هه‌ڵبه‌ته له ساتی دانانی ده‌ستووردا لایه‌نه به‌شدار و ئاماده‌كار و داڕێژه‌رانی ده‌قه ده‌ستوورییه‌كان، دیارترین ئه‌و بابه‌تانه‌ی ویستی یه‌كلاكردنه‌وه‌یان هه‌یه، خۆیان له بابه‌ته پێوه‌نداره‌كان ده‌بیننه‌وه، به دیاریكردنی جۆر و شێوه‌ی ده‌وڵه‌ت و سیستمی سیاسی و دامه‌زراوه‌كانی پیاده‌كاری ده‌سه‌ڵاته گشتییه‌كان، رێكخستنی پێوه‌ندی نێوانیان و دیاریكردن و میكانیزمی گره‌نتیكاری ماف و ئازادییه گشتییه‌كان.
جگه له‌م بابه‌تانه، ده‌وڵه‌تانی فیدراڵی له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌ستوور وه‌ك بنه‌مای پێكهێنانی ده‌وڵه‌ت و به‌ڵگه‌نامه‌ی یه‌كگرتن و رێككه‌وتنی لایه‌نه پێكهێنه‌ره‌كان داده‌نێن، پێیان وایه پێویست ده‌كات پێوه‌ر و میكانیزمی ورد و درشتی دابه‌شكاری تایبه‌تكارییه ده‌ستوورییه‌كان یه‌كلا بكه‌نه‌وه، له‌ناویشیاندا دابه‌شكاری داهات، به مه‌رجێك ته‌واوی ئه‌و پێوه‌ر و میكانیزمانه وابه‌سته‌ی فه‌راهه‌مبوونی دوو بنه‌مای سه‌ره‌كی و كۆڵه‌كه‌ی بنیات و به‌رده‌وامی یه‌كگرتن و رێككه‌وتنی فیدراڵی بن، ئه‌ویش: (به‌شداری و سه‌ربه‌خۆیی) هه‌رێمه پێكهێنه‌ره‌كانی ده‌وڵه‌تی فیدراڵییه.
ساتی دانانی ده‌ستووری عێراق ئه‌وه‌مان پێده‌گه‌یه‌نێت كه داڕێژه‌ر و ئاماده‌كارانی پرۆسه‌كه، ته‌واو له پێگه‌ی دۆسیه‌ی نه‌وت و گاز گه‌یشتبوون به‌وه‌ی بڕبڕه‌ی ئابووری عێراق و سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی پاره‌داركردنی بودجه‌ی گشتیی و شاده‌ماری له‌سه‌رپێ ڕاوه‌ستان و مانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته. له‌به‌رئه‌وه ویستی هه‌ر لایه‌ن و دووربینییان له ده‌ستگرتن به ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م كه‌رته هه‌ستیاره، ترسی له به‌رانبه‌ر بۆ به‌كارهێنانی هاوشێوه‌ی رژێمی پێشوو بۆ به‌گه‌ڕخستنی له خزمه‌تی كه‌رتی سه‌ربازی و مانه‌وه و قۆرخكاری له ده‌سه‌ڵات، ناكۆكی و جیاوازیی نێوانیان به جۆرێك قووڵ كرده‌وه كه ئه‌ندازه‌سازیی باوی دابه‌شكاری ده‌سه‌ڵاته‌كان له ده‌وڵه‌تانی فیدراڵی تێپه‌ڕاند.
ئه‌وه‌ی ریتمی باوی ده‌وڵه‌تانی فیدراڵییه به پۆلێنكاری فراوانیشه‌وه، خۆی ده‌بینێته‌وه له دابه‌شكاری تایبه‌تكارییه ده‌ستوورییه‌كان له‌سه‌ر سێ ئاست: (ئاستی ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی، ئاستی هه‌رێمه فیدراڵییه‌كان و ئاستی هاوبه‌شیكردنی نێوان ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی و هه‌رێمه فیدراڵییه‌كان).
