له زۆر وڵات پێویسته قوتابی دوای خوێندنی ئاماده‌یی، هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌كی زۆر بدات تا له‌و پسپۆڕییه‌ی كه ده‌یه‌وێت ناوی ده‌ربچێت، یان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به تێچوویه‌كی كه‌متر خوێندنه‌كه‌ی ته‌واو بكات و له زانكۆیه‌كی سه‌ربه حكوومه‌ت وه‌ربگیرێت.
لای خۆمان پێوه‌ری سه‌ره‌كی تێكڕای نمره‌ی پۆلی 12یه، ئه‌زموونه‌كانی كۆتایی ئه‌م قۆناغه‌یش له كۆتایی ساڵی ئه‌كادیمی و دوای زیاتر له مانگێك پشوو، ئه‌نجام ده‌درێن. تاقیكردنه‌وه له نزیكه‌ی شه‌ش بابه‌ت ده‌كرێ و دیسان قوتابی ماوه‌یه‌كی زۆری له به‌رده‌سته بۆ خوێندنه‌وه و پێداچوونه‌وه‌ی وانه‌كان، چونكه هه‌ر بابه‌ته و له رۆژێكی جیادا تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌كرێت، به‌م شێوه‌یه ماوه‌ی ئه‌زموونه‌كان زیاتر له سێ هه‌فته ده‌خایه‌نێت. جیا له‌وه‌یش هه‌موو ئه‌زموونه‌كان دووپات له ناسینه‌وه ده‌كه‌ن. واته هه‌موو پرسیاره‌كان بژارده‌یین و قوتابی ته‌نیا پێویسته وانه‌كانی به‌بیر بێته‌وه و وه‌ڵامی راست هه‌ڵبژێرێت.
له‌م ئه‌زموونانه‌دا هیچ ده‌رفه‌تێك بۆ زانینی ئاستی داهێنه‌رایه‌تی یان هێزی هه‌ڵسه‌نگاندن و شرۆڤه‌ی قوتابی نییه. به بۆنه‌ی هه‌موو ئه‌م هۆكارانه‌وه، ره‌نگه به‌ده‌ستهێنانی نمره‌ی به‌رز ئه‌وه‌نده قورس نه‌بێت. ئه‌وه‌تا ئه‌مساڵ سه‌رووی 10 هه‌زار كه‌س تێكڕای نمره‌كانیان ٩٠ به سه‌ره‌وه بوو و زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری قوتابیان نمره‌ی به‌رزیان به‌ده‌ست هێنا. به‌ڵام ئایا به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م نمره به‌رزانه مانای زیتی و زیره‌كی و بیرتیژیی قوتابیانه؟ به‌دڵنیاییه‌وه نه‌خێر. قوتابی هه‌بووه له به‌شی ئینگلیزی وه‌رگیراوه و به‌شانازییه‌وه باسی له‌وه كردووه كه له بابه‌تی ئینگلیزی له پۆلی شه‌شه‌می ئاماده‌یی نمره‌ی ١٠٠ی هێناوه، كه‌چی نه‌یتوانیوه نه‌ك ته‌نیا كورته په‌ره‌گرافێك له‌سه‌ر ناساندنی خۆی بنووسێت، به‌ڵكو له ئاست ده‌ربڕینی رسته‌یه‌كیش به ئینگلیزی داماوه.
