جارێكی تر كۆڕبەندی "دیالۆگی مەنامە" لە پایتەختی بەحرێن، بەشێوەیەكی فەرمی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی متمانەپێكراو كە سەنگ و پێگەی لە بەرقەراركردنی ئاسایش و ئارامی ناوچەكەدا هەیە و لەلایەن وڵاتانی هەرێمایەتیی، كەنداو و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بایەخی پێ دەدرێت وەك ژمارەیەكی دیار، بۆیە بانگهێشت كراوە و دەكرێ بۆ چالاكییە كاریگەرەكانی دنیا.
لە كورستاندا شاندێك بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانیی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان و چەند وەزیر و راوێژكارێك، لە كۆڕبەندی مەنامە 2021 بەشدار بوون، ئەمەش لە خۆیدا سەركەوتنێكی تری ئەو سیاسەت و دیپلۆماسیی و شێوازی مامەڵەكردنە دروستەیە كە كوردستان لەگەڵ رووداو و پێشهاتەكانی ناوچەكە دەیكات، بە پارێزگاریكردن لە ئاشتی و سەقامگیریی هەرێمەكە و پێكەوەژیان، بەراورد بە زۆر لە وڵاتانی تر، بۆیە دەبینین رۆژ بەڕۆژ كوردستان وەك قەوارەیەكی متمانەپێكراو و پڕبایەخ، دەبێتە جێی سەرنجی وڵاتانی ناوچەكە و دنیا.
لەلایەكی ترەوە، مەسروور بارزانی وەك سەرۆكی حكوومەتی هەرێم كە خاوەن كەسایەتیی بەرز و قورسایی پێگەی سیاسی و دەوڵەتداری خۆی هەیە، هەر ئەوەیش وایكردووە كە لەلایەن سەركردەكانی ناوچەكە و عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، جێی رێز و گرنگیپێدان بووە. ئەو هەمیشە ڕاوبۆچوونەكانی بەهەند وەرگیراوە، هەروەها لە رێی پێوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییە دەرەكییەكانیەوە كە هەمووی خستووەتە خزمەتی كوردستانەوە، لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكایی و ئەوروپی و ناوچەكە، بەردەوام خزمەتی دۆزی رەوای گەل و نیشتمانەكەی دەكات بەشێوەیەكی پیشەیی، بۆیە هەمیشە لە دیدار و پێوەندییەكانیدا لەگەڵ ئەو لایەن و وڵات و كەسایەتییانە، پێداگری لە پاراستنی مافە دەستوورییەكانی گەلەكەی و پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی كوردستان كردووە.
كاتێك هەڵوەستە لەسەر كار و هەنگاوەكانی مەسروور بارزانی لەو بوارەدا دەكەین، زۆر بە بڕوا و متمانەیە، هەم بڕوای بە خۆیەتی و هەم بڕوایشی بەو دۆزە هەیە كە نوێنەرایەتیی دەكات و ئەرك و بەرپرسیارێتی هەڵگرتووە، دەبینین لە هەموو ئەو ئاستانەی كاری تێدا كردوون، چ لە رابردوو وەك پێشمەرگایەتی و ئینجا سەركردەیەكی سیاسی لە گۆڕەپانی كوردستان و ئەو سەردەمەی كە ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش بوو، لە دیدار و چاوپێكەوتنەكانی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتان، یان لەو دوو ساڵەی سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، سەنگی كوردستانی زۆر بەرز كردووەتەوە، لە سەردانەكانیدا بۆ دەرەوە، پێشوازی لە ئاستی سەرۆكی وڵاتان، هیچ كات ئەم سەركردەیە هەستێكی وای دروست نەكردووە كە ئەو نوێنەرایەتیی قەوارەیەكی بچووكتر لە دەوڵەت دەكات، بگرە زۆر بەرزتریش دەردەكەوێت.
تابلۆكە روون دەكاتەوە كە چ لێهاتووییەك كوردستان بەڕێوە دەبات.
ئەو خەسڵەتی بەهێزی كەسایەتییە زۆر بە ڕوونی رەنگی داوەتەوە لەو سەركردە لێهاتووەدا، تۆڕە پێوەندییە فراوانە نێودەوڵەتییەكەی و ئامادەیی كوردستان لە كۆڕبەند و لووتكە گرنگەكانی ئاسایش و ئابووری وڵاتان یاخۆ گرووپی وڵاتەكاندا، سەلمێنەری ئەو زانیارییانەیە، تەنیا ئەوە بەسە كە راگرتنی هەرێمی كوردستان لەم دنیا ئاڵۆز و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە گڕگرتووەدا، تابلۆكە روون دەكاتەوە كە چ لێهاتووییەك كوردستان بەڕێوە دەبات.
ئەگەر هەڵوەستە لەسەر بەرنامە و كاری مەسروور بارزانی و كابینەی حكوومەتەكەیشی بكەین، زۆر بە ڕوونی دەردەكەوێ كە نیازباشی كەوتووەتە كار بۆ بنیاتنانی داهاتوویەكی باشتر، بەرنامەی كارەكەی هەنگاو هەنگاو كاری لەسەر دەكرێت و هەندێك ئاماژەی باشی چاكسازی دەركەوتوون، بەڵام هێشتا ماویەتی و خەڵك ویستی زیاترە لە چاكسازیی ریشەیی و لێدان لە گەندەڵكار و سیستمێكی دامەزراوەییتر.
هەر ئەم نیازباشییەی چاكسازییە كە ئومێدێكی گەورەتری لەلایەن وڵاتانی دۆستەوە بۆ كوردستان دروست كردووە، بۆیە دەبینین زیاتر بایەخ بە پێگەكەی دەدەن و هاوكارن لە سەرخستنی پرۆسەكەدا، كەواتە هەر كە گەیشتنە كۆتایی چاكسازیی و دروستكردنی ئیدارەیەكی رێكوپێك، كوردستان خاڵێكی سەرنجڕاكێشتر دەبێت بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و كوردیش وەك نەتەوە، جوانتر دەردەكەوێت كە دەرفەتی هەبێت، دەتوانێ نموونەیەكی باش پێشكەشی دنیا بكات.