له‌پاش به‌ركاربوونی ده‌ستووری عێراق (2005) و پێكهێنانی دامه‌زراوه‌كانی فه‌رمانڕه‌وایی، به‌پێی رێسا نهخشهسازكارییهكانی ئه‌وه دووه‌مین جاره پۆستێك كه به (لووتكه‌ی ده‌سه‌ڵات و نیشانه‌ی یه‌كپارچه‌یی نیشتمان و نوێنه‌ری سه‌روه‌ری وڵات و گهرهنتیكاری پابه‌ندیی ده‌ستوور و پارێزه‌ری سه‌ربه‌خۆیی و سه‌روه‌ری و یه‌كپارچه‌یی سه‌لامه‌تی عێراق) داده‌نرێت، كات و ساتی دیاریكراوی ده‌ستووریی بۆی، به‌پێی ریزبه‌ندیی و قۆناغبه‌ندی هه‌ڵبژاردنی پۆسته باڵاكانی فه‌رمانڕه‌وایی له عێراق، تێده‌په‌ڕێنێت.
یه‌كه‌مجار له خولی دووه‌می هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و ویلایه‌تی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار له (2010)، ئێسته‌یش له خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و ویلایه‌تی سه‌رۆكی كۆمار، عێراق به‌م ئه‌زموونه پێشێلكارییه ده‌ستوورییه‌دا له تۆماری ده‌ستاوده‌ستكردنی ئاشتییانه‌ی ده‌سه‌ڵات گوزه‌ر ده‌كات.
له‌باره‌ی چاره‌سه‌ر و بۆچوونی دروستی یاسایی بۆ هه‌ردوو ئه‌زموونی ئاماژه‌پێكراو، رووه و دادگای باڵای فیدراڵی هه‌نگاو نراوه، له هه‌ردووكیشیاندا سه‌رۆكی كۆمار خۆی داوای روونكردنه‌وه‌ی كردووه كه دواكه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی كۆمار له ماوه‌ی ده‌ستووریی دیاریكراودا، رێگره له به‌رده‌م به‌رده‌وامبوونی سه‌رۆكی كارا له راییكردنی كار و ئه‌ركه ده‌ستوورییه‌كانی و مانه‌وه‌ی له پێگه‌ی خۆیدا، دادگای باڵای فیدراڵی به بڕیاری ژماره (51/إ تحادیه /2010) له رێكه‌وتی (13/7/2010) و بڕیاری ژماره (24/ إتحادیه /2022) له رێكه‌وتی 13/2/2022 وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه.
له ناوه‌ڕۆكی ههردووكیانیشدا دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه كه پێویسته سه‌رۆك كۆماری ماوه به‌سه‌رچوو، به‌رده‌وام بێت له كار و به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه ده‌ستوورییه‌كانی، تا ئه‌وكاته‌ی سه‌رۆكی نوێ هه‌ڵده‌بژێرێت و ده‌ستبه‌كار ده‌بێت. به‌ڵام له میانه‌ی شیكاری بۆ حاڵه‌تی به‌رده‌وامیی سه‌رۆكی ماوه‌به‌سه‌رچوو، وه‌ك بنه‌مای كارپێكراو له یاسای ده‌ستووری و كارگێڕی، خوێندنه‌وه‌ی هه‌ردوو بڕیاری دادگا له‌وباره‌یه‌وه، هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخی سیاسی پێوه‌ندار به هێنانه ئاراوه‌ی حاڵه‌ته‌كه چه‌ند سه‌رنجێك ده‌خه‌ینه‌روو:
یه‌كه‌م: ئاراسته‌ی دادگای باڵای فیدراڵی، ته‌واو هاوكۆكه له‌گه‌ڵ بنه‌مای به‌رده‌وامیی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن كه وێستگه‌ی ناوه‌ندی و چه‌قی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ته، بۆ گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری و پێویستییه‌كانی هاووڵاتییان و هێشتنه‌وه‌ی پۆسته باڵاكان كه نوێنه‌رایه‌تی ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی لۆجیكی یاسایی و كرده‌یی فه‌رمانڕه‌وایی، رێ نادات وڵات خاڵی بێت له پۆستێك كه رووی ناساندن و وێستگه‌ی مامه‌ڵه‌كردنی نێوده‌وڵه‌تی بێت له ده‌ره‌وه و لووتكه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان بێت، به‌هه‌مانشێوه ناكرێ خزمه‌تگوزارییه‌كانی ده‌وڵه‌ت و به‌جێگه‌یاندنی ویست و داواكارییه‌كانی هاووڵاتییان رابگیرێن، كه ژیانی رۆژانه‌یانی تێدا ده‌گوزه‌رێت، به‌هۆی كۆتای ماوه‌ی یاسایی كاركردنیان.
هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌یه چه‌ندان بنه‌ما و رێسای یاسایی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هاتوونه‌ته كایه‌وه و له دنیای یاسادا كارایه، وه‌ك (بنه‌مای به‌رده‌وامی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن، بنه‌مای به‌رده‌وامی دامه‌زراوه گشتییه‌كان)، چه‌ندان ورده‌كاری تری یاسایی بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م بنه‌مایانه هه‌ن. به نموونه، به‌رده‌وامیی حكوومه‌ت به وه‌سفی كاربه‌ڕێكه‌ر پاش ته‌واوبوونی ماوه‌ی ده‌ستووری، ته‌نانه‌ت فه‌رمانبه‌رێكی ئاسایی ناكرێت له كاتی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌ركه‌كه‌ی به‌جێ نه‌گه‌یه‌نێت تا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر نه‌درێت، ئه‌مه‌یش به مه‌به‌ستی خاڵی نه‌بوونی شوێن و دروست نه‌بوونی بۆشایی له گه‌یاندنی خزمه‌ت و كێشه له به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی.