ئه‌مه هه‌موو ده‌ره‌نجامی دووپاتكردنه‌وه‌یه له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی نمره‌ی به‌رز، بێ گوێدانه ناوه‌ڕۆك، زۆربه‌ی قوتابییه‌كانم كه تازه دێنه زانكۆ داوام لێ ده‌كه‌ن، هێڵیان بۆ به‌ژێر خاڵه گرنگه‌كاندا بكێشم یان پێیان بڵێم چی شتێك بۆ ئه‌زموونه‌كان گرنگه و چی شتێكیش ده‌كرێت ته‌رك بكرێت. نازانم ئه‌گه‌ر خوێندن پرۆسه‌یه‌كی راسته‌قینه بێت، ئه‌م هێڵكارییه یان ته‌رك، چ مانایه‌كی هه‌یه؟
دڵنیام ئه‌وه هه‌مان ئه‌و خووه‌یه كه له پۆلی شه‌شه‌می ئاماده‌یی و ته‌نانه‌ت ساڵانی پێشووش له‌سه‌ری راهاتوون و له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌یگوازنه‌وه بۆ زانكۆ. به‌تایبه‌تی له پۆله‌كانی كۆتایی ئاماده‌ییدا له‌به‌ر ئه‌و گوشاره زۆره‌ی له‌سه‌ر قوتابی هه‌یه بۆ به‌ده‌ستهێنانی نمره‌ی به‌رز و مسۆگه‌ركردنی پسپۆڕییه‌كی باش، "له‌به‌ركردن"ی زانیارییه‌كان بێ تێگه‌یشتن، بووه‌ته دیارده‌یه‌كی باو.
هه‌رچه‌نده مه‌رجی سه‌ره‌كی بۆ وه‌رگرتن له زانكۆ و په‌یمانگه‌كانی حكوومی له كوردستان، تێكڕای نمره‌ی پۆلی 12یه، به‌ڵام پێوه‌ری تریش هه‌ن كه زۆر لاوه‌كین، ده‌كرێت قوتابی نمره‌ی پۆلی چوار و پێنجه‌می ئاماده‌ییش به‌كار بێنێت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی تێكڕای نمره‌كه‌ی (ئه‌ویش ئه‌گه‌ر قوتابی بزانێت نمره‌كه‌ی پێ به‌رز ده‌بێته‌وه، ئه‌گه‌رنا وازیان لێ دێنێت). تازه به تازه‌ش له ژماره‌یه‌ك له كۆلێژه‌كان جیا له تێكڕانی نمره بۆ وه‌رگرتنی قوتابی چاوپێكه‌وتن ئه‌نجام ده‌درێت. هیچ پێوه‌رێكی دیاریكراویش بۆ ئه‌م چاوپێكه‌وتنانه نییه و زۆرینه‌ی به‌گوێره‌ی ئاره‌زوو و مه‌زاجی مامۆستاكانه و وه‌ك بابه‌تێكی رۆتینی ته‌ماشا ده‌كرێت، چونكه قوتابییه‌كه خۆی وه‌رگیراوه و ئه‌م چاوپێكه‌وتنه ئه‌وه‌نده له بابه‌ته‌كه ناگۆڕێت.
كه‌واته هه‌م سیستمی خوێندنی ئاماده‌یی و هه‌م سیستمی وه‌رگرتن، رێخۆشكه‌رن بۆ ئه‌وه‌ی قوتابی به ئاسانی نمره‌ی به‌رز بهێنێته‌وه و به مافی خۆیشی ده‌زانێت له دامه‌زراوه‌یه‌كی حكوومی بێ به‌رانبه‌ر درێژه به خوێندنی بدات. به‌ڵام له كوێ؟ له‌و دامه‌زراوانه‌ی ته‌نیا له‌پێناو وه‌رگرتنی زۆرترین ژماره‌ی قوتابیی ده‌رچوو خه‌ریكه له‌به‌ر قه‌ره‌باڵغی ده‌خنكێن، له‌ناو ئه‌و پۆلانه‌ی كه له جیاتی ١٥ قوتابی ٤٥ قوتابی دانیشوون و مامۆستا به ئاسته‌م به‌وه ڕا ده‌گات وه‌ڵامی پرسیاره‌كانیان بداته‌وه، یان له‌ناو پۆله‌كه‌دا بجووڵێته‌وه.
