بۆچی ئەمەریكا ئەفغانستانی بەجێهێشت؟

AM:09:06:19/08/2021 ‌
20 ساڵ لەمەوبەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە بەرانبەر تۆڵەسەندنەوە لە ڕووداوەكانی ١١ سێپتێمبەر و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، هێرشی زەوینی و ئاسمانیی كردە سەر بزووتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان، ئێستەش بەتەواوەتی كۆتایی بەو شەڕە هێنا و سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا رای گەیاند كە شەڕی ئەفغانستان بە كۆتا هات.

بۆچی ئەمەریكا هێرشی كردە سەر ئەفغانستان؟
لە ١١ سێپتێمبەر بە فڕۆكە هێرش كرایە سەر دوو تاوەری بازرگانی گەورەی شاری نیویۆڕك، لە پاش ڕووداوەكەش بزووتنەوەی تاڵیبان بەرپرسیاریەتیی خۆی لە ڕووداوەكە ڕاگەیاند. دواتر ئەمەریكا گوتی ئەوە گەورەترین زیانە كە بەر ئەمەریكا كەوتبێت.

پلانی هێرشكردنە سەر ئەفغانستان دوو ئامانجی سەرەكی هەبوو، یەكەم: دوورخستنەوەی تیرۆر لە ناوجەرگەی وڵاتەكەی. دووەم; تۆڵەسەندنەوەی ڕووداوەكانی ١١ی سێپتێمبەر و گەڕانەوەی شكۆ و هاتنی ئەمەریكا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە.

ئەو هێرشانە لە سەرەتادا بەئاسانی بۆ ئەمەریكا و سوپاكەی كەوتەوە، بەڵام لەبەر شەڕی پارتیزانی و تاكتیكی نوێی جەنگی تاڵیبان، كارەكە بۆ سوپای ئەمەریكا قورس بوو، بەڵام ئەو جەنگە جەنگێك بوو كە دەبوو بكرایە، چونكە پلانی ستراتیجی نوێی ئەمەریكا بۆ ئامادەكاری لە گۆڕانكارییە گرنگەكەی دنیا و نەخشە سیاسی و ئابوورییەكە زۆر پێویست بوو.

هەرچەندە ئەمەریكا زیانێكی گەورەی لە هێرشەكانی سەر ئەفغانستان بەسەردا هات، بەڵام دەرگایەكی نوێی بەسەر ئەو وڵاتەدا كردەوە كە نزیك ببێتەوە لە ئامانجە درێژخایەنەكەی لە ناوچەكەدا، هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو جۆرەی تیرۆر كە لە ناوچەكەدا دەیبینی، ئامانجێكی ترش بریتی بوو لە دانانی كڵاوەی ئەتۆمی و هێزی تایبەت بۆ جەنگە گەورەكە كە ڕووسیا و چینە، هەموو شارەزایان دەزانن كە ئەفغانستان چ گرنگییەكی گەورەی لەو بوارەدا هەیە.

ئایا ئەمەریكا لە ئەفغانستان ئامانجەكانی بەدەست هێنا؟
20 ساڵ شەڕ بۆ هێزێكی گەورەی وەك ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كەم نییە، بەڵام بەو ئاستەش زۆر نییە كە سزایەكی قورسی بەسەر خۆیدا سەپاندبێت تابتوانێ بیكات. ڕاستییەكەی لە گەیاندنی پەیامەكەی بە چین و ڕووسیا، كتومت ئامانجەكەی پێكا كە بە هەردوو وڵاتی گوت ئێمە ناچینە شەڕێكەوە پێمان نەكرێت، ئەگەریش ٢٠ ساڵیش بخایەنێت، بێگومان هەر ڕووبەڕووی دەبینەوە و دەیكەین، ئەگەریش خۆمان نەمانەوێ هەرگیز تەواو نابێت، كەی خۆمان ویستمان تەواوی دەكەین.

هەروەها لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران لە ناوچەی ئەفغانستان و لابردنی هێز و دەسەڵاتی ئەو وڵاتە و گۆڕینی بۆ هێز و شكڵ و دەسەڵاتێكی نوێ و بنیاتنانەوەی ئابووری و سیاسی و كولتووریدا، سەركەوتنی گەورەی بەدەست هێنا.

