دوای مووسڵ و نائومێدی

AM:10:16:20/10/2016 ‌

هەرچەندە هێشتا زووە باس لە نەمانی داعش بكرێت لە مووسڵ، بەڵام كورد گوتەنی مانگەشەو سەر لە ئێوارە دیارە، بۆیە دەكرێت بڵێین ئەوەی ئێستە لێمانەوە دیارە شەڕی قورس شەڕی داعش نییە، بەڵكو شەڕی هەمەلایەنەیە لە مووسڵ. 
بەشبەحاڵی خۆم لەبارەی داهاتوو بۆ كورد نائومێدی و تاریكی بەدی دەكەم و پێم وایە، شەڕی داعش لەگەڵ كورد كە سێ ساڵی خایاند بە هەموو زیانەكانیەوە، هێشتا ئاسانترە لەو گژاو و كێشمەكێشەی داهاتوویەكی نزیك بەرۆكی كورد دەگرێت، چونكە وەك دەبینین زلهێزان هێشتا كلاسیكی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ئابووری و پێگەی سیاسی بیر دەكەنەوە نەك مرۆڤایەتی و مافەكانی. سووریا نموونەیەكە لە بەرچاومان كە دەبینین لە پێناو بەرژەوەندی، شەڕ و ماڵوێرانی و خوێنڕشتن بەردەوامە. ئەگەر ژیان و ماڵ و گیانی مرۆڤ لەبەرچاو بگیرایە، خەڵكی سووریا ئاوای بەسەر نەدەهات. 
بۆ كورد جگە لە زلهێزانی دنیا دیسانەوە وڵاتانی هەرێمایەتیش خراپتر بیر دەكەنەوە و نەخشە دادەنێن، وەك دەبینین ئێران و توركیا و عەرەبی عێراقیش بەتایبەتی شیعە كە ئەجیندای ئێران جێبەجێ دەكەن، سونەش جاری هیچیان بەدەستەوە نییە، بۆیە هیچ ناڵێن، ئەوان 70% داعشن كە ئەو هەموو كوردەیان سەربڕی، كۆی گشتی عەرەب و تورك و فارس لەسەر هەموو شتێك ناكۆك بن، بۆ دژایەتی و لێدان و لەناوبردنی كورد، كۆكن.
پێم وایە باری ئابووری باشتر نابێت، خۆ ئەگەر نەوتیش نرخی بەرز ببێتەوە، ئەوا ئەگەری زۆرە لەو تاریكییەی داهاتوو لە سەرهەڵدانی شەڕ لەو ناوچانەدا، رێگە لە بۆڕییە نەوتەكانی كوردستانیش بگیرێت، گەڕانەوە بۆ بەغدایش چارەسەر نییە، چونكە تازەترین قسەی سەرانی بەغدا ئەوەیە كە دەبێت كورد لەو ناوچانەی ئازادی كردوون پاشەكشە بكات! واتە ئەوەی سێ ساڵە خوێنی بۆ دەدرێت بیدەنەوە دەست بەغدا، پاشان لە دوای داعش و سەرهەڵدانی شەڕی مووسڵ عێراق وێران دەبێت، تا ئێستە وڵاتان دەستیان بە عێراقەوە بووە، بەڵام پێ ناچیت بۆ شەڕی مەزەوی هەر بەو شێوەیە ئاگاداری عێراق بن و ئەو شەڕەش لە شەڕی داعش قورستر و گرانترە بۆ بەغدا، بۆیە پێشبینی دەكرێت عێراقیش تووشی تەنگژەی سەختی دارایی ببێتەوە، لەوانەیە لە كەنداویش لەلایەن سعوودیەوە كێشە بۆ فرۆشی نەوتەكەی بەغدا دروست ببێت. 

كورد چی بكات؟
هێزە كوردییەكان كە وەك دەڵێن ئینتیمای كوردایەتیمان زیاترە لە حزبایەتی، بەڵام وایش نەبوو، با لە ئێستەوە كوردایەتی بكەن بە هەموو حزبەكانەوە لە هەر چوار پارچەی كوردستان، ئەمڕۆ رۆژی كوردایەتییە با كەمێك ئاوڕ لە رابردووی خۆیان بدەنەوە و بزانن لەو ململانێیەی لەگەڵ یەكتر كردیان، زیانی هەبووە و هیچ سوودی نەبووە، زیانی بۆ هاووڵاتییان و حزبەكان خۆیشیان هەبووە، بەپێچەوانەوە هیچ سوودێكیان بەرجەستە نەكردووە، ناحەزان ئاشنا بوون، كەواتە دەبێت لە رووی زیانەكانەوە هەنگاو بنێن بۆ دەسكەوت بەو پێوەرەی بە دژایەتی یەكتر زیانیان كرد، با دۆستایەتی یەكتر بكەن و ستراتیجێك دابڕێژن بۆ بەرەنگاربوونەوەی داهاتوو.

كۆنگرەی نەتەوەیی 
پێویستە كۆنگرەی نەتەوەیی ببەسترێت و هەر حزبە و ددان بە هەڵە و شكستی خۆیدا بنێت، هەموویان بە پەكەكە و پەیەدە و دیموكرات و پارتی و یەكێتی و گۆڕانەوە، شكست و هەڵەیان هەیە كە زیانی گەورەی لە پێشدا لە كورد داوە، بۆیە دەكرێت ببێت بە وانەیەك بۆ فێربوون لێوەی و دانانی گوتارێكی یەكگرتووی نەتەوەیی و دروستكردنی هێڵێكی بەرگریی لە كوردستان بە تایبەتی ئێستە لە باشوور.
كورد دەڵێت چۆلەكەیەك بە دەستەوە، لە 10 چۆلەكە بەسەر دارەوە بە نرخترە، ئێستە ئەو چۆلەكەیەی كە بەدەستەوەیە باشوورە، جا ئەمەت لە دەست بچێت، ئەوا بۆ تا هەتایە دەبێت پارچەكانی تر ئەی رەقیب بڵێن لە ئەشكەوتەكاندا.

باخان عەلی