هه‌ر له‌م پۆلانه‌وه ساڵانه به هه‌زاران قوتابی خوێندنی زانكۆ ته‌واو ده‌كه‌ن كه زۆریان به‌هه‌مانشێوه‌ی پۆلی 12، زانیارییه‌كی رووكه‌ش له پسپۆرییه‌ك وه‌رده‌گرن و دواتر له‌به‌رئه‌وه‌ی خاوه‌نی بڕوانامه‌ن، دیسان به مافی خۆیانی ده‌زانن داوای كار له حكوومه‌ت بكه‌ن.
له‌ژێر گوشاری داخوازییه‌كانی ده‌رچووانی پۆلی 12، كار گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی وه‌زیری خوێندنی باڵا هه‌ڕه‌شه‌ی دادگاییكردنی سه‌رۆك زانكۆكان ده‌كات و تۆمه‌تباریان ده‌كات به‌وه‌ی هیچ كه‌سێكی داهێنه‌ر و بلیمه‌تیان پێ نه‌گه‌یاندووه.
ئه‌م شه‌ڕه قسه‌یه و خۆپێشاندانه‌كانی ناڕه‌زایی ده‌رچووان و لێكه‌وته نه‌خوازراوه‌كانی وه‌رگرتنی قوتابیانی له‌به‌ركه‌ر "ده‌راخ" له زانكۆكان، هه‌موویان ده‌كرێت پێش‌گیرییان لێ بكرێت. ده‌بێت شێوازێكی ئه‌زموونی دابنرێت كه ته‌نیا رێ به قوتابیانی لێهاتوو بدات نمره‌ی به‌رز بێنن. ده‌بێت ئه‌زموونه‌كه توانای هه‌ڵسه‌نگاندنی داهێنه‌رایه‌تی و مه‌عریفه‌ی قوتابیی هه‌بێت. ئه‌م شێوازه‌ی ئێسته به‌كار دێت رێگره له‌مه، هه‌روه‌ها باشتره سیستمه‌كه جگه له تێكڕای نمره پشت به پێوه‌ری تر ببه‌ستێت، ده‌كرێت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته سوود له ئه‌زموونی وڵاتانی تر وه‌ربگیرێت.
له زۆربه‌ی وڵاتان مه‌رجی وه‌رگرتن له زانكۆ، ده‌رچوونی قوتابییه له دوا پۆلی خوێندنی ئاماده‌یی. به‌ڵام زۆریان بۆ پاڵاوتنی قوتابیان جگه له‌م مه‌رجه، مه‌رجی سه‌ره‌كیی تریشیان هه‌یه.
میكانیزمی وه‌رگرتن له چین
له چین قوتابی دوای به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی ئاماده‌یی، ده‌بێت له ماوه‌ی سێ رۆژ و به نۆ سه‌عات له كۆمه‌ڵێك ئه‌زموونی تردا به‌شداری بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له زانكۆ وه‌ربگیرێن.
ئه‌م ئه‌زموونانه گشتین و ساڵانه ته‌نیا یه‌ك جار له سه‌رانسه‌ری وڵات‌دا به‌ڕێوه ده‌چن و به‌و هۆیه‌ی كه سترێسێكی زۆریان له‌گه‌ڵدایه، به ده‌گمه‌ن كه‌سێك له ژیانیدا ده‌توانێ دووباره‌یان بكاته‌وه (وه‌ك لای خۆمان نییه كه قوتابی به ئاره‌زووی خۆی بۆ نمره‌ی به‌رزتر خۆی ده‌هێڵێته‌وه).
