ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه، ئێسته وایان لێ هاتووه به‌ره‌به‌ره‌كانی و ڕكابه‌رێتی سۆسیال دیموكراته‌كان ده‌كه‌ن كه به‌هێزترین پارتی سوێدین و نزیكه‌ی 40 ڕووداو و گۆڕانكارییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری وڵاتانی ئه‌وروپا له‌باره‌ی شێوازی ڕه‌فتاركردن له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی كۆچبه‌راندا، به چه‌ندین شێوه‌ی نامرۆڤانه، ڕاستی ئه‌و بۆچوونه ده‌سه‌لمێنن، له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه ده‌رچوونی به‌ریتانیا له یه‌كێتیی ئه‌وروپا كه به‌هۆی ستراتیجی ڕێگرتن له وه‌رگرتنی په‌نابه‌ران له یه‌كێتیی ئه‌وروپا كشایه‌وه، یه‌كێك له هۆكاره‌كان، بگره هۆی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌بوو كه به‌ریتانیا نایه‌وێت چیتر په‌نابه‌ر وه‌ربگرێت.
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی به‌ریتانیا به‌شبه‌حاڵی سیاسه‌تی په‌نابه‌رێتی نیشانه‌یه‌كی گه‌لێك نه‌گریس و ترسناكه، له وڵاتانی تری ئه‌وروپادا چاوه‌ڕێ ده‌كرێت كاردانه‌وه‌ی خراپی هه‌بێت و پێشبینی ئاماژه و نیشانه‌ی له‌وه‌یش خراپتر لێ ده‌كرێت.
سوێد كه هه‌میشه وێستگه‌ی خه‌مخۆری و داڵده‌ی كۆچبه‌ران و په‌نابه‌ران بووه، ئێسته نموونه‌یه‌كی تری ئه‌م مه‌ترسییه‌یه. بۆ نموونه پارتی سڤاریا دیمۆكراته‌كان (دیموكراته‌كانی سوێد) یه‌كێك له لاوازترین پارته‌كانی سوێد بوو، كه‌س باوه‌ڕی به‌وه نه‌ده‌كرد ئه‌م پارته ڕۆژێك له ڕۆژان ده‌نگێگی ئه‌وتۆ به‌ده‌ست بێنێ و بچێته ناو په‌رله‌مانه‌وه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌هۆی دژایه‌تیكردنی سیاسه‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانه‌وه، پێگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی مسۆگه‌ر كردووه، به ئه‌ندازه‌یه‌ك كه پاش سۆسیال دیموكراته‌كان پله‌ی دووه‌می مسۆگه‌ر كردووه، ئه‌مجا بیهێننه پێش چاوی خۆتان، پارتێكی به‌هێزی په‌ره‌سه‌ندووی دژ به په‌ناهه‌نده له وڵاتێكی دیموكرات و مرۆڤدۆستی وه‌ك سوێددا سه‌ركه‌وتن به ده‌ست بێنێت! ده‌بێت حاڵی په‌نابه‌ران له وڵاتانی تردا چی به‌سه‌ردا بێت؟
هه‌ر دوێنی له فینلاند پارتێكی ڕاستڕه‌وه‌ی وه‌ك تروفینس"فینلاندی ڕاسته‌قینه"ی مۆدێرات (میانڕه‌و)، ڕه‌وتی خۆی به ئاشكرا گۆڕی بۆ ڕه‌وتێكی ناسیۆنالیستانه‌ی دژ به په‌ناهه‌نده و كۆچبه‌ران. جاران مه‌ترسی ئه‌وه ده‌كرا كه ڕاستڕه‌وه‌كان له ئه‌وروپادا ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست و به‌رامبه‌ر به گرووپه‌كانی غه‌یره ئه‌وروپایی به ئه‌ندازه‌ی سۆسیال دیموكراته‌كان ده‌ستكراوه نه‌بن، به‌ڵام ئه‌مڕۆ نه‌ك ڕاستڕه‌وه میانڕۆكان، بگره راسیسته تووندڕۆكان په‌یتاپه‌یتا چمكه‌كانی ده‌سه‌ڵات كۆنتڕۆڵ ده‌كه‌ن، به هیچ كلۆجێك سیاسه‌تی ڕاسیستانه‌ی دوژمنكارانه‌ی خۆیان به‌رامبه‌ر به بێگانان ناشارنه‌وه.