ئەو بۆچوونانەش كە پێیان وایە ئەمەریكا لە ئەفغانستان شكستی هێنا، بێگومان هەڵەیەكی گەورەیە و خزمەت بەهاوكێشەی ئێرانیزم و ڕووسیا دەكات كە پێی وایە ڕووبەڕووی تیرۆر لە ئەفغانستان هەرەسی هێناوە یان شكستی خواردووە.

ئەمەریكا و دۆخی ناوخۆی ئەفغانستان
پێش ئەنجامدانی هەر داگیركارییەك یان هەر ڕزگاركردنێك (كودەتا یان شۆڕش)، دوو پرس زۆر گرنگە كە لایەنی ئەنجامدەر شارەزای تەواوی هەبێت. یەكەم: خوێندنەوەی دروست بۆ دۆخی كۆمەڵایەتی و ئاینی وڵاتەكە. دووەم: ئامادەسازی هێز لە ڕووی تەكنیكی نوێوە.

دۆخی كۆمەڵایەتی و ئاینی ئەفغانستان، تایبەترین دۆخە كە دەتوانین بڵێین تا 100 ساڵی تر ئەفغانستان ئامادە نابێت بۆ گۆڕانكاریی ڕیشەیی ئاینی و كولتوورییەكەی خۆی، چونكە ئەوە دۆخێكی زۆر تایبەتە لە ئەفغانستان كە ئەستەمە بتوانرێ زۆر بە ئاسانی گۆڕانكاریی تێدا بكرێت، هەرچەندە ئەمەریكا پارەی زۆری تێدا خەرج كرد و زۆریشی لەگەڵدا ماندوو بوو.

ئەم وێنەیە جوانترین ڕووی ڕاستەقینەی كۆمەڵایەتی و ئاینی ئەفغانستانە كە پێمان دەڵێت، 20 ساڵ پێش ئێستە و ئەمڕۆ هەر هەمان كولتوور و ئاینە. ئەگەر جوان سەرنجی وێنەكە بدەیت، ڕەنگە پێت وابێ ئەوە تیرۆریستێكی داوێنپیسی بكوژە، چەند كچۆڵەیەكی منداڵی ڕفاندووە و دەیەوێ بەم ئایسكرێمانە بیانخەڵەتێنێ و دەستدرێژیی سێكسییان بكاتە سەر. ڕاستییەكەی وا نییە، ئەوە وێنەی گەنجێكی ئەفغانستانە و بە زەردەخەنە و پێكەنین و جلوبەرگێكی زۆر ئاسایی وڵاتەكەیەوە، بە هیوایەكی زۆرەوە بە دڵێكی پڕ جوانیی ئایسكرێمی بۆ منداڵەكانی كڕیوە.

ناكرێ هەر كەسێكت بەو جلوبەرگ و ڕیشەوە بینی، پێت وابێ ئیتر چەكداری تاڵیبانە و دەبێت تیرۆر بكرێت، ئەمەریكایش تووشی ئەو هەڵەیە بوو، لە عێراقیش بەهەمانشێوە، بۆ ئێرانیش تووشی ئەو هەڵەیە دەبێت، ئەگەر سەربازەكان و سوپاكە نەتوانن ڕاهێنانی باش بە سەربازەكانیان بكەن.

دووەم: ئامادەسازیی سەربازەكان لە ڕووی تەكنیكەوە
دۆخی ئەفغانستان بە شێوەیەكە، ئەستەمە ئەگەر خەڵكی ئەو هەرێمە نەبیت، بتوانی تێیدا بژیت یان تێیدا شەڕ بكەیت، هەروەها شارەزاییەكی گەورە و یارمەتیدەری هەیە كە ئەمەریكا تێیدا زۆر شارەزایان نەبوو، بۆیە تووشی ئەو هەڵە گەورەیە بوو .
  
بنواڕە وێنەكە
ئەم وێنەیە زۆر بە ئاسانی و بەڕوونی بۆمانی شی دەكاتەوە، چەند قورسە سەربازێكی ئەمەریكی بیت و لەو شوێنە سەختە، شەڕ بۆ وڵاتەكەت بكەیت دژی كەسێك كە بەڕەچەڵەك و خوێن و ڕەگەز و ئاین و بیروباوەڕ و توانا و هێزەوە تێیدا دەژی.

