هه‌ولێر وه‌ك دوا په‌ناگه‌ی گه‌نجه هه‌ڵهاتووه سلێمانییه‌كان له سته‌م و ناعه‌داله‌تی، هه‌ڵهاتن له شكاندی شكۆ و كه‌رماتیان، هه‌ڵهاتن له بێكاری و گه‌وجاندن و ژاوه‌ژاوی شار.
ئێسته سلێمانی داماڵراوه له هه‌رچی جوانی، داماڵراو له هه‌رچی هه‌ستی خۆشه‌ویستی بۆ نیشتمان، هه‌رچی جوانی هه‌بوو له‌و شاره كوشتان، هه‌رچی وزه‌ی گه‌نج بوو كوشتان، هه‌رچی گه‌نجی جوان هه‌بوو ناشیرینتان كرد و هه‌ڵهات.
ئێسته شار بووه‌ته وێنه‌یه‌كی غه‌مگین، غه‌مگینتر له پیاسه‌ی ئێوارانی پایزی به‌رده‌ركی سه‌را، شار پڕ بووه له حزبی سیاسی به‌سه‌ر جه‌سته‌ی گه‌نجانی شاره‌وه، وه‌ك مۆرانه ده‌روونی گه‌نجانی سلێمانیتان خوارد، هه‌رچی گه‌نجه تۆراندتان، ئه‌و شاره پڕ له گه‌نجه، گۆچانی پیریتان دایه ده‌ستی و لاره لاره رێ ده‌كات .
شارتان راده‌ستی مافیا و قۆڵبڕ و قاچاخچی دووگو هێلكه كرد، هه‌رچی سه‌رمایه‌ی ژێر زه‌وی و سه‌رزه‌ویی شار بوو تاڵانتان كرد، هه‌ورێكی ره‌شتان هێنا به‌سه‌ر شاردا ره‌شتر له چاره‌نووسی خۆتان.
ئاخۆ شار دڵسۆزێكی تێدا نه‌بێ؟ بپرسێ ئه‌م هه‌موو گه‌نجه بۆ راده‌كه‌ن له شار؟
ئاخۆ دڵسۆزێ نه‌بێ بپرسێ ئیتر تا كه‌ی شه‌رابی ئازادیمان ده‌رخوارد ده‌ده‌ن؟
ئاخۆ كه‌سێ نه‌بێ بپرسێ نه‌وه‌ی پێش ئێمه‌تان كۆڵه‌وار كرد، با ئه‌م نه‌وه‌یه‌ش كۆڵه‌وار نه‌كه‌ین؟
گه‌نجانی شار بوونه‌ته نێچیرێكی چه‌ور له به‌رده‌م حزبه سیاسییه‌كانیدا، هه‌ریه‌كه و قه‌پاڵێكیان لێ ده‌دا، گه‌نجی شار ماندوو و شه‌كه‌ت له به‌رده‌م ره‌حمی چه‌قۆی حزبی سیاسی‌دا گیان ده‌دا.
هه‌رچی گه‌نجی شار هه‌بوو سپاردتان به ئیجه و بوونه خۆراكی ماسییه‌كان، شارتان كرده مه‌یدانی ته‌راتێنی تلیاك و حه‌شیش، كوڕه‌كانی خۆشتان له باوه‌شی سۆزانییه‌كانی شاردا سه‌رمه‌ست و دڵخۆش.
ئه‌گه‌ر مولازم موحسین گه‌نجی ئه‌و شاره‌ی كوشتبێت، ئێوه‌ش هه‌رچی هیواو ئاواتی گه‌نجی سلێمانی بوو كوشتان! ئێوه هه‌موو رۆژێ قسه‌ی خۆش ده‌رخواردی گه‌نجانی شار ده‌ده‌ن.
ئایا قسه‌ی خۆش زگی گه‌نجێكی شار تێر ده‌كات؟
ئایا پشتی ماندووی گه‌نجی خێر له خۆ نه‌دیتو ده‌حه‌سێنێته‌وه؟
ئایا گیرفانی خاڵی گه‌نجی شار پڕ ده‌كات؟
ڕاستی ئێوه جگه له موباله‌غه و موزایده و موعامه‌له به گه‌نجانی شاره‌وه شتێكی تر له هه‌گبه‌تاندا بوونی هه‌یه؟
ئاخۆ شارێك كه خۆی به‌تێگه‌یشتووترین له هه‌موو شاره‌كانی تر ده‌زانێت، تا ئێسته ئه‌و پرسیاره‌ی له‌خۆی نه‌كردبێت بۆ ئه‌مانه حوكمی شار ده‌كه‌ن؟
ئه‌مانه و هه‌زاران پرسیاری تر كه پێویسته تاك به‌تاكی گه‌نجی ئه‌و شاره له خۆی بكات .
ئێسته هه‌ولێر بووه‌ته په‌ناگه‌یه‌ك بۆ گه‌نجانی سلێمانی، ده‌ستی به به‌زه‌یی دێنێت به‌سه‌ریاندا و باوه‌شی پڕ له میهره‌بانییان بۆ ده‌كاته‌وه. ئیتر له به‌بێ به‌زه‌یی به‌رپرسانی شاری سلێمانی، هه‌ولێر ده‌بێته دوا مه‌نزڵگه‌یان، هه‌ولێر ده‌بێته شوێنی به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كانیان.
ئه‌گه‌ر هه‌ولێر هیچی نه‌به‌خشیبێت به‌م گه‌نجانه، هیچ نه‌بێ ده‌رفه‌تی كار و ئارامی بۆ ره‌خساندوون به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر شاشه‌كان هاوار بكه‌ن، ئارامی و هه‌لی كار و خزمه‌ت، لێره دروشمه‌كان ده‌كرێنه كردار، له‌وێش ده‌كرێنه په‌رداخێكی ئاو و ده‌رخواردی گه‌نجانی ده‌ده‌ن.