پرسیاره‌كه‌ی ئێمه ئه‌وه‌یه، ئایا تاكه‌ی و تا چه‌ندان نه‌وه‌ی تر ده‌بێت منداڵه‌كانمان بكه‌ین به قۆچی قوربانی ئه‌م سیاسه‌ته نامرۆڤانه‌یه؟ ئایا ڕه‌وایه خاوه‌نی نیشتمانێكی سه‌ربه‌خۆ نه‌بین، منداڵه‌كانمانی تێدا ئازاد و سه‌ربه‌خۆ و سه‌رفراز بن، ئایا پێویسته منداڵه‌كانمان ناچار بن خزمه‌تی ئه‌م وڵاتانه بكه‌ن، یان باشتر نییه به سه‌رفرازی و ئاسووده‌یی و كه‌رامه‌ته‌وه خزمه‌تی وڵاتی خۆیان بكه‌ن؟
ئایا باشتر نییه وڵاتی خۆیان بنیات بنێن، نه‌ك خزمه‌ت به وڵاتانێك بكه‌ن كه به چاوێكی نزمه‌وه وه‌ك میوانی ره‌زاگران ته‌ماشایان ده‌كه‌ن؟ ئایا ئێمه ده‌مانه‌وێت ئه‌وانیش وه‌ك نه‌وه‌كانی پێش خۆیان په‌رت و په‌ره‌وازه و ئاواره بن؟
ئه‌وانه‌ی له تاراوگه‌دا ده‌ژین و هێشتا له هه‌ڕه‌تی لاویدان، ئه‌وانه نه‌وه‌ی ئه‌و گه‌نجانه‌ن كه له هه‌شتاكاندا لاوانی په‌نابه‌رانی سه‌رده‌می خۆیان بوون، منداڵه‌كانی ئه‌وان ئێسته گه‌نجن و له هه‌ڕه‌تی لاویدان، پاش 20 ساڵی تر، ئه‌وانیش منداڵه‌كانیان ده‌گه‌نه هه‌مان ته‌مه‌ن، پاشان منداڵی منداڵه‌كانیان، ئیتر به هه‌مان شێوه! كه‌واته ئێمه نه‌وه دوای نه‌وه گه‌نجانمان له ده‌ست ده‌ده‌ین، هێز و توانایان به هه‌ده‌ر ده‌ده‌ین.
تاكه رێی ڕاسته‌قینه، تاكه چاره‌سه‌ری كارا و له‌بار، ئه‌وه‌یه خاوه‌نی كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ بین.
بوونی كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ تاكه گه‌ره‌نتییه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی وڵات به‌جێهیشتن و په‌نابردنه به‌ر ژیانی تاراوگه، كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ تاكه گه‌ره‌نتییه بۆ ئه‌وه‌ی توانا و هێز و وزه‌ی لاوانمان به هه‌ده‌ر و به‌فیڕۆ نه‌چێت، پێش هه‌موو شتێكیش له خزمه‌تی وڵات‌دا بێت.
ڕه‌نگه بڵێن په‌نابه‌ره‌كانی غه‌یره كورد، خۆ ئه‌وان خاوه‌نی وڵاتی سه‌ربه‌خۆن، خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت و حكوومه‌تن، باشه بۆ ئه‌وان وڵاتی خۆیان به‌جێ دێڵێن؟ ئه‌م پرسیاره ڕه‌وایه، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌یش بزانین كه په‌نابه‌ری كورد به پله‌ی یه‌كه‌م په‌نابه‌رێكی سیاسییه، نه‌ك په‌نابه‌ری ئابووری. زۆربه‌ی هه‌ره زۆری خه‌ڵكی ئێمه له‌به‌ر هۆی سیاسی و سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی به‌ناچاری رێی تاراوگه‌ی گرتووه‌ته به‌ر. ئه‌گه‌ر بارودۆخی ئابووری، ئه‌مجایش سیسته‌می دیموكراتی له‌بار له وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆدا مسۆگه‌ر بكرێت و ڕێز و شكۆی مرۆڤ بپارێزرێت، لاوانی كوردستان ناچار نابن ژیانی به‌خته‌وه‌ری له وڵاتی خۆیاندا به ژیانی ده‌ربه‌ده‌ری و مه‌ینه‌تی تاراوگه بگۆڕنه‌وه. مێژوو سه‌لماندوویه‌تی سیسته‌مێكی دیموكراتی پێشكه‌وتوو له كوردستاندا له چوارچێوه‌ی عێراقێكی یه‌كگرتووی دیموكراتدا مه‌حاڵه.
كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆی خاوه‌نی سامان و سه‌رچاوه ئابوورییه‌كانی خۆی، ته‌نیا له ئازادی‌دا خۆی بڕیار له‌سه‌ر مه‌رجه‌كانی ژیانی تاك و كۆمه‌ڵگه ده‌دات، ته‌نیا ئه‌وكات ده‌توانێت گه‌شه به بوار و ئه‌گه‌ره‌كانی كار و خۆێندن و خۆشگوزه‌رانی بۆ لاوان بدات، لاوان ناچار نابن وڵاتی خۆیان له‌پێناوی بژێۆی و سه‌رفرازی به‌جێ بێڵن، ئه‌وكات لاوانمان ته‌نیا بۆ خوێندن و گه‌شتوگوزار و دڵداری و خۆشه‌ویستی و پشوو و چاره‌سه‌كردن ده‌چنه هه‌نده‌ران. ئه‌و مه‌رجانه‌یش ته‌نیا له سێبه‌ری ئازادی و سه‌ربه‌خۆیدا دێنه دی، هیچ وڵاتێك به‌بێ سه‌ربه‌خۆیی ناتوانێت ئه‌و مه‌رجانه بۆ هاووڵاتییانی بڕه‌خسێنێت.
ته‌نانه‌ت له تاراوگه و هه‌نده‌رانیشدا ئه‌و كۆچبه‌ر و په‌ناپه‌ره‌ی وڵاتی سه‌ربه‌خۆیان هه‌یه، پایه‌ی له په‌نابه‌رێكی بێ وڵات جیاوازتره، په‌نابه‌ره‌كانی نه‌وه‌ی من و هاوڕێكانم كه له سه‌ره‌تای هه‌شتاكاندا به ناچاری په‌نامان بۆ سوێد هێنا، ئه‌وه‌مان باش له بیره كاتێك ده‌مانگوت خه‌ڵكی كوردستانین، ده‌یانپرسی: مه‌به‌ستت پاكستانه؟ یان ئه‌فغانستان؟، ده‌مانگوت نه‌خێر كورستان. ئه‌مجا نه‌خشه‌ی جیهانیان ده‌هێنا و ده‌یانگوت: تكایه له‌سه‌ر ئه‌م نه‌خشه‌یه كوردستان‌م پیشان بده. به نه‌هامه‌تی و دۆشدامانه‌وه بێ وه‌ڵام ده‌ماینه‌وه.
له گفتوگۆ و ئاخاوتنه دوور و درێژه‌كانماندا، له قاوه‌خانه‌كانی ئه‌وروپای هه‌شتاكاندا خه‌ونمان به كوردستانێكی ئازاده‌وه ده‌بینی، له خه‌یاڵماندا نه‌خشه‌ی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆمان ده‌كێشا، زۆر جاریش له سه‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی كه زاده‌ی فه‌نتازیا و خه‌یاڵ بوو، وه‌ك هه‌ر كوردێكی به‌شه‌ره‌ف! له‌گه‌ڵ یه‌كتر تووشی ناكۆكی و دووبه‌ره‌كی ده‌بووین و له یه‌كتر زویر ده‌بووین.
ئێسته كاتی ئه‌وه هاتووه، سه‌ربه‌خۆیی له خه‌ون و خه‌یاڵه‌وه ببێت به ڕیال، ببێت به واقیع، له سنووری ئه‌ندێشه و فه‌نتازیا ده‌ربچێت، هه‌زاران ساڵه وڵاتی سه‌ربه‌خۆ له خه‌ون و ئه‌ندێشه و فه‌نتازیادا دروست ده‌كه‌ین، ئێسته و له‌م ده‌رفه‌ته‌دا كاتی ئه‌وه هاتووه كوردستانی سه‌ربه‌خۆ، سنووری قاوه‌خانه‌ی فه‌یله‌سووف و ڕۆشنبیران ببه‌زێنێت له واقیعێكی ڕاسته‌قینه و كۆنكرێتدا ببێت به میكانیزمێكی كرده‌یی. چیتر قاوه‌خانه‌ی فه‌یله‌سووفه كورده‌كانی هه‌نده‌ران، نه‌وه دوای نه‌وه به خه‌ون و فه‌نتازیا و ئه‌ندێشه‌ی بێ سنوور، وڵاتی سه‌ربه‌خۆ و حكوومه‌تی سه‌ربه‌خۆ به ده‌م گفتوگۆ و مشت‌ومڕ و ئاخاوتنه‌وه دروست نه‌كه‌ین، میكانیزم و پلانی كرده‌یی به ئه‌نجامگه‌یاندن و جێبه‌جێكردنی ئه‌م ئه‌ركه مه‌زنه كه‌وتووه‌ته سه‌ر ئه‌ستۆی سیاسه‌توان و ڕۆشنبیرانی ئه‌مڕۆمان، هه‌ر نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی داهاتوویش دیسانه‌وه نه‌كه‌وێته ناو بازنه‌ی ئه‌ندێشه و خه‌ون و فه‌نتازیاوه.
