له‌م ساڵانه‌دا ژیان به‌جۆرێك شێواوه، مرۆڤ به‌ده‌ستی خۆی خۆی ده‌كاته كاڵای هه‌رزان و خۆی هه‌رزانفرۆش ده‌كات. تۆ ئه‌گه‌ر حه‌وسه‌ڵه‌ت مابێ و بتوانی لێی بڕوانی، به ئاشكرا مرۆڤێكی پێگه‌یشتوو ده‌بینی له‌سه‌ر شاشه‌یه‌ك، هاوار ده‌كات و ده‌ڵێ: "من نرخم زۆر گرانه"، تۆ وا ده‌زانی باس له كه‌سایه‌تی و مرۆڤبوون ده‌كات، به‌ڵام نا، ئه‌و مه‌به‌ستی له نرخ، پاره‌یه. له سه‌رده‌مانی زوودا ئه‌گه‌ر ئاین و كۆمه‌ڵگه نرخیان له‌سه‌ر مرۆڤ دانابێ، به كرده‌وه‌یه‌كی قێزه‌ون و ناشیرین ته‌ماشا كراوه. به‌ڵام ئه‌مڕۆ مرۆڤ هه‌یه خۆی نرخ بۆ خۆی داده‌نێت و شانازیشی پێوه ده‌كات.
مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه دووچاری نه‌خۆشیی "ناوبانگ" بووه. له‌پێناوی ناوبانگدا ئاماده‌یه له هه‌موو زه‌لكاوێكدا مه‌له بكات. ته‌نیا له‌به‌ر خاتری ئه‌وه‌ی جارێك له ماڵپه‌ڕێك یان لاپه‌ڕه‌یه‌كی بێخاوه‌ن یاخۆ له كه‌ناڵێكی ئاسمانی بێسه‌روبه‌ر ناوی بهێنرێ و بكرێ به بنێشته‌خۆشه‌ی ئه‌و هه‌فته‌یه، ئیتر ئاماده‌یه باسی شێوازی چوونه توالێتی خۆی بكات و ئه‌وه‌ش بخاته‌ڕوو كه چۆن و چه‌ند جار و به چ نرخێك تكای ئاماده‌بوونی له شه‌وێكی سووردا لێ كراوه، زۆریش به‌لایه‌وه ئاساییه له ڤیدیۆیه‌كدا رووخساری خۆی بخاته سه‌ر جه‌سته‌ی ژنه له‌شفرۆشێك و دواتر بڵێ: "ناحه‌زم زۆره، ڤیدیۆیان بۆ دروست كردووم". هه‌موو ئه‌مانه، ته‌نیا له‌پێناوی ئه‌وه‌ی ببێته سه‌رباسی رۆژی ئه‌م گۆڕه‌پانه بۆگه‌نه‌ی كه ده‌ستكردی خۆیانه.
نه‌خۆشیی حه‌زی به‌ناوبانگبوون و ژیان له‌پێناو ماده‌دا، هیچ تام و بۆنێكی له ژیان و مرۆڤدا نه‌هێشتووه، به‌جۆرێك مرۆڤی ئه‌م چه‌رخه تامی پلاستیك و سلیكۆن و ته‌نه‌كه‌ی ژه‌نگاوی ده‌دات و بۆنی زێراب له كه‌له‌ی ده‌رده‌چێ. تۆ بچۆ له ئێواره‌یه‌كی دره‌نگوه‌خت و له ژوانێكی بچو‌وكدا ماچێكی دڵداره‌كه‌ت بكه، بزانه له تام و بۆنی نایلۆنێكی سارد زیاتر هه‌ست به‌هیچی تر ده‌كه‌ی؟.
مرۆڤی مۆدێرن، به‌گشتی مرۆڤێكی سه‌رلێشێواوه، شه‌و و ڕۆژ وه‌ستانی نییه و نازانێ خه‌ریكی چییه، نازانێ ئه‌م كاره‌ی ده‌یكات سوودی هه‌یه یان زیان؟ هه‌ر نازانێ چ كاره‌یه؟ پێی وایه له هه‌موو بوارێكدا شاره‌زایه. له‌به‌ر خاتری دوو دۆلاری زیاتر، ده‌ست بۆ هه‌موو رووناكییه‌ك درێژ ده‌كات و به‌دوای ته‌په‌ی پێی هه‌موو چرپه‌یه‌كه‌وه ڕاده‌كات.
تۆ بڕوانه ئه‌م گه‌مه بێ سه‌ر و به‌ره‌ی ژیان لێره، ئه‌كته‌ره، گۆرانیبێژه، موزیكژه‌نه.. له‌پڕ ده‌یبینی رێكلام بۆ شامپۆ و برنج ده‌كات. ئاوازی گۆرانییه‌ك به‌كار دێنێ و وشه‌كانی ده‌گۆڕێ و به به‌ژن و باڵای تایتدا هه‌ڵده‌دات. خانه‌نشینه به پله‌ی "وه‌زیر و عه‌مید" كه‌چی له‌سه‌ر شاشه هه‌واڵه‌كان ده‌خوێنێته‌وه.