به‌ڵام ئه‌وه‌ی له رێكخستنی ده‌ستووریی عێراقدا بینرا، هیچ یه‌كێك له لایه‌نه‌كان نه‌یانتوانی متمانه بۆ به‌رانبه‌ر دروست بكه‌ن و له یه‌كێك له‌و ئاستانه‌دا جێی دۆسیه‌ی نه‌وت و گاز بكه‌نه‌وه، به جۆرێك ئاستی چواره‌میش هێنرایه كایه‌وه كه به‌ده‌ر بێت له‌و سێ ئاسته و تایبه‌تمه‌ندی به دۆیسهی نه‌وت و گاز بدرێت له عێراق و رێكخستنێكی جیاواز و تایبه‌تی بۆ دیاری بكرێت، كه خۆی ببینێته‌وه له هێڵی گشتی و به جێهێشتنی بابه‌تگه‌لێكی یه‌كلانه‌كراوه تێیدا، ئه‌وه‌یش له هه‌ردوو ماده‌ی (111 و 112)دا ده‌بینرێت:
1- دووپاتكردنه‌وه له مافی خاوه‌ندارێتی نه‌وت و گاز بۆ ته‌واوی گه‌لی عێراق له ته‌واوی هه‌رێم و پارێزگاكان، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌و راستییه ئاماژه پێ بكرێت كه ته‌نیا باس له هه‌رێم و پارێزگاكان كراوه، له به‌رانبه‌ردا باس له دامه‌زراوه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی نه‌كراوه، كه‌واته ئه‌م خاوه‌ندارێتییه بابه‌تی دابه‌شكاری ده‌سه‌ڵات نییه، به‌ڵكو بابه‌تی داهاته، بۆیه باس له گه‌ل و هاووڵاتییان ده‌كات، ئه‌گه‌رچی ئه‌گه‌ر و مانای زیاتریشی لێ ده‌خوێنرێته‌وه، به‌ڵام بنچینه‌ی دیاریكردنی حوكمێكی ده‌ستووریی نییه، بۆ دیاریكردنی لایه‌نی به‌رپرسیار له به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م دۆسیه‌یه.
2- ئاماژه‌دان به بابه‌تی پێكه‌وه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی و هه‌رێم و پارێزگا به‌رهه‌مهێنه‌كانی نه‌وت و گاز له به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و كه‌رته یان دۆسیه‌دا، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی یاسادانه‌ری ده‌ستووری ئه‌وه روون بكاته‌وه كه مه‌به‌ست له (به‌ڕێوه‌بردن) چییه؟ ئه‌مه ده‌كرێت به كرۆكی ناكۆكی و ململانێكان هه‌ژمار بكرێت.
3- ئاماژه‌دان به كێڵگه نه‌وتییه‌كان كه له ساتی نووسینی ده‌ستوور بوونیان هه‌بووه و به‌رهه‌مدار بوونه، به مانایه‌كی تر، یاسادانه‌ری ده‌ستووری پێویست ده‌كات ئه‌وه‌نده به ئاگاییه‌وه لێی بڕوانرێت، به جۆرێك كه وشه و زاراوه‌ی زیاد له پێویست به‌كار ناهێنێت، ده‌كرێ وا لێك بدرێته‌وه كه ویستی ئاماژه‌دان بووه به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ بۆ ئه‌گه‌ری دۆزینه‌وه‌ی كێڵگه‌ی نوێ له داهاتوودا. كه‌واته پێویست ده‌كات له چوارچێوه‌ی ئه‌ندازه‌سازیی دابه‌شكاری تایبه‌تكارییه‌كانی تر، چاره‌ی ئه‌م بابه‌ته بدۆزرێته‌وه.
4- یاسادانه‌ری ده‌ستووری ئاماژه به ره‌نگڕێژكردنی سیاسه‌تی ستراتیجی پهرهپێددانی كه‌رتی نه‌وت و گاز ده‌كات، له رێی كاری پێكه‌وه‌یی نێوان ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی و هه‌رێم و پارێزگا به‌رهه‌مهێنه‌كان، كه‌واته ورده‌كاری له ئه‌ستۆگرتنی ئه‌م كه‌رته، بابه‌تێكی جێكاری پێكه‌وه‌یی نییه؟
ده‌رئه‌نجام وا پێویست ده‌كات دادگای باڵای فیدراڵی له ئاستی تێگه‌یشتن و وردبینی و دوورمه‌ودایی له ئاراسته و لێكه‌وته‌كانی بڕیاره‌كانیدا بووایه له‌م بابه‌ته هه‌ستیار و جێبایهخهدا، له كاتێكدا وابه‌سته‌ی بنه‌مای به‌شداری و سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمه فیدراڵییهكانه و بنچینه‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تانی فیدراڵییه.