ئێمه كه باس له سامانی نیشتمانی ده‌كه‌ین، به‌گشتی و به پله‌ی یه‌كه‌م باس له نه‌وت ده‌كه‌ین، ڕاسته نه‌وت له هه‌موو كانێكی تری سروشت گرینگتره، به‌ڵام له ڕاستیدا سامانی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان به‌ر له نه‌وت، به‌ر له هه‌موو كان و مه‌تریالێكی تر، هێز و توانای لاوه‌كانییه‌تی، لاوانی ئه‌مڕۆ و نه‌وه‌كانی داهاتوو، ئه‌وان سامانی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی ڕاسته‌قینه‌ن، ئه‌وان ئه‌و سامانه‌ن كه ده‌بێت له وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ و سه‌ربه‌رزدا بمێننه‌وه تا وڵات بنیات بنێن. ئه‌ی لاوه‌كانمان و منداڵه‌كانمان و منداڵی منداڵه‌كانمان، گرینگ‌ترین به‌هادارترین سه‌روه‌ت و سامانی نیشتمان نین؟ باشه ئێمه بۆ ده‌بێت ئه‌وه‌نده سه‌رقاڵی بنیاتنانی قوتابخانه و زانكۆ و زانستگه و په‌یمانگه‌كان بین؟ ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نجانمان پێ بگه‌ن، پاشان ڕێی هه‌نده‌ران بگرنه به‌ر؟
كۆچكردنی لاوانمان به كۆمه‌ڵ، واته كۆچكردنی عه‌قڵ و مێشكی و وزه و توانا كه خۆی له خۆیدا گه‌وره‌ترین تراژیدیای نیشتمانییه، ئه‌م تراژیدیایه تا له چوارچێوه‌ی عێراقێكی دواكه‌وتووی دوور له هه‌موو سیسته‌مێكی شارستانی و پێشكه‌وتنخوار، ڕۆژ به ڕۆژ له هه‌ڵكشاندا ده‌بێت، تا ئه‌و ئاسته‌ی هه‌ستی دڵسۆزی و ئینتیما بۆ وڵات له‌لای لاوانمان كز و خامۆش ده‌بێت.
نووسه‌رێك له گوتارێكدا نووسیبووی: با داوا له گه‌نجان بكه‌ین وڵات به‌جێ نه‌هێڵن. به بۆچوونی من ئه‌م بانگه‌وازه چه‌ند دڵسۆزانه و ڕاستگۆیانه‌یه، دوو هێنده ساویلكانه‌یه، لاوان بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان به‌جێ نه‌هێڵن، گوێ به بانگه‌واز و پاڕانه‌وه و ده‌ست به‌دامێنگرتنه‌وه ناده‌ن، ئه‌وان چاوه‌ڕێی بوار و ده‌رفه‌تی ژیانێكی به‌خته‌وه‌ر و ئاسووده‌ن، ئه‌وه‌یش ته‌نیا به بوونی وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆی دیموكراتی پیشكه‌وتوو دێته ئه‌نجام، ئه‌وده‌م وڵاتی خۆیان به هیچ وڵاتێك ناگۆڕنه‌وه.
ئێسته له هه‌موو سه‌رده‌مێك پتر كات له‌باره بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان یه‌كلا بكرێته‌وه، ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موومانه وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ بۆ لاوان و نه‌وه‌كانی داهاتوو مسۆگه‌ر بكه‌ین، ئه‌وكات پێویست ناكات داوایان لێ بكه‌ین وڵاتی خۆیان بۆ یه‌كجاری به‌جێ نه‌هێڵن، لاوان له سێبه‌ری كوردستانێكی ئازاد و سه‌ربه‌خۆدا، كوردستانێكی دیموكراتی خاوه‌ن سیسته‌مێكی سیاسی مرۆڤدۆستانه وڵات بنیات ده‌نێن، كۆمه‌ڵگه‌ی خۆیان پێش ده‌خه‌ن. تێده‌كۆشن بۆ ئه‌وه‌ی ژیانێكی ئاسووده و كامه‌ران له كوردستانێكی سه‌ربه‌ستتدا دابین بكه‌ن.