میكانیزمی وه‌رگرتن له فینلاند
له فینلاند كه له بواری په‌روه‌رده‌دا به پێشه‌نگی دنیا داده‌نرێت، له دوای دووه‌م قۆناغی خوێندنی ناوه‌ندی له سه‌رجه‌م ئه‌و بابه‌تانه‌ی له هه‌موو ساڵه‌كانی ئه‌م قۆناغه‌دا خوێنراون، قوتابی تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گشتی ده‌كات. ئه‌مه‌ش ئه‌زموونێكی یه‌كگرتووه له سه‌رانسه‌ری وڵات و ساڵانه ته‌نیا دووجار ئه‌نجام ده‌درێت و قوتابی بۆی هه‌یه ته‌نیا له ماوه‌ی ساڵێك و نیودا نمره‌ی ده‌رچوون به‌ده‌ست بهێنت له‌م ئه‌زموونه، ئه‌مه له هه‌ره گرنگترین مه‌رجه‌كانی وه‌رگرتنه له زانكۆ.
له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌م وڵاته‌دا زۆربه‌ی زانكۆكان سه‌ربه‌خۆن، هه‌ریه‌كه‌یان پێوه‌ری تریان بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی هزری و لۆجیكی و ره‌خنه‌یی و جه‌سته‌یی و هونه‌ری قوتابی هه‌یه، ئه‌مه‌ش به‌گوێره‌ی ئه‌و پسپۆرییه‌یه كه قوتابی بۆی پێشكه‌ش كردووه.
میكانیزمی وه‌رگرتن له ئێران
له ئێران تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گشتی له سه‌رانسه‌ری وڵات له یه‌ك رۆژ و هه‌مان رۆژدا به‌ڕێوه ده‌چێت. به ملیۆنان قوتابی به‌شداری له‌م ئه‌زموونه ده‌كه‌ن كه به كۆنكور ناسراوه. ته‌واوكردنی خوێندنی ئاماده‌یی مه‌رجه بۆ به‌شداری له‌م ئه‌زموونه.
پرسیاره‌كانی ئه‌م ئه‌زموونه بژارده‌یین و له‌باره‌ی بابه‌ته‌كانی هه‌رسێ ساڵی دوایی خوێندنی ئاماده‌یین و ده‌بێت له ماوه‌ی ئه‌وپه‌ڕی دوو سه‌عات و نیودا وه‌ڵام بدرێنه‌وه. ٧٠٪ خاڵی وه‌رگرتن به‌گوێره‌ی ئه‌و پله‌به‌ندییه‌یه كه قوتابییه‌كه له كۆنكوردا به‌ده‌ستی دێنێت، ته‌نیا ٣٠٪ له‌سه‌ر تێكڕای نمره‌ی دوا ساڵی خوێندنه.
میكانیزمی وه‌رگرتن له رووسیا
له رووسیا ئه‌زموونی یه‌كگرتووی ده‌وڵه‌ت (USE) هه‌یه كه هه‌موو ده‌رچوویه‌كی دواناوه‌ندی، پێویسته ئه‌نجامی بدات وه‌ك مه‌رجی وه‌رگیران له زانكۆ. ئه‌زموونه‌كه ساڵانه ته‌نیا یه‌ك جار به‌ڕێوه ده‌چێت و له‌سه‌ر ١٤ بابه‌ت ده‌كرێت كه له قۆناغی دواناوه‌ندیدا خوێنراون، له ماوه‌ی سێ سه‌عات و نیودا ده‌بێت وه‌ڵام بدرێته‌وه.
له سێ به‌ش پێك دێت: به‌شی یه‌كه‌می پرسیاری بژارده‌ییه و به كۆمپیوته‌ر نمره بۆ وه‌ڵامه‌كان داده‌نرێت. به‌شی دووه‌می پرسیاره‌كان پێویستیان به وه‌ڵامی كورته. به‌ڵام بۆ به‌شی سێیه‌می كۆمه‌ڵێك ئه‌رك ده‌درێن كه پێویسته قوتابی به شرۆڤه و هزر و داهێنه‌رایه‌تیی خۆی وه‌ڵامیان بداته‌وه.
میكانیزمی وه‌رگرتن له كۆریای باشوور
له كۆریای باشوور ئه‌زموونێكی زۆر سه‌خت چاوه‌ڕێی ده‌رچووانی پۆلی 12 ده‌كات. بۆ ماوه‌ی یه‌ك رۆژ قوتابی به‌شداری له‌م ئه‌زموونه ده‌كات و ته‌نیا بۆ خواردنی نانی نیوه‌ڕۆ یه‌ك سه‌عات پشوو وه‌رده‌گرێت.
