دیپلۆماسیی و پشوودرێژیی مەسروور بارزانی قەوارەكەی پاراست

دوای گوشارێكی زۆری چەند ساڵە لە رووی گەمارۆدانی ئابووری و پیلانگێڕی هەرێمایەتی و ناوخۆیی، بۆ لاوازكردن و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی كوردستان، دواجار بە پشوودرێژی و خۆراگری، سیاسەتی ژیرانە و هەوڵی بەردەوامی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان و بەتایبەت سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، نەك هەر رێگری لە بەدیهاتنی خەونی ناحەزان و دوژمنانی قەوارەی كوردستان كرا، بگرە پێگەی هەرێمەكە لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە چووە قۆناغێكی نوێ، بەتایبەت وزەی كوردستان بەئاشكرا بە فەرمی و یاسایی چووە ناو بازاڕی بۆرسەی نەوتەوە، ئیتر هەرێمی كوردستان دەچێتە قۆناغێكی زۆر پێشكەوتوو و گرنگەوە بۆ داهاتوو، بە تایبەت خاوەن یەدەگێكی زۆری نەوت و غازی سروشتین.

ئێستە هەموو ئەو دەنگە ناشاز و سیناریۆیانە كە ئامانجیان تێكدان یان لاوازكردنی كوردستان بوو، شكستیان هێنا و بە پەسندكردنی یاسای بودجە لەسەر بنەمای دەستوور، هەموو ئەو هەوڵ و پیلانگێڕییانەی لە ماوەی رابردوو هەندێك كەس و لایەن لەناو كوردستان و لە بەغدا هەوڵەكانیان چڕ كردبووەوە، هەموو كەرەستەكانی شەڕی سارد و دەروونی و نەتەوەییان بۆ بەكار دەهێنا، كەوتە گۆڕەوە، بگرە جۆرێك بوو لە خۆسووككردنیش، چونكە لە كۆتایی هەموو دۆسیەكاندا عەرەبی عێراق و وڵاتانی دەرەوەیش بۆ بڕیاردان لەبارەی كوردستان، مامەڵە لەگەڵ خاوەنە دڵسۆزەكە دەكەن كە بارزانییە.

رادەستكردنەوەی سلێمانی بە عێراق، بە هەرێمكردن یان مامەڵەی راستەوخۆی سلێمانی و عێراق، دروشمی سەرەكی و كارتی بەهێزی ئەو گوشارانە بوون، بەڵام چونكە خاوەنی كارتەكان ژمارە نەبوون. كەسایەتیی بەهێزیان نەبوو، كەس لێی نەكڕین، چونكە سلێمانی هێمای كوردستانە و هی ئەوانە نییە كە دەستیان بەسەردا گرتووە و هەر رۆژەی لە بازرگانییەكی دەئاڵێنن. بۆیە عەرەبەكان ئامادە نەبوون بەدەم داواكانیانەوە بچن، ئەگەرنا ئەوان هەموو هەوڵێكیان لەم پێناوەدا دا.

تاكە هۆكار كە كوردستانی هێشتەوە لە ساڵی رابردوودا، رژدی و دڵسۆزی مەسروور بارزانی بوو، كە سەلماندی پیاوی ئەركە سەختەكانە و پێچەوانەی هەموو چاوەڕوانییەكانی ناحەزانە، لەم ٢٠٢١ـە مانگانە مووچەیشی دا، بەبێ بەغدا و قەرزی دەرەكی، بەپێچەوانەوە بڕوام وایە لێهاتوویی ئەو نەبوایە كوردستان بەتەواوی كەوتبوو و نەیدەتوانی بەرگەی ئەو هەموو دەستانە ناوخۆیی و دەرەكییە بگرێت، هاوكات كۆرۆناش دەستی خستبووە بینی هەرێمەكە، كەچی لەوەشدا سەرەڕای هەژاریی كەرتی تەندروستیمان، سەركەوتنی بێوێنە تۆمار كرا. 

هەرچەندە پرۆسەی گفتوگۆ ودانوستانەكان لە بارەی ماف و پشكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ  عێراق،  زۆری خایاند و زۆر كۆسپ و ئاستەنگی لە بەردەمدا دروست كرا، بەڵام هەرێمی كوردستان چونكە داوای جێبەجێكردنی یاسا و دەستووری دەكرد، دواجار سەركەوت، ئەمەش تەنیا دەكەوێتە بەرژەوەندی خەڵك، بووژانەوەی هەرێمەكە و سەردەمێكی تازە دێتەدی دێ.

بینیمان لە ماوەی رابردوودا كە كێشە لە نێوان هەرێم و عێراق هەبوو، لە هەموو دیدار و گفتوگۆكانی لەگەڵ شاندە دیپلۆماسی و كۆبوونەوە فەرمییەكان لەگەڵ وڵاتانی دنیا، مەسروور بارزانی تەنیا دەیگوت داوای مافەكانی خەڵكی كوردستان دەكەین بەپێی دەستوور، بۆیە لە بەرانبەر داواكاری یاساییدا هیچ كەس نەیتوانی بڵێ خواست كورد زیاترە لە قەبارەی خۆی، ئەنجامەكەش ئەوەی بەدەستەوە دا كە كوردستان ویستی.

بەدڵنیاییەوە ئەو سەركەوتن و رێككەوتنە، گڕوتین دەدات بە دۆسیەیەكی گرنگی وەك كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش، لە داهاتوودا هەردوو حكوومەت بگەن بە رێككەوتن لەسەری و دۆخە سەربازییەكە ئاسایی بكرێتەوە و حوكمی مەدەنی بگەڕێتەوە، ئەوەش بۆ كورد لەم قۆناغەدا دەستكەوتێكی گەورە دەبێت و بەهێزترمان دەكات، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت رێككەوتنی شنگال جێبەجێ بكرێت و بكرێت بە نموونە بۆ شارەكانی تریش.