ئێران ده‌مێكه ده‌یویست پارتی راكێشێته ناو ئه‌و یارییه‌ی له سلێمانی ده‌یكات و 16ی ئۆكتۆبه‌ر سه‌ره‌تای یارییه‌كه بوو، كاتێك له‌رێی یاریزانه به‌كرێگیراوه‌كانی له كه‌ركووك و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری ویستی ئامانجه‌كه‌ی به‌خێرایی به‌دی بێنێ، به‌ڵام پارتی زوو دركی مه‌ترسییه‌كه‌ی كرد و كشایه‌وه گۆڕه‌پانی خۆی، به‌م هه‌نگاوه‌یش دوو ئامانجی پێكا:
یه‌كه‌م خۆی له شه‌ڕی براكوژی پاراست
دووه‌میش توانی كوردستان بپارێزێت له داگیركاری و هه‌ست و سۆزی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌لای خۆیدا رابكێشێت.
به‌م جووڵانه، پارتی توانی گێمی یه‌كه‌می یارییه‌كه بباته‌وه به كه‌مترین زیان و زۆرترین ده‌ستكه‌وت. له كاتێكدا ئێران وای دانابوو ئایه‌توڵاكان رۆژی هه‌ینی دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر، نوێژی جه‌ماعه‌ت له هه‌ولێر بكه‌ن، به‌ڵام وریایی پارتی شكستی پێ هێنا، ئه‌مه‌ش زیاتر ئێرانی تووڕه كرد، بۆیه تاكتیكی گێمی دووه‌می یارییه‌كه‌ی گۆڕی، ئه‌مجاره له رێی به‌كارهێنانی جه‌ماوه‌ری سلێمانی و چه‌ندان ده‌زگای زه‌به‌لاحی میدیایی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته خستووه‌ته گه‌ڕ.
ئه‌مجاره له رێی هاندانی خه‌ڵكه‌وه و له‌و كه‌لێنه‌وه كه هه‌رێم هه‌یبوو وه‌ك خراپی باری ئابووری، /هه‌ر خۆیشی هۆكاریه‌تی و به‌غدا ناچار ده‌كات بودجه‌ی كوردستان ببڕن/ وایكرد له رێی سوپا ئه‌لیكترۆنییه‌كه‌یه‌وه به‌رده‌وام خه‌ڵك بورووژێنن به‌بابه‌تی هه‌ژاری و برسێتی، هانی خه‌ڵكی سلێمانیشیان به‌وه ده‌دا كه هه‌رچی خراپی بارودۆخی ژیان و خزمه‌تگوزارییه له سلێمانی له ئه‌ستۆی پارتییه، له كاتێكدا پارتی هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی له‌و سنووره نییه و بودجه‌ی سلێمانیش جیایه و داهاتی شاره‌كه‌ش نایه‌ته‌وه هه‌ولێر، تۆ سه‌یری ئه‌و هه‌موو یارییه؟
ئه‌مانه ئاماده‌كاری بوون بۆ پێشهاتێكی گه‌وره كه ئێران نه‌خشه‌دانه‌ری بوو، جێبه‌جێكردنه‌كه‌یشی به كرێگیراوه‌كانی و خه‌ڵكی هه‌ژارن كه له سیاسه‌ت نازانن و وه‌ك سه‌ربازی شه‌تڕه‌نج به‌كار ده‌هێنرێن.
تا 30 نۆڤێمبه‌ری رابردوو، ئێران به شوێن ده‌رفه‌تێكدا ده‌گه‌ڕا بۆ ته‌قاندنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه، هه‌نگاوی یه‌كه‌می هێرشه‌كه‌ی هه‌مان رۆژ كاته گونجاوه‌كه‌ی بوو كه له دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه ده‌ستی پێ كرد به جووڵاندنی سه‌ربازه‌كانی له‌ناو په‌رله‌مان، ئیتر ئه‌مه ده‌رفه‌ته گونجاوه‌كه بوو بۆ ئێران كه خه‌ڵكی له رێی نوێنه‌ره‌كانیه‌وه بنێرێته سه‌ر شه‌قام به‌بێ ئه‌وه‌ی بچووكترین گومانی لێ بكرێت.
له‌م كاره‌یدا سه‌ركه‌وتوو بوو، پشێوی زۆری له سلێمانی و ده‌وروبه‌ری دروست كرد، به سووتاندنی داوده‌زگای حكوومه‌ت و حزبه‌كان و ڕاوڕووت و رشتنی خوێن، ئه‌مانه هه‌مووی ئاماده‌كاری بوون بۆ ئامانجه گه‌وره‌كه‌ی ئێران كه ئه‌ویش راكێشانی هێزی پارتی بوو بۆ سنووری سلێمانی بۆ پاراستنی باره‌گاكانی. ئه‌مه هاوكاتی به‌كارهێنانی په‌كه‌كه و ئیتڵاعات بۆ نانه‌وه‌ی پشێوی زیاتر، /قسه‌كانی عه‌تا سه‌راوی به‌ڵگه‌ن/ ئه‌وه‌یش كه سووتێنه‌ر و بكوژه‌كان زۆرینه وه‌ك خۆپێشانده‌ران ده‌ڵێن كه‌سانی نامۆن و هی ناوچه‌كه‌ی خۆیان نین، به روونی تێده‌گه‌ین كه چ ئاماده‌كارییه‌ك كراوه بۆ خوڵقاندنی ئه‌م دۆخه.
ئیتر ئێران دوای جووڵاندنی ئه‌و داشانه و خۆشكردنی گۆڕه‌پانه‌كه بۆ خرۆشان، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی ده‌كرد هێزه‌كانی پارتی په‌لكێشی سلێمانی بكات تا له رێی به كرێگیراوه‌كانیه‌وه شه‌ڕی براكوژی دروست بێته‌وه و به‌ریه‌كه‌وتن دروست بكات له نێوان هێزه‌كاندا، به‌وه‌یش ئامانجه گه‌وره‌كه‌ی به‌دی ده‌هات كه كوردی ده‌گه‌ڕانده‌وه خاڵی سفر و به دنیاشی ده‌وت ئه‌وه ئه‌و میله‌ته‌ن كه ئێوه پشتگیریتان ده‌كرد.
به‌ڵام پارتی چی كرد؟
پارتی زۆر به وریایی و سیاسییانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌دا كرد و زۆر زوو له پیلانه‌كه تێگه‌شت، بۆیه باره‌گاكانی به‌بێ به‌ڵگه‌نامه‌كان چۆڵ كرد و داوای له سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی كرد له باره‌گاكان نه‌مێننه‌وه و هیچ باره‌گایه‌ك خوێنی گه‌نجێكی كورد ناهێنێ.
پارتی به‌م كاره‌ی توانی كوردستان له مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌تر بپارێزێت، بۆ ئه‌وه‌یش قوربانی به‌خۆی دا و زیانیشی پێ گه‌یشت به شه‌هید و برینداربوونی ئه‌ندامه‌كانی، به‌ڵام لای پارتی به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی میله‌ت پێش هه‌موو بابه‌تێكی تره، به‌و سیاسه‌ته وریایانه‌یش كۆمه‌ڵێك ته‌ڵه‌ی تری ته‌قانده‌وه كه به‌شێك بوون له تۆڕێكی ئاڵۆز بۆ شێواندنی كوردستان و نابووتكردنی له به‌رچاوی دنیا.