جلوبەرگ پێویستی خۆپاراستن یان سیمبۆلی ئایدۆلۆجیا؟

جلوبەرگ یەکێکە لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی مرۆڤ. پێش ئەوەی مرۆڤ جلوبەرگ بدۆزێتەوە و دابهێنێت بە هەزاران ساڵ ڕووت و قووت بووە و بەرگەی سەرما و گەرمای ئەو سروشتە سەختەی نەگرتووە کە تێیدا ژیاوە و پێی مردووە، بۆیە بیری لە خۆپارستن لەو کەشانە کردووه‌تەوە کە بەهۆیەوە زوو ژیانی لەدەست داوە "بەفر و باران و ڕەشەبا و گڕەی گەرما وهتد". 

 "پێویستی دایکی داهێنانەکانە"، مرۆڤی سەرەتاییش لە تێفکرین بۆ خۆپاراستن، سەرەتا لە گەڵای دارە خۆڕسکەکان پۆشاکی بۆ خۆی دروست کردووە. لە پێستی ئەو ئاژەڵانەی ڕاوی کردوون جل و پێڵاوی بۆ خۆی دروست کردووە. هێدی هێدی ئەم پیشەسازییەی پەرە پێداوە, کە فێری چاندن بووە و لۆکەی بەرهەم هێناوە، پیشەسازی جلوبەرگیشی پەرە پێداوە و لە لۆکە جل و بالێف و لێفەی بۆ خۆی دروست کردووە. 

مرۆڤ بوونەوەرێکی بیرکەرەوە و داهێنەرە، بۆیە ژیانی لەناو ئەشکەوتەکانەوە تا ناو کۆشک و باڵەخانە هەوربڕەکان، پەرەی سەندووە. لە ڕاوشکارییەوە تا دروستکردنی مانگی دەستکرد و دەفری فڕیوو و سەدان جۆری فڕۆکە و کەشتی، پەرەی بە ژیان و داهێنان داوە. 

مرۆڤ لەو بوونەوەرەوە کە لە سەرما و گەرما دەمرد و بە گەڵای دار پۆشاکی بۆ خۆی دەکرد و لەبەردەم ئەو سروشتە سەختەدا سەرسام و حەیران مابوو، گەیشتە ئەو قۆناغە لە پەرەسەندن کە جیهان بکاتە گوندێکی بچووک. هەنووکە دەستەواژەی گوندی بچووکیش باوی نەماوە و مرۆڤ جیهانی کردووه‌تە پڕ چنگێک, لە ئامێرێکدا کە لەناو لەپی دەستێکی جێی دەبێتەوە، ئاگاداری هەموو جیهان دەبێت.

با بێینەوە سەر پرسی جلوبەرگ, ئاسایی و نائاسایی لەم پرسەدا ئەوەیە کە لە ئامرازێکی خۆپارێزییەوە بکرێت بە ئامرازێکی سیاسی و ببێتە ئاوێنەی ئایدۆلۆجیایەکی ترسناک و سەرکوتکار. ژنان بە تایبەت لە یارییە سیاسییەکاندا بەکار براون و دەبرێن و دەکرێنە ئامراز, بۆچی ژن؟ چونکە بە هەزاران ساڵ لە ژێر هەژموونی سیستمی پاتریارکیدا لاواز کراون و لاواز دەکرێن، تا بتوانن ئاسان بکرێن بە کەرەستە و کاڵا و بەکار بهێندرێن بۆ مەبەستە سیاسییەکان، کە ئامانج لێیان دەستکەوت و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانە.

جلوبەرگی ژن و مۆدێلە جۆراوجۆرەکانی, ئایدۆلۆجیاکان بە وردی بیریان لێ کردووەتەوە و کاریان لەسەر کردووە بۆ پەرەپێدانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و چەسپاندنی دەسەڵات و هەژموونی خۆیان. بۆچی سیستمە سیاسییە نێرسالارەکان بەردەوام هەوڵیان داوە مێ لاواز بکەن و هەژاری بکەن و پەراوێزی بخەن؟ 

چونکە، لاواز و پەراوێزخراوەکانی ناو کۆمەڵ، زیاتر و ئاسانتر دەتوانرێت مێشکیان بشۆرێتەوە و دەستەمۆ بکرێن و بەکاربهێندرێن. ژنانیش بە هەزاران ساڵ لەژێر هەژموونی ئەو بیروبڕوا خۆسەپێنانەدا چەوسێندراونەتەوە، بۆیە ئێسته‌یش ئەوان ئاسانتر لە هەر چین و توێژێک دەتوانرێت دەستیان بەسەردا بگیرێت و بکرێن بە کاڵا و کەرەستە.

دوو ئایدۆلۆجیا لە هەموو ئەوانی تر زیاتر ئافرەتی کردووە بە کاڵا و کەرەستە و جلوبەرگی ئافرەتیان کردووە بە سیمبۆلی بیروباوەڕەکانیان، ئەوانیش سیستمی سەرمایەداری و سیستەمی ئاینین. یەکێکیان بە رووتکردنەوەی و ئەویترین بە داپۆشینی، هەردوولایش ژن لە تایبەتمەندێتی و مرۆڤبوونی خۆی بەتاڵ دەکەنەوە و وەک کەرەستەیەک بۆ خزمەتی غەریزەی سێکسی پیاو، پێناسەی دەکەن. 