مرۆڤی مۆدێرن ئه‌ركی خۆی بیر چووه‌ته‌وه، نازانێ خه‌ریكی چییه؟ چی ده‌كات و بۆ وا ده‌كات؟ ده‌یه‌وێ به‌م كاره‌ی چ په‌یامێك بگه‌یه‌نێ؟ وه‌ڵامی هیچ یه‌ك له‌م پرسیارانه‌ی لا ده‌ست ناكه‌وێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه، كێ زۆرترین پاره‌ی ده‌ست ده‌كه‌وێت، كێ به‌نرخترین شوقه و ئۆتۆمبێلی هه‌یه، كێ به‌شداری زۆرترین ڕێكلامی كردووه، كێ زۆرترین سلیكۆن و لاستیك له گیانیدایه، كێ زۆرترین بینه‌ر له خۆی كۆ ده‌كاته‌وه؟ ئه‌ویان باشترینه.
له‌ناو ئه‌م ده‌شته هه‌زار به‌هه‌زاره‌ی سۆشیال میدیادا بگه‌ڕێی، چی ده‌بینی؟ هه‌مووی هه‌ر لێو و سنگ و سمتی پڕ سیلكۆن و بۆتۆكس و نایلۆنه. بۆ ساتێك كۆنترۆڵی ته‌له‌ڤزیۆنه‌كه‌ت بگره ده‌ست و به‌دوای هه‌واڵێك یان سیاچه‌مانه‌یه‌ك یاخۆ ئاوازێكی نه‌رمی "ماملێ"دا بگه‌ڕێ. چیت به‌رچاو ده‌كه‌وێت؟ لێوی ئاوساوی بێژه‌ر و قیژه‌قیژی مۆدێل و شاجوانه‌كان و شه‌ڕه جنێوه‌كانیان و به‌رنامه‌ی سواو و دووباره. هه‌موو باسی خواردن دروستكردن و ماكیاج و كردنه‌وه‌ی ئارایشگای فڵانه گۆرانیبێژ و جیابوونه‌وه‌ی فڵان و فیساره. له‌مه زیاتر چیترت ده‌ست ناكه‌وێ؟
ئه‌مه ئه‌و ده‌رده كوشنده‌یه‌یه كه دنیا به‌گشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه به خه‌ستی دووچاری بوون. به‌جۆرێك كاریگه‌ری به‌سه‌ر هه‌موو كون و قوژبنێكی كۆمه‌ڵگه‌وه ده‌بینرێ. له هه‌مووی مه‌ترسیدارتر، په‌روه‌رده‌یه. دایك و باوك خه‌ریكه په‌روه‌رده‌یان له‌بیر ده‌چێته‌وه و سه‌رله‌نوێ ده‌بێ خۆیان په‌روه‌رده بكرێنه‌وه، ته‌له‌ڤزیۆن و تیكتۆك و سناپچات منداڵه‌كانیان بۆ په‌روه‌رده ده‌كه‌ن. سه‌رچاوه‌ی په‌روه‌رده‌ی منداڵه‌كانمان له مۆبایلێكه‌وه كورت بووه‌ته‌وه كه پڕه له شتی پووچ و بێ‌مانا و بابه‌تی وا كه به جارێك ره‌وشت له مرۆڤ داده‌ماڵن.
ئه‌مه ئه‌و خاڵه‌یه پێویسته به ڕژدی لێی ورد بینه‌وه و هه‌وڵی ڕزگاركردن بدرێ. كۆمه‌ڵگه وه‌ك خانوویه‌كی قوڕینی داڕزاوی لێ هاتووه، ئه‌گه‌ر ئه‌ندازیارێكی شاره‌زا فریای نه‌كه‌وێت و نۆژه‌ن نه‌كرێته‌وه، به‌سه‌رخۆیدا داده‌ڕمێت و خاپوور ده‌بێت.
به‌ڕاستی ویژدانی زیندوو له دۆخێكی وا و له‌م دنیایه‌دا هه‌ست به‌غه‌ریبی ده‌كات، بۆ ساتێك نیگات ڕاگره و بوه‌سته، هه‌ست ده‌كه‌یت تۆ نامۆیت به‌م ژیانه سارد و بێچێژه‌ی ئێره. وه‌ك بڵێی ڕێبوارێكی به‌هه‌ڵه كه‌وتوویته‌ته ئه‌م ڕێ لێژه بێ كۆتایه.
هه‌ست ده‌كه‌ی تۆ لێره جێت نابێته‌وه، ته‌نیایت، زۆریش ته‌نیا، ده‌ته‌وێ بڕۆیت، به‌ڵام بۆ كوێ؟ ئایا شوێنێكی لێره باشتر هه‌یه؟ بسته‌خاكێك چنگ ده‌كه‌وێ پاره چنگی ڕه‌شی خۆی به‌سه‌ردا نه‌گرتبێ؟ شوێنێك ماوه سه‌رمایه‌داری ده‌ستی پێنه‌گه‌یشتبێ و وێرانی نه‌كردبێ؟ دڵێك ماوه پاره مه‌ست و حه‌یرانی نه‌كردبێ؟ نا، نه‌ماوه.
ئه‌وه‌ی ده‌یبینین ته‌نیا قه‌پێلكی مرۆڤێكه. مرۆڤێكی به‌تاڵ له هه‌رچی نه‌رمایی سۆز و ویژدانه.