دوای هەڵبژاردن چی ڕوو دەدات؟

PM:03:49:19/09/2021 ‌
ئێستەیش ئەگەرێك هەیە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نەكرێت، بەهۆی ئەو مەترسییانەی لە بەردەم هێزە عێراقییەكاندان، هەروەها دۆخەكە لە ئاستێكی زۆر ناسكدایە و دەكرێ هەموو شتێك لە نیوەشەوێكدا هەڵاودێر ببێت.

بۆ ناوخۆی عێراق هەڵبژاردنەكە هیچ ناگۆڕێت، بەڵام بۆ دەرەوەی عێراق زۆر پرس دوای هەڵبژاردنە پێشخراوەكە دەگۆڕێت، چونكە چارەنووسی عێراق لە تەرازووی ئەمەریكا و ئێراندا دوای ئەم هەڵبژاردنە یەكلا دەبێتەوە.

هەموو هێزەكان كەوتوونەتەوە خۆیان بۆ ئەوەی قەبارەی خۆیان بزانن


هەموو هێزەكان كەوتوونەتەوە خۆیان بۆ ئەوەی قەبارەی خۆیان بزانن و لە پەرلەمان خۆیان جێگیر بكەن، چونكە دوور نییە حكوومەتی نوێی عێراق، كاتێكی زۆری بوێت بۆ یەكلاكردنەوە، بەڵام گرنگتر لەو حكوومەتەی پێكدەهێنرێت لە عێراقدا، بێگومان دۆخی تەناهییە.

كۆتاكانی مانگی ١١ هێزە شەڕكەرەكانی ئەمەریكا هێندەی پەنجەكانی دەستیان لێ دێت، دوور نییە  ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هێرشی ئاسمانیش ڕابگرن، بەوەش تەراتێنی داعش و چەند گرووپێكی توندی حەشدی شەعبی لە ناوچەكە بێشومار زیاد دەكەن.

ئێستە پارەكانی عێراق بەشی ئەوە دەكەن، ئەمەریكییەكان ڕازی بكەن فڕۆكەكانیان لە بۆردمان ڕانەگرن، بەڵام هاوكێشەی ئاڵۆزی عێراق دوای هێزە شەڕكەرەكان و هەڵبژاردن، هێندە ئاڵۆز دەبێت، شیكارییەكەی دوو گریمانەیە، یان كازمی دەفتەری تێبینییەكان هەڵدەگرێت و دەچێتە واشنتن، گوێقوڵاغی پێنتاگۆن و سی ئای ئەی دەبێت، یان دەفتەرەكەی هەڵدەگرێت و لە تاران بە قەڵەمی سەوز نەخشەی نوێی شارەكان دەكێشێت.

حكوومەتە نوێیەكەی عێراق
حكوومەتە نوێیەكەی عێراق ئەگەر كازمی پێكی بێنێ، لە باوەشی پێنتاگۆنەوە لە دایك دەبێت، ئەگەر سەدرییەكانیش بن بێگومان لە تاران و قوم دەكرێت، بەڵام لە هەردوو حاڵەتەكەدا كاتێكی زۆری دەوێت تا بتوانێ وەك هاوكێشەیەكی یەكلاكەرەوە خۆی بنوێنێت.

ڕەنگە بەپێچەوانەشەوە بێت و واشنتن بیەوێ حكوومەتەكە زوو یەكلا ببێتەوە و ئێرانیش هەمان شتی بوێت، چونكە هەردووكیان بەدوای چارەنووسی خۆیان دەگەڕێن لە دەمی حكوومەتی نوێوە.

ڕاستییەكەی لە هەركات و هەر بارێكدا حكوومەتە نوێیەكە لە دایك ببێت، ناتوانێ فرەجەمسەریی عێراق و ئاژاوە گەورەكانی ناو وڵات و هێزە بیانییەكان و مەترسییەكانی داعش و دەستی دەرەكی لە خۆی بكاتەوە، چونكە لە نیازی كەسدا نییە عێراق ئارام بێت و ناوچەكەش پێویستییەكی وەهای هەیە كە عێراق جارێ لاواز بێت.

حكوومەتە نوێیەكە لە قازانجی گەلانی عێراقدایە پاڵپشتی واشنتن بەدەست بهێنێت نەك تاران، بەڵام دەبێت بەلایەنی كەمەوە دەمكوتی ئێرانیش بكات بۆ ئەوەی بەغدا نەكەوێتە بەر رەحمەتی مووشەك و درۆنی ئێرانی.