داماڵینی ژن لە جلوبەرگ (ڕووتکردنەوە)ی، بە هەمان ئەندازەی شاردنەوەی ژن بە جلوبەرگ (باڵاپۆش)ی، ئاکتێکی سیاسی و ئایدۆلۆجییە و لە هەردووکیاندا جەستەی ژن بە کەرەستە و کاڵا کراوە و عەقڵ و هۆشیاری ژن فەرامۆش کراوە. 
لە هەردوو باردا، پیاویش وەک بوونەوەرێکی غەریزەپەروەر و ناعەقڵانی پێناسە کراوە و ژن تەنیا وەک خزمەتکارێکی غەریزەکانی پیاو، خراوه‌ته‌ ڕوو.

جلوبەرگ بۆ ژنیش و بۆ پیاویش وەک لە سەرەتادا ئاماژەم پێکرد، پێویستییە و بۆ خۆپارێزییە، بەڵام نەک بۆ خۆپارێزی (مرۆڤ لە یەکتر)، بەڵکو بۆ خۆپارێزی مرۆڤ لە سروشت و دیاردەکانی. ئەوە ئایدۆلۆجیاکانن غەریزەکانی مرۆڤ دەبزووێنن و عەقڵی دەخەوێنن و مرۆڤ وا لێ دەکەن ببێت بە خەتەر بەسەر مرۆڤەوە و دەیکەن بە گورگی مرۆڤ. 

ڕووتکردنەوەی ژن هێندەی باڵاپۆشکردنی، باڵاپۆشکردنیشی هێندەی ڕووتکردنەوەی، مەترسیدار و نائاسایین، چونکە هەردووکیان ئایدۆلۆجیا ئاراستەیان دەکات. ئاسایی ئەوەیە ژنیش و پیاویش  جلوبەرگ وەک پێویستی ڕۆژانە بۆ بارودۆخەکان بەکار بێنن و عەقڵانی لە پرسی جلوبەرگ بڕوانن. وەک چۆن ئاسایی نییە مرۆڤ لە کاتی بەفردا پاڵتۆی گەرم لەبەر نەکات، ئاواش ئاسایی نییە لە چلەی هاویندا پاڵتۆ لەبەر بکات و پێچەوانەکەشی ڕاستە.

جلوبەرگ لە کوردستان
مێژووی جلوبەرگ و پەرەسەندنی، پێوەندی بەتینی هەیە لەگەڵ جیۆگرافیادا. جلوبەرگی کوردی هی پیاوان و ژنانیش، سروشتی کوردستان و هەڵکەوتەی جیۆگرافیاکەی ڕۆڵیان هەبووە لە ڕەنگ و جۆر و  دیزاینەکانی، وەک چۆن جیۆگرافیا و مێژووی کوردستانیش ڕۆڵیان هەبووە لە شەکڵگرتنی فەلسەفەی ژیان و بیروباوەڕی باوباپیرانی کورد، بەڵام شەڕ و داگیرکاری و دابەشکردنی کوردستان و کەرت و پەرتکردنی کورد، کاریگەری زۆر خراپیان هەبووە و گۆڕانی نەخوازراویان بەسەر بیر و بڕوا خۆماڵییەکانیدا هێناوە.

ژنی کوردستان بەپێی پێویستی سروشتی وڵاتەکەی جلوبەرگی پۆشیووە و بە ئازادیی ڕەفتاری کردووە. هەر زۆر دوور نەڕۆین و سەدە و نیوێک پێش ئێسته‌ بە نموونە بگرین, کە گەریدە و رۆژهەڵاتناسەکان هاتوونەتە ئەم ناوە و لەبارەی کولتوور و ڕەفتاری مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نووسیوویانە و کوردستانیشیان بەسەر کردووه‌تەوە, لەبارەی ژنانی کوردستانەوە وتوویانە ئەمان جیاواز بوون لە ژنانی گەلانی دەوروبەریان، لە كشتوكالدا لەگەڵ پیاو کاریان کردووە، لە ماڵەکاندا لەگەڵ میوانە پیاوەکان دانیشتوون و گفتوگۆیان کردووە، جلوبەرگەکانیان هاوڕەنگی سروشتە رەنگینەکەیان بووە. 

کە ئەمانەیان باس کردووە و باسی ئازادی ژنی کوردیان کردووە، هیچ ئاماژەیەکیان بە وروژاندنی غەریزەی سێکس نەکردووە و بێگومان ناشبێت بکرێت. چونکە ژن ئازادە و مرۆڤ پێویستە ئازاد بێت بۆ ئەوەی مرۆڤێکی بەسوود و کارا و بەرهەمهێنەر بێت، نەک بۆ ئەوەی غەریزە ببزووێنێ. 

