ئەمەریكا و بارزانیی كوڕ

AM:09:41:17/11/2021 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ دەستبەكاربوونی لەو پۆستە، بە دیدگەیەكی نوێوە ڕووی لە سێكتەرە گرنگەكان كرد، بۆ ئەوەی چارەسەری ڕیشەیی بۆ گرفتە گەورەكان بدۆزێتەوە و چاكیان بكات، ئەمەیش دیدگەی ئەمەریكای لەسەر پرسەكانی كوردستان هەم گۆڕیوە، هەمیش نوێ كردووەتەوە.

هەر لە سەرەتاوە كابینەی نۆیەم، پڕۆژەی بنیاتنراو و ستراتیجی داڕشت بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بەرەو ژێرخانی بەهێز ڕێچكە بگرێت، ببێت بە خاوەنی ستراتیجی ئاراستەكراوی بەرنامە بۆ داڕێژراو. بۆ ئەوەیش نە مەسروور بارزانی و نە حكوومەت و نە ڕۆشنبیر و پەرلەمانتارانیش، نەیانشاردووەتەوە كە لە هەرێمەكە (قەیران، گەندەڵی، ناڕێكوپێكی لەناو داودەزگاكان هەیە)، بەڵكو وەك سەرەتایەكی باش ددان نراوە بەو كێشانە و ئێستەیش چەندان نەخشەڕێ بۆ چارەسەركردنیان خراونەتە ڕوو.

دیدگەی فرەوانی نیشتمانی و ڕۆحیەتی پاك و كەسایەتیی بەهێزی مەسروور بارزانی، هۆی سەرەكین بۆ ڕیشەكێشكردنی نادادی و لەو پێناوەشدا بەدوای هەموو ڕێچارەكاندا دەگەڕێت. هێندەی من ئاگەدار بم، كاریزمائاسا بەدوای چارەسەری ریشەیی كێشەكانەوەیە و بە قووڵی دەیبینم چۆن بۆ هەموو سێكتەرەكان كاری بنیاتنەرانە و گرنگ ئەنجام دەدات. لە 10 ساڵی داهاتوویشدا بەرهەمەكەی دەبینین.

لەگەڵ ئەوەی سەرۆك وەزیران خۆی دیدگەیەكی نیشتمانیی هەیە بۆ چارەسەری پرسەكان، بیری ناسیۆنالیزمی مەرجەعی باڵا، سەرۆك بارزانیش لە پشت پەروەردەوە رۆڵی خۆی هەیە بۆ فرەوانكردنی زیاتری بارزانیی كوڕ، ئەوەیش هەر ئەو ئامانجەیە كە دەكەوێتە خزمەتی گشتیی كوردستانەوە.

ئێستە پڕۆژە بۆ ڕێكخستنەوەی ڕێگەوبان، ئابووری، پەروەردە، خوێندنی باڵا، نەوت، ئاو، كۆمەڵگەی مەدەنی، سوپا و ڕێكخستنی شارەكان، لە بەردەم كابینەی نۆیەمدان و بەپێی دەرخستەی بەرنامە بۆ داڕێژراوی ئابووری، كاریان لەسەر دەكرێ.

راستییەكەی گرەنتی 100% بۆ چارەسەری هیچ پرسێك لە هیچ شوێنێكی دنیادا بوونی نییە، بەڵام هەوڵی تەواوەتی بۆ بنیاتنانی سەرجەم سێكتەرەكانی ژیان و بەڕێوەبردنی كوردستان، لەلایەن كابینەی نۆیەمەوە لە جێبەجێكردندایە.

سوپای كوردستان كە پێشمەرگەیە و وەك سیمبۆلی پیرۆزیی گەلەكە و نەفرەتە بۆ دوژمن و تیرۆر، لە درێژەی ستراتیجیترین پلاندا بە هاوئاهەنگی ئەمەریكا و شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا و وڵاتانی تری بەهێزی ئەوروپا، ئامادەسازی تەواوەتی بۆ ڕێكخستنەوەی كراوە و پرۆسەكە وەك خۆی بەڕێوە دەچێت.

سێكتەری پەروەردە لەژێر گەورەترین هەژموونی ئەخلاقییانە و كوردانە بە موتوربەكردنی ئەدەبیاتی پەروەردەیی جیهانی، بنیات دەنرێتەوە و هەموو سێكتەرە گرنگەكانی تریش، هەمان ستراتیج لە ژێر ئەزموونكردن و كاركردندان.

لە دیدی كابینەی نۆیەمدا گەنج و ژن، پێگەی بەهێزی كۆمەڵایەتی و سیاسییان پێ دراوە و كاری جەوهەریی رژد دەكەن بۆ بەگەڕخستنی تواناكانیان، ئەمە بناغەدانانە بۆ ئایندەیەكی ڕۆشنتری كوردستان.

بۆیە ئەمەریكاییەكان لە نزیكەوە چاودێریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن و ئاگاداری هەوڵی لێهاتووانەی كابینەی نۆیەمن بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی و نادادی، هاوكات پەرەپێدانی پێكەوەژیان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و زۆر بواری تر.

ڕاستییەكەی دنیا چاویان لە هەرێمی كوردستانە، وەك نوێنەری دەوڵەتێكی مۆدێرن و حكوومەتێكی بەهێز و وڵاتێكی دیموكراسی كە پڕە لە پێكەوەژیان، مەسروور بارزانی ئەم ڕاستییانەی لەبەرچاو گرتووە، بۆیە بێ ماندووبوون كار دەكات بۆ بنیاتنانەوەی هەرێمەكەی بە باشترین شێواز و نوێترین تەكنیكەكانی پتەوكردنی ژێرخان و سیستمی دامەزراوەیی.

هاریكاری ئەمەریكا و دنیای دەوێت، چونكە ئەو كارانە ئاسان ئەنجام نادرێن.


ئەمەریكا كە ئەو نیازپاكییەی هەست پێ كرد و لەسەر زەوی بینی، پەیامی هەبووە، ئەویش پشتیوانی و هاوئاهەنگی و هاریكاری و پێكەوە كاركردنە، بە ڕێزگرتن لە هەموو ئەو سەروەرییانەی حكوومەت خۆی دەیەوێت مومارەسەی بكات، ئەم بنیاتنانەوەیە بێگومان هاریكاری ئەمەریكا و دنیای دەوێت، چونكە ئەو كارانە ئاسان ئەنجام نادرێن.

بەڵام گرنگە بزانین كە ڕووبەڕووبوونەوەی نادادی لە كوردستاندا، تەنیا ئەركی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو ئەركی تاك بە تاك و كۆمپانیا و حزب و ڕێكخراو و میدیاكانیشە، كاری لەسەر بكەن و چارەسەر بۆ گرفتەكان بخەنە ڕوو و دڵسۆزانەیش لەپێناو داهاتووی نیشتمانەكەدا رۆڵ ببینن.

مەسروور بارزانی وەك داینەمۆی داهێنان و جێبەجێكاری بیری چاكسازی و دادپەروەری، بە پشتیوانی سەرۆك بارزانی وەك ڕۆحیانەتی شۆڕشی ناسیۆنالیزمی كوردی، كۆمەڵگەیش وەك بەشێكی گەورە لە پراكتیزەكردنی ئەو بەرنامانە، دەست لەناو دەست دەتوانن مەملەكەتێكی نوێ لە چوارچێوەی یاسا و دادپەروەری كۆمەڵایەتیدا، بۆ هەمووان بڕەخسێنن و دڵنیایی بۆ نەوەكانی تر مسۆگەر بكەن.