سه‌فین سدیق
شه‌وێكی دره‌نگه، ژنێك به كۆمه‌ڵێك گوڵی سووره‌وه له قه‌راغی ئه‌م شه‌قامه جه‌نجاڵه تێ ڕاماوه، بیر ده‌كاته‌وه ئاخۆ چ ساتێكی ئه‌مشه‌وه تاره ته‌واوی گوڵه‌كانی بفرۆشێت، له چاوه‌ڕوانی ڕه‌نگی سووری ترافیكی شه‌قام ڕاوه‌ستاوه، به هیوای ئه‌وه‌ی كه‌سێك گوڵێكی سووری لێ بكڕێت، ئه‌میش به پاره‌ی گوڵی سوور برسێتی دوو منداڵه‌كه‌ی نه‌هێڵێت، وا سوور هه‌ڵگه‌ڕابوو ته‌واوی شۆفێره‌كان وه‌ستان، ئه‌میش به شه‌رمێكه‌وه له جامی ئۆتۆمبێلێكی دا و گوتی كاكه گوڵێكم لێ بكڕه و دڵی چوار كه‌س به شادی بهێنه، كابراش كه سمێڵ زلێكی ملئه‌ستوور بوو، به پێكه‌نینێكه‌وه پێی گوت، وه‌ره ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌م ئه‌مشه‌و له ناو حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی من شه‌و به ڕۆژ بسپێره، به‌ڵام ژن به سه‌ڕسوڕمانێكه‌وه سه‌یری ڕووخساری كرد و گوتی، نا برا من له‌شفرۆش نیم و وا سه‌یرم مه‌كه، دوو منداڵی بێ باوكم هه‌یه هه‌ر گوڵێكی ده‌ستم بۆ ئه‌وان نرخی پارووه نانێكه.
یه‌كێك له‌و سه‌ره‌وه هاوار ده‌كات و ده‌ڵێت من نرخی زیاتر ده‌ده‌م، تۆ وه‌ره ئه‌و نازت هه‌ڵناگرێت و من ته‌واوی ئه‌و گوڵه سوورانه بۆ من بهێنه، ژن به دڵخۆشی ڕۆیشت به پیریه‌وه به ئاواتی ئه‌وه‌ی كه‌سێك په‌یدا بوو نرخی گوڵی سوور بزانێ و هیچ نه‌بێت هێنده پاره‌ی بداتێ دوو كۆرپه‌كه‌ی برسێتییان بشكێنێ، به كۆمه‌ڵێك خۆزگه‌وه گوڵی برده به‌ر كابرا و گوتی كاكه چه‌ندم لێ ده‌كڕی؟ پیاوی سه‌رلێشێواویش به خه‌نده‌یه‌كی پیسه‌وه گوتی نرخی خۆتم ده‌وێت، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م بینی خانمی گوڵ‌فرۆش ڕای كرد به‌ناو ئۆتۆمبێله‌كاندا و هاواری ده‌كرد ئاغایان من له‌شفرۆش نیم به خودا له‌شفرۆش نیم.
دانیشت و به‌تاسه‌وه له ته‌واوی شه‌قامه‌كه‌ی ده‌ڕوانی، دیاربوو بێ ئومێد بووبوو، پاش چه‌ند خوله‌كێك له دانیشتنه‌كه‌ی، دووباره گڵۆپی شه‌قامه‌كه بوو به سوور، ئه‌میش وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێكی له‌بیر كردبێت، هه‌ستاو دووباره هاواری ده‌كرد، گوڵی سوور گوڵی سوور، به‌ڵام سه‌یره دووباره هیچ كه‌سێك ئاره‌زووی گوڵی سوور ناكات و كه‌س ئاماده نییه ته‌نیا گوڵێك بكڕێت.
كات ڕۆیشت ته‌واوی ئۆتۆمبێله‌كانی شه‌قام كه‌وتنه‌وه گه‌ڕ، به‌ڵام ئه‌م هێشتا كۆڵی نه‌داوه و ئه‌م شه‌قامه‌ی جێنه‌هێشتووه، هێشتا له لێواری شه‌قامه‌كه وه‌ستاوه به‌تاسه‌وه چاوه‌ڕێی ڕه‌نگی سووری ترافیكه‌كه ده‌كات، هێشتا له دڵیدا هیوایه‌ك ماوه كه ته‌واوی گوڵه‌كانی ده‌فرۆشێت، كات تێپه‌ڕی و ڕه‌نگی سووری ترافیك ده‌ركه‌وت، به‌ڵام ئه‌مجاره جیاوازتر له پێشوو هاواری ده‌كرد و پڕ به‌ده‌نگ ده‌یگوت، (من خۆشه‌ویستی و هیوا ده‌فرۆشم، كێ ئه‌م شه‌و خۆشه‌ویستیم لێ ده‌كڕێت؟).
سه‌ره‌تا كه‌س گوێی به هاواره‌كه‌ی نه‌دا، به‌ڵام له‌پڕ پیاوێكی به‌ته‌مه‌ن بانگی كرد و گوتی، كچم چه‌پێكێك خۆشه‌ویستیم پێ بده با بۆنی هیوا بدات، ئیتر به‌جارێك شه‌قام خرۆشا، هه‌مووان هاواریان ده‌كرد خانم ئێمه‌یش خۆشه‌ویستیمان ده‌وێت، ئه‌مجاره به‌خێرایی خانمی گوڵ‌فرۆش له ناو ده‌سته‌كانی هیچ گوڵێك نه‌ما، ئیتر ئه‌م هاواری نه‌ده‌كرد، ته‌واو ئه‌مشه‌و ئیشی به‌م شه‌قامه نه‌ما و به دڵۆپێك له خۆشه‌ویستی ناخی ته‌واوی شه‌وه‌كه‌ی ئالووده‌ی خۆشه‌ویستی كرد، ئای ده‌بێت ئه‌مشه‌و خۆشه‌ویستی به‌خشراوی ئه‌م خانمه گوڵفرۆشه له ده‌رگای چه‌ندان ماڵی ئه‌م شاره بدات، خۆزگه هه‌موو شه‌وێك ده‌هات و شه‌قامێكی ئه‌م شاره‌ی ده‌ڕازانده‌وه و له جێی ڕق و كینه، خۆشه‌ویستی به‌سه‌ر خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌دا ده‌به‌خشی، تا ئه‌وكات له ده‌رگای هه‌ر ماڵێكی شاره حه‌یاته‌كه به گه‌وره‌یی بنووسرایه، ( به خۆشه‌ویستییه‌وه بژی تا له تێپه‌ڕبوونی ساڵه‌كانی ته‌مه‌نت بێهیوا نه‌بی).