كورد و حكوومەتی نوێی عێراق
پەرتەوازەترین لایەن لە عێراق لەم هەڵبژاردنەدا كوردەكانن، كە هەزاران كاندیدیان ئامادە كردووە، هێشتاش بەتەواوەتی تێنەگەیشتوون كە دەنگدانەكە چۆنە و لە كوێوە گۆڵیان لێ دەكرێت، چۆن یارییەكە بە قازانجی ئەوان نابێت.

پارتی دیموكراتی كوردستان هەر سەرەتا لەسەر زاری سەرۆك بارزانییەوە نەیشاردەوە كە گلەیی و رەخنەیان زۆرە، بەڵام ناچار بوون قبووڵی هەڵبژاردنەكە بكەن، بەڵام پلانی خۆیان بۆی هەیە و دەشیانەوێت بە براوەی یەكەمی گەمەی هەڵبژاردنی عێراق بمێننەوە، بەڵام تێبینییەكانیان گرنگ بوون و دەبوو سازش لەسەر هیچ شتێك نەكرایە.

لەلایەكی ترەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە دەهۆڵێكی كۆنی بەڕێز تاڵەبانییەوە بەدەوری كەركووكدا دەسووڕێتەوە و لە سلێمانیش شەستییەكەی پێ كۆنترۆڵ ناكرێت، لەم حاڵەتەدا هیچ  كاتێك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەوەندە بە پەرتەوازەیی نەچووەتە هەڵبژاردنەوە، دووریش نییە باجەكەی بدات، ئەوە بە ڕەچاوكردنی تێبینییەكەی مەلا بەختیار كە دەیگوت یەكێتی ئەگەر كورسییەكیش ببات، هەر یەكێتییە.

بزووتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ و ئیسلامییەكانیش كە تا ئێستە نەیانتوانیوە ببنە هێزی كاریگەر لە عێراقدا، لەم هەڵبژاردنەدا زیانی گەورە لە یەكێتی دەدەن، ئەوەش دەیسەلمێنێت ناوماڵی كوردی لە ئاستێكی زۆر شپرزەدایە.

بەكۆی گشتی هاوكێشەكە، تێبینییەكانی پارتی لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق لەلای لایەنە عێراقییەكان، جێی سەرنجە و بەشێك لە هاوكێشەكە پارتی یەكلای دەكاتەوە، ئەوەش وادەكات سەرنجەكان لەسەر ئەو حزبە بێت.

دوای هەڵبژاردن چی ڕوو دەدات؟
دوای هەڵبژاردن سەرجەم هێزە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانیش ڕوو دەكەنە هەولێر، هەم پشتیوانی هەولێریان دەوێت هەمیش دەیانەوێ هەولێر بەشێك بێت لە هاوكێشەی نەجات و دروستبوونەوەی عێراقی نوێ، وابزانم ئامادەكاریش بۆ ئەو پرسە كراوە.

كورد پێكهێنەری سەرەكیی حكوومەتە نوێیەكە دەبێت، ئەمەریكا و فڕەنسا و بەریتانیاش بەگرنگییەوە دەڕواننە هەڵوێستی ئەمجارەی پارتی، چونكە گۆڕانكاریی گەورە لە ڕێیە، بۆیە پاریس بە پێیەكانی خۆی دێتە هەولێر و لەندەن بە شانازییەوە پێشوازی لە هەولێر دەكات.

یەكدەنگی و یەكهێزی و یەكڕەنگی هەرێم لە عێراقدا، گرنگییەكی گەورەی هەیە


یەكدەنگی و یەكهێزی و یەكڕەنگی هەرێم لە عێراقدا، گرنگییەكی گەورەی هەیە، هەموو چاوەكانیش لەسەر سەرۆك بارزانین وەك كەسی یەكەمی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەبێت هەمووان باش لەو ڕاستییە تێبگەن، پێویستە بەدیوەیەكی نوێ مامەڵە لەگەڵ كایەی سیاسی و ئابووری نوێی عێراق بكەن.

كورد گۆشتی زیادەی لاملی عێراق نییە، بەڵكو گۆشتی گەردەملی عێراقە و بەبێ كورد هیچ هاوكێشەیەك ڕوون نابێتەوە، دەبێ یەكدەست بچێتە بەغدا كە گرەنتی ڕاستەقینەی مافەكانی هەرێمی كوردستان بێت.

گەر شیعە و سوننە پێكەوە نەتوانن هاوكێشەكان یەكلا بكەنەوە، بە براگەورەیی یان بە بەهێزیی كورد، دوور نییە سێ هەرێمی گەورە لە عێراق دروست بێت، هەموو دنیایش پشتیوانی ئەو سێ هەرێمە بكەن كە بەریتانیا و ئەمەریكا و فڕەنساش بۆ ئەو مەبەستە دەستیان بە لێواری قەڵاوە گرتووە تا جارێكی تر عێراق دانەڕووخێت.