ئه‌م ئه‌زموونه ئه‌وه‌نده چاره‌نووسسازه بۆ قوتابیانی وڵاته‌كه، له رۆژی ئه‌نجامدانیدا پشووی گشتی راده‌گه‌یه‌نرێت. نزیكه‌ی ٥٠٠ مامۆستای شاره‌زا له سه‌رانسه‌ری وڵات بۆ ماوه‌ی مانگێك پرسیاره‌كانی ئه‌م ئه‌زموونه داده‌ڕێژن، ئه‌وان بۆیان نییه ته‌نانه‌ت به هاوسه‌ره‌كانیشیان بڵێن بۆ كوێ ده‌چن یان مه‌به‌ستی گه‌شته‌كه‌یان چییه، مۆبایله‌كانیان لێ وه‌رده‌گیرێت و ده‌گوازرێنه‌وه بۆ شوێنێكی نادیار له پارێزگایه‌كی كوێستانیی ئه‌م وڵاته و له‌م ماوه‌یه‌دا له دنیای ده‌ره‌وه داده‌بڕێن.
ئه‌وه‌ی ده‌یبینین له زۆر وڵات پێوه‌ری هاوشێوه هه‌ن بۆ پاڵاوتنی باشترین كاندیده‌كان بۆ خوێندن له دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا. به‌ڵام مه‌رج نییه وه‌رگیران له زانكۆ به‌و مانایه بێت كه‌سه‌كه دواتر له زانكۆیش ده‌رده‌چێت. بۆ نموونه له ئوسترالیا له ساڵی رابردوودا رێژه‌ی وه‌رگرتن له زانكۆ ٩٦٪ بوو، به‌ڵام رێژه‌ی ده‌رچوون له زانكۆ له هه‌مان ساڵدا ٥٠٪ بوو.
به‌م به‌راوردكارییه ته‌نیا ویستم چه‌ند شێوازێكی جیاوازی وه‌رگرتن له زانكۆكان بخه‌مه روو. بێگومان ره‌نگه قوتابی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌م میكانیزمانه رووبه‌ڕووی ئالنگاریی جیاواز ببنه‌وه، به‌ڵام میكانیزمه‌كه‌ی خۆمان نه‌ك ته‌نیا جێی ناڕه‌زایه‌تیی قوتابیانه، وا دیاره ئه‌وه‌نده‌یش به‌دڵی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا نییه، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه ئه‌م میكانیزمه توانای جیاكردنه‌وه‌ی قوتابیانی به‌ڕاستی زیره‌ك و به ڕووكه‌ش زیره‌كی نییه.
ئه‌مه‌یش وایكردووه نمره هیچ به‌هایه‌كی نه‌بێت. هه‌ڵبه‌ت له‌ناو ده‌رچووانی پۆلی 12 گه‌نجی لێهاتوو و بیرتیژ و بلیمه‌ت هه‌ن، بۆیه ئه‌ركی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵایه ئه‌م میكانیزمه بگۆڕن، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر كه‌سه و به‌گوێره‌ی توانا و شاره‌زایی خۆی له پسپۆرییه‌ك وه‌ربگیرێت و ئه‌وانه‌ی كه به ڕاستی شایان نین، نه به پاره و نه به توانا هیچ وه‌به‌رهێنانێكیان له‌سه‌ر نه‌كرێت.
پێویسته شكۆی زانكۆ بگه‌ڕێته‌وه و چیتر وه‌ك شوێنی تێپه‌ستانی ژماره‌یه‌كی زۆر قوتابی و پێدانی پارچه كاغه‌زێك وه‌ك بڕوانامه‌ی ده‌رچوون، نه‌بینرێت.