دووه‌م: دادگای باڵای فیدراڵی هه‌رچه‌نده له هه‌ردوو بڕیاری دا دووپاتی له یه‌ك ده‌رئه‌نجام كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام وه‌سفی ده‌ستووری بۆ هه‌ردوو حاڵه‌ت وه‌ك یه‌ك نه‌بووه، ئه‌مه‌یش جێی تێبینی و سه‌رنجه تا ئاستی گومان، له ویستی نائاشكرایدا.
له یه‌كه‌م بڕیاریدا له‌گه‌ڵ رێپێدانی بۆ به‌رده‌وامیی سه‌رۆك كۆمار له پاش ته‌واوبوونی ماوه‌كه‌ی، /تێپه‌ڕبوونی 30 رۆژ له رێكه‌وتی یه‌كه‌م دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له خولی نوێی هه‌ڵبژاردن/، به‌ڵام به (خرق دستوری – لادانی ده‌ستووریی) هه‌ژماری ده‌كات.
ئه‌وه له كاتێكدا له بڕیاری دووه‌م كه هه‌مان حاڵه‌ته له رووی كرده‌ییه‌وه، هیچ ئاماژه‌یه‌ك به وه‌سفكردنی حاڵه‌ته‌كه به (لادانی ده‌ستووریی) نابینرێت، به‌ڵكو به پێویستی ده‌زانێت بۆ به‌رده‌وامی پاراستنی حوكمه ده‌ستوورییه‌كان.
سێیه‌م: له‌باره‌ی پاساوی هه‌ردوو بڕیاری دادگای باڵا، ئه‌وه ده‌بینرێت كه پاڵپشتی و به‌ڵگه و لێكدانه‌وه‌ی دادگا بۆ ده‌ركردنی هه‌ردوو بڕیار جیاوازه، له كاتێكدا حاڵه‌ت و جێباسی تهفسیركردنهكه، یه‌ك حاڵه‌ت و واقیعی كرده‌ییه.
له بڕیاری یه‌كه‌مدا دادگا به‌ڵگه بۆ بڕیاره تهفسیرییهكهی دێنێته‌وه كه به‌هۆی ئه‌وه‌ی هیچ ده‌قێكی ده‌ستووریی نییه، جێگره‌وه بۆ سه‌رۆكی كۆمار دابنێت له كاتی كۆتاهاتنی ماوه ده‌ستوورییه‌كه‌ی یان رێ بگرێت له‌و كاره، بۆیه ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه به 30 رۆژ دیاریكراوه، له رێكه‌وتی یه‌كه‌م دانیشتنی خولی نوێی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، به ماوه‌ی رێكخستن داده‌نێت، نه‌ك ماوه‌ی له‌كارخستن (مده تنڤیمیه ولیست مده سقوگ).
به‌ڵام له بڕیاری دووه‌مدا پاساوی بڕیاره تهفسیرییهكهی به به‌راوردكاریی نێوان دوو پێویستیی فه‌رمانڕه‌وایی هێناوه‌ته‌وه كه پابه‌ندبوون به كاتی ده‌ستووریی، به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و پاراستنی حوكمه ده‌ستوورییه‌كان، نه‌ك نه‌بوونی ده‌قێك كه حاڵه‌ته‌كه‌ی رێكخستبێت.
چواره‌م: جیاوازیی نێوان حاڵه‌تی تێپه‌ڕبوونی ماوه‌ی ده‌ستووری بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی كۆمار له ساڵی 2010دا جیاوازه له حاڵی ئێسته، له رووی بارودۆخی سیاسی و پێوه‌ندی نێوان لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كانی پێكهێنانی پرۆسه‌ی سیاسی و هێز و رێژه‌ی كورسیی پارته براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن، به جۆرێك له مه‌ودای نێوان هێزه سیاسییه‌كان به ئه‌ندازه‌ی ئێسته، لێك دوور نه‌بوون، به ئاستێك بگاته بنبه‌ستی سیاسی و یاسایی.
له‌لایه‌كی تره‌وه، نه‌خشه‌ی هاوپه‌یمانی براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن تا ئاستێك نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زه‌وی بوون، واته هاوپه‌یمانی شیعه و كورد و سوننه، هه‌ریه‌ك به جیا بوون و نوێنه‌رایه‌تیی ئه‌و جیاوازییه‌یان ده‌كرد، جگه له هاوپه‌یمانی عێراقییه نه‌بێت به سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌یاد عه‌لاوی كه سوننه و شیعه‌ی لیبراڵی له‌خۆ گرتبوو.
پێنجه‌م: هۆی تێپه‌ڕبوونی ماوه‌ی ده‌ستووری بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی كۆمار له 2010 و 2022، له‌وه‌دا یه‌ك ده‌گرن كه به‌هۆی ناكۆكی و رێكنه‌كه‌وتنی لایه‌نه سیاسییه براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن بووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێسته جیا ده‌كاته‌وه له ساڵی 2010، بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی خۆی بووه، به دیاریكردنی رێژه‌ی یاسایی دانیشتنی په‌رله‌مان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی كۆمار به دوو له‌سه‌ر سێی كۆی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران.
واته له برێتی رۆڵی دادگا له وه‌لانان و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان و پاراستنی سه‌قامگیری سیاسی و ته‌كاندان به پرۆسه‌ی سیاسی و ده‌ستووری، دادگا به پێچه‌وانه‌وه ئاراسته‌ی گرت و ته‌واوی پرۆسه‌كه‌ی له بنبه‌ستی سیاسییه‌وه كرد به بنبه‌ستی ده‌ستووری.