ژن کە جلوبەرگی جوان و ڕەنگین لەبەر دەکات، لەبەرئەوەیە سروشت و دەروونی مرۆڤ پێویستی بەو ڕەنگانەیە بۆ گەشە و گەشبینی و کارکردن و داهێنان، نەک بۆ بزوواندنی غەریزەی سێکسی پیاو. ئەوەی ئازادی ژن و جلوبەرگی ژن لە دۆخی ئاسایی دەباتە دەرەوە و پێناسەیەکی سێکسی پێ دەبەخشێت ئایدۆلۆجیاکانن، ئیدی چ سەرمایەداری بێت، چ ئاینی.

ژنی کوردستان کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە هاتە ناو مەیدانی زانست و خوێندن و لە دوای نیوەی سەدەی بیستەمەوە هێدی هێدی هاتە ناو بازاڕی کارەوە، دیسانەوە پێویستی قۆناغەکە و گۆڕانکارییە مێژوویی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، وایانکرد جلوبەرگی مۆدەی گونجاو لەگەڵ بازاڕی کار و خوێندن، لەبەر بکات. ئەو جلوبەرگەی کە زمانی ئایدۆلۆجیای ئاین ناوی لێناوە سفوور و وەک جلی رۆژئاوایی ناوزەدی کردووە و دژایەتی دەکات و دەیەوێت بە باڵاپۆشکردنی ژنان بەرپەرچی بداتەوە، جگە لە سەپاندنی ئایدۆلۆجیایەکی سیاسی تووندڕۆ, هیچی تر نییە. 

سەرەتاییترین مافی مرۆڤ هەڵبژاردنی ڕەنگ و جۆری جلوبەرگی خۆیەتی، بەڵام کاتێ جلوبەرگ بسەپێندرێت، یان بە میکانیزمە جۆراوجۆرەکانی سیاسەت جۆرێک جلوبەرگ وەک هێمای ڕەوشت و جۆرێکی تر بە هێمای بێڕەوشتی بناسێنرێت، نەک هەر ئاسایی نییە، بەڵکو مەترسییەکی گەورەیشە بۆ سەر ئازادی مرۆڤ.

ئێسته‌ لە کوردستانی ئێمە ڕەوتێکی ئاینی لە چەندان حزبی سیاسیدا خۆیان دەنوێنن و هەندێکیان تووندڕۆ و هەندێکیان میانڕۆن و هەموویشیان ئامانجیان گرتنەدەستی دەسەڵاتە تا سیستمی سیاسی لە کوردستاندا بگۆڕن بەو سیستمەی ئایدۆلۆجیەکەیان دەیخوازێت. بۆ ئەو مەبەستە کەڵکئاوەژوویان لە گەنج و ژن وەرگرتووە. 

بۆچی گەنج و ژن بە تایبەت؟ 
چونکە گەنج لە تەمەنێکدایە هێشتا ئەزموونی نییە و بەدوای ناسنامەی خۆیدا دەگەڕێت و لەو قۆناغی هەرزەکارییەدا بە تایبەتی ئاسان دەخرێتە ژێر کاریگەری ئەو بیروبڕوایانەی کە بەڵێنی ژیانی خۆش و داهاتووی گەش دەدەن. هەرزەکار لە ڕووی پێکهاتەی جەستەیی و گەشەسەندنی هۆرمۆنەکان گەشەی غەریزەی سێکسیشی لەو قۆناغەدا دەکرێتە ئامانجی ئەو ئایدۆلۆجیایانەی کە بەڵێنی ژیانێکی تری پڕ لە ڕابواردنی سێکسی دەخەنە زەینیانەوە و بەوە مێشکیان دەشۆنەوە. 

ژنیش لەو توێژانەی کۆمەڵن، وەک ئاماژەمان پێ کرد، بە درێژایی مێژووی نێرسالاری لاواز دەکرێن و پەراوێز دەخرێن، بۆیە زووتر دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئایدۆلۆجیاکانەوە و تەنانەت ئاسایی دەبێت بەلایەوە هەر لەو ئایدۆلۆجیایەدا وەک نیومرۆڤ و چارەکە مرۆڤ تێی بڕوانرێت و بە تەواوی ئەو دۆخە پەسەند دەکات و وای تێدەگەیەنن کە ئەوە لە بەرژەوەندی ئەودایە و باوەڕ دەکات.

جلوبەرگ؛ کە نوێنەرایەتی ئایدۆلۆجیا بکات، جلوبەرگێکی ئاسایی و بێبەری نییە، جا چ ئایۆلۆجیا و ئاین بیسەپێنێت یان ئایدۆلۆجیای سەرمایەداری. 
جلوبەرگ پێویستە بێ لایەن بێت و تەنیا بۆ پێویستی بێت. وەک چۆن سووکایەتی و جنێودان ناچنە خانەی ئازادی بیروڕاوە، ئاوا "ڕووتبوونەوە و باڵاپۆش"یش ناچنە خانەی ئازادی تاکەکەسی و مافی تاکەکەسییەوە، چونکە هەردووکیان نوێنەرایەتی فیکر و ئایدۆلۆجیا دەکەن و لە هەردوو باردا مرۆڤ بە پیاو و بە ژنەوە دەکەن بە ئامراز و بەرژەوەندییە سیاسی و مادییەکان، دەکەن بە ئامانج.