گۆڕان و كۆمەڵ لە دووڕییانی بیركردنەوەدا

شاخەوان برایم عەبدوڵا

كێشەی گەورەی گۆڕان و كۆمەڵ، تێنەگەیشتن بوو لە ئەدای سیاسی و پڕۆژە نیشتمانییەكانی پارتی، بەو پێیەی كۆی رەخنەكانیان لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، تەنێ لە كەسێتی بارزانیدا چڕ كردەوە، لە كاتێكدا پارتی بە دەنگی بەرز بانگەشەی ریفراندۆمی دەكرد، كەچی ئەو گۆڕان و كۆمەڵە، پێیان وابوو تەنێ بۆ موزایەدەیە و بەس، بەردەوامبوون لەسەر ئەو ئەدا میدیایی و سیاسییەی خۆیان كە دواجار نازانن چۆن لێی دەرچن، بەتایبەتی كاتێك بارزانی لەناو ئەو هەموو كێشمەكێشە سیاسی و جنێودان و سووكایەتیكردن بە یەكتری و ململانێی سەختی حزبەكاندا، توانی زۆرینەی لایەنە سیاسییەكان رازی بكات بە ئەنجامدانی ریفراندۆم، ئێستە ئەو دوو حزبە لە دووڕییانی بیركردنەوەدان، ئەگەر بەشداری كەمپینی ریفراندۆم بكەن، ئەوا رازیبوونە بە پڕۆژەی بارزانی، ئەگەریش رازی نەبن، ئەوا مێژوویەك بۆ خۆیان تۆمار دەكەن كە بەڕاستی زیان بە ئایندەیان دەگەیەنێت، بە تایبەتی لە ئەگەری سەربەخۆییدا.
ئێستا لە تاوا بە ناڕاستەوخۆ دژایەتیی ریفراندۆم دەكەن بە هێنانەوەی چەند بیانووێكی لاواز، لە كاتێكدا پڕۆژەكە پڕۆژەیەكی تەواو نیشتمانییە، ئەگەرچی پارتی كاری بۆ كردووە، بەڵام دواجار هی هەمووانە، بۆیە دیسانەوە گۆڕان و كۆمەڵ خەریكە دەكەونەوە هەڵەیەكی گەورەتر كە بە گەرمی پێشوازیی لەو كەمپینەدا ناكەن، چونكە تا كاتی راگەیاندنیشی بە موزایەدەیان دەزانی، بەڵام كاتێك بەیاننامەیەك لەبارەی دانیشتنەكە و وادەی ریفراندۆم بڵاو بووەوە، ئیتر گۆڕان و كۆمەڵ ئێستە دووچاری شۆكی سیاسی بوون بەوەی پارتی بەڕەكەی لەژێر پێیان دەرهێناوە و نازانن چۆن گوتاری سیاسیی خۆیان یەك بخەن، بەڵام هەر بیانووێك بهێننەوە، دواجار زیان بە خۆیان دەگەیەنێت، چونكە پڕۆژەكە دەنگی زۆرینەی "بەڵێ" مسۆگەر دەكات.
بە گۆڕان و كۆمەڵ زیاتر 20% دەنگەكانی كوردستانیان لایە، كەچی سەركردایەتیی ئەو دوو حزبە بێ گەڕانەوە بۆ هەستی ئەو دەنگدەرانەیان، دژی ریفراندۆمن. ئەوان، واتە سەركردەكانی ئەو دوو حزبە ئەگەر پێیان وایە دژایەتیكردنی ریفراندۆم، سەركەوتنە بەسەر پارتی، ئەوا هەڵەن، راستە پڕۆژەكە لە جەوهەردا هی پارتییە، بەڵام نیشتمانییە، ناكرێت دژایەتی پڕۆژە نیشتمانییەكان بكرێت بە هیچ بیانوویەكی حزبی، چونكە ئەوە ئەوپەڕی فاشیلیی سیاسەتكردن دەگەیەنێت. 
ئەگەر پێیان وایە پڕۆژەكە شكست دەخوات، رەنگە ئەوان تاوانباری سەرەكی بن، چونكە دژایەتیكردنی پڕۆژەیەكی لەم شێوەیە، واتە دژایەتی خواستی گەلی خۆت، بە تایبەتیش ئەندام و لایەنگرێكی زۆری ئەو دوو حزبەش دەنگ دەدەن، چونكە دەزانن بڕیاری سەركردەكانیان دروست نییە و لە چوارچێوەی ئەو گوتارە حزبییە خۆپەرستییەدایە كە لە چەند ساڵی رابردوودا كاریان لەسەری كرد، بەڵام ئەوەتا دواجار كەوتنە بەردەم ئەگەرێكی سیاسی و مێژوویی، كە بە بۆچوونی من دەبێت بەشداریكردن لە ریفراندۆم هەڵبژێرن، ئەگەر نا جگە لە خەڵكی كوردستان، تەنانەت لای بەشێكی زۆری لایەنگرانی خۆیشیان سزا دەدرێن، چونكە لۆژیك قبووڵی ناكات میلەتێك 100 ساڵە خەبات دەكات بۆ سەربەخۆیی، تازە بە تازە چەند سیاسییەك رەتی بكەنەوە، بۆیە بەشداری نەكردنی ئەو دوو حزبە یەكەم جار زیان بە خۆیان دەگەیەنن، دواتر هەست و سۆزی ئەندامەكانیان.