(پێناسی عێراقی نوێ له دیدی داڕێژه‌رانی ده‌ستووره‌وه)
له رێكخستنی ده‌ستووریدا پێناس و شوناسی ده‌وڵه‌ت به روونی ئاماژه‌ی پێ ده‌كرێت، به جۆرێك شێوه و جۆری ده‌وڵه‌ت، ناوی فه‌رمی، سیستمی سیاسی، بنچینه‌ی بنیاتی فه‌رمانڕه‌وایی، ئاماژه‌ی پێ ده‌كرێت و ده‌بێته بناغه و كۆڵه‌كه‌ی داڕشتنی په‌یكه‌ربه‌ندی دامه‌زراوه‌یی و ده‌وڵه‌تداری.
له میانه‌ی یه‌كه‌م هه‌نگاوی بنیاتنانی رێكخستنی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراقی نوێ‌دا، ویست و دیدی ئاماده‌كارانی ده‌ستوور ده‌ركه‌وت كه به سێ ئاراسته‌ی جیا:
دیدی كوردی بۆ عێراقی نوێ، دامه‌زراندنه‌وه‌ی عێراق بوو له‌سه‌ر شێوه‌ی یه‌كگرتنێكی ئاره‌زوومه‌ندانه كه ته‌واوی سیمای ده‌وڵه‌تی عێراقی پێشتری تێدا به‌دی نه‌كرێت، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه وای به پێویست ده‌زانی ئه‌م ویسته له یه‌كه‌م ماده‌ی پێناسی ده‌وڵه‌تی عێراقدا، وێنا بكرێت.
ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌م دید و ویسته سیاسییه بۆ عێراقی داهاتوو، عه‌ره‌بی سوننه ده‌یویست عێراقی عه‌ره‌بی نه‌ته‌وه‌یی له چوارچێوه‌ی دنیای عه‌ره‌بی و یه‌كپارچه‌ییدا پارێزگاریی لێ بكرێت، به جۆرێك پاشماوه‌ی بیر و ئایدیای رژێمی پێشوو به ئاراسته‌یه‌كی جیاواز، دوور نه‌خرێته‌وه.
هه‌رچی عه‌ره‌بی شیعه‌ن به زۆرینه‌ی ره‌های رێژه‌ی دانیشتووانی عه‌ره‌بی و نوێنه‌رایه‌تیكردنیان له پارته ئیسلامییه‌كان به ده‌ركه‌وتبوون، لایه‌ندارێتییان بۆ فۆرمی فه‌رمانڕه‌وایی له ئێرانی خانه‌خوێیان، ویستی ناساندنی عێراقیان هه‌بوو به فۆرمی ئیسلامی، وه‌ك جێگره‌وه و دوورخه‌ره‌وه له ناساندن و تێكه‌ڵبوونی به وڵاتانی عه‌ره‌بی.
ئه‌م سێ ئاراسته به‌شداریكاره‌ی داڕێژه‌ره‌ی رێكخستنی ده‌ستوور، له پێناسی عێراقدا به‌م شێوه‌یه سه‌ره‌تای ناكۆكییان له ناساندنی ده‌وڵه‌تی عێراق به جۆری وڵات و سیستمی فه‌رمانره‌وایی له (فیدراڵی)دا به‌رجه‌سته بوو.
نوێنه‌رانی كورد بناغه‌ی رازیبوونیان وه‌ك هاوبه‌ش و به‌شداری بنیاتی عێراقی نوێ و هێڵی سووری داواكارییه‌كانیان، ده‌یانڕوانییه پیاده‌كردنی سیستمی فیدراڵی، بۆیه به مه‌رجی ناساندنی ده‌وڵه‌تی عێراقیان داده‌نا وه‌ك ناو و ناوه‌ڕۆك.
عه‌ره‌بی شیعه به ئومێدی ئه‌وه‌ی هاوشێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان، خاوه‌ندارێتی ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوانی سنووری جیۆگرافیی عێراق بكه‌ن كه له خوارووی عێراقی ده‌وڵه‌مه‌ند به نه‌وت، تا پایته‌خت به ژماره‌ی نۆ پارێزگای عێراق، له میانه‌ی سیستمی فیدراڵیدا فه‌راهه‌م بكه‌ن، پشتگیریی به‌رجه‌سته‌كردن و بڕیاردان له سیستمی فیدراڵی ده‌كرد، به‌ڵام نه‌ك به ئه‌ندازه‌ی سووربوونی نوێنه‌رانی كورد.
هه‌رچی عه‌ره‌بی سوننه بوو، به ئاشكرا دژایه‌تی سیستمی فیدراڵی ده‌كرد و ته‌نانه‌ت به ناو و ناوه‌ڕۆك، ویستی قبووڵكردنی ناساندنی عێراقیان له‌و چوارچێوه‌یه‌دا نه‌بوو، ته‌نیا ده‌رچه‌یه‌ك له كرانه‌وه‌ی بۆچوونیان به ناچاری و ئه‌مری واقیع ده‌بینرا، ئه‌وه‌بوو ددانیان نا به تایبه‌تمه‌ندێتی هه‌رێمی كوردستان له سنووری دیاریكراویدا نه‌ك بۆ ته‌واوی عێراق.
ده‌رئه‌نجام، داڕشتنی ماده‌ی یه‌كه‌می ده‌ستووری عێراق بۆ ناساندن و پێناسی ده‌وڵه‌ت ته‌رخان كرا، به جۆرێك كه جارێك ئاماژه به فیدراڵی (إتحادی) كرا، له به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌دا دووجار دووپات كرایه‌وه له یه‌كپارچه‌یی و یه‌كبوونی عێراق (واحده، وحده) وه‌ك چۆن به‌ده‌ق هاتووه: (جمهوریه العراق دوله اتحادیه واحده مستقله ژات سیاده كامله، نڤام الحكم فیها جمهوری نیابی (برلمانی) دیمقراگی. وهژا الدستور چامن لوحده العراق ــ كۆماری عێراق ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵی سه‌ربه‌خۆی خاوه‌ن سه‌روه‌ری ته‌واوه، سیستمی حوكمرانی تێیدا كۆماری نوێنه‌رایه‌تی (په‌رله‌مانی) دیموكرایه‌تییه. ئه‌م ده‌ستووره گره‌نتییه بۆ یه‌كپارچه‌یی عێراق).
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه، هه‌ڵوێستی سیاسیی دوو پێكهاته‌ی سه‌ره‌كیی عێراق له عه‌ره‌بی سوننه و شیعه، پاش ئه‌زموونی كه‌متر له دوو ده‌یه‌ی كرده‌یی فه‌رمانڕه‌وایی، ته‌واو پێچه‌وانه‌وه بووه‌وه. به جۆرێك عه‌ره‌بی شیعه پاش ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی ته‌واوی جومگه‌كانی بڕیاری سیاسی له عێراق له ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی، ویستی به‌هه‌رێمكردن و پیاده‌كردنی سیستمی فیدراڵی به هه‌نگاوێكی كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌یبه‌ت و لێدان له زۆرینه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی داده‌نێت، له هه‌مان كاتدا عه‌ره‌بی سوننه به هه‌رێمكردنی ناوچه‌كانیان و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی هاوشێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان، به تاكه رێچاره‌ی دوورخستنه‌وه‌ی هه‌ژموونی زۆرینه‌ی شیعه ده‌زانن.