وێنای دەوڵەتی یاسا لە سەربەخۆیی دادوەریدا

AM:10:58:07/09/2021 ‌
هەرچەندە هاووڵاتییان لە چاوەڕوانی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكاندا چاویان لە دەستی دامەزراوە جێبەجێكارییەكانی دەوڵەتە و به ‌دیاریكراوی لایەنە كارگێڕییەكەی، ئەگەرچی تەواوی پارتە سیاسییەكان لە ململانێ و بانگەشەی هەڵبژاردندا بەرنامەی كاریان چڕ دەكەنەوە لەو بەڵێنانەی كە پێوەندارن بەو داودەزگایانەی كە تایبەتكارن به ‌گەیاندنی خزمەت بە هاووڵاتییان، سەرەڕای ئەوەی كێشمەكێشی سیاسی لە دەوڵەتدا زیاتر لە نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردندا دەبینرێت. بەڵام دەبێت ئەو راستییە لەبیر نەكرێت كە یەكێك لە پێوەرەكانی دیاریكاری پابەندبوون بە بنەماكانی دەوڵەتی یاساوە، پێوەندارە بە دەسەڵاتی دادوەری، لەبەرئەوە پێویست دەكات یاسادانەری دەستووری لە هەرێمی كوردستان لە هەر هەنگاوێكیدا بۆ ئامادەكردنی دەستووری ئایندەی هەرێمەكە، پێگەی دەسەڵاتی دادوەری لەبیر نەكەن و بە جۆرێك نەخشەڕێژی بكرێت كە وێنای سەروەری یاسا و بنەماكانی دیموكراسیی و بەدیهێنانی داپەروەری لێ بەرهەم بێت. 

لە چوارچێوەی رێكخستنی دەستووریی پێوەندار بە دەسەڵاتی دادوەری، وا پێویست دەكات پێوەری یەكەم و بنیاتنەر، بریتیی بێت لە چەسپاندنی بنەمای سەربەخۆیی، به ‌جۆرێك رەنگ بداتەوە لە هەردوو لایەنی پەیكەربەندی و تایبەتكاری كە ویستی ئامادەكارانی دەستووری لێ بێته ‌دی. 

مەبەست لە سەربەخۆیی پەیكەربەندی دەسەڵاتی دادوەری، خۆی دەبینێتەوە لە چەند بابەتێكدا، یەكەمیان جیاكردنەوەی دامەزراوەیە لەڕووی رواڵەتیی پەیكەربەندییەوە لە هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن، واتە تەواوی ئەو دامەزراوانەی له ‌دەسەڵاتی دادوەریدا جێیان دەبێتەوە و سروشت دادوەرین، لەڕووی پێگە و تایبەتكارییەوە دابڕاو بن لە هەردوو دەسەڵاتەكەی تر و پاشكۆیەتییان نەبێت بۆ هیچ دەسەڵاتێك، جگە لە دەسەڵاتی دادوەری.

بۆ نموونه،‌ لە هەرێمی كوردستان تا ئەم ساتە داواكاری گشتیی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی جێبەجێكردندا پیادەی تایبەتكارییەكانی خۆی دەكات، ئەمە لە كاتێكدا كە به ‌یەكێك لە كۆڵەكەكانی راگڕی دادپەروەریی هەژمار دەكرێت و وێستگەیەكە بۆ پاراستنی مافی گشتی، سەرەڕای ئەوەی بنەمای سەربەخۆیی دادوەری و جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان، دوو بابەتی لێبڕاوەی رێكخستنی دەستووری فیدراڵین و پێویستە هەرێمیش لەو میانەیەدا پابەندی دەستووری فیدراڵی بێت. 

جگە لەوه،‌ پێویستە لە بیرنەكراو بێت كە یاسای داواكاری گشتی بەركار لە هەرێمی كوردستان، وەك بەشێك لە پێكهاتەی وەزارەتی داد جێگیر كراوه،‌ دەرئەنجام و زادەی ئایدیای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بووە بۆ نزیك لە نیو سەدە پێش ئێستە. لەبەرئەوه هەنگاوی یەكەمی ئامادەكارانی دەستووری هەرێم، پێویستە به ‌ئاراستەی راستكردنەوەی فەرمانڕەوایی بەرجەستكاری سیمای دەوڵەتی یاسا بێت لەم وێستگەیەدا، كە پێوەندارە بە دەسەڵاتی دادوەری و فەراهەمكردنی سەربەخۆبوونیان.

هەڵبەتە ئەوەی پێوەندارە بە سەربەخۆیی پێكهاتەیی دەزگا دادوەرییەكان و دادوەران، وا پێویست دەكات لە دەسپێك تا كۆتا خاڵی دانان یان دامەزراندنیان بە پرۆسەیەكی گەرەنتیكراوی دوور لە هەژموونی دەستی دەرەوەی دەسەڵاتی دادوەری یان پێوەری دادوەریدا بڕوات. 

هەرچی سەربەخۆبوونە لە پیادەكردنی تایبەتكارییە دادوەرییەكان، پێویستە یاسادانەری دەستووری بە جۆرێك دەسەڵاتی دادوەری دەستكراوە بكات كە لە پێگەیەكدا بێت، پارێزراوی بكات لە هەر دەستێوەردانێكی دەرەكی جگە لە یاسا.  ئەم سەربەخۆبوونەیش نایەته ‌بەرهەم تا ئەوكاتەی ئەو میكانیزمانە نەگیرێته ‌بەر كە ئەنجامی ویستراو فەراهەم دەكەن. ئەویش له ‌رێی‌ به ‌كرداریی پێڕەوكردنی دابڕانی تەواوی رێكارە كارگێڕی و داراییەكان لە پاشكۆیەتی دادوەری بۆ دەسەڵاتی جێبەجێكردن.

واته،‌ سەربەخۆیی راستەقینەی دەسەڵاتی دادوەری، بە مانا پێچەوانەكەی لە هەر وێستگەیەكدا و هەر پێكهاتەیەكی دادوەری وابەستەی دارایی دەسەڵاتی جێبەجێكردن بێت، ئەوا بنەمای سەربەخۆیی دادوەریی خاڵی دەبێتەوە و تەنیا رواڵەت و رووكەشی سەربەخۆیی جێی دەگرێتەوە. 

هەروەها دادگەكان كە وێنای دەسەڵاتی دادوەری دەكەن و رووگەی هاووڵاتی دەبن لە وەرگرتنەوەی مافە زەوتكراو و بەهەدەركراوەكانیان، پێویستە دادوەر تێیاندا بە جۆرێك گەیشتبێتە ئاستی خاوەن بڕیاری یەكلاكردنەوە كه ‌تەواوی فلتەر و پاڵفتەی هەڵسەنگاندنیان پیشەیی و بابەتیبوون بێت، بە پەیمانگەی دادوەری و دەرئەنجامی فەراهەمبوونی تەواوی مەرجە یاساییەكان بووبێت، به ‌جۆرێك ژیانی خۆی و ماڵباتی گرەنتیكراو بێت، ملكەچی گوشار و دەستكەوتی لادان لە راستەڕێی پیشەی دادوەری نەبن.