ڕێككەوتنی ئەمەریكا و تاڵیبان (گرەنتی سەركەوتن)
لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و بزووتنەوەی تاڵیبان، زنجیرەیەك كۆبوونەوەی گرنگ بەڕێوە چوو، بەشێك لە بۆچوونەكان پێیان وایە نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن، هەندێكیش دەڵێن ئەمەریكا ئامادە بووە ئەفغانستان ڕادەستی تاڵیبان بكات و هەڵبێت. راستییەكەی ڕێككەوتنێكی ستراتیجی تۆكمە و گەورە لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان كراوە، بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە بچێتە قۆناغێكی نوێی گوزەرانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە. ئەو ئامانجەی كە ئەمەریكا دەیویست خۆی دروستی بكات لە ئەفغانستان، ئێستە لە ڕێی تاڵیبانەوە دروستی دەكات و گۆڕانكاریی گەورە لە بۆچوونی تاڵَیبان بەرانبەر بە سیاسەت و ئابووری و كولتوور دروست بووە.

ئێستە تاڵیبان ئەگەر بچێتەوە سەر دەسەڵات لەو وڵاتە، ئەوا گۆڕانكاریی گەورە لە ڕەفتار و یاسا و سیاسی و كولتووری و ئاینی و ئابووریدا دەكات، پێدەچێت هەمان ئەو دیموكراتییەی كە ئەمەریكا دەیویست لە ڕێی بزووتنەوەی تاڵیبانەوە بەدەستی بهێنێت و جێبەجێی بكات. یان ئەوەتا ئەمەریكا بەتەواوەتی ماندوو بوو لە گۆڕانكاریی ڕیشەیی لە ئەفغانستان، چونكە هەم خەڵك ئامادە نییە و هەمیش سیاسییەكان نەیانتوانی لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا شتێكی باش لەوبارەیەوە ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی ئەمەریكا پشتیوانیان ببێت.

یان ئەوەی كە تاڵیبان هەموو خواستەكانی ئەمەریكا لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و گەندەڵی و مافی مرۆڤ، هەروەها هەژموونی ڕووسیا و چین و ئێران دەبینێت. یان ئەوەی پێویستە دۆخەكە بەو شێوەیەی لێ بێت تا جارێكی تر پرۆسەی ڕزگاركردنەوەی ئەفغانستان، لەسەر داوای ئەفغانییەكان خۆیان بكرێتەوە، هەروەها ڕووبەڕووی ئەو هەژموونە ببێتەوە كە تاڵیبان خۆی لێی دەترسا.

ئەمەریكا بە چەند ئامانجێك ئەفغانستانی بەجێهێشت كە بریتین لە:
یەكەم: ئەو هەژموونە سیاسی و كولتوورییەی كە دەیویست، پێی نەگەیشت و بێ هیوا بوو.

دووەم: تاڵیبان هەمان ئەو كارانە بۆ ئەمەریكا دەكات كە دەیویست خۆی بیكات.

سێیەم: ئەمەریكا دەیەوێ سەرلەنوێ بچێتەوە ئەو وڵاتە.

چوارەم: ئەمەریكا ئیتر شەڕێك ناكات ئەگەر پێشتر ئامادەسازییەكی گەورەی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی بۆ نەكردبێت.

پێنجەم: ئەفغانییەكان خۆیان هەر ئەوەیان دەویست كە ئەمەریكا بچێتە دەرەوە، چونكە ئەو وڵاتە قبووڵی ئەمەریكا لە وڵاتەكەی خۆیدا ناكات.

شەشەم: ئەمەریكا هیوایەكی گەورەی بە ڕێككەوتنەكە هەیە و ئامانجێكی گەورەی پێكاوە، ئیتر كاتی ئەوەیە ئەفغانییە راستەقینەكان سیاسەت لە وڵاتی خۆیان بكەن.

تەنیا شەش مانگی تر دەردەكەوێ كە ئەمەریكا هەڵەیەكی گەورەی كردووە یان بەتەواوی ئامانجی لەو كارەی پێكاوە، هاوكات دەریش دەكەوێت ڕێككەوتنەكە بە قازانجی هەردوولایە یان دژی هەردوولایە.